٢\٩\٢٠١٣
شێرپەنجەی مەمک،
نیشانە و هۆکارەکانی تووشبوون و رێگاکانی چارەسەرکردنی.
-
پشكنینی سەلامەتی دژی
شێرپەنجەی مەمك بە ڤیدیۆ
-
ئامادەکردنی: ئەرسەلان رەحمان
وارڤین
- ھەولێر: مانگی تشرینی یەکەم - ئۆکتۆبەری ھەموو ساڵێک لە سەر ئاستی
جیھان بە مانگی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک، یاخود مانگی
قردێلە پەمەییەکە ناسراوە و لە رێگەی ئەم بابەتەوە وارڤین زانیاری
زیاتر لە بارەی ئەو نەخۆشیە و ھۆکارەکانی تووشبوون و نیشانەکانی و
چارەسەرکردنی دەخاتەڕوو.
شێرپەنجەی مەمک:
یەکێکە لە مەترسیدارترین شێرپەنجەکان، نەخۆشیەکە بەپلەی دووەم دێت
لەنێوان نەخۆشییە بڵاوە خراپەکاندا لەدوای شێرپەنجەی سییەکان کە تووشی
ژنان دەبێت، لەگەڵ ئەوەی زۆربەی حاڵەتەکانی ئەم نەخۆشییە لە رەگەزی
مێینەن، بەڵام پیاوانیش ھەن تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن و بە دروستبوونێکی
ھەر کۆمەڵە خانەیەک، یان گرێکان بەشێوەیەکی ناسروشتی لە مەمکەکاندا،
ناوی لوویان بەسەردا دەبڕێت. ئەم شێرپەنجەیە سەرەکیترین ھۆی لەدەستدانی
ژیانە لە ژنانی تەمەن ٢٠ - ٥٠ ساڵدا.
ئەم شێرپەنجەیە ئەگەر زوو پێی بزانرێت بە ئاسایی چارەسەر دەبێت، بەڵام
زۆر جار بە ھۆی کەمتەرخەمی لە بیر دەچێت و کاتێک پزیشک پێی دەزانێت، کە
کار لە کار ترازاوە.
لە ھەر ٨ ژنێک، یەک ژنیان لە ژیانی خۆیدا تووشی ئەم شێرپەنجەیە دەبێت،
لە بەر ئەمەش لە زۆربەی وڵاتانی جیھاندا ھەر لە تەمەنی ٣٠ ساڵ بەرەو
ژوور پشکنین و چاودێری بۆ دەرخستنی ھەر کڵۆ و سفتێکی ناو مەمک دەست
پێدەکات تا لە زووترین کاتدا ئەم لکانە بخرێنە ژێر چاودێری و ئەگەر
پێویستیان بە چارەسەر کردن و دەرمانی پزیشکی بێت، تا بۆیان بکرێت.
نیشانەکان:
ھەندێک نیشانە ھەن، کە دەتوانن یارمەتیدەر بن لە زووپێزانینی شێرپەنجەی
مەمک لەوانە:
١. ھەبوونی تەنێک، گرییەک، لە ناو مەمک یان ژێرباڵدا.
٢. ھاتنەدەری خوێناو یان زنچکاو (ئاوی رۆشن) لە گۆی مەمک.
٣. چوونە ناوەوەی گۆی مەمک (ھەڵگەڕانەوەی گۆی مەمک بەرەو ناو پێست).
٤. ھەڵوەرینی پێستی دەوری گۆی مەمک.
٥. سووڕی یان باکردنی گۆی مەمک و ئاوسانی لە قەبارەی خۆی زیاتر.
٦. گۆڕینی شێوەی پێستی مەمک بۆ شێوەی توێکڵی پرتەقاڵ.
٧. گۆڕینی شێوەی مەمکێک بە جۆرێک کە لە مەمکەکەی دیکە جیاواز بێت.
٨. دروستبوونی برینێک لە مەمکدا کە دوای ماوەیێک چاک نەبێتەوە.
سەلماندن:
کاتێک کە گومان لە ھەبوونی شێرپەنجەی مەمک بوو، دەبێت پزیشک "مامۆگرافی"
بکات. ئەم مامۆگرافییە ھەبوون یان نەبوونی شێرپەنجە دەسەلمێنێت، دوای
ئەوەش بۆ دڵنیای تەواو دەبێت "بایۆپسی" بکرێت.
چارەسەری و دەرمان:
چارەسەر بە گوێرەی چەشنی نەخۆشیەکە دەکرێت. ھەندێکجار بە نەشتەرگەری و
ھەندێکجاریش بە دەرمان و چارەسەری کیمیایی و تیشکی و ھۆرمۆنی ھەوڵی
چارەسەری نەخۆشییەکە دەدرێت.
ئەگەر ئەو لووە شێرپەنجەییەکە تەنھا لە یەک شوێندا بێت و بۆ ھیچ
شوێنێکی دیکە نەچووبێت ئەوە تەنھا ئەو شوێنە دەخرێتە بەر نەشتەرگەری و
ھەڵدەگیرێت و چارەسەر دەبێت. بەڵام ئەگەر ئەو لووە پەرەی سەندبێت و
چووبێتە شوێنەکانی دیکەی مەمک یان چووبێتە ژێر باڵ و جێی گرتبێت ئەوە
پێویستە مەمک بە گستی دەربێت.
ھەندێکجاریش لە رێگەی تیشکی بەھێزەوە ھەوڵی لەناو بردنی گرێیەکە دەدرێت،
ئەگەر پێویستیش بکات ئەوا بە چارەسەری ھۆرمۆنی چارەسەر دەکرێت و مەبەست
لەم چارەسەرەش ئەوەیە کە کار بۆ ئەوە دەکرێت ئەو ھۆرمۆنەی دەبێتە ھۆی
پەرەسەندنی لووە شێرپەنجەییەکە نەھێڵدرێت، بۆنموونە ئەگەر سەرچاوەی
ھۆرمۆنەکە ھیلکەدان بێت، ئەوا دەردەھێنرێت.
لەگەڵ ھەریەک لەم چارەسەرکردنانەدا ئارەزووی خۆراکت کەمدەبێتەوە، ھەر
بۆیە خۆراکی باش بە ھۆکارێکی گرنگ دادەنرێت و یاریدەدەری جەستەت دەبێت
بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەوکردنەکان و بەرگریکارە لاوەکییەکانی چارەسەرە
جیاوازەکان، ھەروەھا ھەستی بەھێزت پێدەبەخشێت، پێویستە ئەو توشبووە
ئاسوودە بێت بۆ ئەو چارەسەری پزیشکیەی بۆی دیاری کردوی دەبێت دەرونت
ئارام بێت، لەوانەیە وا پێویست بکات، ھەندێک راھێنان جێبەجێ بکەیت
لەدوای ھەندێک جۆری نەشتەرگەرییەکان، بە مەبەستی پارێزگاریکردن
لەتوانای جوڵاندن و توانای جەستەت، لەگەڵ ئەوەی ئەو راھێنانە دەبنە
ھۆکاری کەمکردنەوەی ئازار و گرژبوونی ماسولکەکان.
دوای نەشتەرگەری:
زۆر جار لە خانمەکاندا دوای نەشتەرگەری ھەست بە لە دەست چوونی ژنایەتی
دەکرێت لە بەر ئەوەی کە ئەم ھەستە لاواز و ناخۆشە لە کۆڵی خانمەکان
بکرێتەوە، نەشتەرگەریێکی تریان بۆ دەکرێت کە بۆ جوانکارییە ئەم
نەشتەرگەرییە ئاوایە کە لە جێی ئەو مەمک (یان ھەردوو مەمک) کە ھەڵ
دەگیرێت دوو دانە مەمکی دەستکرد کە بە ڕوواڵەت، شکڵ و جنس دەقاودەق
وەکوو مەمکی بەڕاستینەیە، دادەنرێت. بۆ وێنە ئەو نەشتەرگەرییە لە ساڵی
٢٠١٣ لە ٣ ھەنگاودا لە سەر ئەکتەری سینمای ئەنجەلینا جۆلی ئەنجام درا و
دوای نەشتەرگەرییەکە گەڕاوە سەر ژیانی ئاسایی خۆی و بێ ھیچ گرفتێک
درێژەی بە ژیانی دا.
بەگوێرەی ئەو چارەسەرانەی پێشووتر بۆت بەکارھێنراون، پێویستە پشکنینی
مانگانەی خۆت بکەیت، شەش مانگ جارێک وێنەی تیشکی مەمکەکانت بگریت،
ھەروەھا پشکنینەکانی خوێن بکەیت بۆ چاودێریکردنی پێشکەوتنی حاڵەتەکەت.
ئەو شتانەی مەترسی تووشبوون زۆر دەکەن:
ھەندێک ھۆکار ھەن کە ئاستی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک زۆر دەکەن وەک
ئەمانەی لە خوارەوە دێن:
١. تەمەنی سەروو، بەساڵاچوون.
٢. شوێن و ژینگەی نیشتەجێ بوون.
٣. ئەو ژنانەی دووگیان نەبوونە.
٤. ھەبوونی ھەڵە لە جیناتدا: وەکوو بوونی جینی ناکۆکی
BRCA1 و BRCA2.
٥. خواردنی زۆری خۆراکی چەور.
٦. دەسپێکردنی خوێنی مانگانە لە تەمەنی خوار و تەواو بوونی لە تەمەنی
سەروو.
٧. خواردنەوەی بێھۆشکار و کھولی و مەی.
٨. ژیانی ناچالاک و دانیشتن لە سەر جێگە بۆ ماوەی زۆر و وەرزش نەکردن.
٩. تووشبوونی دایک، خۆشک، باوک یان برا
حەوت پرسیاری گرنگ لە بارەی شێرپەنجەی مەمکەوە:
یەکەم: ئایا بوونی گرێ لە مەمکدا ھەمیشە مانای شێرپەنجە دەگەیەنێ؟
بە گوێرەی راپرسییەکی رێکخراوی "شێرپەنجەی مەمکی نیشتمانی"، %٨٠ی گریی
مەمک بێ زیانە، واتە نابێتە ھۆی شێرپەنجە، بەڵام ھەر ژنێک ھەستی کرد
گرێ لە مەمکەکانییەوە ھەیە، ئەوا با سەردانی دوکتۆر بکات و پشکنینی
پێویست بۆ مەمکی ئەنجام بدات.
دووەم: ئایا تیشکی X-Ray دەبێتە ھۆی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە؟
بە گوێرەی زانیاری شارەزایان تیشکی ئێکس بە ھیچ شێوەیەک نابێتە ھۆی
تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک، ھەروەھا تیشکەکانی ئێکس و
پاڵەپەستۆکەشی نابێتە ھۆی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە، بگرە باشترین رێگەیە
بۆ ژنانی تەمەنی سەرووی ٤٠ ساڵی تا بەھۆیەوە نیشانەکانی ئەو نەخۆشییە
بزانن.
سێیەم: ئایا ئەگەر ھیچ کەسێک لە بنەماڵەی ئێمە شێرپەنجەی مەمکی
نەبووبێت، ئیدی منیش تووشم نابێت؟
نەبوونی شێرپەنجەی مەمک، پێشتر لە بنەماڵە مانای ئەوە نییە ئەو کەسە
بەدوورە لەو مەترسییە، ھەرچەندە ئەمە ھۆکارێکە بۆ ھەبوونی ئەو مەترسییە،
بەڵام فاکتەرە ژینگەییەکانی وەک خواردنەوەی کحولی و جگەرەکێشان و
بەکارھێنانی دەرمان و خۆراک کاریگەری ھەیە بۆسەر گرتنی شێرپەنجەی مەمک.
چوارەم: لابردنی مەمک بە نەشتەرگەری باشترین رێگەیە بۆ چارەسەرکردنی
شێرپەنجەی مەمک و سەرھەڵنەدانەوەی جارێکی دیکە؟
ھەموو حاڵەتێکی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک پێویست بە بڕینی مەمک ناکات،
بەڵکو کەمێک لەو حاڵەتانەی شێرپەنجەی مەمکیان ھەبووە، نەشتەرگەری
لابردنی مەمکیان پێویست بووە، زۆربەی ئەو ژنانەی کە نەشتەرگەرییان بۆ
کراوە پێویستیان پێ نەبووە، جگە لەوەی ئەو ژنەی، کە مەمکی بڕاوەتەوە لە
رووی دەروونی و جەستەییەوە زیانی بۆی ھەیە.
پێنجەم: ئایا ژنانی گەنجیش وەک بەساڵاچووان تووشی ئەو نەخۆشیە دەبن؟
نەخۆشیەکە لەناو ژنانی گەنجیش بینراوە، بەڵام زۆر بە کەمی و زیاتر لە
ناو ئەو ژنانەدا کە تەمەنیان لە سەرووی ٥٠ ساڵەوەیە مەترسیی تووشبوون
زیاترە.
شەشەم: ئایا ئەو شێرپەنجەیە ژیانی تووشبووەکە لەناو دەبات؟
لە راستیدا شێرپەنجەی مەمک لە خودی خۆیدا بکوژ نییە، بەڵکو ئەو کاتە
بکوژ دەبێت ئەگەر نەخۆشیەکە لە جەستەدا تەشەنەی کرد و بەشەکانی دیکەی
گرتەوە بە تایبەتی سییەکان و ئەندامەکانی دیکەی جەستە ئەو کاتە
کۆنترۆڵکردنی ئەستەم دەبێت و ژیانی تووشبوو دەخاتە بەر مەترسی لەناو
چوونەوە. یەکی لە ھۆکارەکانی دیکەی مەترسیداربوونی نەخۆشیەکە ئەوەیە
دەتوانێت بچێتە نێو ئێسک و خوێنەوەش کە ئەو کات مەترسی مردن زیاد دەبێت.
حەوتەم: ئایا پیاوان پارێزراوون؟
بە گوێرەی زانیاری راپۆرتە پزیشکییەکان ئەو نەخۆشیە لە ریزی پیاوانیش
دۆزراوەتەوە و حاڵەت دەرکەوتوون، بەجۆرێک رێکخراوی کۆمەڵەی شێرپەنجەی
ئەمەریکایی ئاشکرایکردووە کە نزیکەی ٢٠٠٠ حاڵەتی نەخۆشییەکەیان لە ناو
پیاواندا دۆزیوەتەوە.
ئامار و ژمارەی تووشبووان:
وەک لە وێکپیدیادا ھاتووە، رێکخراوی تەندروستی جیھانی رایگەیاندووە،
یەک ٢ ملیۆن مرۆڤ لە جیھاندا ساڵانە تووشی ئەو نەخۆشیە دەبن و لە
ساڵێکدا ٥٠٠ ھەزار تووشبوو ژیان بەو ھۆیەوە لە دەستدەدەن.
رێکخراوی کۆمەڵەی ئەمریکایی بۆ شێرپەنجە رایگەیاندووە، لە ٢٠١٠دا ٢٠٠
ھەزار ھاووڵاتی ئەمریکایی تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک لە جۆری
ێرپەنجەی غازی بوونە و کۆمەڵەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە ناوەندی مردن
بە ھۆی ئەو نەخۆشییەوە کەمبووەتەوە بە ھۆی پشکنینی پێشوەختە و چارەسەری
دەستبەجێ.
بە ڤیدیۆ: چۆن پشكنینی
سەلامەتی دژی شێرپەنجەی مەمك بۆ خۆت ئەنجام دەدەیت.
http://www.youtube.com/watch?v=nqkZXMcw2xs
______________________________
سوود له ماڵپهڕى قردێلهى پهمهیى و وێکپیدیا وهرگیراوه.
|