په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٣\٢٠٢٢

شەڕ و سیمای جیهان؟!


برایم فەڕشی     


ئۆلاف شولتس (سۆسیال دێموکرات) سەرۆک وزیرانی دەوڵەتی فیدراڵی ئاڵمان ڕۆژی یەکشەممە۲۷/۲/۲٠۲۲ لە پارلەمان دۆکترینی سیاسی دەوڵەتی نوێی ئاڵمانی لە پێوەندی لە گەڵ شەڕی ڕووسیا و ئۆکراین هێنایە زمان و لە گەڵ چەپڵەڕێزانی حیزبی سەوزەکان، سۆسیال دێمۆکرات، لیبێڕاڵ و پشتیوانی و نیوە پشتیوانی چەپ و ڕاست و ئەوپەڕی ڕاست و هەروەها دژایەتی کۆمەڵێک لە نوێنەرانی پارلەمان ڕووبەڕوو بوو.

شولتس هێرشی ڕووسیای بۆ سەر وڵاتی ئۆکراین بە کۆتایی سەردەمی پێشوو و دەستپێکی سەردەمێکی تر دایە قەڵەم، کە لە لایەن سەرۆکی حیزبی کریست دێمۆکراتەوە (حیزبەکەی مێرکل) پشتیوانی لێکرا. دەستپێکی سەردەمێکی تر، واتە کۆتایی هێنان بە ٧٧ ساڵ ئاشتی لە ئورووپا، پاش کۆتایی شەڕی دووهەم. ئاڵمان پێش شەڕی ڕووسیا و ئوکراین لە شەڕی نێوان میللەتانی یۆگوسڵاوی پێشوو ((١٩٩١ - ٢٠٠١) بەشدار بوو، ئەو کاتیش سۆسیال دێموکرات و سەوزەکان بە سەرۆکایەتی گێرهارد شرودێر و یۆشکا فیشەر حکوومەتی هاوبەشیان هەبوو، هەر دوو حیزب بەردەوام درووشمی ئاشتی و دژە شەڕ جاڕ دەدەن و سیاسەتی هاوشێوەی ڕاستەکان جێبەجێ دەکەن.

هەر دوا بەدوای قسەکانی شولتس سەنعەتی چەکسازی ئاڵمان هەناسەی تازەی هاتەوە بەر و ڕۆژنامەکانی ئاڵمان لەوانە"شتادئانتسایگە" بە تیتری گەورە نووسی" داوا بۆ بەشی نیزامی لە زۆربووندایە". نەک لە ئاڵمان لە هەموو وڵاتانی ڕۆژئاوا، بازاڕی چەک لە گەشەسەندندایە و بەردەوام چەک و تەکنۆلۆژی نوێ دەکەوێتە بازارەوە.

" سەربازی ڕووسی ئەمڕۆ چەکێک بەکاردەهێنێ کە لە سەرما و گەرما، تاریکی تەواو، دەتوانێ لە ١٢٠٠ مەتری خۆیەوە نێچیر نیشانە بگرێ. ئەو لە ڕێگای کامێڕایەکی ئەلەکترۆنیکییەوە کە بە کڵاوەکەیەوە لێکێندراوە و وەک چاویلکە دێتە بەرچاوی، هەموو زانیارییەکی بەرانبەرەکەی پێدەگات و دەتوانێ دەستڕێژی لێبکات. چەکەکانی ئەمڕۆ و دواڕۆژی بریتانیا، فەرانسە، ئاڵمان، ئیتالیا، سپانیا، هولەند، ژاپۆن، ئەمریکا، کانەدا، ئوسترالیا، ئیسرائیل و تەنانەت تورکیا، بە کەڵکوەرگرتن لە نوێترین زانست، تەکنیک و سەنعەت ساز دەکرێن و نوێترین دەزگاکانی ئەلەکترۆنیکی لە خۆ دەگرن. سەربازێکی تەیارکراو بەم دەزگایانە لە هەر بارودۆخێکدا، لە هەر حاڵەت و پۆزسیۆنێکدا، ڕاکشان، هەستان، دانیشتن، وێستان، ڕاکردن بە فشاردانی دوگمەیەک دەتوانێ نێچیرەکەی لە ناو بەرێت.


ئەگەر کاتی خۆی بەکارهێنانی بێسیم لە شەڕدا وەک شۆڕش لە قەڵەم دەدرا، ئەمڕۆ سەربازی پیادە خۆی دەزگایەکی هەمەلایەنی کۆمۆنیکاسیۆن و زانیاری وەرگرتن و زانیاریی بەخشینە. ئاڵمانییەکان لە ڕێگای دەزگایەکی ئەلەکترۆنیکی دژیتاڵی کە لە کۆڵەپشتی سەربازەکە جێکراوەتەوە، ئەو ئیمکانە بە سەرباز و فەرماندەکەی و سەرجەم ئەندامانی گرووپەکە دەدەن کە لایڤ(ڕاستەوخۆ) ئاگاداری یەکتر و چالاکییەکانی یەکتر بن. ئەم دەزگا هەمەلایەنە لە ڕێگای دەزگایەکی دەستی شێوە کۆنترۆڵی "ویی" کۆنترۆڵ دەکرێ. ئەم دەزگایە و جلو بەرگی دژ بە گولەی سەربازی ئاڵمانی و چەک و کەرەسەی دیکە هەمووی لە سەر یەک سیستەمی پاراستنی سەربازەکە پێک دەهێنن، بە چەشنێک کە لە کاتی عەمەلیاتی نیزامیدا، دوژمن نەتوانێ زەفەر بە سەربازەکە بەرێت. واتە هەر سەربازیك لە کاتی هێرش بردن هەم سیستەمی بەرگری و هەم سیستەمی کۆمۆنیکاسیۆنی هاوکات لە ژێر کۆنترۆلی خۆی و گروپپەکەی دایە. ئەم سیستەمە لە شەڕی ئەفغانستان تاقی کراوەتەوە.


لەوە دەچێ بە هۆی پێشکەوتنی یەکجار خێرا لە بواری سەنعەت و تەکنیک و زانستی نیزامی و ئەلەکترۆنیک، وڵاتانی ڕۆژئاوا لە سەروی هەموویانەوە ئامریکا، پێویستیان بە مەیدانی شەڕ بۆ تاقیکردنەوەی ئەم زانست و سەنعەت و تەکنیکە هەیە. ئەم بازاڕە تازەیە دوای یازدەی سپتامبری ٢٠٠١ گەشەیەکی کەم وێنەی بە خۆیەوە بینییەوە و کۆتایی بە ڕکوردی بازاڕی چەکەکانی شەڕی کلاسێک هێناوە." [ستراتێژی شەنگاڵ- کۆبانی.. کڵاشینکۆف - Military-Hightech ب. فەڕشی].

دوو بەرەی سیاسی نیزامی، ئابووری ئامریکا ئورووپا، چین- ڕووسیا لە کێبەرکێی سیاسی، ئابوری، نیزامیدا بوون و هەن و لە شەڕەکانی ئاسیا و ئافریقا ڕووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە و تازەبوونی شەڕی ڕووسیا و ئوکراین شوێنەکەیەتی کە لە ئورووپا هەڵکەوتووە. چین لە لایەنی هێزی ئینسانی و ئابووری ئامریکای وەدوا داوە و لە بازاری جیهان تەراتێن دەکات و دوور نییە بازاڕی ئورووپاش لەوەی کە هەیە زۆرتر بخاتە ژێر ڕکێفی کاڵاکانی خۆی. ڕووسیا پڕ چەک و پڕ سەربازترین وڵاتی ئورووپا و ئاسیا و ئافریقایە و هاوسەنگی ئامریکایە و لە لایەنی چەکی ئەتۆمی ئەمریکای بەجێهێشتووە. یەکگرتنی چین و ڕووسیا و بیرکردنەوەی هاوبەشیان بۆ پێکهێنانی پارەیەکی نوێ بە جێگەی دۆلار و ئۆیڕۆ، هەنگاوێکی تر ە بۆ باڵادەستبوونی ئابووریی چین و ڕووسیا. هەروەها کێبەرکێ بۆ ڕاکێشانی هیندوستان بۆ بەرەی چین و ڕووسیا لە ئارادایە. هەمووی ئەوانە و پێشڕەوی سیاسی، نیزامی، ئابووری ئورووپا و ئامریکا لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئورووپا ناکۆکی هەر دوو بەرەی زۆرتر کردووە. هەرچەند چین لە هەمان کاتدا بەردەوامە بۆ ڕاگرتنی باڵانس لە نێوان خۆی و وڵاتانی تر.

تاقیکردنەوەی هێز و چەک و سایبرتەکنۆلۆژی و چەکی دیژیتالی و سوپر ڕۆبۆتا و هێرشی سایبرێی لە شەڕی ئۆکراین بۆ هەر دوو بەرە لە ناوەندی ئورووپا، هەم بازاڕە و هەم ڕیسک. گەر شەڕ درێژە بدرێ، لە بازنەی ڕووسیا و ئوکراین دا قەتیس نامێنێتەوە!

سەردەمی نوێ کە ئاغای شولتس باسی دەکات، دیسان بە شەڕ لە ئورووپاوە دەستی پێکردووە، ئورووپا کە سەردەمی ڕۆشەنگەری تێپەڕاندووە، سەردەمی شۆرشەکانی فەڕانسە و سەردەمی شەڕی یەکەم و دووهەمی تێپەراندووە و مێژووی سێ هەزار ساڵ فەلسەفە و هەزاران ساڵ ئایین و چەند سەدە دێمۆکراسی ڕۆژئاوایی لە پشتە. ئورووپا سەردەمی دەیان ساڵ شەڕی ساردی تێپەڕاندووە و دیسان دەگەریتەوە بۆ سەردەمی شەڕ. لەوە دەچێ مەیلی شەڕ کە گرێدراوی بەرژەوەندییە، بەهێزتر لە مەیلی ئاشتی بێ. لەوە دەچێ مەیلی ئاشتی، دیالۆگ و تێگەیشتن لە چارەنووسی ئینسان و پاراستنی گۆی زەوی، لە حاند مەیلی شەڕ دۆڕا بێ، لەوە دەچێ سیاسەت بە شەڕی دۆڕاندبێ، کە گرێدراوی بەهێزترین لاینەی ئابووریی جیهانە.

شەڕی ئۆکراین لە هەمان کاتدا شەڕێکی ناوچەیی و شەڕی خاک و نەتەوەکانە. شەڕی ڕووس و ئۆکراین شەڕی دوو نەتەوە و دوو خاکە، هەرچەند لە زۆر لایەنەوە مێژووی هاوبەشیان هەیە. سەرهەڵدانەوەی ناسیۆنالیسم لە ئورووپا لە هەموو ڕەنگەکانیدا بە هەڵکەوت نییە و ڕەنگدانەوەی قووڵایی گرفتەکانی ناو کۆمەڵگا و لە هەمان کات قەیرانی سیستەمی نادموکراتیک و ناعادڵانەی هەمەلایەن و زەوتکردنی مافی زۆرینەی خەڵکی جیهانە کە دوو لەشکری ئینسانی لە بەرانبەر یەکتریدا ڕاگرتووە، لەشکرێک کە زۆرترین دانیشتووانی سەر گۆی زەوی لە خۆی دەگرێ کە بەردەوام بەڕێوەچوونی ژیانیان دژوارتر دەبێت. لە ئورووپا ڕێژەی بێکاری لاوان لە ۸٪لەسەدەوە(ئاڵمان) گەیشتۆتە ٪٥.٦٢ لە سەد لە یۆنان و سپانیا. شەڕ کارتێکردنی لە سەر هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگا دەبێت و بە تەنیا لە بازنەی ئۆکراین و ڕووسیا و ئورووپادا قەتیس نامێنێتەوە و گرفتەکانی کۆمەڵایەتی بە تایبەت لە ئورووپا قولتر دەکاتەوە.

لە وڵاتانی بریتانیا و ئاڵمان و فەڕانسە و سەرجەم ئورووپا توێژی مامناوەندی بەرو هەژاری دەکێشرێ و ستانداردی ژیانی ئورووپی لە بواری کۆمەڵایەتی، لەشساخی، ماڵ و کار و بەهرمەندبوون لە پشتگیریی حکوومەت لە کەمی داوە و هەروەها پیشەکانی مامناوەندی گرێدراوی زەوی و بەرهەمی زەوی و وزەی پیشەکاران لە شارودێ لە گەڵ بازارێک ڕووبەڕوون کە بە کاڵا و وزە و هێزی کاری دەرەوەی ئورووپا پڕ دەکرێ. هەموو ئەوانە و بەربەستەکانی قانوونی و هەروەها برەوپەیداکردنی بازاری جیهانی هەرچەند بۆ کۆنسێرنەکانی ناونەتەوەیی شانسە، بەڵام بۆ چین و توێژی مامناوندی کە بەرهەمهێنەر و پیشەکارن، مایەی لە دەستدانی کار و بازاڕە. ئەمەش ڕێگا بۆ دوورکەوتنەوە لە حیزبەکانی دەسەڵاتدار خۆش دەکات و لە هەمان کات ڕێگا بۆ ئەو حیزب و خاوەن ئیدئۆلۆژی و سیاسەتانە خۆش دەکات کە پاش کۆتایی شەڕی دووهەم کاروچالاکیان بەربەست کرابوو. بەشێک لەو حیزبانە هەر ئێستا لە پارلەمانی زۆرێک لە وڵاتانی ئورووپا و پارلەمانی ئورووپا ئەندامن و لە سەر شەقام چالاکن.

تەشەنەی هەرچی زۆرتری نئۆنازیسم، نئۆفاشیسم، نئۆشۆونیست لە ئاڵمان، فەڕانسە، هولەند، سکاندیناوی، ئۆتریش و وڵاتانی تر و هەروەها تەشەنەی ناسیۆنالیسم کە گرێدراوای پارێزگاریی لە ناسنامە، خاک، بەرژەوەندی ئابووریی ،کۆمەڵایەتی، سیاسی، فەرهەنگی، زمانی و ئایینییە، هەموو ڕەنگدانەوەی قووڵبوونەوەی قەیرانی هەمە لایەنی سیستەمی سیاسی، ئابووریی وڵاتانە و شەڕ مەیدان بۆ کار وچالاکی ئەو لایەنانە فراوانتر دەکات.

کۆنسێرنەکانی ئامریکایی، ئورووپایی، چینی، ڕووسی و میلیاردێرەکانی ئانالۆگ و دیژیتال، هەم لە پێشکەوتنەکانی ئابوویی زانستی تەکنیکی بەشدارن و هەم لە ڕووتاندنەوی گۆی زەوی و خەڵکەکەی. نابەرابەری هەمە لایەن و دابەشبوونی جیهان بە سەر زۆرینەی بێبەش و کەمبەش و کەمینەی فرەبەش ، کارتێکردنی ڕاستەوخۆی لە سەر بیرو تێگەیشتنی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، ئیدئۆلۆژیکی خەڵک لە هەر وڵاتێک هەیە و ئەم پرۆسەیە بەردەوام قوڵتر دەبێتەوە ، کە مێدیای هەمە چەشن لە هەموو ڕوویەکەوە دەوری کاریگەری تێدا دەگێڕێ. مێدیای ڕەخنەگر لە بارودۆخی شەڕدا توانای کەمتریان لە بەرانبەر مێدیای زەبەلاحی سەر بە کۆنسێرنەکان و حکوومەت و لایەنی سیاسی هەیە و زۆرینەی خەڵکی وڵاتان گرێدراوی مێدیای سەر بە کۆنسێرنەکان دەمێنن، وێنەی بەرچاو "سی ئێن ئێن" ی ئامریکا بوو، کە لە شەڕی کەنداو مۆنۆپۆلی هەواڵ و ڕاپۆرتەکانی پێبەخشرا و سەرجەم مێدیای جیهان لە چاوی ئەوانەوە ئاگاداری شەڕ دەبوون، ئەم ڕێگایە ئەمڕۆ لە ڕووسیا و لە ئورووپا پەیڕەو دەکرێ.

یەکیەتی ئورووپا کە ساڵانێکە حەولی ئەوە دەدا سیاسەتی سەربەخۆی هەبێ و جیاواز لە ئامریکا و و ئینگلیس باڵانسی نێوان خۆی و چین و ڕووسیا ڕابگرێ بۆی نەچووە سەرێ و شەڕی ئوکراین ئەوانیشی تێگلاند، هەرچەند ئاڵمان هەتا دوا سات نەیویست لە گەڵ ڕووسیا ڕووبەڕوو بێت، بە هۆی گەلێک هاوکاریی سیاسی، بازرگانی، تەکنیکی و هەروەها وزە، بەڵام خزایە ناو شەڕ و گرێیەکی نوێی سیاسی لە نیوان ڕووسیا و ئاڵمان و ئورووپا لە گرێپوچکەکانی پێشوو زیاد کرا، کە ساڵانێکی درێژ کارتێکردنی گەرەکە هەتا پێوەندی ئورووپا و ئاڵمان و ڕووسیە ئاسایی بکرێتەوە.

دەوڵەتی ئاڵمانی دوورەپەرێز لە شەڕ لە ڕۆژی ٢٧/٢/٢٠٢٢ ەوە لە پارلەمان ڕایگەیاند، کە ٢٪ لە سەد لە بودجەی وڵاتەکەی تەرخانی چەک و کەرەسەی نیزامی دەکات، کە بەخێرایی لە لایەن ئامریکاوە پێشوازی لێکرا، بەوەش ئاڵمان دوای ڕووسیا دەبێتە دووهەم وڵاتی پڕچەک لە ئووروپا. ئەوەش ڕوونە وڵاتانی تری ناتۆ شیلگیرتر دەبن لە تەرخانترکردنی بودجەی زۆرتر بۆ مەبەستی نیزامی و سیاسی و بەم شێوەیە ئورووپا بەرەو سیاسەتی نیزامی زۆرتر دەکێشرێ.

شەڕی ئوکراین درێژەی هەموو ئەو شەڕانەیە کە لە سەدەی پازدەوە بۆ داگیرکردنی وڵاتان دەستی پێکردبوو. هەموو ئەم شەڕانە ئەوە دەردەخەن کە ڕێکخراوەکانی جیهانی کە ڕەنگدانەوەی هەموو ناکۆکییەکانی هەمە لایەنی سەر گۆی زەوی و ڕەنگدانەوەی لایەنی سیاسی ئابووریی و ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندییەکانن، ئیتر نە سەڵاحیەتی چارەسەری کێشەکانیان ماوەتەوە و نە توانایی چارەسەری کێشەکان.

شەڕی ئۆکراین ڕەنگە دەستپێکی دەرکەوتن و سازکردنی هاوپەیمانیەتی نوێ بێ و ناکوکی تازەتری لێبکەوێتەوە و جیهان بەرەو داهاتووی نادیار بەرێ. جیهان کە دەیان گرفتی گلۆبال و ناوچەیی ژینگە، ئابووریی، سیاسی، کۆمەڵایەتی هەیە و چارە نەکراو ماوەتەوە. جیهان کە هێشتا لە قەیرانی کرۆنا(کە لە ناکاو لەبیرچووە)، برسیەتی، ٣٣ی شەڕی ناوچەیی، وێرانی ژینگە، بێکاری، ڕەوی بە میلیۆن خەڵکانی ئاسیا و ئافریقا و ئەمریکای لاتین و قەیرانی تر دەرباز نەبووە، قەیرانێکی تر لە قەیرانەکان زیاد دەکرێ.


زۆرینەی خەڵکی جیهان کە لە حاند شەڕەکانی باقی شوێنەکانی سەر گۆی زەوی بێدەنگ بوون، ئەومجارەش بێدەنگ دەمێنن؟ ئایا مرۆڤ لە تێگەیشتن ڕووتاوتەوە ،کە بەردەوام خۆی لە شەڕ و قەیران و وێرانیدا دەبینێتەوە؟


١\٣\٢٠٢٢
ماڵپەڕی برایم فەڕشی 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک