په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٧\٢٠١٢

شەش کورتیلە چیڕۆک.


کاروان محەمەد فەتاح   

گەڕانەوەى ئارەزووە ونەکان.

 
(پێشکەشە بە ئەفسانەیەکى ڕاستەقینە، ئەو کەسەى کە ئارەزووەکانى وەکو خۆى ونن.).


پیرەژنەکە لەسەر کورسییەکى کەنارى ڕووبارەکە دانیشتووە، ئاسمانى ئەو ئێوارە ئەرخەوانییە پاییزییەى سەر ڕووبارەکە پڕە لەو باڵندە جوانانەى، کە لە ساتى فڕیندا دەنگى شەقژنیان ناسک و خۆش وەک سەمفۆنیایەک دێتە بەرگوێ... تەماشاى ئەو شەپۆلە تووڕانە دەکات، کە چۆن شڵپوهوڕیان دێت و دەجەنگێن لەگەڵ کەنارە وشکەکەدا، ئەویش چۆن ململانێیان دەکات... ئەمەیە بەردەوامى ژیان.


وردە پریشکى شەپۆلەکان بەر دامێنى کراسە ڕەشەکەى دەکەون، ئەو کراسەى کە ڕەنگە چاوەڕوانیى ڕەشى کردبێت. لێرە و لەگەڵ ئاودا چاوەڕوانى وەڵامى نامەکەى، یان هاتنەوەى ئارەزووە ونەکانى دەکات، کە نزیکەى هەژدە ساڵە بە نەورەسێکدا ناردوویەتى بۆ ئەو ئارەزووانەى ونى کردوون، یان ڕاستتر لێى دزراون.. هەنووکە ئەوان زۆر دوورن، ئا... زۆر... ڕەنگە ئەوان ئێستا لە مەملەکەتێکى وێڵ و ڕەش و بێ ناونیشاندا بن.


ئەم پیرەژنەى کە قەتماغێک لە چاوەڕوانیى و نائومێدى جەستەیان داپۆشیوە، لە ساتى ناردنى نامەکەوە تا ئێستا هەموو کاتەکانى ژیانى لە بەستێنى ئەم ڕووبارە بەسەر دەبات، بەڵکو نامەیەک بەدى بکات لە ملى یەکێک لەو باڵندانە. لەم هەموو ماوە درێژەدا چاوەکانى تەنیا نەورەسیان دەدیت و نەدەچوونە سەر هیچ شتێکى دی، یان هیچ باڵندەیەکى فڕیوى تر... هیچ... ئێستا بە ئەستەم پێڵوى چاوەکانى دەکرێنەوە و هەناسەکانیشى لە گەرووی پیریدا بە قورسیى دێنە دەرەوە. مەرگ لەگەڵ شەپۆلەکاندا ڕێ دەکات و دێت بۆ لاى، مەرگێک کە ناهێڵێ ئەم مرۆڤە چاوەڕوانە وەڵامى ئارەزووەکانى خۆى ببینێت.


مرد... خەیاڵە بێ باڵەکانى... خەونە سپییەکانى... ئازارە گەورەکانى... هەموو لەگەڵیدا دەڕۆن، نازانن بۆ کوێ، بەڵام هەر دەڕۆن.


لە دوورییەکى زۆرەوە نەورەسێک لە پشتى شەپۆلەکانەوە دەردەکەوێت و باڵە جوانەکانى لێک دەخشێنێ و نامەیەکى ڕەنگ زەرد لە ملیدایە. نامەى وەڵامى ئارەزووە ونەکانە. نەورەسەکە دەگاتە سەر پیرەژنى ساردبووەوە... ئەمە دەقى نامەى ئارەزووە ونەکانە.


لە ئارەزووە ونەکانەوە بۆ پیرەژنێکى پەژمووردە:


((تۆ ماوەى هەژدە ساڵە نامەیەکت بۆ ئێمە ناردووە، بەو نیازەى بماندۆزیتەوە. دەزانین ئەو دەمەى ئەم نامەیەت نارد، گەنج بوویت، چونکە لە نامەکەدا هەستمان بە شەوقێکى زۆرى تۆ کرد بۆ دۆزینەوەمان، وەلێ ئێمە وەکو شووشەى شکاو پارچە پارچە بووین و بە ئاسانى کۆ نەدەکراینەوە، هەر یەکەمان لە شارێکى ڕەش و ژێرزەمینێکى شێدار و سێبەرێکى ون و قورسدا بووین، ماوەیەکى زۆرى پێچوو تا یەکدیمان دۆزییەوە... ئەوەتا ئێستا هاتووینەتەوە بۆ لات لەگەڵ ئەو نەورەسە جوانەى کە تۆ نامەکەت پێدا ناردبوو... بەڵام تۆ ئێمەت لە سەرگەردانیدا بە جێ هێشت... تەواو... ئێمەش لێرەدا لەگەڵ تۆ دەخەوین.)).
ئارەزووە ونەکان


مردن بە دزییەوە.


لەبەر پەنجەرەى باڵەخانە سێ نهۆمییەکەوە دەڕوانمە ئەو کۆڵانە خۆڵاوییە، کە توێژاڵێک تۆز لەسەر چیمەنتۆ کۆنەکەى نیشتووە. نیگام دەچێتە سەر پیاوێکى ترسنۆک کە بە دەستە بێ ڕەحمەکانى لە منداڵەکەى دەدات، بەوەى بۆچى شووشەى پەنجەرەى ماڵە دراوسێکەیانى شکاندووە؟ ئەو پیاوە بەو جۆرە ئازایەتییە دەیویست ترسنۆکى خۆى بشارێتەوە... مرۆڤە ترسنۆکەکان بۆئەوەى ترسى خۆیان بشارنەوە، ئازایەتى دەنوێنن.


دێمەوە لاى مێزى کتێبخانەى ماڵە یەک ژوورییەکەم، لەم ماڵەى مندا هەموو شتێک هەیە، کتێب، پێنووس، مێز و کورسى، جێگاى خەوتن، تەلەفزیۆن، خواردن، هەموو شتێک، بەڵام ژیانى لێ نییە، ژیان هەر لە سەرەتاوە بیرى چوو جووڵە بۆ ئەم ماڵەى من بهێنێ و ڕووخسارى ژیانى پێ ببەخشێت... من ئێستا بە دزى ژیانەوە دەژیم، نا... نەخێر، من ناژیم، بەڵام کاتێک کە دەمرم، ئەو کات خەڵکە بەناو زیندووە ناشیرینەکانى ئەم گەڕەکە بە مردنەکەمدا دەزانن کە من ژیاوم.


قیامەتێک لە چاوەڕوانیى.


((تا بەردەرگاى قیامەت چاوەڕێتم، ئەو دەمەى مرۆڤەکان لێپرسینەوە و بەهەشت و دۆزەخ سەراپاى بیریانى داگیرکردووە، من بێ پەروا و بە تەنیا بیر لە تۆ دەکەمەوە. بەناو ڕیزەکانى ئەو گوردەمەدا بۆت دەگەڕێم... دەتدۆزمەوە بە کزى لەپاڵ دارێکى زەرددا دانیشتوویت و وەکو هەمووان بیردەکەیتەوە، من دەستى تۆ دەگرم و دەتگەڕێنمەوە بۆ نێو ژیان، لە ژیاندا ئەزموونى خۆشەویستیت لەگەڵدا دەکەم، ئاخر من لە ژیاندا تۆم بینیوە، هەر دەبێ لە ژیانیشدا پێت بگەم.)).

 
ئەم قسانە لە دڵى حۆمدا دەڵێمەوە، کاتێک کە لە بەرانبەر ئاوێنە باڵانووماکە وەستاوم و تەماشاى خۆم دەکەم، دەتوانم ئێستا زۆر ڕوون دەستى ڕۆژگار لەسەر ڕووخسارم ببینم، کە چۆن دەموچاومى کردۆتە کۆڵەوژى نێو تەنوورى داخبوو. ناخۆشى ژیان بۆ من لەوەدایە کە ناچارم بژیم. ئاى! ژیان چ گەمەیەکى بێتامە، چ شەوێکى ئەنگووستەچاوە، چ توونێلێکى تاریک و درێژە... ژیان نەبووایە بیرم لە مردن نەدەکردەوە... مردن نەبووایە بە هیواوە نەدەژیام... چاوەڕوانى نەبووایە نەدەبوومە ئەم مرۆڤەى ئێستا، کە زیاد لە هەرشت بۆنى مردنم لێ دێت.


نامەیەک بۆ خۆم.


گەرماى هەراسانکەرى ئەو شەوە سەرى کردووەتە کون و کەلەبەرى حەوشەکە، دەنگى بێزارکەرى سیسارکەکان موژدەى هاوینێکى گەرم و تاقەتپڕوکێن و ڕۆحکوژ لەگەڵ خۆیاندا دەهێنن، حەوشەکە هێندە خامۆش و بێدەنگە، تەنانەت شنەیەکیش لە گەڵاى دارتووەکە نایەت، گەڵاکان وێنەى مرۆڤێکى بێ ورتە دەدەن، هەموو شتێک لە بێدەنگییەکى ترسناکدایە... کوڕەکە لەسەر دۆشەکێکى کۆن پاڵکەوتووەو سەرى ناوەتە سەر سەرینێکى بۆگەن و هەردوو دەستى خستووەتە ژێر سەرییەوە و تەماشاى ئەو ئەستێرە دوور و نزیکانە دەکات، کە لەناو دڵى ئاسماندا هەڵواسراون، هەندێکیان بە جوانیى و ڕوونیى دەدرەوشێنەوە و هەندێکى تریان لە شەرما کزکز وەکو دوا ساتەکانى کووژانەوەى فانۆسێک دەسوتێن.


هەڵدەسێت و دەست دەکات بە خوێندنەوەى ئەو نامەیەى کە ناردووییەتى بۆ خۆشەویستە دوورەکەى، ئەو کەسەى کە ئێستا ڕەنگە لە ناشوێن بێت و زەوى تەڵاقى دابێت: ((ئەى کچى ونبوو! داوات لێ دەکەم لە ساتى خوێندنەوەى ئەم نامەدا، بە تەنیابە و لەبەر پەنجەرەى ژوورەکەتدا دانیشە و گوێ بۆ حەحەپى سەگەکان ڕادێرە و ڕووخسارى تێکچووى من بێنە پێش چاو. من هەموو وشەکانى ئەم نامەیەم تێکەڵ بە ئازارێکى قووڵ کردووە، تۆش بە ئازارەوە بیانخوێنەوە و دەستە ناسکە شمشاڵییەکانت لەسەر پیتەکان دانێ، من ئەو پیتانەم، بەڵێ.. ئەوانە منن، هەرکات ویستت من ببینیت، بڕۆ سەیرى ئەو پیتانە بکە. من نەمتوانى پێت بڵێم خۆشم دەوێیت، هەروەک چۆن نەمتوانى پێت بڵێم ڕقم لێتە.. دڵنیابە وەک پرچ و هەناسەت لێت جیا نابمەوە و ئەو کاتەشى کە بیر لە تۆ ناکەمەوە، ئەوە ویستوومە پشوویەکى کورت بدەم و دووبارە و بە شێوەیەکى جیاواز خۆم شەڵاڵى بیرکردنەوە لە تۆ بکەم... دەزانم کە مژووڵ بوون بە بیرکردنەوە لە تۆ، وەک گرەوکردنە لەسەر یارییەکى دۆڕاو، وەلێ هەروەک چاوى کامێراى نێو یاریگاى تۆپى پێ، کە چۆن لەسەر تۆپەکە لانەچێت و بەردەوام بە دواوەیەتى، خۆ ڕەنگە تۆپەکەش پێى خۆش نەبێت کە ئەم کامێرایە دووى بکەوێت، منیش چاوى ئەو کامێرایەم و تۆش تۆپەکە... هیچ کات دووجار بیرم لە یەک شتى تۆ نەکردووەتەوە، بەڵکو هەر جارە و شتێکت بیرمى داگیرکردووە، جارێک دڵڕەقییەکەت... جارێک پێکەنینەکانت، کە ئازارى منت پێ دەدا، ئەو ئازارەى کە خۆم بە دوایدا وێڵ بووم... جارێکى تریش ئەو زەوییەکى کە پێیدا گوزەرت کردووە، چەندین جار لەو جێگە پێیانەوە تۆم بینیوە، کە تەماشاى منت کردووە...
ئێستا ناتبینم، بەڵام هەستت پێ دەکەم.
ئەم نامەیەم بۆ ئەوە بۆت نەنووسیوە، کە وەڵامم بدەیتەوە، هەر ئەوەندە بەسە کە من هەست بکەم بە تەواوى تۆم خۆش دەوێ، من ویستم خۆم تاقى بکەمەوە کە تا چەندە تۆم خۆش دەوێ، نەک زانینى هەستى خۆشەویستى تۆ بۆ من، هەنووکە گومانبڕ بووم لەوەى کە من بە ڕاستى تۆم خۆش دەوێت.
چاوەڕێى وەڵامیشت ناکەم... ئێرەش کۆتایى نییە، بەڵکو کۆتایى بریتییە لە.......)).


تارماییى.


کاتژمێر دوانزە لایداوە... شەو بە هەموو تاریکیى و قورسیى خۆیەوە پەردەی ڕەشى بەسەر زەمیندا داداوە... لەبەر پەنجەرەى ژوورەکەمەوە دەڕوانمە کۆڵانە نووتەک و ترسناکەکە. لە سیلەى کۆڵانەکەدا چاوم بە تامارێک (تارمایى) دەکەوێت... هەنگاو بەرەو لاى من دەنێت... چاوەکانم هەڵدەگڵۆفم، دەڵێم نەک چاوم ڕێشکەوپێشکە بکات. زۆر لێم نزیک دەبێتەوە، تاڕادەیەک کە دەتوانم هەست بە هەناسەى بکەم، بۆم ڕوون دەبێتەوە کە ئەو تارماییە واقیعییە، کچێکە بە بەرگێگى سپى ئاوادامانەوە بەرەو لاى من دێت، یان هەر من وا هەست دەکەم کە بەرەو ڕووى من دێت... ئاى خوایە! ئەوە خۆیەتى... ئەوە کچى ناو خەونەکانمە... لە جێگەى خۆم هەڵدەستم و دەچم بۆ لاى... ون دەبێت، ئا... ون دەبێت و نامێنێ... ئێستا تێگەیشتم کە ئەو بۆ من تارماییەکە، تەنیا دەتوانم لە دوورەوە بیبینم و هەستى پێ بکەم...


کۆتایى.


لە یەکێک لە بەیانییە زۆر سارد و باراناوییەکانى وەرزى زستاندا چوومە نێو بازاڕ. کەسم نەدى، یان من کەسم بەدى نەکرد. چوون دەشتێکى قاقڕى کاکیبەکاکى بێدەنگ و تۆقێنەر چۆڵ بوو... دووکانەکان هەموو داخرابوون، تەنیا لەسەر دووکانێک نووسرابوو ((ئێرە کۆتایى دنیایە.)) هەر ئەوەندەم بۆ خوێنرایەوە و تەواو...
 

 

karwanshorshe@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک