په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٣\٢٠١٩

شەترەنجی مەرگ!


سه‌عید عارف     


(برینتۆن تارانت) وەکو کەسێک و (نیوزیلەندا) وەکو شوێنێک، زۆر خوێندنەوە هەڵدەگرێت، دور لە بابەتی وروژێنەر و مۆدێلی خەڵکخوازی سەردەم..


قسەیەک هەیە دەڵێت: (لە پشتی هەمو شارستانی و دەسەلاتە ئیمپراتۆریەکانەوە، ئاینێک هەیە).


لە سێ ئاینی (جولەکە، مەسیحی، ئیسلام)دا بابەتەکە رادەگرم..


هەر سێ پەیامبەرەکە لە سەرەتایەکی چاکسازی کۆمەڵگەوە دەستیان پێ کرد. خاکی و هەژاردۆستی و لابردنی غەدر و چەوسانەوە ئامانجیان بو، بەڵام دواتر ئاینەکانیان بون بە دەسەڵات و یاساو ڕێسای دەوڵەت و چەوساندنەوەی هەژار و بەرپاکردنی غەدر و بیانوی دەستی پاشا و حوکمدارەکانی تر..


(موسا) بۆ ڕزگار کردنی خەڵکەکەی لەدەست زوڵمی فیرعەونی میسر، کۆڕەوی پێکردن بۆ وڵاتی کەنعانیەکان ویاسای بۆ فەراهەم کردن بۆ دادپەروەری و ڕیخستنی ژیانیان..


بەڵام دواتر بە دامەزراندنی مەملەکەتی داود ڕەسەنی کەنعانیان لەناوبرد، تا دواتر خۆشیان دیل و کۆچبەرکران بە وڵاتی بابل و میدیا دا پەرشو بڵاو بونەوە، تا دوبارە دورست بو نەوەی ئیسرائیل لە ناوەندی سەدەی ڕابوردودا.

ئاینی جولەکە داخراوە بۆ یەک نەتەوەی عیبری..


عیسا وەکو چاکساز و پەیامبەرێک ئاینی جولەکەی بۆ جیهان واڵا کردەوە، بەوەی دەڵێت: (من نە هاتوم دینێک بەتاڵ بکەمەوە، بەڵکو هاتوم ئاینی پێشوتر پڕ و تەواو بکەم).


دواتر ئاینی عیسا دەپەڕێتە ئەوروپا و دەبێت بە پەیڕەوی دەوڵەتەکانی و بەدوای دا لەپاڵ ئاینەکە دا زوڵم و بێدادی لە ناوخۆی بەرەوە دەرەوەی دەست پێ دەکات، لە نمونە جەنگی ئاینزای کاسۆلیک وپرۆتستانتەکان، هەڵمەتی خاچپەرستان و داگیرکاری کۆڵۆنیالیستی لە دەرەوەی ئەورپا فەسڵی فراوانی نادادی و غەدری ترە..


ئاینی مەسیحی پاڵنەری سەرەکی زەوت کردنی ئەرز و ئاوی ئەفریقا و ئاسیا و هەردو ئەمریکا و ئوستورالیا بە (نیوزلاند)ەوە، کوشتن و کۆیلە کردنی ڕەسپێست وکوشت وبڕی ناتیڤەکانی ئیندیان و ئەپۆرجین و ماوریەکان و لەناو بردنی شارستانی (مایا) کە هیچی کەمتر نەبو لە شارستانی میسریەکان..


(موحەمەد) بۆ چارەسەری پرمیتیڤی و بێچارەیی میلەتی عەرەبی خێلەکی و سارا گەڕ هەوڵی زۆرو شیڵگیری بوە، پەیرەوی لە دو ئاینەکەی ترنامۆ نەبو، بەڵام لە بڵاوکردنەوەیدا جیاواز بو، بەوەی لەسەردەمی خۆی دا دەولەتی لێ دروست بو بەداگیرکاری بە خێرایی وپڕتین و لە ڕوبەری جوگرافی نێو میلەتانی جۆراوجۆر بڵاوەی کرد، لەدوای خۆی دیوی نادادی بە زویی لێدەرکەوت بەجۆرێک غەدر لە توخم نەوەی خۆیشی نەگەڕایەوە و سەری وەچە و کچەزاکانی خوارد و ئەوی ڕویدا لە مەرگی ناکامی (حوسەین) و براکانیدا.. لەوێوە ئاینزای شیعە سەری دەرهێنا و بە دوای دا شمشێری خوێناوی دەسەڵات دەست بە دەست و وەچە بەوەچە دەگوێزرایەوە تادەگات بەم سەردەمەی ئێستا..


ئەوەی باس کرا، ڕیچکەی گۆڕانی سێ ئاینە ڕۆژهەڵاتیەکەن.


ئاخۆ بەریەک کەوتنی سێ ئاینە کە چیان خوڵقاندووە؟


ئەوەی جولەکە بە سەرەتای کریستیانی کرد کەم نەبو ، بە هەلواسین و لەخاچدانی (عیسا)ی پەیامبەریان بوغزێکی ئەبەدی بەرپاکرد.. بەجۆرێک کریستیانی (خاچ )ی ]یرۆز کردو کردی بەسمبولی بەستنەوەی ناسوت بەلاهوتی ئاینەکەوە ئاسمان وزەوی لە و ڕەمزەدا پێکەوە دەبەسترێنەوە ، بۆ ئەوەی هەرگیز غەدری جولەکە لەبیر نەکەن و قەت بە تێکەڵی دۆستیان متمانە نەکەن بەجۆرێک بێزیان لە ماچ و سۆزداریان دێتەوە و هەر خۆشەویستیەکیان بە نیفاق و ناپاکی دەخوێننەوە ..


لە تۆڵەی دا، کریستیانە ئەورپیەکان نابەناو هەرەسەدەم و تۆغیانێکیان بە جولکەوە دەرکەوت بێت لە بون سامانداری ئە و بوغز و قینەیان جوڵاندووە و ڕەشەکوژیان کردون ئەوەی ئەوان بەسەر کەمینەی جولەکەی کردووە هێناوە، مەگەر لە ناو زۆرینەی ئیسلامدا بە کەمینەی ئەرمەنی و سریانی و ئاشوری و ئێزدی یە کوردەکان کرابیت.. بە جۆرێک (دژە سامی) بوە بەکۆد و کۆنەستی ئەو باری بوغز و ڕقە بەرامبەر بە جو..


لیکەوتی ئیسلام بە ئەوروپای مەسیحی لە پەڕینەوەی تاریق کوڕی زیادەوە بۆ دوررگەی ئیبریا (ئسپانیا) وتا لە وڵاتی فەرەنگ بە هۆی( مارتڵ) لە شاخەکانی پرانس بەر بە ئیسلام گێرا لە شکریان لە (بلات شوهەدا) ؛لە شکری (عەبدوڕەحمانی غافیقی) تێکشکێنرا..


دواتر تۆلەی کریستانەکان بەدەسپێکی هەڵمەتی خاچپەرستان بەرەو ڕۆژهەڵاتی ئیسلامی لە چەند قۆناغ داولە ڕۆژئاوایشەوە، لەئیسپانیا ئیسلامیان وەدەرنا..
بەدوای دا هێرشی پێچەوانەی عوسمانییە تورکەکان بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا..


بەدوای دا هێرشی پێچەوانەیی کۆلۆنیالی ئەوروپا بۆ ڕۆژهەڵات و هەمو کونجێکی تری دانیا بەردەوام بو تا ئەم ساتە نزیکانە...


ئەوانە هاتوبردی هەرسێ ئاینەکەن وەکو پاشخانی مێژوی خوێناوی.. رەنگدانەوەی خۆی هەیە لەسەر (تاک)و گروپی پەیرەوکارانی توندڕەو سەرات خوازی هەرسێ ئاینە کە.


ئێستا و لەم نزیکەدا وەکو بەڵگەی راستی، نوسینی سەرتفەنگەکەی (بریتۆن تارانت) و هەڵبژاردنی ئارامترین و هێمنترین ولاتی وەکو (نیوزیلاند) دیوی خوێناوی ئەو جەنگەن، کە وەلامی ئاڵای ڕەش و چەقۆو شمشێرە خوێناویەکانی داعشی پێ دەدەنەوە ..


یاری شەترەنجی مەرگی ئەم مێژوە خوێناویە لە دەسپێک و برەوسەندن دایە، ئەگەر هەموتاکێک گیانی چاکە و ئارامی و پێکەوە ژیان و لێبوردەیی خۆی توند و گورج نەکاتەوە.. ئەگین، هیچ شتێک ناتوانێت ئەم ئاشی خوێنە بەئاسانی بوەستێنێت ..


١٩\٣\٢٠١٩ - ستۆکهۆڵم

ماڵپه‌ڕی سه‌عید عارف باپیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک