په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 


شێوازی حوکمڕانی لامەرکەزی و یەک ئیدارەیی لەدۆخی نەبوونی دەوڵەتدا، وەهمە.

 

- لە پەراوێزی دیمانەیەکی سەرۆکی لیستی گۆڕاندا -


عەبدولا مەحمود   

 

سەرۆکی لیستی گۆڕان لە دیمانەیەکدا کە ئارام عەلی سەعید لەگەڵیدا سازیداوە کۆمەڵێک پرسیارو مەسەلەی گرنگ و بناغەیی وروژاندووە، کەهەموویان جێگەی لێڕامان و هەڵوێستەو قسە لەسەرکردنن. بەڵام میحوەریترین مەسەلە تیایدا بریتیە لەپێداگری لەسەر سیستەمی لامەرکەزی و مەسەلەی دووئیدارەیی لە کوردستاندا. کە بەڕاستی پێویستی بە وەلامە. بۆیە بەپێویستم زانی لەوبارەیەوە بەکورتییش بێت بۆچونی خۆم بخەمە روو.


بێگومان لە دنیای ئەمرۆدا و بەدەر لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست، زوربەی هەرە زۆری وڵاتانی دنیا سیستەمی بەرێوەبردنی وڵاتیان لەسەر بنەمای لامەرکەزیەتە. ئەم شێوازەش شێوازێکی لە پێشترو کراوەترو شارستانیترە لە سیستەمی مەرکەزی، چونکە لە بەڕێوەبردنی سیستەمی مەکەزیدا هەموو دەسەڵاتەکان بەشێوەی هەرەمی لەدەستی ناوەنددا قۆرغکراوە. شتێک بەناوی دەسەڵاتی لۆکالی مانای بۆنامێنێتەوە. دەسەڵاتی لۆکاڵی چ لە ئاستی هەرێمی وڵاتیدا بێت یان لە ئاستی شارو شارەوانیەکانی شارێکدا بێت، خاوەنی هیچ جۆرە دەست ڕۆشتویەک و بریارێک نیییە. بۆیە سیستەمی لامەرکەزی لەبەڕێوەبردندا زۆرباشترە لە سیستەمی داخراو ء بەرێوەبردنی ناوەندێتی. ئێستا لە زوربەی وڵاتانی ئەوروپادا سیستەمی لامەرکەزی لەئاستی شارێکیشدا، پەیرەوەی دەکرێت. هەر ناوچە یان کۆمۆنێک لەدەسەڵاتی تایبەتی خۆی بەهرەمەندە و بەپێی شێوازێکی دامەزراوەیی و یاسایی پەیوەندی ئەم کۆمۆنانە "شارەوانیانە" لەگەڵ ئەنجومەنی شار ڕێکخراوەو بەهەمان شێوەش پەیوەندی ئەنجومەنی شارەکان لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندیدا ڕێکخراوە. بەڵام نابێت ئەمەمان بیر بچێت چ سیستەمی لامەرکەزی و چ سیستەمی فیدراڵی کە لەزوربەی وڵاتانی دنیادا هەیە، بنەماکەی خێڵچێتی، شارچێتی نییە، بنەماکەی قەومگەرایی و مەزهەب چێتی نییە، بەڵکو تەنها شێوازێکی ئیدارییە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵ و ڕێکخستنی پەیوەندی هەرێمەکان و شارەکان. هەروەها بۆ زامنکردنی دەسەڵاتدارێتیەکی خۆجێی یە لەزۆر ئاستدا کە پێویست نییە بۆ هەموو کێشەیەک و مەسەلەیەک و بگەڕێنەوە بۆ مەرکەز یان ئەنجومەنی شار. ڕێکخستنی ئەم شێوازە بەپێی یاسا لەهیچ بارێکدا شوناسی" شارچێتی، قەوم، مەزهەب، دەستە، جغرافیا" جێگەیەکی نییەو شوناسی" هاوڵاتی" بوون بە مەبنای ڕێکخستنی دەسەڵاتەکان وەرگیراوە.


لە عێراقدا ئەو فیدرالیزمەی کە تەنها یەکێتی و پارتی و لیستی گۆران و حزبە قەومیەکانی باسی دەکەن، فیدرالیزم بنەماکەی قەوم و جغرافییە، نەک ئیداری. دەسەڵاتی ناوەندیش ئەم دەسەڵاتەی نەک لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون بەڵکە لەسەر ئەساسی تەوافوقی و سیاسی داڕشتوەو ئامادەش نییە بەکردەوە دانی پیابنێت.


ئەوە کە سەرۆکی لیستی گۆران بانگەشەی بۆدەکات، پێچەوانەی ئەو ڕاستیەیە کە دەسەلاتی لامەرکەزی لە ئەوروپاو زوربەی زۆری دنیا چ لەئاستی وڵاتدا بێت یان لەئاستی هەرێمی و شاریدا بێت، هەڵگری هیچ ماکێکی سیاسی و کێبەرکی سیاسی نییە. دەسەڵاتی هەرێمی یان شاری و دابەشبوونیان بەسەر کۆمۆن و شارەوانیەکاندا بەمانای پچرینی بەشی سیاسی لە دەسەلاتی سەراسەری و سیاسیدا نییە. لە عێراقدا فیدرالیزمی قەومی بنەماکەی سیاسی یە، بەڕەسمی ناسینی فیدرالیزم یانی پچرینی بەشی دەسەڵاتی سیاسی لەناوەند و دەسەلاتی مەکەزیدا، یانی کردنەوەی فایلی کێبەرکی سیاسی و کێبەرکی دەسەڵات. دەسەڵاتی شاری و لۆکاڵی لە کوردستان بەمانای پچرینی دەسەڵاتی سیاسی شاری دێت لە ئاستی پەرلەمان و حکومەتدا!!. ئەو هێزانەی نەک "خەڵک" دەسەڵاتی هەرێمی کورستانیان لەبەردەستە، لەبەغدا جێگەو ڕێگەیان بە پێی هێزیان هەیە و بەشێکن لە دەسەلاتی سیاسی. ئەوەی لە هەرێمی کوردستانی" فیدراڵ!!"دا، شارێکی بەدەستە، بەشێکە لەو دەسەڵاتە سیاسیە لە هەرێمی کوردستان و بەشێکیشە لەدەسەڵاتی مەرکەز لەبەغدا. ئەوانەش کەشاری زیاتریان لەبەردەستە، یان بەواتایەکی تر قەڵەمرەوی دەسەڵاتیان جغرافیایەکی پانتر دەگرێتە خۆی، بەمانای ئەوەیە دەسەڵاتیان لەهەموو باریکدا زۆرترە لەو لایەن و هێزەی بەشی کەمترە.


لەو جێگایەش کەدەڵێت من لەگەڵ ئەوەم هەر پارێزگایەک ببێتە هەرێمێکی سەربەخۆ، هێندەی باگراوندی ڕاشکاوانەی سیاسی و کێبەرکی سیاسی لە ئاستی کوردستان و عیراقی لەپشتە، نیو ئەوەندە پەیوەندی بەوەوە نییە کە دەسەلاتی ئەنجومەنی شار یان شارەوانیەکان!! سفرەو ئەبێت ئیرادەو تواناییەکیان پێبدرێت و لەهەندێک سەلاحیەتی دیاریکراو بەهرەمەند بن.


لیستی گۆڕان هەر ئێستا لەسنوری پارێزگای سلێمانی، بەدیاریکراوی لە سلیمانیدا، بەشێکە لەدەسەڵاتی سیاسی و بەوپێیەش پێی ناوەتە ناوپەرلەمانی کوردستان و بووە بە هێزێکی حسابۆکراویش لە بەغداو کێشمەکێشەکانیدا. ئەمەش هیچ نزیکایەتیەکی لەگەڵ ئەو شێوازە لە بەڕێوەبردنی لامەرکەزیدا نییە کە لە دنیادا هەیە. بۆیە نەوشیران مستەفا دەیەوێت بە بانگەشەی بەریوەبردنی کۆمەڵگا بەشێوەی ئاسۆیی و لامەرکەزیەتەوە خۆڵ بکاتە چاوی ڕای گشتییەوەو هەموو ئەم چەمکانە بە ئاقاری خۆشباوەرکردنی خەلکی کوردستان وپیشەسازی نوێی سیاسی بە کاربهێنێت. بەتایبەت کە شێوەی حوکمرانی یاسایی و دامەزراوەیی پێش مەرجەکەی بۆنی وڵات و قەوارەی دەوڵەتیییە.


لە تەوەریکی تردا سەرۆکی لیستی گۆران، باس لەوەدەکات کە تائێستا کوردستان دوئیدارەییە. بێگومان ڕاگەیاندنی ئەوەی کە کوردستان دابەش بووە بەسەر دوو ئیدارەدا، هیچ شتیکی تازە بەیان ناکات. خەڵکی کوردستان لە 18ساڵی ڕابردودا تائێستا بەکردەوە ئەم دووئیدارەییان تەجروبە کردووە و باجەکەشیان داوە، بینینی ئەوەی کە کۆمەڵگای کوردستان وەکو هەرێمێک کراوەتە چەند پارچەوە، لە هەموو ئاستەکانی ژیانی ئابوری و سیاسی و کەلتوری و ... پێویستی بە تیۆریزەکردن نییە.


بەڵام پرسیار ئەوەیە بۆچی سیستەمی دەسەلاتی یەکگرتوو لە کوردستان نییە و بەکردەوە دوئیدارەیی هەیە؟ وە کێ بەرپرسە لەو دوو ئیدارەیە؟ هۆکاری بناغەیی ئەو دوئیداریییە چییە؟ چۆن دەکرێت دوئیدارەیی کۆتایی پێبێت و کوردستان ببێت بەقەوارەیەکی یەکگرتوو لێکهەلپێکراو؟....تاد.


ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە نەوشیروان مستەفا هوشیارانە بەلایاندا ناچێت و تا ئاشی بەرژوەندی سیاسی رەوتەکەی کارا رابگرێت.


نەوشیروان و لیستی گۆڕان کە بەشێکی لێکترازاوە لە هێزی میلیشیایی یەکیتی نیشتمانی کوردستان و لە بنەڕەتدا میلیشیایەکی جیابوەوەیە لێی و بەناوێکی تازەوە لە کوردستان خۆنواندنی دەست پیکردووە، ئەو ڕاستیە دەزانێت کە یەکێتی و پارتی نەک تەنها بەوێنەی دووحزبی سیاسی مۆدێرن، بەڵکە بەوێنەی دووحزبی عەشیرەتی و مافیایی پشت بەستوو بە میلیشیایەکی فراوان، قۆرغی هەموو جومگەکانی ژیانی ئابوری و سیاسی کۆمەلایەتی .... کۆمەڵگایان کردووە. لەهەموو ئاستەکاندا دابەش بونییان کردوتە تایبەتمەندیەکی کۆمەڵگا، هەموو هێزە قەومی و ڕەوتە ئیسلامیەکانیش بە ئەندازەی هێزیان بەهەمان ئەلگۆوە بەشدارن لەو گەمەیەدا، کرێکاران و ژنان و لاوان و سەرجەم توێژەکانی تری کۆمەڵگایان دابەشکردووە، بوونی چەندین ڕێکخراوەی جەماوەری ژنان و لاوان و خوێندکاران و هونەرمەندان و سەندیکای پیشەیی بە بەرگی حزبیەوە. بوونی ناوچەی جغرافی بە فۆرمی حزبەوە، جێبەجێکردنی یاساو ڕێسا بە پێی بریاری حزبی،.. ڕاستیەکە کەس ناتوانێ نکۆڵی لێبکات. لە سنوری دەسەڵاتی یەکێتیدا سەرۆکی هەرێم رەسمیەتی نییەو جەماوەری یەکێتی و جەماوەری لیستی گۆرانیش بارزانی بەسەرۆکی خۆیان نازانن، بەڵکە تاڵەبانی و نەوشیروان بە سەرۆک ئەزانن. لەناوچەی قەڵەمڕەوی پارتیشدا جەماوەری پارتی تاڵەبانی بەسەرۆک بەڕەسمی ناناسن ...تاد.


ئەمەش بەرلەهەموو شت بەرهەمی هەڵواسراوی سیاسی کوردستان و نەبوونی قەوارەیەکی دەوڵەتییە، نەبوونی ناسنامەی وڵاتییە، لەجێگای ئەمە بوونی دەسەلاتی میلیشایی حزبییە، دابەشکردنی کۆمەڵگاش بەسەر چەند ناوچەیەکی دەسەلاتدارێتیدا تایبەتمەندی هەموو جغرافیایەکی سیاسییە کە ناسنامەی ولاتی نییە و لەقەوارەیەکی دەوڵەتیدا چوارچێوەی پێنەدراوە. لەهەلومەجی ئاواشدا نەهەرگیز حکومەت ئەتوانێ یەکگرتوو سەراسەری بێت نەپەرلەمان دەتوانێ دەزگایەی کاراو یەکگرتوو بێت و دوربێت لە دەستێوەردانی حزب و سەنگی سەرکردەی حزبی و ...تاد.


بۆیە هۆکاری دوئیدارەیی و زیادبوونی ئەم ئیدارانە، هۆکارەکەی بوونی چەند حزبی سیاسی نییە. لە کۆمەڵگایەکی رۆتیندا دەکرێت دەیان حزب و هیزی سیاسی هەبن و کۆمەڵگاش یەکگرتوو لێکهەلپَێکراو بێت و یەک ئیدارەیش بێت. بۆیە بانگەشەی گێڕانەوەی هەموو کێشەو موسیبەتەکان بۆ بوونی حزبەکان، دەسەڵاتی حزبەکان، بەجیا لەوەی حزب و هێزە قەومی و دواکەوتوەکان، هەڵگری چ فایرۆسێکی ترسناکن، وێناکردنێکی ئاوەژووی واقعیەتی سیاسی کوردستانە و هەوڵێکە بۆ دورخستنەوەی خەڵک لە حزب و حزبایەتی و ڕێکخراوبوونی حزبی.


کێشەی بناغەیی کۆمەڵگای کوردستان نەبونی دەوڵەت و ناسنامەی ولاتی و ئەو گێژاوە سیاسیە کە کوردستان زیاتر لە 18 ساڵە تیایدا ڕاگیراوە. کوردستان نە بەشێکی بەکردەوەی عێراقە و نە دەشکرێت ئارەزومەندانە کوردستان بەعێراقەوە بلکێنرێتەوە، بەزۆریش لکاندنەوەی بە عیراقەوە موسیبەت هەڵگرە. هاوکات خۆیشی نەبۆتە دەولەت و وڵاتێکی سەربەخۆ، ئەمە گرفتی بناغەیی کۆمەڵگای کوردستانە و هێزی میلیشیایش بەرهەمی ئەم دۆخەیەو لەمە بەدوا لیستی گۆرانیش کە هێزیکی میلیشایی یە، بەشیک دەبن لەو پارچە پارچەکردنەی کۆمەڵگای کوردستان و ئیتر لە سنوری پاریزگای سلێمانی تاڵەبانی سەرۆک و ڕابەری ئەو جەماوەرە نییە کە جەماوەری لیستی گۆرانن. پێکهاتنی رێکخراو سەندیکای هەمەچەشنی لاوان، ژنان، خوێندکاران، مامۆستایان، ....ی لیستی گۆڕان لە پێکهاتندا دەبن، ئەمە ئەو ڕاستیانەیە کە نەوشیروان مستەفا هۆشیارانە خۆی لە وتنیان دەدزێتەوە.


حزبە قەومیەکانی کوردستان و دەسەڵاتدارێتی میلیشییان بەسەر خەڵکی کوردستاندا، ئاکامی ڕاستەوخۆی هەڵواسراوی ناسنامەی وڵاتی کوردستانە لە جغرافیای سیاسی دنیادا نەک هیچی تر.


ئەم دوئیدارەییە، ئەم پارچە پارچەکردنەی کوردستان، ئەم زاڵبوونی دەسەلاتی حزبییە بەسەر هەموو جومگەکانی ژیانی ئابوری سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەهەنگی... کۆمەڵگادا تا ئەوکاتەی کوردستان نەبووبێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، دەمێنێتەوەو ئەگەری بەشبوونی تریش لێی ئەگەرێکی واقعییە. هەرهێزێکی سیاسی تازەی پشت بەستوو بە هێزی چەک و زۆر دەتوانێت قەڵەمڕەوی دەسەلاتی خۆی بەو جۆرەی ئەیەوێت جیابکاتەوە و شێوەی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی خۆی تیایدا دابسەپێنێ.


هیچ یاسا و تەنانەت دەستورێکیش ناتوانێ ڕێگەیەک بێت بۆ کۆتاییهینان بەو دوئیداریەیە. دەیان هەڵبژاردنیش بکرێت، بەرپرسە حزبی و حکومی! یەکانی ناوچەی بادینان و ژیر دەسەلاتی پارتی، پارتی دەبن و پارتی دایان دەنێت و لایان ئەبات و هی ناوچەی سلێمانیش یەکێتی و لەمەبەدوا لیستی گۆرانیش بەو گەمەیە زیاد دەبێت.


ئەمانە ڕاستی واقعیەتی سیاسی کۆمەڵگای کوردستانن، ئەگەر هێز و حزبێکی دیاریکراو خۆیان بە خەمخۆری کۆمەڵگای کوردستان دەزانن، دەبێ نەخشەی کۆتاییهێنان بە هەڵواسراوی سیاسی کۆمەڵگای کوردستانی هەبێت، دەبێ پرۆژەی جیاکردنەوەی کوردستان و پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ ئەجندەی سەرەکی بێت. دەبێ پرۆژەی کەنارخستنی دەسەڵاتی میلیشییایی هەبێت چونکە تا ئێستا کۆسپی بەردەم جیابونەوەی کوردستان و بەڕەسمی ناسینی ئیرادەی خەڵکن بۆ بڕیاردان لەسەر ئایندەی سیاسی خۆیان.


نەوشیروان مستەفا و گۆڕان، کەهیچ پرۆژەیەکی جیاواز و جدیان لە هی پارتی و یەکێتی پێ نییە بۆ ئایندەی سیاسی کۆمەڵگای کوردستان، بانگەشەکانیان تەنها دەتوانێ ببێتە خۆراکی دەورەیەکی دیاریکراو لەخۆشباوەرکردنی خەڵکی کوردستاندا. خەڵکی هوشیارو ئازادیخوازی کوردستان بۆ وەلانانی ئەو وەهمە پێویستە لە ئێستاوە لە مەیداندا بن.
 

 

abdulla.mahmud@gmail.com