په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

     شەوێکە شه‌به‌نگ ، شەوێکە ده‌یجوور.


بەرزان هەستیار

شەوێکە ، ڕۆشنایی تیا سوڵتانە ،....
ئەو شەوەی ژنێکی تەنیا
پیاوێک بە هەموو وجوودیەوە ئەدزێت و
لە پێخەفەکەیدا ، دایئەماڵێت لە غروور
 *  *  *  *  *  *  *
شەوێکە ، لە ڕۆژی نیوەڕۆ ڕووناکتر
کە پیاوێک وەک منداڵ .....
بێ ئەوەی شەرم لە ڕۆندکی خۆی بکات
لە دامێن کێوی غرووری ژنێکا ،
لە پڕمەی گریانا ون ئەبێت و
ئەبێتە تۆزی بەر ڕەشەبا
 *  *  *  *  *  *  *
شەوێکە ، کەژەکان مناڵ ئەبنەوە ،
کە عیشقێک ، یەکەم ماچ ، بە قەیرە کچێک و
پیاوێکی شەرمن و ترسنۆک ئەبەخشێت
*******
شەوێکە ، منداڵان بۆ یاریی ئەڕژێنە کۆڵان ،
ئەو شەوەی ئافرەتێک بە ڕووتیی ....
گلێنەی شارێکی کوت و کوێر ئەکاتە چراخان
 *  *  *  *  *  *  *
شەوێکە ، خوا چاوی لە ئاستی ......
ئەو ماچە حەرامەش دائەخات ،
کە ژنێک ئەیداتە پیاوێکی بە عیشق نوورانیی ،
ئەو شەوەی ، کە بە تۆ ئەڵێم " نا " و ، لاڵ ئەبم
 *  *  *  *  *  *  *
شەوێکە ،لە نێوان ئیمان و کفردا
چ هێڵێک نامێنێت ،
ئەو شەوەی ، ناپەرژێم وەڵامی .......
سڵاوی ژنێکی گوناهکار بەمەوە
 *  *  *  *  *  *  *
شەوێکە ، کە بەفر دائەکات
چیاکان ڕەش ئەبن ،....
ئەو شەوەی ، پەیامێک ناگاتە شوێنی خۆی ....
بە ماتەم نووسرابێت
 *  *  *  *  *  *  *
شەوێکە ، نە ، مانگ فریای داگیرسان ئەکەوێت و
نە ، شیعر جووڵەیەک لە گیانیا ئەمێنێت ،
ئەو شەوەی ، ژنێکی گرمۆڵەی.....
ژێر کەپری بێ سایەی " ڕابوردوو " ی ،
دیوانێک موتاڵا ئەکات و
چراوگی دێڕێک نادۆزێتەوە ،
هەتاکو بەیانی ،.....
بەرامبەر حوزنی خۆی هەڵی کات
 *  *  *  *  *  *  *
شەوێکە ، وەک زەرفی دڕاو و
کاغەزی تووڕ دراو
باڕەشێک فرسەتم لێ دێنێت و
ئەمبات بە ئاسمانا ،.......
ئەو شەوەی ، تۆ دیار نیت ،
ئەو شەوەی ، تۆ لێرە و
منی ڕەوەندیش ،
کەس شوێن و دیارم نازانێت.

حوزەیرانی 2009
کۆلن / ئەڵمانیا
bhastiar@yahoo.de