په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\١٠\٢٠٢٥

    شەوێکی شووشەیی.


تاڤگە سابیر

ژیانیش گەڵایەکی ناسکە لە ناو ئەو باهۆزەدا
وەك چۆن دڵی منیش تنۆکە شەونمێکە لە میحرابی ئەم خۆرەدا
دەبوو بتزانیبا..
من بەم گیانە نەورەسییەوە
بەرگەی شەوەکانی بیابان ناگرم
بەم گیانە بەفرینەوە
ئەم سەرگوزشتە گەرمانەم بۆ ناخوێندرێنەوە
بەم زمانە سپیەوە
لە ناو ئەم تووتیە ڕەشانەدا ھەڵناکەم
بەم دەستە پاکانەوە
لەسەر سفرەی ئەو قەلەباچکە دزانەدا
فریای پاروویەك ناکەوم
دەبوو تۆ.. بتزانیبا
ھەرگیز ناتوانم لەگەڵ ئەو شەوانەدا جووت بم
بوونەتە جەلادی مانگ و ئەستێرە و نەیزەکەکان
ناتوانم بەم جلە کاغەزییانەوە
بەناو ئەم ھەموو ئافات و باران و گەردەلوولانەدا تێپەڕم
دەبوو بتزانیبا
ئەگو ئێوارەیەكت لەگەڵ مندا دۆڕاند
ھەموو ئێوارەیەكت دۆڕاندوە
ئەگەر شەوێکی شووشەییت لە نێوانماندا شکاند
حورمەتی ھەموو شەوەکانت شکاندوە
ئەگەر سپیدەیەک لەخەو ھەستایت و
ڕوخساری منت نەبینی
(ھەتا قامی قیامەت)
دەسخەڕۆی ڕەنگەکان دەبیت
تۆ نازانی چۆن پەنجەرکانی خۆم شکاند لەم دۆزەخەدا
لە ناو ئێوارەکاندا چۆن خنکام!!!
 

ماڵپەڕی تاڤگە سابیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک