٨\٥\٢٠٢٤
شەوێک لە هەولێری
پایتەخت
.

ئومێد قەرهنی
''قەدەغەی هاتوچۆ''
نە فلووسیک لە دڵمدایە، نە قسەیەکی خۆش لە گیرفانم
جوانییەکانم لەسەر شەقامە چەمەنتۆڕێژەکە بڵاودەکەمەوە
بە دووچەرخەیەکی ڕەش بەرەو تاوەرەکان دەچەرخێم
سەدەی بیست و یەکە، مشکەکان حەزدەکەن لە جەنجاڵییدا بژین!
قەدەغەی هاتوچۆیە
شەوێکی سپی لە هەولێری پایتەخت
شەقامەکان چۆڵن، فرۆشگەکان داخراون
دەکۆشم خۆم لە کامیرایەکانی چاودێریی بدزمەوە..
پیاوانی خێزان لەودیو دیوارەکانەوە
ئەوانەی لە هەر جۆرە بەرکەوتنێک دەترسن
ئەوانەی ئاسایشی ماڵەکانیان خۆشدەوێ
کەچی ئارامییان لە نێو خۆیاندا کوشتوە
ئەوانەی خۆشەویستیی بە پارە دەکڕن
قولانج قولانج دەیبەشنەوە
دەرکەی ماڵەکانیان گاڵەداوە
تەماشای نووچەی کاتژمێر هەشت دەکەن
منداڵەکانیان وەک چاوی خوا بە دزییەوە تەماشام دەکەن...
پۆلیسی گەڕۆک لە هەموو شوێنێکن،
مەپرسە کێم، سەرگوزشتەیەکم پاڵەوانەکانی مردوون
مەپرسە بۆ کوێ دەڕۆم، لەو شارەی تەنیا تەنیاییم دەجوێ
ژیان تێیدا رایکردوە تەنیا زبڵ و پاسەوانەکانی جێهێشتوە
مەپرسە چدەکەم، گەر رۆژهەڵاتنی گشت جیهانیش
بەدەست من با.. کەسم نەدەکوشت
بۆ کەمێک گازی سروشتیی یان یاریگەی ''گۆڵف''.
قەدەغەی هاتوچۆیە
شەوێکی سپی لە هەولێری پایتەخت
شەقامەکان چۆڵن، فرۆشگەکان داخراون..
دەچم کونێک لە ئاسمان دەکەم و تێیدا دەژیم
ئایا زەوی گۆییە
یان شێوەی دڵی ئەو کرێکارە پەنجا ساڵییەی هەیە
کە تەنیا بۆ وەستاندنی ساڵەکان
هەر جۆرە مەیەکیان بێتە بەردەم دەیخۆنەوە
لە چایخانەکاندا بەدبەختییەکان بۆ یەکدی دەژمێرن،
دووکەڵی جگەرەکانیان بە هەمان ڕەزمی مەرگ سەمادەکەن
ژنەکانیان لە کن فرۆشیارانی گەڕەک
بە وردیی فلووسەکان دەژمێرن
نەبادا لە شەودا دار بخۆن..
قەدەغەی هاتوچۆیە
کامێرای چاودێریی یان دەمانچە.. یەکێکیان دەمکوژێ
ڕێیەک هەیە، بەڵام ئازادیی نییە.
ماڵپەڕی
ئومێد قەرەنی
|