په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١٠\٢٠١٨

   شەوێک لە شەوان

خالید شه‌یدا

خەمکی خەمان عەیانێکە
هەر وەک گۆدۆ چاوەرێی تۆم،
بەلکو ڕۆژی لە پڕ وەدەرکەوی
ئەو دەرگا داخراوانەی،
لە سەر ئەم میللەتە خێر لە خۆ نەدیووە
واڵا بکەی...
با چیتر لە گۆشەگیریدا نەنیشن
وەرەوە وەرەوە خێرا وەرەوە
ئەو گرێکوێرانە ڕۆژ تا رۆژ
هەر کوێر دەبن .....
بەڵکو زۆر بە ئاسانی بۆیانی بکەیتەوە.


خەمکی خەمان دەیی زوو وەرە
ئێمە عەیامێکە لە ناو بوخچەیەکی داخراوین،
بەڵکو بۆمانی بکەیتەوە،
تا تێر هەوای ئەم شارە وێرانە هەڵمژین
سەدان ساڵە هەر لە ناو بوخچەیەکی داخراوین،
هەر کۆت و زنجیر دەکرین،
یەک تۆزقال ئازادیمان نیە
نازانین تاکو ئێستا
ڕەنگی ئازادی کووە.
وەرە دەیی زوو وەرە
بەڵکو ئەو کۆت و زنجیرانە بشکێنی،
بەڵکو بە یەکجاری نەجاتمان بێت.


خەمکی خەمان وەرە...
ئاوریک لە کۆماری سێدارە بدەرەوە
مقەسێکی گەورە لە دەستگرە،
هەموو ئەو پەتانە ببڕە ،
با چیتر بۆ گەنجانی ئەم وڵاتە هەڵنەواسرێن.


خەمکی خەمان دە زوو وەرە
فیرعەونەکانی ئەم شارە،
ئەم شارەیان هەموو وێران کرد،
گیرفانێکی قووڵیان هەیە
قەت پڕ نابێ.
دە زوو وەرە...
مەقەسێک لەگەڵ خۆتا بێنە
گیرفانیان لە ژێرەوە ببڕە،
تا چیتر پارەی تیا نەنێن
چونکە زۆر چاوچنۆکن،
هەتا دەمرن قەت تێر نابن.


خەمکی خەمان دەی وەرە زوو قوربان
ئەم ئێوارە کش و ماتە
شۆربەوە بە ناو دەشتی شەمامک دا
بۆ خۆت پیاسەیەک بکە،
ئەم خەڵکە هەموو ناخیان ڕەش بووە،
لە جیاتی هەوای ئەم دەڤەر
جگە لە خەم و خەفت
هەوایەک نیە هەلیمژن،
مێشکیان هەمووی ژەنگی گرتووە
زۆر هیلاک و ماندون،
عەیامێکە چاوەرێی تۆن،
بەڵکو بێ بە سمارتەیەک،
مێشکی ژەنگ هەڵگرتوویان
بۆ سپی بکەیتەوە...


خەمکی خەمان دەیی وەرە زوو قوربان
خوێنی ڕژاویی کیژۆلەکانی ئەم شارە وێرانە،
تەنیا لەبەر یەک ماچ،
ڕۆژانە خەڵتانی خوێن دەکرێن،
بیکە بە تابلۆیەک .....
لە پێش دەرگای قەڵا هەڵیاواسە
با ببنە سیمبولێک
لەم شارە...

 

١٩\٩\٢٠١٨ - هەولێر

ماڵپه‌ڕی خالید شه‌یدا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک