په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٢\٢٠١٦

شەوگەڕەکان ئەو رۆمانەی کە شایەنی خوێندنەوەیە.

گەشبیر ئەحمەد     


ئەم ڕۆمانە سەرگوزەشتەی ژیانی گەنجێکی هۆڵەندییە بە ناوی (مارتین سەلەمون). درەنگانێکی شەو مارتین ئاشنای دوو گەنجی پەنابەری کورد دەبێت یەکێکیان ناوی (سمکۆ فەرهاد) و ئەی تریشیان(سامان خدر) کە شێوەکارە، ئەم سێ گەنجە بەیەکەوە شەوانە هەتا سپێدە بەسەر شەقامەکانی ئەمستەردامدا دەگەڕێن هاوار و دەردە دڵ دەکەن، ناوی خۆیان دەنێن(شەوگەڕەکان).


(مارتین) کارمەندی مۆزەخانەی ئەمستەردامە، بۆ لێکۆڵینەوەیەک دەینێرن بۆ مۆزەخانەی نیشتیمانی قاهیرە لە میسر. ئەو کاتەی مارتین دەگاتە میسر توشی کارەساتێک دەبێت، لە هۆتێل تاوانێکی ئەخەنە پاڵی کەو لێی بێخەبەرە، و زیندانی هەتا هەتای بەسەردا دەسەپێنن بە تاوانی سیخوڕی و کوشتنی دوو چالاکوانی فەڵەستینی. نزیکەی ساڵ و نیوێک لە زیندان دەبێت و ڕووبەڕووی زۆر سوکایەتی و تەنگ و چەڵەمە دەبێتەوە، لە زیندان ئاشنای کەسێک دەبێت بە ناوی( سەلیم عومەر) وەک زیندانی سیاسی بەند کراوە چونکە ئەندامی (ئیخوان موسلمینە) نوسەر لە زاری سەلیمەوە ئاشنامان دەکات بە چەندین ڕوداوی مێژووی و سیاسی لە وڵاتی میسردا هەتا ئەو کاتەی دەسەڵاتەکەی (حوسنی موبارەک)دەڕوخێت و ئەم دوانە ڕزگاریان دەبێت بەڵام مارتین بە نیوە مردووی دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە لە لایەن سەلیم.


دایکی مارتین شێوەکارێکی ناسراوە لە هۆڵەندا بەهۆی ئاست بەرزی هونەرەکەی، ڕۆژێک پیاوێکی چڵکن دەناسێت بە ناوی (کارڵ) کە لە دوورگەیەکی دووورەوە هاتۆتە ئەمستەردام بە بەلەمێکی چارۆکەدار و دەبنە دوستی گیانی بە گیانی، لە کۆتایدا دایکی مارتین بە نەخۆشی شێرپەنجە دەمرێت. نوسەر بە لۆژیکەوە لە ڕێگەی کارەکتەری (فاتمە)ی خۆشکی عومەر سەلیم پرسی (ژن کوشتن) دەوروژێنێت و باس لە خەمەکانی ژنان دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. میران ئەبراهام زیرەکانە ئاسیا و ئەفریقا و ئەوروپای بەیەکەوە بەستۆتەوە هەروەها دەمانباتە چەندین جوگرافیای دوورەوە و دەمان ناسێنێت بەچەندین شار و دوورگەی کۆڵان و کەسایەتی ناودار، هەر لە خوێندنەوەی چەند لاپەڕەی سەرەتاوە حەز دەکەیت بەردەوام بیت تا کۆتایی لەگەڵ ئەوەشدا بە زمانێکی زۆر شیرین و پاراو و نوسراو، هیچ هەست بە ئاڵۆزی ناکەیت. یەکێک لە تەکنیکە نوێکانی ڕۆمانی سەردەم بەخشینەوەی زانیاریی و داتایە، نوسەر لە ڕێگەی فیگۆرەکانەوە شتی زۆر باشمان پێدەڵێت، کە ئەم رۆمانە ئەخوێنیتەوە هەست ئەکەیت کاتەت بەفیڕۆ نەداوە. نوسەر بە پێشەنگای هاوبەشی دایکی مارتین و سامان خدر لە مۆزەخانەی ئەمستەردام کۆتایی بە ڕۆمانەکە هێناوە.


خاڵی لاوازی ئەم ڕۆمانە:


یەکەم: ئەو ڕوداوەی کە بەسەر مارتین دێت لە قاهیرە، بابەتێکی زۆر کۆنە و پێشتر چەندین ڕۆمان نووس لەو ڕوداوەیان گێڕاوەتەوە لە ڕۆمانەکانیاندا و بابەتێکی زۆر دووبارەیە.


دووەم: چەندین لاپەڕە ڕەشکراوەتەوە بەس بە باسی دیوار و پەنجەرە و دەگای زیندانەکە، مەسرەفێکی زۆر وشەی کردووە لەو بەشەدا بەتایبەتی زۆربەی ڕستەکان دووبارە و هیچ پێویستی نەدەکرد بەو درێژکردنەوە هەر ئەوەشە قەبارەی کتێبەکەی گەورەکردووە بۆ ٣٦٨ لاپەڕە کە دەکرا بە ٢٥٠ لاپەڕە کۆتایی بە باسەکە بهێنێت، خوێنەری ئەمڕۆ حەوسەڵەی نییە بەدیار ٣٦٨ لاپەڕەوە دابنشێت، هەمیشە کورت و پوخت پەسەندە.


سێیەم: ئەو کاتەی کە مارتین دەگاتە قاهیرە چیرۆکەکە بەو ڕوداوانەی قاهیرە درێژدەبێتەوە هەتا چەند لاپەڕەی کۆتایی پاشان چیرۆکەکانی سەرەتای ڕۆمانەکەت بیردەخاتەوە، نزیکەی ٢٠٠ لاپەڕە بەس (عومەر سەلیم و مارتین) بەیەکەوە قسە ئەکەن، هیچ ئاگامان لە (کارمن، کارڵ، سمکۆ فەرهاد و سامان خدر) نامێنێت، دەکرا باشتر چنینەوەی بۆ بکرێت و بە فلاشباک ئەو چیرۆکانەی سەرەتا فەرامۆشنەکات، بە تایبەتی ناو بە ناو باسی لە کارمن و کارڵ و دایکی مارتینی بکردایە کە ئەوان چەن ماندوو دەبن بۆ سۆراغی مارتین ئەو کاتەی کە لە زیندانە.


لە کۆتاییدا: بە گشتی ڕۆمانەکە سەرکەوتووە و پێشنیار دەکەم کە وەریبگێڕنە سەر زمانە بیانێکان بەتایبەتی(عەرەبی، ئینگلیزی، هۆڵەندی). من پیرۆزبایی و دەست خۆشی لە میران ئەبراهام دەکەم ئەگەر ئەمە نۆبەرەی نوسەر بێت ئەوا ئایندەیەکی گەشی لەبەردەمدایە. لەبەر ئەوە نوسەر شایەنی دەست خۆشییەو بەهیوای بەردەوامی بۆ دەخوازم، تەمەنا ئەکەم لە داهاتوودا بەرهەمی زیاتر پێشکەشی کتێبخانەی کوردی بکات.
 

٥\٢\٢٠١٦
ماڵپه‌ڕی گه‌شبیر ئه‌حمه‌د



 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک