٢٩\١١\٢٠١٤
شەوکەت
ئەمین کورکی
خەڵاتی
باشترین دەرھێنانی لە فیستیڤاڵی مەکدۆنیا بەدەستهێنا.
مەنسوور جیهانی
"شەوکەت
ئەمین کورکی" بە فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" خەڵاتی
باشترین دەرھێنانی لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی سێزدەیەمین خولی فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی فیلمی "سینەدایز" لە وڵاتی مەکدۆنیا بەدەستھێنا.
فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی سینەماکاری
کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" و لە نووسینی ھاوبەشی "مەممەد ئەکتاش" و
"شەوکەت ئەمین کورکی"، بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان و بە
ئامادەبوونی "مەمەد ئەکتاش" کاتژمێر ٧ی ئێوارێی ڕۆژیی ٢١ تەشرینی دووەم
/ نۆڤەمبەری ٢٠١٤ لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی سێزدەیەمین خولی فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی فیلمی "سینەدایز" لە سینەما فرووسینا لە وڵاتی مەکدۆنیا
نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە
خەڵاتی باشترین دەرھێنان بە "شەوکەت ئەمین کورکی" دەرھێنەری ئەم فیلمە
کوردییە بەخشرا کە بە نوێنەرایەتیی ئەم سینەماکارە کوردە، "مەمەد
ئەکتاش" خەڵاتەکەی لە دەستی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵە
وەرگرت.
"بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" بۆ بەدەستھێنانی ئەم خەڵاتە گرینگە لەگەڵ
کۆمەڵێک فیلم لە وڵاتانی ئیتالیا، ڕووسیا، نەمسا، تورکیا، ئەڵمانیا،
کۆماری چێک، ئۆکڕانیا، جورجیا، ڕومانیا و ئیسپانیا لە ڕکابەریدابوو و
وەکوو بەرھەمێکی ھاوبەشی ھەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا لەم فیستیڤاڵەدا
بەشدار بوو.
بەشی پێشبرکێی سەرەکی ئەم فیستیڤاڵە تەنھا بو فیلمەکانی وڵاتانی
ئەورووپا یان بەرھەمی ھاوبەش لەگەڵ ئەورووپا تەرخانکراوە کە ھەموو
ساڵێک لە وڵاتی مەکدۆنیا بەرێوەدەچێت.
ئەندامانی بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی سێزدەیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی
سینەدایز کە بریتی بوون لە: "کریستیان دۆلاۆفێر" ـ مامۆستای زانکۆ و
لێکۆڵەری سینەما لە وڵاتی نەمسا، "لیدیا مێلۆ" ـ سینەماکار لە وڵاتی
بڕازیل و "ئیدواردۆ وینسپێر" ـ سینەماکار لە وڵاتی ئیتاڵیا دوای بینین
و ھەڵسەنگاندیی فیلمەکانی ئەم بەشەی فیستیڤاڵ، خەڵاتی باشترین فیلمیان
بە فیلمی "تیر" لە دەرھێنانی "ئالبێرتو فاسولو" لە وڵاتی ئیتاڵیا،
خەڵاتی باشترین دەرھێنانیان بە "شەوکەت ئەمین کورکی" بۆ دەرھێنانی
فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە ھەرێمی کوردستان و
ھەروەھا خەڵاتی باشترین سیناریۆیان بە سیناریۆی فیلمی "مێژووی کوێر" لە
وڵاتی جۆرجیا بەخشی.
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سینەدایز لە چەندین بەشی "پێشبڕکێی
سەرەکیی" و بەشی "پێشبڕکێی وڵاتانی" باڵکان، بەشی "دەرەوەی پێشبڕکێی"،
بەشی "گاڵا"، بەشی "لاوەکی"، بەشی "کورتە فیلم"، بەشی "فیلمە
دیکۆمێنتارییە وەرزشییەکان"، بەشی "گوند"، بەشی "وێنەگرانی بڕازیلی"،
بەشی "سینەمای لیسبۆن"، بەشی "بەڕێوەبردنی کارگەی ھونەری سینەما" و
چەندین بەشی دیکە لە ڕۆژانی ١٣ تا ٢٢ تشرینی دووەمی ٢٠١٤ لە شاری
ئیسکۆپییە لە مەکەدوونا بەرێوەچوو.
فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دوایین بەشداری
نێونەتەوەیی خۆیدا ڕۆژی ١٧ تشرینی دووەمی ٢٠١٤ لە بەشی پێشبڕکێی
"نێتپەکی ئاسیا" لە میانەی بیستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی
کەڵکەتە لە وڵاتی ھیندستان نمایشکرا.
ئەم فیستیڤاڵە بە بەشداری بەرھەمی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان، لە چەندین
بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە ڕۆژانی ١٠ تا ١٧ تشرینی دووەمی
٢٠١٤ لە شاری کەڵکەتە لە وڵاتی ھیندستان بەڕێوەچوو.
بۆ زانیاریی پتر:
http://cinedays.mk/en/memories-on-stone
http://english.republika.mk/?p=134926
بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنیی گشتیی فیلمی
سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد"
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|