٢٨\٢\٢٠١٢
شەو شەوی
پێشمەرگەیە.

ھیوا
رهش
لەوەتی ئۆپۆزیسیۆنێکی بودجەپەرست سەری ھەڵداوە ھەندێک واژەی نەشاز خۆی
ئاخنیوەتە فەرھەنگی سیاسییانەوە و گەلێک جار لە لایەن توتیەکانەوە وەکو
کەمکردنەوە , سوکایەتیکردن و ناوناتۆرە دەوترێنەوە , ھەموو ئەمانەش لە
ئاکامی ڕەفتاری کورسیپەرستی و خۆپەرستیی سەرکردە جاشپەرستەکانی دوێنێی
شۆڕشەوە سەرچاوەی گرتووە , ئەو سەرکردانەی دروشمگەلێکی باقوبریقی
ئەوتۆیان دوپات دەکردەوە کە ھەزاران لاوی میللەتەکەمان لە پێناویاندا
خۆیان کردە قوربانیی.
عەقڵی شاخ , ئەو عەقڵەی شۆڕشی بەرپاکرد , شۆڕشی بەڕێوەبرد , بەردەوامیی
بە شۆڕش دا و بەڕەنگاری ستەمی بێوێنەی نامرۆڤانەی بەعسییە سەدامییەکان
بۆوە , ئەو عەقڵەی خۆشترین قۆناغی تەمەنی خۆی توڕ دا و باوەشی بە
ناسۆرتریندا کرد , ماڵئاوایی لە کەسوکاری خۆی کرد و بووە ڕۆڵەی گەلەکەی
, ھەستی نیشتمانییان ڕێگەی پێنەدان ژەمە خواردنێکی بەدڵی خۆیان بخۆن ,
شەوێکی ئارام لە ناو پێخەفێکی گەرمدا بەسەربەرن , لە باتی خەونی
عاشقانە جێژوانیان لەگەڵ خوێن و گوللەدا دیاری دەگرت , ھەلێکیان بۆ
نەڕەخسا ژیانێکی ئاسایی بنیات بنێن و لە کاتی دیاریکراوی خۆیاندا
ھاوسەرگیریی ببەستن کە زۆربەیان ٣٥ - ٤٠ ساڵ لە منداڵەکانی خۆیان
گەورەترن.
عەقڵی شاخ ئەو عەقڵە بوو لە کڕێوە شەوی زستانی سارد , لە نێو تەلبەندی
مینڕێژکراو , خۆیان دەگەیاندە مۆڵگەکانی دوژمن لە ناو جەرگەی شاردا ,
لەگەڵ قرمژنی دەسڕێژی تفەنگەکانیان عەقڵی شاریان لە شیرین خەو
ڕادەچڵەکاند و نوێنی گەرمونەرمیانیان سارد دەکردەوە , عەقڵی شار بە
ئەسپایی گڵۆپی ژوورە ئارامەکەیان دەکوژاندەوە و لەو دیو پەنجەرەوە
نوقڵانەیان بە چاونەترسیی عەقڵی شاخ لێدەدا - شەو شەوی پێشمەرگەیە -.
عەقڵی شاخ , لاوە بەھەڵمەتەکانی ئەوێ ڕۆژێ ئێستا لالوکەلان , ماندوێتیی
سەردەمی لاوی و ھەڵکشانی تەمەنیان بەرەو پیر بوونی زووەخت شۆڕیان
دەکاتەوە , ئەفسوس مانگانە لە کاتی موچەدا کاتێک دەبینن جاشعەقڵشارەکان
پلەیان لە پلەی ئەوان بەرزترە ئازار گینگڵیان دەدا , لەو ئازارەش
بەسوێتر گەمەی ھەندێک بەناو ڕۆشنبیر و دەمھەراشە کە بە ناوی
ئۆپۆزیسیۆنبوونەوە دێنە مەیدان و بە عەقڵی شاخدا ھەڵدەشاخێن , بە
سۆنگەی قیندارییان لە سەرکردەکان تەڕ و وشک پێکەوە دەسوتێنن و ناوی
پێشمەرگە لەکەدار دەکەن , لەولاشەوە ھاوتەمەن و ھاوپیشە و ھاوشێوە
ھەلپەرستەکانیان ترینجێنراونەتە نێو لیستی خانەنشینی پێشمەرگە
دێرینەکانەوە , کادیری حیزبیی و دەربارچییەکان ئاوێتەی لیستەکان بوونە
, ھەموو دەزانین کە سەرکردەکان میراتگری شۆڕش و بەرخودانەکان نین بەڵکو
بازرگانی شۆڕش و مڵۆزمی دزێوکردنین:
(قائد الثوره)کانی
دوێنێ ئێستا (فاقد الثوره)ن.
ترس و بوێریی , ھێرش و پاشەکشە , چەک و تەقەمەنی , شەڕی پارتیزانی و
بەرەیی , دەمەتەقێی بەر سۆبەی دار و حەرەسیاتی بەر سەرما , بە ڕیز
ڕۆیین و بە پێوە خەوتن , خەونبینینی ناخۆش و ڕاچڵەکینی نیوەشەو ,
ئەمانە میوانی بەردەوامی عەقڵی ئێمە بوون , ئێوەش بێویژدانی دەکەن
گاڵتەمان پێبکەن , چونکە گوناھمان نیە و ھەستی پاکی نیشتمانیمان ھانی
داین لە نێو خانەوادەکانمان ژیانێکی تەندروست نەگوزەرێنین , تا بە
شێنەیی قۆناغەکانی خوێندن ببڕین و لە کەشێکی ھێمندا پەروەردە بین ,
لۆمەمان مەکەن ژینگەکەی ئێمە وابوو , بریا ئێمەش وەکو ھەندێکتان لە
ئیمزایەک یاخی نەبووینایە و لەبەر دەستی ئوستادەکانی بەعسدا فێری
ڕیکاری ببووینایە , کێ دەڵێ ئێستا ئێمەش فشەمان بە عەقڵی شاخ نەدەھات و
نەماندەوت ئەو سەردەمە گوزەشت.
لە دوای ئەنفالە بەدناوەکاندا ژمارەمان ھەرگیز خۆی نەدەدا لە ٥٠٠٠
پێنجھەزار کەس و ئێستا زیاتر لە ٦٠٠٠٠ شەستھەزار خانەشینی بەناو
پێشمەرگەوە ھەیە , ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە زۆرێک لە پێشمەرگە
دانەبڕاوەکانی ناو ٥٠٠٠ پێنج ھەزار کەسەکە
پلە و موچەیان کەمترە لە زۆرێک لە ٦٠٠٠٠ شەشتھەزار گەندە
خانەنشینکراوەکانی حیزب , ئەگەر ئەوانە و سەرکردەکانیان بە عەقڵی شاخ
ئەژمار بکرێن منیش دەڵێم : سندان لە عەقڵی شاخ بدا , ئەو (عەقڵی شاخ)ەی
نەیدەوێرا بۆ میز کردنیش بە بێ دایکی وە حەوشە بکەوێ و ئێستا بە پلە و
موچە گەلێک لە پێشمەرگەی دێرین قارەمانتر ناسێنراوە.
عەقڵی شاخی ڕاستەقینە پڕە لە لێبوردەیی و بەرخودان , ئەوسا و ئێستاش
خۆیان بە خزمەتکاری گەلەکەیان زانیوە و دەزانن , متمانەیان بە سەرکردە
چاوچنۆکەکانیان نەماوە , بۆیە غەدرە پەیکەری شکۆی ئەوان لەگەڵ دز و
درۆزن و تاڵانچییان کە بونەتە داڵدەی ئەنفالچییان تێکوپێک بشکێنرێ ,
چونکە ھەر ئەوانیش لەبەر خاتری دزیی خۆیان پێشمەرگەی بەڕەنگاریی لوتکەی
شاخیان کردە پێشمەرگەی بندیوار.
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|