١\٣\٢٠١٦
شێخەشەل و
پەرتووکخانەکەی.

ئیسماعیل تەنیا
لەوەتەی
پەرتووک دەخوێنمەوە،بەدەگمەن رێککەوتووە پەرتووکێک چ ئەوانەی بەباشی،چ
ئەوانەی بە خراپی، کە دەربارەی حزبی شیوعی عێراق و ڕێکخراوو گروپە
چەپەکان،لە کوردستاندا،نووسرابن و خوێندبێتمەوە،ناوی (شێخەشەل)ی تێدا
نەبووبێت.لەچلەکانی سەدەی ڕابردوودا،کە کۆمەڵگای کوردی بەدەردی نەزانین
و نەخوێندەواری و بڵاوبوونەوەی فکری کۆنەپەرستی گیرۆدە ببوو،زۆر ئاستەم
بوو بۆ یەکێکی نیمچە خوێندەواری وەک (شێخەشەل)،لەم ژینگە نالەبارە
دەربچێت و خۆی بکاتە نیشانەیەکی دیار،بەتایبەتیش بۆ نەیارانی فکری
تازەو ژیانی مۆدێرن و چەمکی چەپ و کۆمۆنیستی،لە کوردستاندا.
ناوھاتی،یەکێک بووە لەو پێشەنگانەی کە بە پەنجەکانی دەست دەژمێردرێن
لەشاری ھەولێردا کە بانگەشەیان بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم فکرە تازەیە
کردووە.ھاوشان لەگەڵ ئەمەشدا،بەردەوام بووە لەخەباتی
کوردایەتی،مرۆڤدۆستی،خەباتی مەدەنییانە لەپێناو بەرگریکردن لە داوا
ڕەواکانی کوردو جوتیارە چەوساوەکانی کوردستان کە ئەودەم بەدەست
چەوساندنەوەو بێگاری وزوڵم و زۆری ئاغاو دەرەبەگەکان دەیانناڵاندو
چاوەڕوانی فریادڕەسێک بوون.ھەر کە ناوی پێشەنگەکانی چەپ و کۆمۆنیستی
لەشاری ھەولێردا نموونەی؛(نافیع یونس،ساڵح حەیدەری،جەمال حەیدەری،حەمید
عوسمان،عەزیز محەمەد، قەرەنی دۆغرەمەچی،عەلی عەبدوڵلا ڕواندزی"عەلی
مەکتەبە"،عادل سەلیم،عاسم حەیدەری)،دێت؛ئەوا دەبێت خاڵ بۆ ڕستە یان
پەرەگرافەکە دانەنرێت تاوەکو ناوی(شیخەشەل)یش دەھێنرێت.
شێخەشەل، نازناو، پاشناو،یان لەقەبی ناسینەوەی(شێخ محەمەد محەمەد
عەلی)یە.لەساڵی(١٩٢٧)دا، لەشاری ھەولێر،لەخێزانێکی ھەژاردا،لەدایک
بووە.ھەر ئەوەندە زەمینەی خوێندنی بۆ ڕەخساوە کە تاوەکو دوو تا سێ ساڵ
لە قۆناغی سەرەتایی بخوێنێت و پاشان ببڕای ببڕ،لێی داببڕێت.بەم دوو سێ
ساڵە،بەشێوەیەکی دروست و ڕەوان،فێرە خوێندن و نووسین بووە.توانیویەتی
کارزانانە بەڕەی خۆی لەئاو دەربھێنێت.جگە لەزمانی
دایک(کوردی)،زمانەکانی عەرەبی و تورکیشی زانیوەو قسەشی
پێکردوون.لەتەمەنی حەڤدە ساڵی ولەساڵی(١٩٤٤)دا،پەیوەندی بە گروپ و
ڕێکخراوە چەپەکان و پارتی کۆمۆنیستی عێراق،دەکات.پاش ھەڵوەشاندنەوەی
ئەم گروپانە،وەک ئەندامێکی بزۆزو چالاک،ڕێک خۆی لە ڕێکخستنەکانی
لق،یان(ھەرێمی کوردستانی حزبی شیوعی عێراق)دا،دەبینێتەوە.بۆنەیەکی
نەتەوایەتی وەک نەورۆز،یان خۆپیشاندانی مەدەنییانە لەھەولێردا نەماوە
کە(شێخەشەل)،بەشداری تێدا نەکردبێت،یان پێشەنگ نەبووبێت.لەم
ڕووەوە،دکتۆر مارف خەزنەدار،لەبەرگی یەکەمی یاداشتەکانیدا،
دەنووسێت؛(ساڵی ١٩٤٦،کە ئاھەنگی نەورۆزمان لەگوندی توڕەق
سازکرد،سەرپەرشتکارو بەڕێوەبەری سەیرانەکە،جەمال حەیدەری و شێخ
محەمەد"شێخەشەلە"،ئەندامی دیاری سەیران بوون). ھەروەھا
دەنووسێت؛(شێخەشەلە،بەتەمەن لە ھەموومان گەورەتربوو،سەرەڕای ئەوەی
لەنگی و شەلینێکی لەڕۆیشتندا ھەبوو،کەچی لە ھەموومان ئازاتر بوو).
کاتێک کە کۆماری کوردستان لە مھاباد،تێکدەچێت،بەلێبووردنێکی
گشتی،خانەوادە بارزانییەکانی بەشداربوو لەم کۆمارە ساوایە،دەگەڕێنەوە
عێراق.ڕژێمی پاشایەتی ئەوسەردەم،بۆ ئەوەی جارێکی تر ئەم خانەوادانە
یەکنەگرنەوەو ڕێبەرایەتی ڕاپەڕین و سەرھەڵدان نەکەنەوە؛ھەر دوو سێ
خانەوادە لە گوندێکی ناوچەی دەشتی دزەییاتی ھەولێر،نیشتەجێ دەکەن.ئەم
خانەوادانە؛بەھۆی بێکاری و سەختی ژیانەوە،دووچاری ژیانێکی پڕ
لەکۆڵەمەرگی و مەمرەو مەژی دەبنەوە.بۆ باشتر کردنی بژێوی ئەم
خانەوادانەو بەھاناوەچوونیان لەلایەن دەوڵەتەوە،دانیشتوانی شاری
ھەولێر،خۆپیشاندانێک بۆبەردەم لێپرسراوانی شار ڕێکدەخەن.دەربارەی
ڕۆڵی(شێخەشەل)،لەم گردبوونەوەو خۆپیشاندانەدا،(موحسین
دزەیی)،لەیاداشتەکانیدا دەنووسێت؛(خۆپیشاندان بەبەردەم موتەسەڕیفیەتی
ئەوسای ھەولێر تێپەڕین،شێخ محەمەد،ناسراو بە شێخەشەل لەڕیزی ھەرە
پێشەوە بوو).
شێخەشەل،بۆ بژێوی ژیان،یان وەک ھەندێک دەڵێن؛بە ڕاسپاردەی حزبی
شیوعی،لەپاڵ خەباتی سیاسی و
ڕێکخراوەییدا،لەساڵی(١٩٤٤)دا،پەرتووکخانەیەک
بەناوی(ھەولێر)،دەکاتەوە.بەگوێرەی ماددەی چواری بڕگەی پێنج،مۆڵەتی
کردنەوەی ئەم پەرتووکخانەیە بە ژمارە(٥٥٠)لە وەزارەتی تەموین
وەردەگرێت.واتە؛ھەولێردەبێتە یەکەم پەرتووکخانە لەمێژووی ڕوناکبیری
شاری ھەولێردا.
ھاوڕێی دێرینم(ڕەسوڵ بەختیار)،لەژمارە(٩٢)ی ڕۆژی(٢٢/٣/٢٠٠٨)ی ڕۆژنامەی
(بەدرخان)دا، بابەتێکی بەناوونیشانی؛(سەربەستی یەکەم پەرتووکخانە لە
ھەولێر)،بڵاوکردۆتەوە.ناوبراو لەم بابەتەیدا؛ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە
کە پەرتووکخانەی(سەربەستی)،لەساڵی(١٩٤٧)،لەلایەن(ڕەئوف مەعروف حەمەساڵح
ئاغا ڕەباتی)لە ھەولێر کراوەتەوەو لە ڕووی مێژووییەوە بەیەکەم
پەرتووکخانە لەھەولێر، دادەنرێت.ھەروەھا دەنووسێت؛ھەرلەم سەردەمەدا
چەند پەرتووکخانەیەکی تر لەھەولێر ھەبوون وەک پەرتووکخانەیەکی بچووک کە
شێخەشەل بەڕێوەی دەبرد.ناوبراو ڕاست دەکات کە لەوسەردەم لەساڵی(١٩٤٧)دا
پەرتووکخانەی تر ھەبوون،بەڵام ئەم پەرتووکخانە بچووکەی شێخەشەل،سێ ساڵی
تەواو پێش پەرتووکخانەی(سەربەستی) کراوەتەوەو مۆڵەتی ڕەسمیشی لەلایەن
دەوڵەتەوە ھەبووە.واتە؛(ھەولێر)،دەبێتە یەکەم پەرتووکخانە لەشاری
ھەولێردا،نەک(سەربەستی).خاوەنی ھەردوو پەرتووکخانەکانیش مرۆڤی چەپ،یان
ڕوونتر بڵێین؛ئەندامی حزبی شیوعی بوون.جگە لەم دوو پەرتووکخانەی
ھەولێریش،لەساڵانی(٤٤-٥٠)دا، چەند پەرتووکخانەیەکی تری چەپ و کۆمۆنیستی
لەشارەکانی تری کوردستان وەک؛پەرتووکخانەی بیری نوێ لە سلێمانی و
پەرتووکخانەی پێشکەوتن لە ڕواندز کە عەلی عەبدوڵلا مەعروف ناسراو بە
عەلی مەکتەبە، خاوەنی بوو،ھەبوون.ئەوانە؛ڕۆڵیکی باشیان لەبڵاوکردنەوەی
فکری پێشکەوتنخوازی بینیووە.
دکتۆر مارف خەزنەدار،دەربارەی گەورەیی و شوێن و ھەڵکەوتەی(پەرتووکخانەی
ھەولێر)،دەنووسێت؛ (بریتی بوو لەیەکێک لە قاڵدرمەی دوکانەکانی ئەحمەد
ئەفەندی لەبن قەڵاتی ھەولێر.جێگەکە زۆر تەنگەبەرو بچووک بوو،جێگەی
لەیەکێ زیاتری لێ نەدەبۆوە،ئەم نامەخانەیە وەک پەرستگای چەپڕەوو ئەو
کەسانە بوو کە خۆیان بە پێشکەوتنخواز دەزانی...بەشانازیەوە ڕۆژنامەکانی
وەکو العێبە و اڵاساس و ھی ترمان لە شێخ محەمەد وەردەگرت و لەسەر
شەقامی شاردا دەمانفرۆشت.ئیمە ھەموو خۆمان بەشاگردی ئەم دوکانە
دادەنا...).
ئەم پەرتووکخانەیە سەرەڕای بچووکی،ببووە جێی ژوانی ئەندام و ھەوادارانی
کۆمۆنیستەکان،ھەرلەوێ، پۆستەو پەرتووک و بڵاوکراوەکانی حزبیان ئاڵوگۆڕ
دەکرد.(ساڵح حەیدەری)ش،لە یاداشتەکانیدا دەنووسێت؛ مێژووی پەرتووکخانەی
ھەولێر پەیوەستە بەخاوەنەکەی شێخەشەل.ئەم پەرتووکخانەیە ببووە
بارەگایەکی حزبی و ناوەندێکی ڕۆشنبیری.نیشتمانپەروەرەکانی ھەولێرو
شارەکانی تری عێراق،لەخەڵکی مەدەنی و عەسکەرییەوە،ھاموشۆیان
دەکرد.لەبڵاوکردنەوەی بیری پێشکەوتنخوازی و کۆمۆنیستی و ھوشیار
کردنەوەی ھاونیشتیمانییان و کەسب کردنی ئەندامی تازە بۆ حزب و
ڕێکخراوەکان،رۆڵێکی دیارو مەزنی ھەبووە،کە ناکرێت نادیدە بگیرێت.وەک
بارەگایەکی حزبیش بووە بۆ یەکتر بینینی ئەندامان و بڵاوکردنەوەی
بڵاوکراوەکانی حزب و ڕێکخراوەکانی وەک؛(یەکێتی
تێکۆشین)،(شۆڕش)،(ڕزگاری)، (حزبی رزگاریخوازی نیشتیمانی)و(حزبی شیوعی
عێراق).
پاش بڵاوکردنەوەو پراکتیزە کردنی حوکمی عورفی بەھۆی شەڕی فەلەستین لە
پازدەی مایس، شێخەشەل لەساڵی(١٩٤٨)دا،بۆ ماوەی ساڵێک زیندانی،زیندانی
دەکرێت و ساڵێکیش لەژێر چاودێری پۆلیسدا دەبێت.لەم
کاتەدا،پەرتووکخانەکە ھەر کراوە دەبێت بەڵام چالاکییەکی ئەوتۆی
نابێت.پاش ئەوەی ماوەی بەندییەکەی تەواو دەبێت،لەساڵی(١٩٤٩)دا ئازاد
دەکرێت و دەگەڕێتەوە سەر پەرتووکخانەکەی.لە ساڵی(١٩٥١)دا،بەھۆی
ئاشکرابوونی شانەو ڕێکخراوە نھێنییەکانی حزب،جارێکی تر دەگیرێت و ماوەی
چەند مانگێک زیندانی دەکرێت،بەڵام ھیچ نھێنییەک نادرکێنێت،بۆیە ئازاد
دەکرێت.ساڵی (١٩٥٣) بەھۆی بەشداریکردنی لە چاڵاکییەکانی بزووتنەوەی
جوتیارانی دەشتی ھەولێر،جارێکی تر چەند مانگێک بەند دەکرێت.دوای ئازاد
بوونی،پەرتووکخانەکەی دەکاتەوە.بەڵام بەداخەوە،بەھۆی سانسۆرو بەند
کردنی بەردەوام و فشاری زۆری دەسەڵاتەوە،لەساڵی(١٩٥٥)دا،بە یەکجاری
پەرتووکخانەکەی دادەخات.
شێخەشەل،جگە لەکاری حزبی و پەرتووک و ڕۆژنامە فرۆشتن،نامیلکەیەکی
بچووکی(٣٢) لاپەڕەییش بەناوی(ئیمپریالیزم چییە)،لەسەر ئەرکی
پەرتووکخانەکەی،چاپ و بڵاودەکاتەوە.ھەرچەندە پەرتووکەکە ناوی ھیچ
کەسێکی بەسەرەوە نییە،بەڵام دواتر ئاشکرا بووە کە(حەمید عوسمان)،لە
زمانی عەرەبییەوە کردوویەتی بە کوردی و لەساڵی(١٩٤٦)،لە بەغدا،چاپی
کردووە.لە دوای کودەتای ھەشتی شوباتی(١٩٦٣)و ھاتنی حەرەس قەومیەکان،کە
باڵێکی توندڕەوی (حزبی بەعس)بوون،جارێکی تریش شێخەشەل زیندانی
دەکرێتەوە.ئەمجارەیان،پاش ئازاد بوونی واز لە کاری حزبی دێنێت و بۆ
پەیداکردنی بژێوی ژیان کاری سەربەخۆی جۆر بەجۆر دەکات.لە
ڕێکەوتی(٣٠/٧/٢٠٠٢)،لە تەمەنی حەفتاو پێنج ساڵیدا،لەشاری ھەولێر کۆچی
دوایی دەکات.بەم شێوەیە،شێخ محەمەد محەمەد عەلی ناسراو بە
(شێخەشەل)،بوو بە سونبوڵێکی پێشەنگی فکری چەپ و کۆمۆنیستی و داکۆکیکار
لە چینی چەوساوەو زەحمەتکێش.ھەروەھا بووە خاوەنی یەکەم پەرتووکخانە لە
مێژووی ڕوناکبیری شاری ھەولێردا.گەر بێت و لەم
ماوەیەدا(١٩٤٠-١٩٦٣)دا،باسی مێژووی سیاسەت و ڕوناکبیری لەشاری ھەولێردا
بکەین و ناوی شێخەشەل نەھێنین، بە دڵنیاییەوە،ئەم مێژووە کەلێنێکی
تێدەکەوێت.لە ئێستادا؛(پاش تێپەڕبوونی قەیرانی دارایی لە ھەرێم)،پێم
باشە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر، یان شارەوانی ھەولێر،بیرێک لەوە
بکاتەوە کە لە شوێنی پەرتووکخانەی (ھەولێر)،لە دیواری قەڵا،شووشەبەندێک
یان تاشەبەردێکی مەڕمەڕ،ھەڵبواسن،کە وێنەو کورتەیەک لە ژیانی(شێخەشەل)ی
لەسەر نووسرا،یان ھەڵکەندرا بێت.تاوەکو چیتر خەبات و دەوری ئەو
پێشەنگانەی ھەولێر لە زیھنی نەوەی کۆن و تازەدا کاڵتر
نەبنەوە....پێشنیارێکەو دڵنیام مەسرەفی دەعوەتێکی مەسئولێکی پلە دوو و
سێشی تێناچێت.
________________________________
بۆ نووسینی ئەم
بابەتە،سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
١- د.مارف خەزنەدار، ڕۆژگاری من، بەرگی یەکەم، ھەولێر، ٢٠٠٩.
٢- (صالح الحیدری، من مذکرات صالح الحیدری، سلیمانیە ٢٠٠٤).
٣- موحسین دزەیی، وێستگەکانی ژیانم، بەشی یەکەم، ئامادەکردنی تاریق
ئیبراھیم شەریف، وەرگێڕانی بۆ کوردی؛ ئیسماعیل بەرزنجی، چاپی یەکەم،
ھەولێر، ٢٠٠٩.
٤- محەمەد فاتح؛ پەرەسەندنی ژیانی حزبایەتی لە کوردستانی باشووردا،
ھەولێر،٢٠١٤.
* وێنەکە لە لاپەڕەی فەیسبوکی (ھەولێری جاران)،وەرگیراوە. لە چەپەوە بۆ
ڕاست؛ عەبدولخاڵق سەعید خورشید، مەجید خەمۆ، حەیدەر حەلاق، شێخ
محەمەد(شێخەشەل)، ئەنوەر حەلاق، نەناسراو.
ھانۆڤەر
ماڵپەڕی ئیسماعیل تەنیا
|