په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٤\٢٠١٢

شێخ تەییب موستەشار کاندیدی نوێی دەسەڵات بۆ پۆستی (وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان).


نووری حەمەرەئووف


ڕەنگە ئەم مانشێتەی سەرەوە لە ئێستادا کەسمان تووشی گومان و شۆک نەکات بەوپێیەی لە ٢٠ ساڵی ڕابوردوودا ئەزموونێکی هێند تاڵ و نا ئومێدکەرانەمان لەگەڵ دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دا بەڕێکرد ئاستەمە ئەم ئازارە لە بیرەوەری کەسماندا فەرامۆش بکرێت. بە تایبەتی ئەو بێ حورمەتییەی کە دەرهەق بە خوێنی شەهیدان و کەسوکاری ئەنفالکراوەکان دەکرێت، بڕوام وایە هیچ پێناسەیەک نەبێت بتوانێت گوزارشت لەو ناشرینیانە بکات. ڕەنگە دەرئەنجامێک بۆ سەلماندنی ڕاستی و حەقیقەتی قسەکانی منیش هەموو ئەو دەنگی ناڕەزاییانە بێت دژ بەم دەسەڵاتە کە ڕۆژ نیە شەقامێکی نیشتمان پڕنەبێت لە دەنگی ناڕەزایی بەتایبەتی کەسوکاری شەهیدان.


منیش بۆ خۆم یەکێکم لەو دەنگانەی کە ٢٠ ساڵە هاواردەکەم و دەنووسم و هەرگیز بۆ ڕۆژێک چیە گوێم لە دەنگدانەوەی خٶم نەبوو، هاوارو ناڕەزاییەکانیشم بەدەرگای هیچ بەرپرس و یاسا و دەسەڵاتێکی نەگرتەوە، تێناگەم ئەگەر دەنگی کەسوکاری شەهیدان شایستەی گوێ لێگرتن نەبێت ئیدی چی شایستەی ڕێزە؟


خوێنەری هێژا نامەوێت لەمە زیاتر ئێوە سەرقاڵ بکەم و لە کرۆکی باسەکە لابدەم، بەلاشتانەوە شتێکی ئاستەم و سەرسوڕهێنەرنەبێت و نەکەن خۆتان تووشی گومان و سەرسوڕمان بکەن و بکەونە داوی پرسیار لەخۆ کردن. داخۆ چۆن دەبێت پیاوێکی جاش وموستەشاری وەک (شێخ تەییب) بکرێتە وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان.


خوێنەری هێژا لێرەوە دێمە سەر کرۆکی باسەکە و سەرەتاش لە پێناسەی کەسێتی (شێخ تەییب)ەوە حەقیقەتی مێژووی ڕووداوەکانتان بۆ باس دەکەم.


شێخ تەییب لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا موستەشاری فەوجی ٢٠٣ بوو کە بە فەوجی دیفاع وەتەنی بەناوبانگ بوو، ئەم فەوجە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنی فەیلەقی ١ بوو کە لە ژێر فەرماندەیی (عەقید عەلی فدهم عزیز) دا بوو.


دوای ئەنفالەکان پۆلێک پێشمەرگەی ی.ن.ک. بۆ خۆحەشاردان و درێژەدان بە شۆرش. دوای گفت و پەیمانێکی زۆر لەلایەن شێخ تەییب بۆ پاراستن و حەشاردانی ئەو پۆلە پێشمەرگەیە، دوور لە دابوونەریتی کوردەواری، دوای سێ ڕۆژ، ئەو پۆلە پێشمەرگەیە دەستبەسەردەکات لە ناو ماڵەکەی خۆیدا، لە ڕۆژی ٥/٥/١٩٨٨ فەرماندەی مەفرەزەی ئەو پۆلە پێشمەرگەیە (شێخ ئەمین و شێخ نەجیمی برای و دوو پێشمەرگەی تر) تەسلیم بە (عەلی فدهم عزیز)ی کردن کە لێپرسراوی ئەمنی فەیلەقی ١ بوو لە شاری سلێمانی.


لە ساڵی ١٩٨٩ دوای یەک ساڵ شێخ ئەمین و هاوڕێکانی لە شاری دیوانییە ئیعدام کران.


شێخ ئەمین لە ساڵی ١٩٥١لەدایک بووە. ساڵی ١٩٧٣ بووە بە پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ساڵی ١٩٧٨ پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە کردوە. ساڵی ١٩٨١ بووە پێشمەرگە لە تیپی ٥١ی گەرمیان. هەمان ساڵ بووە فەرماندەی مەفرەزە لە هەمان تیپ.


لە کۆتاییدا دوای ئەو هەموو نائومێدیانەی باسم کرد شێخ تەییب وەک نە بای دیبێ و نە باران، لە سایەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا خاوەنی پلەوپایەی مەقامی خۆیەتی و دوورنیە لە بری ئەوەی ڕەوانەی زیندان بکرێت و لەبەردەم یاسادا ئامادەبێت.


تەمێکی گەورە دایگرتووین، ڕەنگە لەپاداشتی خوێنی شەهیدەکانماندا نەشیکەنە وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان.

 


nouribarzenji@live.se

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک