١٨\١٠\٢٠١١
شەیتان بە
عەبایەکى سوورەوە.

رێبین ئەحمەد خدر
خوێندنەوەیەک بۆ دوا چیڕۆکى مەلا عەلى
کەڵەک، چیرۆکى دۆزینەوەى شەیتان لە جەستەى
ژنێک.
''ئۆلیڤەر وتى من عیفریتم،یەکجار کە مناڵ بووم شەیتانم بینیوە، نەخۆش
بووم، داکم منى بردە لاى شەیتان دوعایەکى لەسەر کردم و چاکبوومەوە.گوتى
شەیتان ماڵى لە سێگۆشەى بەرمۆدەیە، گوتم ماڵى شەیتان چ دەکا لەسەر
دەریا؟وتى ئەو لاسایى خوا دەکاتەوە، کە لەقورئان هاتووە، عەرشى خواى
لەسەر ئاوە، گوتم ئەو کەشتى و فرۆکانە لە سێگۆشەى بەرمۆدەدا کێ نقوومى
دەکات؟ ئەو هێزى ڕاکێشانە چییە؟گوتى ئەو شتانە هەمووى درۆیە،شەیتان
لەوێیە، قبووڵناکات کەس بەسەریدا بڕوات،شەیتان تاجێکى لەسەرەو عەبایەکى
سوورى بەخۆى داداوە وەک سوپەرمان،باڵاشى 160 سانتیمەترە، سێگۆشەى
بەرمۆدا بۆتە پایتەختى جنۆکەکان، شەیتان لەوێ پلان دادەنێ بۆ
گومراکردنى خەڵک''.
ئەمەى سەرەوە نە چیرۆکێکى "خۆرخێ لویس بۆرخیس" ى ئەرژەنتینییە، کە ئەو
بەو چیرۆکانە دەناسرێتەوە خۆیان لە دنیاى ئەودیو و میتافیزیکى دەدەن،
نە حیکایەتى فۆلکلۆریشە کە پڕن لەباسى جنۆکە و دێو و شەیتانەکان،
بەشێکە لە لەو لێدوانەى کە "مەلا عەلى کەڵەک " سەبارەت بەدوا
دۆزینەوەکانى خۆى و دوا چیرۆکى خۆى بۆ رۆژنامەى رووداو باسیکردووە.
کاتى خۆى ئەم چیرۆکانە بۆ "سگمۆند فرۆید" زۆر گرنگ بوون و لەناوییدا
چەندان کۆدى رۆچوو بە هەست و میتۆلۆژیاى ئاینى دەدۆزینەوە و دواى ئەویش
هەمیشە خەیاڵى ئەفسانەیى و - جیاتر خەیاڵى خورافیى لەلایەن نووسەران و
توێژەران شیکراونەتەوە و چەندین ئەگەر و گریمانە بەدەستەوە دراون،
بەڵام ئەوەى جێگەى پرسیارە ئەوەیە لەئێستادا لەناو نووسینى کوردییدا
زۆر کەمە نووسەرێک بێت و ئەو چیرۆکانە یان ئەو دەنگۆ وبانگەشانە بخاتە
بەر لێکۆڵینەوە کە بەناو شەقام و گوند و کۆڵانەکاندا هاتووچۆ دەکەن و
بەدڵنیایشەوە کاردەکەنە سەر تاکەکان، تایبەت بۆ واقیعێکى وەک واقعى
ئێمە کە خەڵکێکى زۆر رۆژانە بەهۆى ئەم چیرۆک و بانگانە دەستەمۆ دەکرێن
و ئیرادە و هێزى بیرکردنەوەیان خەفەدەکرێت.
روانین و خوێندنەوە بۆ ئەم چیرۆکە تەنها لەیەک گۆشەوە ناکرێت ، دەشێ
لەهەموو گۆشەکانى ئەدەبى و سۆسیۆلۆژى و دەرونشیکارى و میتۆلۆژى لێى
وردببینەوە، چونکە وەک تەونى جاڵجاڵۆکە چننراوە و دادراوە بەسەر هەموو
رووەکاندا.
من لەم وتارەدە هەوڵدەدەم خوێندنەوەی خۆم بۆ چیرۆکەبکەم و لەناوییدا
بگەم بە شوێنێک کە دەکرێ لێیەوە باشتر لەرەمز و رازەکانى چیرۆکەکە
بگەین.
1.دۆزینەوەى شەیتان لەڕێى جەستەى ژنێکەوە.
مەلا عەلى لە قسەکانیدا و لەچیرۆکەکەى دا ئاماژە بەوە دەکات کە
توانیویەتى لەرێگاى جنۆکەکانى جەستەى ژنێکەوە کە کوردبووە و لەموسڵەوە
سەردانى کردووە شەیتان بدۆزێتەوە،ئەوەش دەڵێ کە جنۆکەى ناو جەستەى
ژنەکە وا خۆى ناساندووە کە ناوى " ڤیکتۆر جۆن ئۆلیڤەر" ە و خەڵکى
ئەمریکایە و لەوێش لە سێگۆشەى بەرمۆدە دەژى، واتە ئەو جنۆکەیەى کە
لەرێیەوە شەیتانى دۆزیوەتەوە ناوى "ئۆلیڤەر"ە.
هێڵیک هەیە لە فەرامۆشى لەناو نووسین و ژیانى ئێمەدا کە تەنها بە "باوەرم
پێ نییە" و " باوەرم پێیە" کۆتایى بەشتەکان دێنێت و چیرۆک و
حیکایەتەکان وەک خۆى دەهیڵێتەوە، لەکاتێکدا حیکایەتەکان پێویستیان بە
راڤەکردن هەیە، ئەمەش چەندە بۆ حیکات و چیرۆکە ئەدەبیەکان گرنگە - دوو
ئەوەندە بۆ حیکات و چیرۆکانێک کە لەرێگایانەوە خەڵکێک دەستەمۆ دەکرێن و
پرسیارییان تیادا دەکوژرێ و دەکرێن بەشوێن کەوتەى بانگخوازەکە بێ ئەوەى
بیر لە بانگەکە بکەنەوە.
دێینەوە سەر چیرۆکەکە و دەپرسین بۆچى لەرێگاى جەستەى ژنێکەوە مەلا عەلى
شەیتانى دۆزیوەتەوە؟ئایا بێ هۆیە کە لێرەدا و لەو شوێنەى چیرۆکدا ژنێک
دەبێتە هۆکارى دۆزینەوەى شەیتان؟ بێ هۆیە کە ژن ئەوەندە لەشەیتان
نزیککراوەتەوە؟.
بۆ وەڵامى ئەو پرسیارە ناتوانین چاو لەو میتۆلۆژیاو حیکایەتە دینیانەش
بپۆشین کە ژن تیایاندا لەشەیتان نزیککراوەتەوە و وەک گوناهبارێک
نیشاندراوە، رەنگە دیارترین حیکایەتیش حیکاتەى ئادەم و حەوابێت -
حیکاتى دەرکران لەبەهەشت.لە حیکایەتى دەرکران لەبەهەشت دووبارە دەبینین
ژن رایەڵ و نێوانێکى هەیە لەگەڵ شەیتاندا، ئینجا لەزۆر حیکاتى تریشدا
ژنان بەکەسانى نزیک لەدۆزەخ و سەرچاوەى ئاشووب نیشاندراون، نموونە سوڕى
مانگانەى ژنان وەک سورێکى گوناهبەخش و ماوەى بەپیس سەیرکردنى ژن
نیشاندراوە، ئەوەى لەهەموویشى جێگاى چاوخستنە سەرە ئەوەیە لە رێگاى "جەستەى
ژن" ەوە شەیتان کەشفکراوە.
جەستەى ژن لەحیکایەتە ئاینییەکان زۆربەى کات بۆتە سەرچاوەى بردنى مرۆڤ
بەرەو هەڵدێران و فریودان ( مرۆڤ لەم حیکایەتانەدا بە پلەى یەک پیاوە)
چونکە سیستەمى پیاوسالاریى ئەستوندەکەو کۆڵەگەکانى لەرێگەى چەندین
حیکایەت دادەمەزرێنێت کە ژن تیایاندا مرۆڤى خوارەوە یان مرۆڤى دووەمە -
یان وەک سیمۆن دى بۆڤوار دەڵێ ( رەگەزى دووەم) ە، حیکایەتەکانى دواى
تارمایى سیستەمى نێرسالاریى حیکاتگەلێکن ئاوساو بە سڕینەوەى بوونى ژن -
بوون بەو واتایەى خۆى بێت و بەشێک نەبێت لەپیاو ( پەراسووى پیاو) یان
ئامرازێک نەبێت تەنها بۆ تێرکردنى چێژى پیاوانە لەسێکدا، یان
لەوەچەخستنەوەدا.
حیکایەت و ئەفسانەکانى سیستەمى نێرسالاریى بەتەواوى کار لەسەر ( جەستەى
ژن) دەکەن و دەیکەن بە قوفڵێک تەنها پیاو بۆى هەبێت بیکاتەوە، دەیکەن
بەدارستانێکى جوان و داپۆشراو بەدرەختى گوناه، حەیاڵى نێرسالار بۆ
بەستنەوەى ژن و جەستەى ژن بە نێرەوە هەڵدەستێ بە سازکردنى حیکایەت بۆ
سنوربەندکردنى جەستەى لەناو گومانبارى پیاوانەدا، ئەم گومانبارییەش
لەگەڵ سەیرکردنى ژن وەک بەشێک لەپیاو دەگاتە قۆناغى موڵکداریى و بە
موڵک تەماشاکردنى ژن.
کاتێ ژن دەکرێ بەموڵکى پیاو ( وەک ئەمرۆ دەیبینین و لەناو خێزان و
کۆمەڵگاى خۆماندا چۆن ژن کراوە بە پاشکۆى پیاو) ئەوکاتە جەستە بەهۆى
گومانخستنە سەرەوە دەبێت بە زەمینێکى ترسناک - دەبێت بە ماددەیەکى
سامناک لەخەیاڵى نێرسالاردا کە دەکرێ لەهەرکاتێکدا جەستەى ژن ئافاتێک
بنێتەوە - ئافات بۆ پیاو و حیکایەتەکانى -.
هەر ئەمەش وادەکات جەستەى ژن ببێتە مەملەکەتى گوناهەکان و وخەیاڵى
پیاوانە وا سەیرى ئەو جەستەیە بکات کەدەکرێ لەناوییدا شەیتانێک خۆى
حەشاردابێ، نووستنى شەیتان لەجەستەى ژندا تەنها لەخەیاڵ و چیرۆکەکەى
مەلا عەلى دا هەست پێناکرێت، ئەمرۆ دەبینین کە لەکۆمەڵگادا - لەخێزاندا
چۆن چۆنى ژن رووبەروى زیندان و ئەشکەنجە دەبێتەوە و لەقەفەس دەکرێت
بەپاساوى ئەوەى ( جەستە) ى تەنافبازێکە بەسەر دۆزەخى گوناهدا دەروات -
رەنگە ئیستا نا ئیستا بکەوێتە ناو دۆزەخەکەوە.
هەروەها ئەوەش دەبینین کە چۆن بازارى سەرمایەدارى لەدایکبووى ناو
سیستەمى باوک و سەردارەکان - ئاغا و پیاوەکانى ، دەوڵەت و دانیشتووان
بۆتە ماکینەى بە کاڵاکردنى جەستەى ژن و بارکردنى هەرچى هۆکارى قازانجە
لەم جەستەیەدا ( تواندنەوەى بوونى ژن لەناو ئەندامەکانیدا - بەبێ ئەوەى
هەستێک بوونى هەبێت،تەنها لەپێناو سەرخستنى سیستەمەکەدا) هەروەها ئەوەش
دەبینین کە چۆن جەستەى ژن نرخبەند دەکرێت و دەخرێتە لایەکى تەرازووى
زێرەوە - بۆ قوفڵدانى جەستە، بۆ کۆتکردنى بوونى ژن.
کاتێ خەیاڵى موڵکداریى هەموو گوناهەکان لەبوون و تایبەت جەستەى ژندا
دەبینێتەوە و سیستەمى نێرسالار کە باڵى کێشاوە بەسەر کۆمەڵگا و هەموو
ئافاتێک لەم جەستەیەدا دەبینێت و لەقەفەسى دەکات - دەشکرێ ئەم زهنییەتە
لە رێى جەستەى ژنەوە شەیتان بدۆزێتەوە و جنۆکەیەک لەجەستەى ژنەکەدا
بەناوى "ئۆلیڤەر" شەیتانەکە کەشفبکات!
ئەمە دەکرێت وەڵامێکى بچکۆلەبێت بۆ ئەو پرسیارەى : بۆچى دەبێت لەرێى
جەستەى ژنێکەوە شەیتان بدۆزرێتەوە؟
2. شەیتان بەعەبایەکى سوورەوە .
ئەوەى بۆ من جێگاى سەرنجە لەچیرۆکەکەى مەلا عەلیدا - کەلاى خۆى
بانگخوازێکى ئاینییە و دەبێتە رێگا بۆ شیفاى خەڵک و کارى زۆریشى لەسەر
دەرکردنى جنۆکەکانە لەجەستەدا و بۆ ئەمەش لێدان بەکاردەهێنێت زۆرجار،
ئەوەى سەیرە ئەوەیە خەیاڵچنى لەچیرۆکەکەدا یەک رەهەندى نەگرتۆتەوە -
لەرێى چیرۆکەکە چەندان شتى دوور لەیەکى بەیەکەوە کۆکردۆتەوە و پەیوەستى
کردووە بەیەک بۆ ئەوەى لەرێگایەوە قەناعەتى ئەوە بەخەڵکەکە بهێنێت کە
بەڵێ بەراست ئەو شەیتانى دۆزیوەتەوە و باڵاشى سەدو شەست سانتیمەترە.
ئەم گرێدانەوەى شتەکان بەیەکترى کە رەنگە تەنها چیرۆکنووس و ئەدیبان
تیایدا شارەزابن بۆ ئەوەى لەرێگاى خەیاڵچنییەوە قەناعەت بەخوێنەر بهێنن
ئەو چیرۆکە - ئەو رۆمانەى دەیخوێننەوە ژیانە - یان شتێکە وەک واقیع -
مەلا عەلى زۆر باش تیایدا شارەزابووە، ئەوانەش کە بەیەکەوە
کۆیکردوونەتەوە لەناو چیرۆکەکەدا دیارترینیان ئەمانەن : بوونى شەیتان
لە شوێنێکى پەنهان ، جنۆکەکان وەک سەربازانى شەیتان کە پایتەختێکیان
هەیە، هەروەها دیاریکردنى پایتەختەکەش کە سێگۆشەى بەرمۆدەیە و
بەستنەوەى نهێنى لەنهێنى ، دیاریکردنى سێگۆشەى بەرمۆدا بەشوێنى
دانیشتنى شەیتان بەعەبایەکى سوورە و هاوشێوەى سووپەرمان پرسیارى ئەوە
دروست دەکات ( بۆچى سێگۆشەى بەرمۆدە؟) رەنگە کەسانێک بڵێن پرسیارکردن و
شیکردنەوەى ئەم بابەتانە بێ هوودەن و هەرچى لەچیرۆکەکەدا هەیە
رێکەوتێکە، بەڵام وانییە، پلادانانى شەیتان لەشوێنێکى عاسێ و نهێنییدا
بۆخۆى دەرخستنى راستییەکە ئەویش ئەوەیە مەلا عەلى کار لەسەر خەڵکانێک
دەکات کە تەواو ناشارەزان لەو کۆدانەى ئەو بەکارییان دەهینێ و
تانۆپۆیان دەچنێ.
ئینجا دووبارە هێنانەوە ناوەوەى ناوێکى وەهمى وەک ( ڤیکتۆر جۆن ئۆلیڤەر)
یش دیسان دروسکردنى گرێیەکى ترە لە چیرۆکەکەدا بۆ قەناعەتبەخشینێکى
تەواو لەرێگاى وەهمەوە بەخەڵک.
من بۆیە بەو لێدوانەى مەلا عەلى کەڵەک دەڵێم چیرۆک و بە و بەناو
دۆزینەوەى خۆى دەڵێم حیکایەت، چونکە لەهەموو ڕووێکەوە دەکرێ وەک
چیرۆکێکى ئامادە و مەبەستدار داننرابێت و بۆ دەستەمۆکردنى خەیاڵى خەڵک
و بێ ئیرادەکردنییان.ئەم چیرۆکانە دەرهاویشتەى ناو سیستەمێکن کە تیایدا
ژن بەهەموو شێوەیەک بەستراوەتەوە بەگوناه و بەسزا، دەرهاویشتەى
سیستەمێکن کە خەڵکى پۆل پۆل و دەستە دەستە بێ خەیاڵ خۆیان داوەتە دەست
تەفسیرى بەستراو بە خورافییات و پشتیان کردۆتە بیرکردنەوەى خۆیان.
کۆمەڵگاى کوردى بێ هۆ نییە کە ئێستا بەم دۆخە ناهەموارەدا دەڕوات و
تاکەکان کەوتوونەتە حاڵەتى بێ بنەمایى و رێژەى خۆکوژى و رێژەى
کوشتنەکان سەرەرۆیانە زیادى کردووە، تاکەکان دوور لەخۆیان بەستراون بەو
وەڵام و حیکایەتانەى کە هیچ پرسیارێکیان لەبارەیانەوە نییە و لە
بازنەیەکدا گیرگرتوون کە کەخۆیان ناتوانن لێی بێنە دەرەوە.
ئینجا کاتێک تاکەکان بێ پرسیار و مەستانە دەمێننەوە، لەناوییاندا هەموو
رەگێکى ئیرادە دەکوژرێت - بەخۆشحاڵییەوە پێشوازى لە وەهمێک دەکەن کە
ئازادییان بکات ، ئەمرۆ کۆمەڵگاى کوردى لەسەر هێڵى وەهم دەڕوات و هیچ
دەرگایەکیشى نییە بۆ دەرچوون لەخۆى و دووبارە و دووبارە دەکەوێتەوە ناو
سیستەمەکە - سیستەمى خەفەکردنى ژن و لەقەفەسکردنى ئینجا بەستنەوەى بە
شەیتانەوە - سیستەمێک کە بەهەموو جۆرێک ژن وەک بوونێکى سامناک سەیر
دەکات و لەقوڵاییەکاندا بەندى دەکات ، ئینجا بەمەش ناوەستێت دەیکا
بەهاوەڵى شەیتان ، ئەمە وادەکات داخرانێکى کۆمەڵایەتى گەورە دروست ببێت
و خەڵکان تووشى دەیەها نەخۆشى دەروونى و جەستەیى ببن.
دوا قسەى من ئەوەیە، ئەم چیرۆکانە کە لەدەمى دەیانى وەک مەلا عەلى وەک
بانگى ئیلاهى دەخرێنەروو پۆل پۆل خەڵکى دەستەمۆى خۆیان دەکەن- شایەن
بەشیکردنەوە و تێرامانن بۆ ئەوەى زیاتر و روونتر لەکۆمەڵگایەک بگەین،
کە نقوومى وەهم بووە و خەم بۆ ئازادى خۆى ناخوات، کۆمەڵگایەک کە ژن
دەکا بە ئاوێنەى شەیتان!!!
هەر بەپێى ئەم راپۆرتەى من لەماڵپەرى رووداونێت وەرمگرتووە، مەلا عەلى
ئاماژە بەوە دەکات رۆژانە نزیکەى سێ سەد کەس سەردانى دەکەن و ئەوەش
دەڵێت کە هۆکارى خۆکوژییەکان بەهۆى جنۆکەکانەوەن، پرسیارەکە ئەوەیە گەر
رۆژانە سێ سەد کەس سەردانى ئەم جۆرە چیرۆکانە بکەن - چ کاریگەرییەکى
گەورەى هەیە بەسەر کۆمەڵگاوە؟ دەبێ سەرەتا پرسیار لە ئاستى وشیارى
تاکەکان و دابڕانیان بکەین لە ژیانى خۆیان ، نەک بکەوینە قسە و دژایەتى
مەلا عەلى - چونکە دژایەتیکردنى ئەو هیچ سوودێکى نییە و رەواش نییە -
کاتێک کەسانێک هەن سەردانى دەکەن و شەیداى ئەم چیرۆکانەن !!!
ماڵپهڕی رێبین ئهحمهد
خدر
|