په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٩\٢٠١٨

شیعر دەسبازیی جەستەیە.

 

     نائیل ئەلتۆخی

وەرگێرانی: عەبدولموتەلیب عەبدوڵا

یۆنا فولاخ بە دیاریکراوی بە ھۆی جەربەزەیی و بە ئاشکرا بە کارھێنانی ئیرۆتیکایەک کە ئەو کات باو نەبوو، بە یەکێک لە گرنگترین نوێخوازانی شیعری ئیسرائیلی ھاوچەرخ دادەنرێت. لە ساڵی ١٩٤٤ لە دایکبووەو لە ساڵی ١٩٨٥ کۆچی دوایی کردووە. باوکی میخائیل فولاخ لە جەنگی (٤٨) بە گوللەی ھاوڕێکەی کوژراوە، ئەو کات تەمەنی چوار ساڵان بوو. ھەر لە شەقام لە دایکبووە و لە شەقام ژیاوە و لە شەقام کۆچی دوایی کردووە، ناوی خۆی خستۆتە سەر باوکی.


شاعیر (ماکسیم جیلان) ھێزی شیعری ئەوی کەشف کردووە و بە (جفرائیل موکیدی) نووسەری ناساندووە، ئەویش یەکەم کەس بووە کە لە گۆڤاری (عخشاف) ساڵی ١٩٦٤ یەکەم شیعری بۆ بڵاو کردۆتەوە. ھەر لە ساڵی ١٩٧٢ بووە بە یەکێک لە کەسە نزیکەکانی دەستەی نووسەرانی وەرزنامەی (سیمان کریئاە) و (مناحیم بیری) نووسەر، کە دوو کتێبی بۆ چاپ کرد. یەکێک بووە لە دامەرێنەرەکانی گۆڤاری (بشیتا) کە لە شیعردا گرنگیان بە بەکارھێنانی زمانی رۆژانە دەدا.


لە تەمەنی (٢١) ساڵیدا بە ئارەزووی خۆی چۆتە نەخۆشخانەی دەروونییەوە، ئەو کاتەی کە کۆمەڵێک حەبی تریاکی (LSD) قووت دەدا، ئەو ئەزموونەی لە کۆمەڵێک لە شیعرەکانی وەسف کردووە، لەوانەش قەسیدەی: ئەگەر بۆ سەفەری LSD چوویت. لە ساڵی ١٩٨١ نەخۆشی شێرپەنجەی لێ بە دەر کەوتووە، لە دوای سێ ساڵان ھەر بەو نەخۆشیە کۆچی دوایی کردووە.


لەساڵی ١٩٨٢ لە گۆڤاری (عیتون ٧٧) شیعرێکی بڵاو کردەوە، ئەو شیعرە بە ھۆی بابەتەکەیەوە گەردەلوولێکی بەڕوودا وڕوژاند. شیعرەکە لەبارەی (تفیلین) بووە، تفیلین ئەو ئامرازە یەھودییە پیرۆزەیە کە بۆ خواپەرستی بەکاری دەھێنن و لە دەوری سەر یان مەچەکیان دەئاڵێنرێت، شاعیر (تفیلین)ی لە سیاقێکی تەواو سێکسیدا بەکار ھێناوە، لە قەسیدەکەدا دەڵێت: تفیلین لە پێناو من بەکار بێنە/ لە دەستمی بئاڵێنە/پێمی دابێنە/ بەسەر جەستەمدا بە نەرمی بێھێنە و بیبە/بە باشی پێمی بوخرێنە/ھەموو شوێنێکم بوڕوژێنە/ لەو پەڕی ھەستەوە لە ھۆش خۆم بەرە/بە سەر .... دابێنە/لە کەمەرم ببەستە/ ھەتا زوو رەحەت بم. بەھۆی ئەو قەسیدە (مریام جلزار) جێگری وەزیری پەرەوەردە و رۆشنبیریی بە (چوارپێی شێتگیر) وەسفی کردووە، ھەروەھا ھاوڕێی شاعیری (زلدا فوز)ی ئایندار بە ھۆی بڵاوبوونەوەی ئەو قەسیدەیە پەیوەندی لەگەڵ بڕیووە.


ئەزموونە سۆزدارییەکان بنەمای نووسینەکانی ئەو بوون: گرنگیدانی ئاشکرای بە سێکس، گرنگیدان بە ھەستی مرۆییانە بێ ئەوەی ئینتمای خۆی بۆ رەگەزێک دیاری بکات.. ئەزموونی ژنانە، ترسان لە مەرگ، گرنگیدان بە شێتی.. ھەندێک لە شیعرەکانی بۆ زمانی ئینگلیزی و ئیتاڵی و بیدشی تەرجەمە کراون. لە کۆمەڵە شیعرەکانی: شتەکان ١٩٦٦، دوو باخچە ١٩٦٩، پڕشنگی دڕندە ١٩٨٣، فۆرمەکان ١٩٨٥، دیمەن ١٩٨٥، زێترم دەوێت کۆمەڵە شیعرێک بوو لە دوای مردنی بڵاو کرایەوە.

  
 گرفتی ناسنامە.
چ گۆرانیەک دەڵێیت چۆلەکە
کەسێکی دی
لە گەرووت گۆرانی دەڵێ
کەسێکی دی
گۆرانیەکەتی نووسیووە
لە ماڵەوە دەیڵیتەوە
بە گەرووی تۆ
ئەی چۆلەکە ئەی چۆلەکە
ئەوە چ گۆرانیەک دەڵێت
کەسێکی دی ئەو گۆرانییە
بە گەرووی تۆ دەڵێتەوە.


  
 خۆشەویستەکەم مردووە.
جاران
پێویستم بە ھەرچی ھەبا
ئەو دەیدامێ
ھیچ نەماوە
ھەموو شتەکانی پێدام
بەڵام ئێستاکە مردووە
ئەو تاوانە ئێستا روویدا
من دەتوانم
بەس گوێم لێبگرن دەزانم
ئەو زیندووە
ئەو مردووە
خوێنێکی گەش، خوێنێکی رەق
خوێنێکی بە جۆش و خرۆش، خوێنێکی رەش


گوتم دەژی، ھەتا ھەتایە تۆ دەژی
ھەمیشە لێرەی
بۆ منی
بەڵام من ھەر بۆ تۆ دەگەڕێم، ھەر دەگەڕێم
ھەتا ھەتایە دەگەڕێم
بۆ تۆ
یاسا ھەمیشە یاسایە
چیمان ھەیە تا بدوێین لە بارەیەوە

ئەو مردووە
گەر ئامادەین فریای کەوین
بیر بکەوە، بیر بکەوە
ئامادەین وەک ئوتومبێلی فریاکەوتن
فریای کەوین
لەولا پۆلیس و دادوەری دێن
دێن و غەرامەمان دەکەن
چونکە یاسا ھەر یاسایە


یاسا
زیندووە
بەڵام ھاوڕێکەم مردووە
خوێنێکی گەش
خوێنێکی رەق
خوێنێکی بە جۆش و خرۆش، خوێنێکی رەش
 

ئەگەر گوتیان ھەتا ھەتایە تۆ دەژی
ھەمیشە لێرانە دەبیت
من ھەر دەگەڕێم دەگەڕێم
تا ھەتایە
بۆ تۆ
بۆ تۆ.

______________________________________________________
ژێدەر:

(نقلا عن انترنيت "هكذا تحدث كوهين" ترجمة: نائل الطوخي. ١٨\٨\٢٠٠٩):
www.hkzathdthcohen.blogspot.com/2009/08/blog-post_14.html
 

ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک