١٦\٢\٢٠١٢
شیعر لەوپەڕی بێ
کەسییدا.

گۆران رەئوف
زەمەنێکى دورودرێژە لەنێو مرۆڤایەتیدا شتێک پەیدابووە بەناوى نووسین،
ڕۆژگارێکى لەمێژە شتێک پەیدا بووە بەناوی ئەدەب، کەتیایدا جیهانێکی
مەزنی خولقاندوە و چەندان دارستانى جیاواز و زورگى بەرفراوانى لێبۆتەوە
و گەورەترە و پڕبایەخترە لەدونیای ژاوەژاوی ئاسایی، لێرەدا جیهانێک
بوونى هەیە کە تەواوى ڕەهەند و بەها جوانەکانى مرۆڤ هەستیپێدەکرێت،
جیهانێک کەڕەنگە هاوشێوەى نەبێت، یان ڕەنگە هەوڵدان بۆ جێهێشتن و
پێشدانەوەى ئەم جیهانە بمانگەیەنێتە پلەى مەحاڵ و ئاشناى نائومێدییە
ڕەشەکانمان بکات... بەڵام هەر خودى ئەم جیهانە نەوەک وەک دونیایەکى
دیکە تەماشابکرێت بەڵکو بۆتە گەورەترین هەگبەی ئاسوودەیی بۆ ڕۆح و
خودێتیمان، بۆتە شوێنگەیەکى ئارام تا ڕۆح و خانەکانى مێشکمان لەسایەیدا
هەست بەئاسودەیى بکەن یاخود لەڕێگە و دیدگا و دەلاقەکانى ئەو
شوێنگەیەوە دەتوانرێت چەندان دەڤەر و مەملەکەتى دیکەى پێڕێکبخرێت
کەڕەنگە ئەم تێڕوانین و گریمانانە لاى زۆربەمان جۆرێک لە دڵنیایى
تێدابێت، بەڵام گەر بەشێوەیەکى گشتگیر و واقیعیانە بڕوانینە دۆخى ئەو
چەمکەى کە چواندمان بە دونیایەکى تەواو بێخەوش ئەوا ڕەنگە نەک هەر
تووشى گومان ببین بەڵکو ئەو تێڕوانین و گریمانانەى باسمان لێوە کرد
جۆرێک لە نالۆژیکى تیادا بەدیاربکەوێت، بۆیە لەم گۆشەنیگایەوە دەکرێت
ناوبنرێت (دیدگا واقیعیانەکە) ئەو دیدگایە وادەکات لای هەندێکی دیکە
تێڕوانین و ڕاى جیاوازیان لەسەرى هەبێت چونکە لەڕاستیدا ئەوانەى لەم
گۆشەنیگایەوە دەڕواننە ئەم چەمکە بەگشتى و شیعر بەتایبەتى مرۆڤگەلێکن
لەنێوان سادەیى و ئەدەبدۆستیدا دەژین... ئەم چەمکە لەلاى ئەم بەشەى
باسمانکرد نەبۆتە جۆرێک لە فۆڕم بەڵکو بە بیرێکی سادەییەوە تەماشای
دەکەن، یاخود لەنێو بیر و ئەندێشەیاندا جێگایەکیان بۆ نادۆزرێتەوە کە
شیاوى ئەو چەمکە گرنگەى ژیان بێت، بەڵکو گەر بەتەواوى دژى نەبن ئەوا
دەکرێت بڵێین پەراوێزیانخستووە، کەخودى ئەم پەراوێزخستنەش لەچەند
هۆکارێکى نەزۆکەوە سەرچاوەیان گرتووە، یان بڕێ جار دەکرێت ئەوان ڕاستبن،
چونکە دروستبوونى ئەو ئاڵۆزییە وایکردووە گومانبکرێت لە تێکستە
مەزنەکانیش.
لەهەمووی گنگتر ئەوەیە کە ئاماژەی بۆبکەین و بتوانین زیاتر و زیاتر
بیکەینە کانگای ئاسوودەییەکان و ڕەنگدانەوەی سروشتی ژیان، شۆڕبوونەوەى
تەواوە بەنێو ئەو چەمکەدا، چونکە بێگومان بەشێکی زۆر لە مرۆڤەکان کۆکن
لەسەر ئەوەی شتێک هەیە پێیدەڵێن (ڕۆح)، ئالێرەدایە ئەدەب وەک چەمکێکی
هاوڕێ لەگەڵ ڕۆحدا بوونی دەبێَت، ئالێرەدا تەواوى گریمانەکانى سەرەوە
جێگەى دڵخۆشى دەبن و پەیوەست دەبن بە ژیانی مرۆڤەوە، بۆیە نادروستە
ئەدەب بە دیدێکی ساکار و ساناوە تەماشابکرێت یان بەو تێڕوانینەى کە
یەکلانەبۆتەوە و خاڵى نێوەندى گرتووە وێنا بکرێت، بۆیە گەرڕونتربڵێین
دەکرێت لەڕێگەى جیهانبینى و خۆهەڵواسینى خەیاڵەکانى واقیع بەم چەمکەوە
بگەینە جیهانێکى باشتر لەوەى کەهەیە، یاخود بەرفراوانى و هیومانیزم
لەتەواوى ئەم چەمکەدا وایکردووە بەکاربهێنرێت بۆئەوەی مرۆڤ لە
دڕندەیەکی هەڵبژێردراوەوە بێتە بوونەوەرێکی نیان و هێمن تا لە چاوێکی
دیکەوە بڕوانێتە بەهاکانی مرۆڤ و دۆزینەوەی شاڕێگاکانی بەختیاری.
ئەوەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا کورتەگۆیەک بوو لەسەر شێواز و
هەڵسەنگاندنی ئەدەب بەشێوەیەکى گشتى کەخۆی لەخۆیدا دابەش بووە بەسەر
چەند ڕێچکە و قۆتابخانەى جیاجیادا، وە لەهەرکامێکیانەوە بدوێین زۆرێک
لە ناکۆکی ڕوپۆشکرا و هاوبەشی ڕووت هەستپێدەکەین، کەبوونەتە هۆی
بەجیهانی بوونی خودى چەمکەکە و تێڕوانینەکانیش لەسەرى، بۆیە لە دۆخێکى
وەهادا و لە باسێکى لەم شێوەیەوە کەواتاى نوسینەکەمان ئامانجدارە بە
گەیشتن بە کۆمەڵێک دەرەنجام ئەوا ئەستمە بەتەواوى گشت جیاکارى و
جیاوازییەکان ڕونکەینەوە.
لەوەها هەلومەرجێکدا گەر هەڵوێستەیەک لەسەر ئێستای ئەدەب بکەین لەم
نیشتیمانەدا، تووشی گێژبوونێکى ڕاستەوخۆ دەبین، یان گەربێت و بەرگەش
بگرین ئەوا هەرهیچ نەبێت کەمێک دڵگرانمان دەکات، بەهۆى ئەو جەنجاڵی و
ئاڵۆزییەی لەم ناوچەیەدا پەیدا بووە، ئاڵۆزییەک کەوەک خۆرەیەکى
هەنووکەیى سەریهەڵداوە تا داهاتووش لەناوبەرێت، ئەویش ئەو بەربڵاوییەیە
کەلەنێو ئەو چەمکەدا دروستبووە کە لەسەرەوە باسمانکرد، بەڵام لەهەمووی
گشتگیرتر جیهانی شیعرە کەلە ئێستادا شتێک هەیە بەناوی (قەسیدە) یان (تێکستى
واڵا) کەخودى ئەم کایەیە زۆر جوانە و زۆر ئاساییە هەرکەسێک بێت و
بەشێوازە هەمە چەشنەکانیەوە ئەسپى خۆى تاوبات، زۆر باش دەبێت کە خودى
ئەم بەشە لەئەدەبدا بەرفراوانى زیاتر بەخۆیەوە ببینێت، جێگەى دڵخۆشییە
کە وابکەین لەم بەشەى ئەدەب گەشەبکات و بگاتە ئاستى ئەدەبیاتى
دەرودراوسێکانمان، بەڵام بەمەرجێک زیان نەگات بە ئەسڵ و بنەڕەتى ئەو
جیهانە و کارێک نەکەین کە شیعر لەسایەیدا توشى داڕمان و پوکانەوە بێت...
هەرچەندە لەدواى دروستبوونى (ڕوانگە) و ئەو
جیلەى لەو کاتەوە هاتوونەتە نێو فەزاکەوە، جیهانى ئەدەب و بەتایبەت
شیعر و لەنێویدا (تێکستى واڵا) بەشێوەیەکى زۆر باش بونیاتى بنەڕەتى ئەو
تەلارانەى شیعر دراوە کەدەکرێت بڵێین بەڕاستى جێگەى شانازین بۆ ئێستا و
بۆ داهاتووش وە بۆ تەواوى ڕۆژگارە یەک لە دواى یەکەکانى ئایندە، بەڵام
گەربێت و هەڵوێستەیەکى خێرا لەسەر ئەم بارە هەنووکەییەى شیعر بکەین
لەڕوى چۆنایەتییەوە ئەوا دەگەینە خاڵى زۆر ناباش و گەلێک خەمناک...
چونکە لەسایەى ئەم بەرفراونى و ئەم بەربڵاوییەى لە نووسیندا هەیە
وایکردووە لەژێر زۆر مۆدێل و زۆر ناوى بێ واتادا شیعر توشى ئاڵۆزى و
پەرتەوازەیى بکرێت کەخودى ئەم گرفتاریەش زۆر هۆکارى لۆژیکى لەپشتەوەیە
یان بەجۆرێک لە جۆرەکان دەکرێت ئەوەش نەشارینەوە کە هۆکارى گێلانەش
بوونى هەیە وەک"تەواو مامەڵە نەکردن لەگەڵ شیعردا و تێنەگەیشتنى تەواو
لەبەرامبەریدا..هتد"، ئەم ئاڵۆزییەى کەلە دونیاى شیعردا دروست بووە و
وەک مۆدێلێکی بێ پرەنسیپ هاتۆتە نێو دونیای ئەدەبەوە، ئەم شتە
کەپێیدەڵێن قەسیدە و لە ڕەسەنایەتی خۆیدا جیهانێکی جوانە و دوورە لە
شێوەکارەکانی دیکەی شیعرە وە، بەڵام هەندێک یان بەشێکی زۆر لەم شاعیرە
تووڕانەی نیشتیمان بێ هیچ گوێدانە دوودڵیەک لەبەرامبەر نەوەکانى
ئایندەدا و لەبەرامبەر مێژوودا و لەبەرامبەر ئاڵۆزکردنی دونیاکەدا
سەرقاڵی کاری خۆیانن لەکێڵگەکانی ئەدەبدا و بێباکن لە مێژوو، بێباکن لە
ئێستا و لە داهاتووش، هەرئەم بێباکیەیە وایکردووە ڕۆژ بەڕۆژ ئەم
دیاردەیە پێگەی خۆی بەهێزتر بکات، کەوا واخەریکە دەشبێتە ڕەسەن بوون و
جۆرێک لە چەمکی نوێى ئەدەب.
قەسیدە لەم دەڤەری بێباکییەى ئێمەدا بۆتە لاستیک و بەهەموولایەکی دا
دەبەن و چۆنیان پێخۆش بێت وایلێدەکەن، لێرەدا پێویستە بپرسین قەسیدە
بەنیسبەت ئەم هەڵبەسڤانانەوە ئەوەیە کەدەینووسن؟ یان ئەو قسە و باسە
سۆزئامێزانەیە کەدەیکەن؟ یان ئەو ڕێبازانەیە کە وڕێنەکانیش
نایانگرێتەوە، یاخود گەر بپرسین قەسیدەکانیان ناوی خۆیانیان لەسەر
لابەین خۆیان دەیناسنەوە؟
دواجار ئێمەی ئەدەبدۆست و کرێکار لەنێو کێڵگەکانی ئەدەبدا بەرپرسیارین
لە هەموو تێکستێکی ئەدەبی کەدێتە بەرهەم و بەپرسارین لە ئێستاو ئایندە
و مێژوو، چونکە ئەوە ئێستای ئێمەیە نەمانتوانیوە وەک شاعیرێکی نوێی
خاوەن بیر لە داهێنان و زیادەخوازی لە شیعردا و جیهانێکی پڕ لە سەرکەشی
و داهێنان و پڕ لە پاکی و بێخەوشی لە دەقێکدا فەراهەم بکەین، کەبێتە
داینەمۆ بۆ نەوەیەکی دیکە و ڕوناکی ڕێگاکانی دوورگەی شیعر.
ئایا ئەمەی نووسیمان هەموو ئەم نیشتیمانە دەگرێتەوە بە هەموولایەکەوە؟
یان لەکاتێکدا هەموومان بەرپرسیارن؟ یان ئەوەی شتێک نیە بەمانای ئاڵۆزی
لە شعر دا؟ چونکە ئێستا دەبێتە مێژوو بۆ هەمووان چ بەڕوی داهێنەرانەوە
چ بەڕوی ئاڵۆزییەوە، بۆیە کەوابوو شتێک نامێنێتەوە بترسین لێی چونکە
مێژوو زۆر لە ئێمە بێباکترە تا بتوانین کارەکانامان ڕوپۆشکەین بۆ
خەڵەتاندنی گشت لایەک.
دواجار دەگەینە ئەو هاوکێشەیەی لەم نیشتیمانەدا لەنێو ئەم فەزا گەورە و
فراوانەى ئەدەبدا فەوزایەکى بێ شومار لە نابووتى و جیهانێکى گەلێک
گەورە لەتاریکى بوونى هەیە کەدەکرێت زیاتر نەڕوات و بوەستێنرێت تا
نەبێتە فۆڕمێکی تازە و نوێ لەجیهانی ئەدەبدا و نەبێتە شەقامێکی شل و
شۆڵ و ئاڵۆز تائەوەی نەبینە هۆی لەخشتەبردنی شیعر و قەسیدە!!.
goranrauf@yahoo.com
|