١٦\٢\٢٠١٨
شیعرەکانی کەژال
ئیبراھیم خدر تابلۆیەکی گەشیان خوڵقاندوە.
عەبدولسادە بەسری |
وەرگێڕانی:
فاخر عەزیز عەبدوڵا |
دروست
لە نێو دیمەنە رەنگاوڕەنگەکانی ژیان و، کێشانی ئەو تابلۆیانەی کە
نمایشی خەیاڵ و ئەندێشەی نەزانراوی ژیانی تێدا بە رجەستە دەبێت، بۆ
ناوەوەی خودی مرۆڤ "ئا لەم کاتەدا گێڕانەوەی سات بە ساتی دیمەنەکان
خۆیان بە شیعری ناسک نماش دەکەن".
شیعرەکانی کەژاڵ کە خۆی لە داھێنانێکی بەرجەستەکراودا
دەبینێتەوە،کارکردنێکی گونجاوە بۆ زیاترکارکردن لەسەر تاک بەتاکی ئەم
کۆمەڵگایە "بۆیە کاتێک ھێشووی پڕ لەلاولاوی ئەم خونچە شیعرانە دەبینێت
کەوەک تابلۆیەکی گەش رەنگی نەخشاندوە"ھەست دەکەیت دیمەنی ئەو سروشتە
رازاوەیەت دێتە بەرچاو کە بەسەرسامیەوە لەچوار وەرزی ساڵدا لێدەڕوانیت
" ئەویش بەھۆی ئەو خۆشەویستیە بێ گڕو گۆڵەی کە لەدڵ و رۆحیەوە بەپاکی
دەریدەبڕێت بە ھەموو ئەو وردەکاریەکانیەوە کە رووبەرووی ژیانی
دەبێتەوە.
کەژاڵ کە رۆژانە گوڵی شیعرەکانی بەسادەیی لە روپەڕی رۆژنامەکان دەبینین
"ھەست دەکەین ئەم شیعرانە لە ناخی ھەمووماندا دەتوێنەوە"چونکە ناخی
ناوەوەی ھەموومان پڕە لە تاقیکردنەوەی ئازارو ناخۆشی "چونکە ئەو کۆپلە
شیعرانە لەحاڵەتی وادا خۆیان نیشانی خوێنەر دەدەن کە پێمان دەڵێت ئەگەر
شیعرت نوسی دەبێت جوانیش ببینیت.
من دەزانم لە سەرەتاوە ئەم ژنە شاعیرە بە ئەسپایی دڵی لێدەدات، چونکە
ئەو شیعر بەرھەم دێنێت کەلەراستگۆییەوە ھەڵیچنیووەو لەسروشتەوە وێنەی
تابلۆکانی بۆکێشاوە "ھەروەھا دوور لە رق و کینە ھاتووە پەیوەندەییە
کۆمەڵاتیەکانیشی بەشێوەیەکی ھونەری داڕشتووە" ئەوەتا لە م کۆپلە
ھونەریەدا باس لەگریان و باران دەکات کە چۆن خەیاڵی داگیر کردووە:
کە شورەیەی چاوەکانت
گریا
فرمێسکی خەیاڵەکانم بوون بە باران.
کەژاڵ بێ ئەندازە شاعیرێکی جوانە "ئەو کاتانەی کە شیعرەکانی
دەخوێنیتەوە وەکوو ئەوە وایە کە قسەت لەگەڵ بکات و بتدوێنێ ،لەو
روانگەیەوە شیوەیەکی رۆمانسی و پڕ لەچێژت پێدەبەخشێت بۆ خۆشەویستی و
ژیان "کە ھەڵزنانێکە بۆ جوانی مرۆڤایەتی" تۆ تەماشاکە چەند بە ناسکی
ئەم دیمەنەی گوند دەکێشێت:
لەسەر کانی
گوندەکەمان
نوێژم دەکرد
شێخێک بە لامدا تێپەڕی
وتی "کچم ھانێ بەرماڵ
نوێژەکەتی لەسەر بکە''
ئەو نەیزانی بەرماڵی رۆحم راخستووە
نوێژەکانی عشقت دەکەم.
کەژاڵ وەکو ھەموو شاعیرەکانی تری کورد مرۆڤدۆستە، خەم و ئازاری ھەیە "
ھەست و نەستەکانی شاری ھەڵەبجەی خوێناوی لە دڵ و دەرونیدا پەنگی
خواردۆتەوە کە چۆن و بەچ بە شێوەیەکی دڕندانە بەسەرئەو گەلەدا ھاتووە"
بۆیە ئەو وێنەیە ھەمیشە لەبەرچاویەتی و، وەک ئازارێک لە شیعرەکانیدا
رەنگی داوەتەوە:
بەقەد دار سێوە
لاسورەی لادێ
سێوی دڵم خۆشەویستی بۆت گرتووە
بەقەد دەنکی لارو لەنجەی
دار ھەنارەکانی ھەڵەبجە
فرمێسکم بۆت رشتووە.
ئەم شاعیرە ھەست ناسکە رۆژانەی نوسینەوەی شیعرەکانی وەک داستانێکی گەش
بنیات نراوە ھەست دەکەیت ھەمووی نەخشی شاخەکانی کوردستان، سروشت ،کانی
و کارێز، جۆگەکانی پێناسە کردووە، بەشێوەیەکی راست و رەوان دایڕشتووە"
کاتێکیش باس لە ئازادی و ژن دەکات" وێنەیەکمان دێتە بەرچاو کە دەبێت
ھەوڵی بۆبدەین:
ئازادییان کردە
تفەتگ
چی باڵندەی روناکی بوو
ھەموویان کوشت
ژنیان کردە بووکە شوشەو
لەسەر خوانی مێزەکاندا سەمایان کرد
نیشتمانیان کرد بەخەم و
شنەی ئازاری، دایپۆشین
وەرزێکی پڕ لە خۆڵەمێشی بوو
جوانی خاکی لێ سەندین.
ئەم کۆپلە شیعرانە رۆژانە دەیان بینین وەک داستانێکی گەورە وایە
راتدەکێشێت بۆ شاخە سەرکەشەکانی کوردستان پێ دەڵێت ئەمانە سات بە سات
دەبێت وێنەی تابلۆیەکی قەشەنگ دروستبکەین و بیخەینەڕوو بەشێوەیەکی راست
و رەوان:
من نەمزانی
لەچاو تروکانێکدا تەمەن دەرواو
ئەوەی زۆر دڵخۆشم دەکات
تۆ لە مینای یاقووتی مندا دەژی
ئەو شەوەی لە خەزانێکدا بۆت دەنوسم
پڕاو پڕی ژوورەکەم دەبێتە تریفەو
مۆمەکان دەتوێنەوە
ئەو ۆژەی بۆ بێدەنگی نیشتمان دەنوسم
دەرگای ھەموو زیندانەکان دەکرێنەوە.
کە شیعرەکانی کەژاڵ دەخوێنیتەوە ھەست بە شاعیرێکی عاشق دەکەیت ،کە
بۆجوانی شەیدایە و لەخۆشەویستیدا تواوەتەوە" سات بەسات بەھەموو شێوەیەک
نەخشی بۆکێشاوە، کە ژیانێکی دوورو درێژی لەگەڵدا بردۆتەوە سەر
بۆیەکاتێک دەنوسێت ھەموو نوسینێکی خۆشەویستیەکی ئەبەدییە، پابەندن
بوونی ئەم شاعیرە وەک ئاگری تەنورێک سەرچاوەی گرتووە بۆ"درەخت، فەرشی
سەر زەوی بەرماڵی نوێژکردنی راخستووە ،چوار وەرزی ساڵ کە پایز، بەھارو
ھاوین و زستان"دەگرێتەوە پێناسەیان دەکات لەزەت لەو سروشتە دەبینێت و
وەک شیعرو پەخشان دەیخاتەڕوو.
کەژاڵ کە دەنوسێت وەکوو ئەوەی وەحی بۆھاتبێ لە تاقیکردنەوەی تایبەتی
خۆیدا کە ئەوەش گەورەییە لەخەیاڵی ژنێکدائەم ژنە بەدەنگی بەرزی ژنانە
دەنوسێت
ناخی جوانی خۆی و ژیانی دەوروبەر بەرێزەوە وێنا دەکات خۆشی و خەمەکانی
ئاڵۆزی ژیانی لەگەڵدایە، کە بە بۆچوونی من پێویستە ئەو پێنووسە زیاتر
برەوی پێبدرێت چونکە خەونی ھەیە ئەو خەونەی کە پڕە لەئازارو خەمەکان
بەرامبەر پیاو.
کەژاڵ دەبێت ئێمە لە بەرامبەریدا بوەستین لەھەموو کاتێکدا سەرسام بین
بە ووشەکانی چونکە ئەو شاعیرێکی دروستکراو نیە ھەموو شتێک لەناخی خۆیدا
بە جوانی و قووڵی دەخوێنێتەوە شیعرەکانی زۆر ناسک و جوانن بەتایبەتی
کاتێک لەسەر پارچە کاغەزێک دەھۆنێتەوە وەک ئەوە وایە سحرێکی جوان و
قووڵ و و سەرنج راکێش و کاریگەر ببینیت، بۆیە ھەموو شیعرەکانی ئەم
شاعیرە جیاوازە لەوانی تر بەھەموو پەرچەکردارەکانیەوە جوانی دەنەخشێنێت
کە ئۆخژنێکی بێ پەروات پێدەبەخشێ وەکوو زکر و تەسەوف وایە کە وێنەی
دەروێشێک بکێشێت لە کاتی زکرکردندا:
ھەرچی روبار ھەیە
جوانە
بەڵام ھیچیان
وەک ملوانکەی چاوت مەستم ناکەن
ھەرچی رەزو شینایی باخە جوانە
بەڵام ھیچیان وەکوو
بزەو خەندەی لێوت
شادم ناکەن.
ئەم ژنە شاعیرە خۆشەویستی کۆمەڵگایە، بۆ زەوی و سروشت و نیشتمان" کە
ھەردووکیان گرێدراوی یەکن وێنەیەکی جوانی "سروش" دڵگەش لە شیعرەکانی
دەبینین زۆر جاریش پێچەوانەوە دەبێتەوە.
ماڵپهڕی
کهژاڵ
ئیبراهیم خدر
|