په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

            شیعرێكی پیر .

زمكان عەزیز

بەیانی .. وەك

ھەموو بەیانیەك .. كە ھەڵئەسم

بە پەنجە پیرەكانم لە دەرگای مناڵیم ئەیەم

ئەویش لێم ئەكاتەوە .. مناڵیمە نامناسێتەوە

ھەموو كاتێك

ئەو لە من و منیش لەو ئەڕوانم

لە ڕووما دەرگاكە دائەخاتەوە

قیت و قوت ڕائەوەستم

لە دەرگا ئەیەمەوە

مناڵیم بە گوپە خرپن و لێوە گۆشتنەكەیەوە

پێم ئەڵێ ..

بڕۆ دەنا بە گەنجێتیت ئەڵێم

كە ئەڕۆم

 مناڵی و گەنجێتیم لە پەنجەرەكەوە

گۆچان و چویلكەكەم بە دومدا فڕێ ئەدەن

ئاوڕئەدەمەوە مناڵی زمانم لێدەردێنێ و

گەنجێتیش مۆڕەم لێدەكات

          !!!               

چاویلكەكەم چاوەكانمی ھەڵگرت و

گۆچانەكەشم دامی بە كۆڵیدا و

ڕۆشتین ..

          !!!                

دار تووەكەمان دارلاسیكێك ئەیاتە دەستم

چۆلەكەیەكی پیریش بەسەرسەرمەوە ئەنیشێتەوە

ڕیقنەیەك بە جێدێڵێ و

دەنوكێ قژی سپی لەگەڵ خۆی ئەبا و

ئەفڕێتەوە سەر درەختە پیرەكە

ھەردووكیان لەسەرەوە گەڵاو ڕیقنەم بە سەردا ئەڕژن

           !!!              

بە دارلاسیكەكە چاوێكم ئەگرمە ڕابوردوو

بەسەر لق و پۆی ساڵەكانەوە

تەمەنێكی باڵشكاو بەرئەبێتەوە

پیاوێكی سەر و سنگ سپییە

 لە بەیانیەكی تەزیوا لەدەرگا ئەیا

ھەموو شتێ بەستویەتی

كەس نایكاتەوە

         !!!             

ئاوڕێك ئەیەمەوە مناڵی لە باوەشی گەنجێتیا

خەو تاسانویەتی و

گەنجێتیش وەنەوز بۆ بزڕكان ئەباتەوە

ئیدی ..

گۆچانەكەم بە ملی بەیانیەوە ھەڵئەواسم و

پاڵتۆكەش بەسەر شانی خاتوو ژیانا ئەیەم

چاویلكەكەشم بۆ نەنە خورپە و

بمبورێ چاوەڕوانی دەزگیرانم

لە سندوقی پۆستی مناڵیما ھەڵقەكەی بەرێتەوە

وا دەست و پەلی دارتوەكە لە بینم گیر ئەكەم و

خۆم ھەڵئەواسم

بەیانی ..

مناڵیم و گەنجێتیم و دەرو دراوسێكان

 .. ئەو نامەیەیان بە دەستەوەیە كە تێیدا نوسیبووم

ئەمرم بۆ ئەوەی ئیتر نەمرم

  لاشەكەشم بدەنەوە بەو كچەی

لە جێی نوستنەكەیدا

 ...ئەمنێژێ

 

ئەڵمانیا

simkan97@hotmail.de