په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\١٢\٢٠١٨

    شیعری بەجێهێشتراو.

                                  

   کو ئوه‌ن*                          و: نەژاد عەزیز سورمێ


ئەگەر لە توانادا بووایە
ئەگەر بەڕاستی بلوایە
بۆچی چەند چرکەیەک نەبوو،
بتوانین لە نوێوە،
لە ڕەحمی دایکانمان،
ساتی لە دایک بوون
دەستمان پێ کردبووایەتەوە؟
ژیان ھەمیشە لەسەریەتی
تەنێ
گوێ لە دەنگی،
شەپۆلە ھاتووەکان بگرێ.
*
لەگەڵ ئەوەشدا
نابێ پشت لە ڕێی ڕۆیشتنمان بکەین
سیپاڵی ساڵان
کە پەلم پێ کوتان
وەک شڕوشیتاڵی شۆراو
لێرەو لەوێ ھەڵدەفڕن..
*
کە ھەژار بووم
تەنانەت فرمێسکیش نەدەھاتن..
*
لە ھەندێ ئێوارەدا
پشتی ساردم
بە پشکۆی دامرکاوەوە
گەرم کردەوە ..
ئینجا بە ناچاری سوڕامەوە
سنگم گەرم بکەمەوە..
لە شەوانی دیدا،
قەسریم و
زۆر بە سادەیی ڕەق بوومەوە..

چەندی ڕۆژانی نەژمێردراوی سبەی
دەبنە ئەمڕۆ
من زۆربەی جاران،
تەنیا غەریبێک بووم
لە کورسییەکی پشتەوە..
چیاکان لە زەردەپەڕدا،
قووڵ قووڵ بوون..
ئەو ڕێگایەی لە سەرم بوو بیبڕم
وادەردەکەوت
درێژتر بێ لەوەی پێیدا ھاتووم .
*
با ھەڵیکرد..
ھەڵیکرد..
*
ئەوە ڕۆح بوو دەیلوراند،
یان شیعر؟
ھیچ ڕۆژێ خەم
کڕین و فرۆتنی لەسەر نەبووە
کەوایە خەمبار بە!
وەک چرایەک
بە درەنگەوە، دوور دەوەستێ..
*
لەوانەیە، لە ھەستم بەدەر
ھیچم بەجێ نەھێشتبێ
کە شتێکم
لە دوای خۆمدا جێھێشتووە
لە کاتێکدا
تەم پەرت دەبوو..
لەو جێیەی لێی بووم
خێرا ھەستام
ڕەنگە لە کەناری ڕۆژئاوا بوو بێ
نزیک
ڕادیکاڵترین تۆقەڵان
لە نیوەدوورگەی( تایان)دا.
بڵێی ئەوە ڕۆحێک بووبێ
لە قۆناخێک
لە قۆناخەکانی ژیانمدا دەیلوراند
یان شیعر؟

__________________________________________

* کو ئوەن: شاعیری کۆری کو ئون ئابی ١٩٣٣ لەدایک بووە، یەکێکە لەپڕبەرھەمترین شاعیرانی کۆریای سەدەی ڕابردووە. بەھۆی چالاکی سیاسی و داکۆکیکردنی لە دیموکراسی لە وڵاتەکەیدا زیندانی کراوە، بۆیە بە شاعیری بەرگریکار لە نیشتمان و ھاونیشتمانیانی ناسراوە.
بۆ دەقی شیعرەکە بڕوانە:
www.poetryletters.com/mag/%d9%82%d8%b5%d8%a7%d8%a6%d8%af-%d9%85%d8%aa%d8%b1%d8%ac%d9%85%d8%a9/%d8%b4%d9%90%d8%b9%d8%b1%d9%8c-%d9%85%d8%aa%d8%b1%d9%88%d9%83

 

ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک