په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

شیعر و هزر، مانای کراوە.


ڕابەر فاریق   

دەڕۆم،
جووڵەکانی ئەو هەتاوە دەبڕم
کە لە دەوری چاوەکانمدا دەنیشێ.
ئیلیۆنۆرا برو Eleonora Bru 
1
بۆچی شیعر دەخوێنینەوە؟ ناکرێ لە بری شیعر، خەریکی کتێبی پیرۆز بین؟ شیعر لە حەقیقەتەکانی دنیا نزیکترمان دەکاتەوە یان ئایین؟ ئەوە شیعرە هانمان دەدا پتر لە خۆمان نزیک بکەوینەوە، یان ئایینەکان؟ تۆ بڵێی سەرکەوتنی شیعر بە سەر پیرۆزییەکان لەوێوە بێ کە لە یەککاتدا هەم گوزارە‌ لە تاکەکەس و هەمیش کۆکەس و ئەوانیدیکەیش دەکا؟ ئەوە بۆچی لەوەتەی دنیا هەیە، شیعریش وەکوو بەردەوامیی بەردەوامە؟ دەشێ بوونی مرۆ پەیوەست بکەین بە بوونی شیعرەوە؟ شیعر جگە لە شیعرییەت، چیی دیکەیە مانیفێست دەکا؟ ئێمە بۆ ئەوەی شیعر بناسینەوە، چی دەبێ بە کۆمەککارمان، جگە لە شیعرییەتی دەق؟ ئەوە بۆچی هەر ژانرێک بە شێوەیەکی ئەقڵانی تێکەڵ بە شیعر ببێ، سەرنجکێشتر دەبێ؟ ئەو سیحرە لە کوێوە دێ کە دەڕژێتە شیعرەوە؟ شیعر جگە لە جوانی و چێژ، گەرەکە چیی دیکەیش لە خۆدا هەڵبگرێ، تا شوێنپێیەک لە سەر خاکی زمان و هزر و خەیاڵمان بەجێ بهێڵێ؟ شیعر کە نامانگەیەنێ بە هیچ یەقینێک، هۆکار چییە ئێمە ئەوەندە خۆمانی پێوە قاڵ دەکەین؟ ئەو سەرچاوەیە لە کوێوەیە کە شیعر تێیدا هەڵدەقوڵێ؟ بۆچی کاتێک شیعری کوردی کەمێک لە سۆز دوور دەکەوێتەوە و پەنا بۆ هزر دەبا، یان لەوێدا نیشتەجێ دەبێ، خوێنەری کەم دەبێ؟ چما ئەوە تەنها شیعرە جوانەکانن دەستەمۆ نابن؟ شیعر بۆچی دەبێ هەڵگری هیچ ڕەهەندێکی دیاریکراو نەبێ، تا لەو ڕێگەیەوە بەرەوڕووی بڕۆین و بە نێو قووڵایی و شوێنە لاتەریکەکانی شۆڕ ببینەوە و پتر لە وەهمەکانی نزیک بکەوینەوە؟


ئەمانەی سەرەوە، ئەو شەپۆڵە پرسیارانەن کە هەردەم لە شوێنێکەوە بەرەو شوێنێکی جوداوازتر دەمگوازنەوە و ناتوانم بە هۆیانەوە هەدا بدەم. خوێنەر، بۆ ئەوەی بتوانێ لە حەقیقەتی شیعر نزیک بکەوێتەوە، نابێ بیەوێ لە دوای ڕامکردنی (مانا)وە بگا بە بنبەست، ئەمە ئیشی خوێنەر نییە، بەڵکوو دەبێ بە دوای چێژ و جوانی دا بگەڕێ.


جوانییە ڕاستەقینەکان هی شیعرن، بەڵام شاعیر نا. شیعر و شاعیر زۆر لە یەکتریی جیاوازن، من پێوەندییەکی ئەوتۆ نابینم لە نێوان ئەم دووانەوە، پێوەندییەک ئەگەر گەییشتین بە (ئەو)، ئەوا یەکڕاست (ئەویدی) لە بەردەمماندا قووت ببێتەوە. شیعر تاکە پێوەندییەکە، تاکە سەرچاوەیەکە لە یەککاتدا هەم هەڵگری حەقیقەت و هەم فەنتازیایشە، لێ بە بێ ئەوەی زیان بە هیچ کامێکیان بگەیەنێ.


زمان و وشە دەورێکی گاریگەر دەگێڕن لە خستەڕووی ئێستێتیکا و خەوشەکانی دەق، هەموو دەقێک، پێش زمان، بە هۆی وشەوە دەناسرێنەوە. من وا هەست دەکەم "یەکەمجار وشە هەبوو" لەم ڕووەوە هەڵگری بایەخی تایبەت بە خۆیەتی و هەمان ئەو ڕایەڵی پێوەندییە ڕیشئاژۆیییە دەنوێنێتەوە کە لە سەرەوە ئاماژەم بۆی کردووە.


ئەوی بە سەر وشەدا زاڵ بوو، دەکارێ بە سەر زمانیش دا زاڵ بێ، کە بە سەر زمانیش دا زاڵ بوو، دەکارێ چێژ خەڵق بکا، هەر وەختێکیش چێژ خەڵق بوو، ڕەهەندێکی جوانی خۆیمان پیشان دەدا، کە جوانییش پەیدا بوو، دەق لە گەلێک لایەنەوە خۆی مانیفێست دەکا و دەرگەکانی وجود زێتر بە ڕووماندا وازی دەبن.


شیعر دەبێ موسافیر بێ، شاعیریش ڕوانینوان. ئەو وەختانەی شاعیر قووڵ لە شتەکان دەنۆڕێ و بیردەکاتەوە لە هەبوون و پێوەندییەکانی نێوان شتەکان و مرۆ، فیکر و شیعر، گوتنی نەگوتراوەکان بە کۆمەکی گوتراوەکان؛ شیعر وەک موسافیرێک ڕێ دەبڕێ، موسافیر ئەگەرچی پێویستیی بە هاوڕێ هەیە، هەندێک جاریش بە دوویدا دەگەڕێ، لێ نازانێ ئەوی بەرەوڕووی دەبێتەوە کێیە و چۆن لێی نزیک دەکەوێتەوە؛ ئەمەیش هەمان پێوەندیی نێوان شیعر و خوێنەرە.


گەورەیی لەو شیعرەدا نییە کە قبووڵی دەکەین، ئەوەی لە یادەوریشمان دا نامێنێتەوە، لە چکۆڵەییی نییە، بەڵکوو ئەمە پەیوەستە بە مەعریفەی (منی خوێنەر) بۆ ئەو شیعرەی لە بەرانبەریدا دەوەستم. ئەو وەختەی لەگەڵ شیعرێکدا بەریەککەوتن چێژ دەئافرێنێ، مومکین نییە ئەمە لە مەودافراوانیی شیعر بێ، چونکە جاری وەها هەیە، ئەو دۆخەی تێدیدا دەژیین، دۆخێکە تێکەڵ بە لەحزەی نووسین- شیعر، یان کەشێکی ئارامە و خوێندنەوەی ورد، چێژمان لە کن جێ دەهێڵێ.


ڕوخسار و ناوەوەی شیعر پێوەندییەکی بەتین لە نێوانیاندا هەیە، مەمیشە خوێنەرگەلێک هەن ناتوانن لە شیعر تێبگەن، ئەمە بەرئەنجامی نا ماقووڵیی شیعرەکە نییە، بەڵکوو هی ئەوەیە خوێنەرانی کورد تەنها ڕوخساری ئەو شیعرە دەبینن، واتە؛ بەرەو پەنهانەکانی نابنەوە، لێرەوەیە کە شوێنپێی هەڵکۆڵین لەق دەبێ و ساکاریی سەرنجدان شوێنی دەگرێتەوە، هەر وەختێکیش خوێنەر گەییشت بەم ئاستە بنبەست و ناڕۆشنە، پتر لەوە نزیک دەکەوێتەوە کە ڕەهەندەپەنهان و ڕۆشن و ئێستێتیکییەکانی شیعر لە خۆی گوم بکا.


شیعری جوان بە ئەفسوون سەرنجمان بۆ لای خۆی کێش دەکا، هەر ئەو ئەفسوونەیشە دەبێ بە کۆمەککارمان تا پتر چێژی لێ وەربگرین و بەرەو گەلێک کەلەبەری وەها بڕۆین کە چاوەنۆڕییمان نەکردبێ.


شیعری جوان تەنها بۆ ئەوە نانووسرێ تا بخوێندرێتەوە و شتگەلێکی دیکەیشمان پێ پیشان بدا کە ئێمە تەسەووری ناکەین، بەڵکوو بۆ ئەوەیش دێتە بەردەم چاوانمان تا دەرگە ڕەپێشکراوەکان وازی بکەین بە ڕووی گوماندا، تا بەرەو جوداوازیی هەڵکشێین و لە ئێستێتیکایش پتر نزیک بکەوینەوە.
هەمیشە ئەو شیعرانە دەمێننەوە کە لە (مانای کراوە)ی بیرلێکراوەدا نیشتەجێن، واتە بە تەنها خوێندنەوەیەک و ڕاڤە بۆکردنێک ڕووت نابنەوە، چونکە بۆ ئەوە نووسراون تا شمەکەکانی بەر زمان پتەوتر بکەن.


هەرگیز ناتوانین بە خوێندنەوەی شیعر مەعریفە پەیدا بکەین، بەڵام دەشێ خەیاڵمان فراوانتر بکەین و ببین بە پردێک لە نێوان بە یەکترگەییشتنی مانا و مەجاز.


ئەو شیعرانەی تەنها دیوێکیان هەیە، بە تەنها خوێندنەوەیەکیشیان بەسە، ئەگەر زیاد نەبێ، هاوکات ئەوانەیش کە ڕەهەندگەلێکی کراوە و قووڵیان لێ دەبێتەوە، نە بە خوێندنەوەیەک تینوویەتیمان دەشکێنن و دەبن بە پاڵنەر تا لە حەقیقەتی دەقەکە نزیک بکەوینەوە، نە دەهێڵن بە سانایییش بەریەککەوتن لە نێوان خۆیان و خوێنەرانیاندا بێتە ئاراوە.


ئێمە شاعیرگەلێکی زۆرمان هەن، بەردەوام دەنووسن و دەخوێندرێنەوە و ڕاڤەگەلی بێشووماریش بۆ دەقەکانیان دەکردرێ، شاعیرگەلێکمان هەن پێش بڵاوکردنەوەی دەقێک، ئەو دەقە دەدەن بە چەند کەسێک تا لە بارەیەوە بنووسن، یان دروستتر بڵێین: بیسەلمێنن هێشتا ناماقووڵیی هەیە و دەتوانن مومارەسەی بکەن، بەڵام تا ئێستە کەسمان نەبینی بتوانێ تەنها پارچە شیعرێکی وەها ڕاڤە بکا، با لە ڕوانگەی خۆیشییەوە بێ:

لە یەکەوە تا من بژمێرە
بە تۆدا پەتوویەک پیاتا بەم
بێ پەردە و بە سووکی پێت ئەڵێم
کەمێک سپیاییەکان لا ئەیەم
نیشتەجێی سوورێک بە
کێ دەزانێ ڕەنگە قەدەر بۆ پەتوویەک تر
هێندەسەی ناو لەپت نووسرابێ، ها؛؟


ڕەزا عەلی پوور؛ قاڵییەک دەناسم لە هەرچی گوڵیەتی ماندووە، ل 45.


شیعری وەها لە نێو کورددا کەمە، تەنانەت وەکوو کۆپلەیش. لە سەرەوە باسم لەوە کرد کە شیعری جوان نیشتەجێی (مانای کراوە)ەیە، ئەگەرچی ئەم نووسینەی ئێمە خوێندنەوەیەک نییە بۆ شیعری کوردیی، بەڵکوو وەستانە لە سەر شیعرێکی سوێدیی کە نووسیارەکەی (ئیلیۆنۆرا برو)ە، لێ ئەم نموونەیەی سەرەوە هەوڵێکی جوانە بۆ چوون بەرەو دنیا، دنیایش هەر لە (من)ەوە دەستپێ دەکا، وەک ڕەزا ئاماژەی بۆ کردووە لە یەکەم دێردا. پرسیارکردن لە شیعری کوردیدا کەمە، وەکچۆن وەستان لە سەر بوونی مرۆ و چەقۆیش کەمە، لەو شیعرانەیش کە ئیشیان لەسەر چەقۆ کردووە، تەنها ئیسماعیل ڕەمزە، نەک چەقۆیەکی دی...

پەنجەرەیەک دەتوانێ هەموو شەو ئاوەڵا بکاتەوە و
بە سەر ژیان و مەرگدا بڕیار بدات
بێ ئەوەی دەرگاکانی شەو دابخەی،
بڕۆ بخەوە.
ئیلیۆنۆرا برو Eleonora Bru

بە سەرنجدان لەم کۆپلە بچووکە، پاشان وردبوونەوە لێی، هاوکات ڕاڤەبۆکردنی، پەی بە زمانێکی تۆکمە، دەستگرتن بە وشە، وێنەگەلێک، مانای تێکچڕژاو لەگەڵ مەجاز، دەبەین و بە دەقێک ئاشنا دەبین کە سەرنجکێشە. لەم کۆپلە چوار دێرییەی سەرەوەدا، دوو وێنەی جوان هەن، وێنەیەک کە پێمان دەڵی دەتوانین بە (کردنەوەی پەنجەرەیەک) سەرتاپای (ئەمشەو) ڕووناک بکەینەوە، لێرەوە تێدەگەین زمان وەک هەبوویەک، وەک دەسەڵاتێکی بە ئیرادە سەرکێشیی خۆی نواندووە، ئەمەیش لەوێوەیە کە دەبینین چەند وشەیەک، بە شێوەیەکی تەواو هونەریی، سکێچێکمان بۆ دەکێشێن، لە یەککاتدا هەم سووریالییانە، هەمیش ئاسایییەکی سادە، هاوکاتیش قووڵ.


کەواتە؛ (پەنجەرە)ی نێو ئەم دەقە، پەنجەرەیەکە لە نێوان دوو بەرداشدا، واتە (ئێمە) دەتوانین لەم پەنجەرەیە هەم بە (ڕووناکیی- بوون) ئاشنا ببین، هەمیش بەرەو خامۆشبوون ڕێ بکەین، ئەمە وەک بە شیعرکردنی (هەبوون) وەهایە، چونکە لە ژیانیش دا (ئێمە) دەتوانین هەم بە شادمانیی بژیین، هەمیش بە شێوەیەک کە نێرگزییەت باڵی بە سەرماندا بکێشێ. دواجار، ئەو (پەنجەرە)یەی (ئیلیۆنۆرا برو) باسی دەکا و هێزەکانی پیشانی ئێمە دەدا، دەکرێ وەها تەماشای بکەین کە ئەم شاعیرە لە هەناوی ئەم وێنایەوە، سەرنجمان بۆ ئەوە ڕادەکێشێ کە لە سەردەمی عەولەمەدا (مرۆڤ)، پاش ئەو هەموو بیرکردنەوەیە، هاوکات ئافراندنانە، تەسلیمی (ئامێرەکان)بووە، ئەمەیش بووەتە هۆکار بۆ داهێنانی ئەم دەقە.


وێنەکەی دی، واتە: (بێ ئەوەی دەرگەکانی شەو دابخەی،/ بڕۆ بخەوە)، جگە لەوەی وێنەیەکی تەواو ژیگەڵەیە، هاوزەمان زۆر چڕ و ئێستێتیکییشە، بەو مانایەی کە لە ڕێگەی تێگەییشتمان لە ڕەهەندەکانی ئەم دەقە و قووڵبوونەوەمان لە ناوکۆییەکەیدا، بە ئەنجامێکی وەها دەگەین: دەتوانین لە ژیاندا (هەڵبەت ئەو وەختانەی کە مەیلی خۆشبەختیمان هەیە) واز لە ناشیرینییەکانی دەوروبەر، فێڵەکانی ئەوانیدی بهێنین، ئەمەیش بۆ گەییشتنە بە شادمانیی، دەنا دەتوانین لە نێو ڕەهەندەکانی ئەوانیشدا نیشتەجێ ببین، بەڵام ڕەنگە ئەوکات هێزێکی وەها شک نەبەین تا دووربکەوینەوە لە مەیلی بێزاربوون. کەواتە: لەم ناوکۆییەدا، ئەم کۆپلە شیعرەی سەرەوە، بە شێوەیەکی جواواز لە هەوڵی ئەوەدایە تا مەیلیمان لە شوێنێکی تاریکەوە بگوێزێتەوە بۆ شوێنێکی ڕۆشن، تا لەوێوە بتوانین تێڕابمێنین لە هەبوون و وتووێژ بکەین لە بارەی ئاریشەکانی، وتووێژ لەگەڵ خۆمان، هاوکاتیش دەوروبەر.


ئەمەی سەرەوە، بە دەر لەوەی کە وەکوو شیعر، شیعرێکە لە نەستەوەیە، هاوکات لە واقیعەوە بەرەو پەنهانەکانی خۆی دەچێ، بە شێوەیەکی زۆر هونەرییش تێکەڵ بە (فیکر) بووە، بەو مانایەی ئێمە دەتوانین لە ئەنجامی بیرکردنەوەیەکی فرەلایەنە لە بەرانبەر دەقەکەدا، پێوەندییەکانی نێوان هزر و مانا دیاریی بکەین، ئەگەرچی ئەم پێوەندییە لە شیعری کوردیدا کەمە و سەرچاوەکانی قسەکردن لە بارەیشیەوە بایی ئەوە نیین کە سوودیان لێ وەربگیردرێ بۆ لێکۆڵینەوە، بەڵام خوێنەر نابێ داببڕێ لە ئەنجامە بەدیهاتووەکانی خۆی، لە دوای تەواوکردنی هەر دەقێکەوە.


لە ڕووکەشدا، کۆپلە شیعرەکەی (ئلۆنۆرا برو)، وشک و برینگە، چەند وشەیەکن لکێندراو بە یەکترییەوە، بەڵام لە دوای لێ ڕامان لە قوڵاییەکانی دەقەکە، بەرەو خودی ئێستێتیکا دەبینەوە. ئیشی هونەر ئەوە نییە جیهان بگۆڕێ، بەڵام ئەگەر ئەمەیشی بۆ کرا، ئەنجامەکە خراپ نابێ. هونەر هەوڵدەدا لە ناوەوەی خۆیدا دنیایەکی تایبەت بە خۆی بونیاد بنێ، هەوڵدەدا ئێمە لە ڕێگەی دنیاکەی وییەوە دنیای خۆمان جوانتر بکەین، واتە: ئەو جوانییەکانمان پیشان دەدا، بۆ ئەوەی بتوانین کەڵکی لێ وەربگرین. لەم ناوکۆییەوە، هاوکات بە گەڕانەوە بۆ ماناکانی دوو وێنەکەی نێو کۆپلە شیعرەکەی سەرەوە، تێدەگەین کە هونەر- شیعر، توانای گۆڕینی واقیعی نییە، بەڵام توانای هەیە بە شێوەیەک کە هەم لەگەڵ خواستمان دا بگونجێ، هەم ناکۆکیش بکەوێتەوە، بیاننوێنێتەوە. بۆیە دەتوانین لە ئەنجامی بیرکردنەوەمان لە شیعرەکەی سەرەوەدا، بەو شوێنە بگەین کە هونەر (شیعرەکە) ڕاڤەی خۆیمان دەداتێ بەرانبەر بە دنیا و کێشە جەوهەرییە، بەرانبەر بە نامۆبوون و بە ئامێربوونی شتەکان و مرۆ، یان ڕوونتر بڵێین (دەیاننوێنێتەوە) بە شێوەیەکی هونەریی. پێش لێ ڕامانمان لە شیعرەکە، وەها هەست دەکەین بەشێکی زۆر لە دەرگەکانی ماناکانی داخراون، بەڵام دوابەدوای مومارەسەکردنی چێژ و تێگەییشتن لە جیهانبینیی نووسیارەکە، خۆرسکانە دەرگەکان بە ڕووماندا وازیی دەبن و (مانای کراوە) لە بەردەمماندا قووت دەبێتەوە.


دوابەدوای هەموو ئەمانە، واتە: (نواندنەوە)ی وەها تراژیدیایەک، دەبینین (منی شاعیر) هەست بە خەمگینیی ناکا، بە سەرنجدان لە بارودۆخ و شێوەژیانی ئەوروپییەکان، تێدەگەین کە ئەمە (بێ سۆز)یە، دەنا لە سەروەختی وەها دۆخێکدا، مرۆڤ بیەوێ یان نا، سۆز ئامادەییی دەبێ، ئامادەنەبوونی سۆز لە شیعری ئەوروپیدا، ئامادەنەبوونی هەستی بەرپرسیاریەتیی و مرۆیی و بیرکردنەوە نییە، بەڵکوو لەوێوە دێ کە مرۆڤی ئەوروپی، دەیەوێ ئەو کاتەی بە نیازە بیڕەخسێنێ بۆ (داخەکان)، ئەوا بە شێوەیەکی هونەریی و ئێستێتیکیی تەرجەمەی سەر زوبانی بکا، لەوێوەیش ببێ بە پردێک لە نێوان نووسیار و دنیا، تا ڕەخنە بەرهەم بهێنرێ.

2
چاوەکانم خاڵین لە ڕووناکی
تەنها شەو هەڵدەمژن.

پێڵووە گرانەکان
ئومێدی بۆشایی دەخوازن.
لە (کەم)ی ڕووناکیدا
هێمنن.

*** *** ***
خۆم لە ناوەوە بەتاڵدەکەم
تا ناخی خۆم دەپێکم.


من لەوێدا ڕاکشابووم،
زەریایەکی ڕەش بە سەرمەوەبوو
کە دەکرا ئاسمان بێ.
ئیلیۆنۆرا برو Eleonora Bru

پێشتر باسمان لەوە کرد کە نیگەرانیی شاعیرە ڕۆژئاواییەکان بەو شێوەیەی لە نێو وڵاتە ڕۆژهەڵاتییەکاندا بەدی دەکرێ، لە ئێستەدا بوونی نییە، ئەمە بە نیسبەت (سۆز) و (بەزەیی) و (لاواندنەوە)یش هەمان شتە، بەڵام ئەوان لەباتی ئیشکردن لە نێو ڕەهەندەکانی (سۆز) و هتد، دێن لە دەرەوەی ئەم هەستانە، دەگەڕێنەوە بۆ ناوەوەی کێشەکان، جوانییەکان، ڕەخنە دەگرن، ڕوانینەکانیان مانیفێست دەکەن. لێرەوە دەزانین بەشێک لەو هۆکارانەی دەق بەرەو زیندووبوون دەبەن، هەڵقوڵاوی ئەم هۆکارەیە، هاوکات بە شێوەیەکی چڕ و بیرلێکراوە تەوزیفکردنیەتی لە نێو نووسیندا.


ئەگەر بە وردی سەرنج لەو کۆپلەیەی سەرەوەیش بدەین، واتە: (چاوەکانم خاڵین لە ڕووناکی/ تەنها شەو هەڵدەمژن)، ئەو وێنایەی سەرەوە وەکوو خۆی، خۆی دەنوێنێ. ئەم دوو دێرانە، قووڵبوونەوەن لە وجوودی تاکەکەسێکی هۆشیار، قووڵبوونەوە لە بیرکردنەوە و تەماشاکردنی دەوروبەر و دنیا، بە شێوەیەک کە ئەو (تاکەکەس)ە خۆی مەیلی لێیەتی. ئەو دوو دێرە، لە ڕوخساردا ماناکانیان داخراوە، مەبەست لە مانای داخراو ئەوەیە کە خوێنەر دەتوانێ لێیان تێبگا، بەڵام کاتێک تێگەییشت، ئەو کات بەرەوڕووی مانای کراوە دەبێتەوە، بۆیە وا هەست دەکا ناڕۆشنیی ئەم دەقە، پەیوەستە بە ناڕۆشنییەکی دیکە، کە بیرکردنەوەیە. گەلێک جار لە سەروەختی تەماشاکردنی تابلۆیەکدا، وەها هەست دەکەین زۆر سادەیە (خۆ ڕەنگە لە ناواخنیشەوە هەمان شت بێ)، بەڵام کاتێک بەرەو پەنهانەکانی شۆڕدەبینەوە، تا دێ پێش چاومان تاریکتر دەبێ، مەبەستم ئەوەیە کە دەقەکە لە پاڵ ئەوەی قووڵتر دەبێ، وەرگرتنیشی ئەستەمتر دەبێ.


نائومێدی چەند دیوێکی هەیە، هەر یەکێک لەو دیوانەیش تەعبیر لە خودێک دەکەن. کەواتە نائومێدی شتێک نییە ئێمە یان شاعیر بیگوازینەوە نێو چەند وشەیەک و لە بۆتەیەکدا بیتوێنینەوە، بەڵکوو ئەوە وشەکانن لە بۆتەی وی دا دەتوێنەوە و هەستکردن بە وجودی خۆیان بەو شێوەیەی شاعیر دەیەوێ، دەنوێنن. ئەو (پێڵو)انەی کە بە (ئومێد)ن لە (بۆشایی)دا بن، هاوکاتیش لە (کەمبوونەوە)ی (ڕووناکی)دا (هێمن)ن، هی چاوانێکن کە جوداواز دەنۆڕن لە دەوروبەر و ڕێکردنی مرۆ و گەشەکردنی دنیا و شتەکان.


کاتێک مرۆ گەییشت بەم نائومێدییە وجودییە، دەیەوێ لەوێدا بە شێوەیەکی هێمن بمانگەڕێنێتەوە کن بیرکردنەوە و بە کاڵابوونی ئینسان. لێرەوەیە کە دیوە تاریکەکەی نائومێدی، تەرجەمەی سەر ئاگایی و وردبوونەوە و ئێستێتیکا دەبێ و دەبێ بە هۆکارێک تا بە شێوەیەکی سیستماتیک لە دیوەکانی دیکەی خۆمان و ئەوانیدیکەیش بڕوانین.


بۆ ئەوەی لە نائومێدی تێبگەین، پێویستمان بە بیرکردنەوەی قووڵ هەیە، بیرکردنەوە لە دەرهاویشتە و دەرئەنجامەکانی. ناکرێ ئێمە نائومێد بین و لە ناخەوە شتێک تەنگی پێمان هەڵنەچنیبێ، چونکە ئەم تەرزە نووسینە ئافراندن خەڵق ناکا، تەنها لەو کاتانەدا نەبێ کە نووسەر بە شێوەیەکی قووڵ ئاگاداری نووسەرە بوونگەراکان و شێوازی بیرکردنەوە و (کافکا)گەلە نائومێدەکان ببێ، لە ڕاستیدا ئەمەیش یەکێکە لەو هەوڵگەلە بێشوومارانەی گەلێک لە پێناویاندا تێکۆشراوە، بەڵام ئەنجامەکان لە زۆرینەدا تەنها نووسینێکی بە ڕووکەش جوانیان خستووەتەوە.

3
لە سەرەوەدا، باسمان لە نائومێدیی کرد، هاوکاتیش کورتبڕیی و ئێستێتیکیی دەقەکە، لە سەروو ئەمانەوەیش، بە شیعرکردنی فیکر، کە ئەمە یەکێکە لە هەوڵە هەرە جوانەکانی ئەم شاعیرە، بەو واتەیەی کە فیکری وەها تێکەڵ بە شیعر و کورتبڕیی کردووە، خوێنەر لە گەلێک کاتدا هەست بەوە نەکا لە نێوان ئەم دووانەدا پردێک هەیە، بەڵکوو ئەمان خۆیان پردن بۆ یەکتری و چوونە نێو بۆتەیەکی پرۆسەی نووسین لە دەقدا، ئەویش: بە شیعرکردنی فیکرە.


لێرەوە، دەتوانین بڵێین فیکر دیوێکی دیکەی شیعرە لە ئێستەدا، ئەو زەمەنە بەسەرچوو کە تەرزە ڕوانینانێک هەبوون ئەوەیان بەیان دەکرد "ئێمە لە شیعردا تەنها بە دوای شیعر دەگەڕێین، لە فیکریشدا تەنها فیکر"، بۆیە ئەم ڕوانینە ئێکسپایەر بووە، چونکە لە دەرئەنجامی لێبوونەوەی ڕەهەندگەلێکی دی لە شیعردا، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە ئەمەی سەرەوە لە بیرکردنەوەیەکی سەڵت بەرهەم دێ - بۆ نموونە؛ لەمبارەیەوە دەتوانین سەرنج لە گەلێک شیعری هاوچەرخی ئێستە بدەین کە توانیویانە لە ڕێگەی تێکەڵکردنی فیکر بە شیعرەوە، داهێنانمان پیشان بدەن، ئەمانەیش هەندێک لە دەقنووسەکانن: ڕەزا عەلی پوور، هەندرێن، ڕامیار مەحموود، بەختیار عەلی، ئەحمەدی مەلا، فاروق ڕەفیق-.


لە شیعردا چەندە شیعرییەت مەبەستە لە کن خوێنەری هۆشیار، هێندە و پتریش زمان. وەکچۆن لە زمانی ئافرێنەرانەوە شیعری خراپ بەرجەستە نابێ، ئەمە بۆ زمانیش وەهایە، چونکە زمانی باش، بیرکردنەوەی قووڵ، ئاگاداربوون لە ئەزموونەکانی دیکەی نووسەران، شیعری خراپ بەرهەم ناهێنێ، بەڵکوو ئێستێتیکا لە خۆیدا هەڵدەگرێ.


دواجار بە کورتی: لەم شیعرەی (ئیلیۆنۆرا برو)دا، فیکر لە خزمەتی شیعر، شیعر لە خزمەتی شیعرییەت، زمان لە خزمەتی دەق، ئێستێتیکا لە خزمەتی ئافراندن و قووڵبوونەوەیش لە خزمەتی مانا شاراوەکاندایە. نووسەر کە گەییشت بە ڕوانینێکی وەها، مەبەستم ئەوەیە کە لە دوای ئەم تێکەڵەیە دەق پێشکێش بکا، هیچ گومانی تێدا نییە کە ئافراندن لە بەردەمماندا قووت دەبێتەوە.

کیژە شاعیری شوێدی، ئیلیۆنۆرا برو (Eleonora Bru)، لە ساڵی (1979)، لە شاری ستۆکهۆڵم، لە سوێد لە دایک بووە. بە کەلۆریای لە فەلسەفە هەیە، بابەتی بەکەلۆرییەکەی خوێندنەوەی فیلمەکانی تارکۆفسکییە لە ڕوانگەی (ژیل دۆلۆز)ەوە. لە ڕۆژنامە، کۆوار و سایتە ئەلیکترۆنییەکانی وەک: www.tidningenkulturen.se و www.slynglar.se و www.bladstaden.seدا وێڕای شیعر، وتاریش لەسەر فیلم و شانۆ دەنووسێ. شایەنی باسە؛ فیلمی (ڤۆدگە لیمۆ)ی هونەر سەلیم لە سوێد پیشاندرا و ئیلۆنورا لەسەر ئەو فیلمەی نووسیوو، ئەم نووسینەش کراوە بە کوردیی لە ڕۆژنامەی (هاوڵاتی)دا بڵاوکراوەتەوە. هەروا ئیلیۆنۆرا لە زانکۆ لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر کیمیابارانکردنی هەڵبجە و کاریگەریی گازی کیمیایی لەسەر ژینگە بە ناوی (سیسبوونی گوڵ لە بارانی ڕۆژگارێکی بە ژەهرکراودا) بە سوێدی نووسیوە، kurdistan Studies Journal. ئەم دەقەی سەرەوە کە ئێمە لە بارەیەوە نووسیومانە، لە کۆشیعری (نیگای دەست)ەوە وەرگیردراوە، کە (هەندرێن) لە سوێدییەوە کردوویەتی بە کوردیی. ئەم دیوانە بریتییە لە کۆشیعرێکی هاوبەشی: (هەندرێن، عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا، ئیلیۆنۆرا برو و شێروان خدر)، کە لە ساڵی 2006دا لە چاپخانەی دیلان، لە سلێمانی چاپکراوە.