په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٨\٢٠١٢

    شیعر و نەغمەی بولبولێکی سپی.


کەژاڵ ئیبراھیم خدر

١

ئەبوو لەنێوانی،چرۆی شیعرو باڵای تۆدا
لەنێو پشکۆی دڵی تۆدا
لەنێو فرمێسکە بەگوڵ چێنراوەکانی
خەرمانەی رووی بەفری سپی تۆدا
من یەکێکیان ھەڵبژێرم
تاکوو سحری جوانی رووی تۆ دەرکەوێ
بەڵام ھەرچەندم کرد
نەسیمای شیعر بێ تۆژیا،،
نەتۆش بێ شیعر
پێش وەرینی وەرزی گەڵاو
توڕەبوونی شوشەی دڵی پەپولەیەک
شاعیریان کرد بەئاگرو
ئاگریش بوو بەپشکۆیەک لەھەموو ماڵێکدا.
٣
لەو رۆژەوەی شیعر دەنوسم
ھەزاران جار شەوی چەقۆ
باڵیان بڕیم
ھەزاران رۆژ دەستی زۆردار
دەمیان دووریم
لەناو دارەمەیتی رقیانا
بەرەو گۆڕستانیان بردم
بەڵام کاتێ
تۆبووی بەئێوارەو
بووی بەئاسمان
منیش بووم بەشیعرێکی نوێ
بووم بەسرودێ بۆ نیشتمان.
٣
بەتاڵ قژت دەنوسم
دارستانێک دەخوێنمەوە
بەفرمێسکی چاوت دەنوسم
دڵۆپێ باران دەنوسمەوە
دەنکە گەنمێک باڵامەو
سپێدەیەک لەگیانمایە
من ئێستا شاعیرێکم
کوردستانێک، لەباوەشمایە.
٤
لەمەودوا
قەڵەمەکەم دەدەمە دەست تۆ
تۆ لەبری من، شیعردانێ
تابزانی دڵ تۆش، وەکوو من
ناونیشانی، بەفرو باران و
عەشق و، خۆشەویستی پێ دەزانێ.
٥
لەسەوزایی شیعرێکما
ویستم وێنەی تۆ بنوسمەوە
لەخۆم بچێ
دوور لەخەم و بۆھەمیشە
پێ بکەنێ
شیعر گریاو لێم توڕەبوو
ئەوچۆن دەتوانێ
بێ بەتۆ
تۆ ھەمیشە لەگەڵمایت و
ئەوتەنھا وەرزی پایزان دێ.
٦
ھەندێ جار ھێندە تەنیا دەبم
وەک خوێنی شەھیدێکی بێ ناونیشان
ھەندێ جار ھێندە تەنیا دەبم
وەک گەڵای پایزی بەر گەردەلوولی نیگەران
ھەندێک جاریش ھێندە پڕ دەبم لە تۆ
وەک ئەو دوو باڵدارەی
لە شەوێکی بەفرانباردا
باڵایان تێکەڵ و ئاوێزان......
٧
لەسەر بەردە نوێژی باڵات
نوێژی شیعر و ،ماچت دەکەم
بۆ قیبلەی تۆ، ھەمیشە
گەردنم بەرزەو سەر دادەخەم
من دەزانم گەر خۆشەویستی تۆ نەبێت
رۆژی سەد جار گیانم دەدەم.
٨
من نیشتیمانیکم ھەیە جیا
ھێندەی شەوانی تەنھاییت
پڕ لەبارانی عەشقەو
ھێندەی باڵای لاسە شۆڕێ
باڵا بەرزەو
ھێندەی خەمی ژنێتیشم
چڕو پڕ
بۆیە ھەردەم تیایدا دەسوتێم و
ناوم ناوە نیشتیمانی گڕ......
٩
تابلۆیەک
لە قژی ڕەش ودوو چاوی مەست
گەردنێکی بە جامانە داپۆشراوو
باڵایەکی بەرز
لەو دوو چاوەدا، ھەڵۆی بەرزو
لەو گەردنەدا پەتی سێدارە و
لەو قژەدا سەرێکی بڕاو
لە ئاسمانی جەستەشتدا
ھاواری باوکت وزریکەی مێژوو
فرمێسکی چاو.
١٠
نەمزانی دەستەکانت
کاروانێکی ڕاگوزارن جێم دەھێڵن
سەرنجت ڕێبوارێکە
ھەر ڕۆژێک بێت ڕوخسارم
بەجێدێڵێ
من دەمەوێ لە ڕێوو بانی
ئەم ئەوینە سپیی مندا
یەک دڵ و، یەک دەست و، یەک چاو بین
تا لە جیھانی ئەم عەشقەمانا
بێکەس نەبین.
١١
کە دێی لەسەر کورسیەکە دادەنیشی
کورسیەکە دەبێت بە تەختی پاشایەتی و
لەبەردەمتا شەرم دەکەم
گوڵێک دەدەیت لە بەرۆکم و
لەکەناری ڕۆحما دەیچێنم
بۆ ھەمیشە بۆنی دەکەم
کە دەمیش دێنیت ماچم بکەیت
ھەڵم دەبڕی تا تینوێتیت بخۆمەوە
بەڵام من فریای ھیچ ناکەوم
لە بەردەمتا دەتوێمەوە.
١٢
شیعر لای من
نەغمەی بولبولێکی سپی و
باڵی پەپولەیەکی ڕەنگاو ڕەنگ و
چاوی باران و بەفر و
پرشنگی ئەستێرەیە
لەدەشتی ساماڵی دڵما
دەڕوێ
لە سنگە فراوانەکەیدا
ھەموو شتێ ھەڵدەگرێ
لەخامۆشی دڵی مندا
ھەرچەند ھاوار دەکاو، دەنگ ھەڵ دەبڕێ
بەرامبەر دەسەڵاتی کوشتن و
دابو نەریتی کۆن
دەسەڵاتی پیاو سالاری
ھیچی پێ ناکرێ.
١٣
بە مناڵی دایکم پرچی بۆ دەھۆنیمەوە و
بەیانیەکیش پرچی باران
دایکم فرمێسکەکانی لەسەر سەرم دەوەرین و
بارانیش جۆگەی شیعری دەنوسیەوە
دایکم جوتێ بازنی دەکرە دەستم و
بارانیش لە جۆلانەی شەپۆلەکانیدا
سەمای بۆ وەنەوشەو درەخت دەکرد
لە دوایدا ھەردوکیان
بوونە دوو دڵداری
میوانی دایکم و باران و
خەونی شیعر
ئاسمانیان پڕکرد لە میھر.
١٤
لە بەردەممدا مەگریە
لەو ساتەدا
دەبمە پەڵە ھەورێ
لەچاوانتا دڵۆپ دڵۆپ
گەرم گەرم
دەڕژێمە نێو خەمەکانت
تۆش ببە بەکزە بایەک
لەگەڵ خۆت بمبە بۆ کوێستانی نیگاکانت.
١٥
ئەو کاتانەی کە تەنیا بوویت
چەرپاکەتم بۆ داگیرسێنە
پەنجەرەی ژوورەکەت بکەوە
تا وەک بایەک بە ژاوە ژاوێکەوە
خۆم بکەم بە ماڵەکەتدا
ئەمجارەیان وەک دایک
پڕت بکەم لە سۆزی دایەو شیعری لایلایە.
١٦
ئەکەر رۆژێک نەتبینم
ئەزمر بەدوو چاوی منەوە
سەیرت دەکات
ئەگەر رۆژێ من گوێم
لەدەنگ نەبێ، گەروی ئەشکەوتێک
گوێچکەی بیستنی منی تیدایەو
گوێت لێ دەگرێ
ئەگەر رۆژێک نەگەمە لات
خەمم ھاوبەشی ژیانتەو
بۆنی پەنجەو بۆنی ماچی
یادگاری و کزەی ھەناسەتی تیایە
شیعری منیش لەوناوەدایە
تریفەی مانگی شەیدایە
ھەمیشە بەرەو لات باڵ دەگرم
لەسەر ڕێگەت دەوەستم و
ماندووێتیت رادەگرم
پێت دەڵێم"
تۆ بارانی بەھاری،
یان بەفری کرێوەی زستانی
یا ئێوارەیەکی غەمگینی،،
ھەموو ڕۆژێک لەم شوێنەدا
سەدان ماچی
پەڕو باڵکراو سوتاوی
غەریبیم وەردەگری
پێم دەڵێی" ببورە گیانەکەم
تۆ شیعری چاو ڕەش و
خەرمانەی تەنیای عەشقێکت
پێ نییە بۆ منت ھێنابێت
لە جیاتی ھەموو ئەمانە
چەپکێ خونچەی کوژراوی
دووجاوم وەردەگری.
١٧
کەگوێ لەکۆنسیرتێک دەگرم
شیعرم دەبێ بەشنەبا
کەچیرۆکێک دەخوێنمەوە
دەبم بەشەپۆلی دەریا
کەتابلۆیەکیش دەکێشم
تۆ دێیتە ناو چاوانمەوە
کەباوەشت پێدا دەکەم
چی خەم ھەیەو بەجێم دێڵێ
گەش دەبمەوە.
١٨
ئەی بەخشندەترین مرۆڤ
ئەوکاتانەی لەگیرفان و لەبەرۆکی کوردستانا
بۆم دەگەڕیی
من ئەوکاتە لە ناوگەروی قەندیلدام و
دەبم بەتیشک و بەباھۆز
ئەوشەوەش تۆ
دێیتە گەروی قەندیلەوە
بۆم دەگەرێی
بوومەتە ھەور
چوومە چیای بونتەوەو
لەگەڵ باران و ھەروە بروسکە
ئەبم بەتابلۆیەک
لەسەر شانی بابەگوڕ گوڕ.
١٩
لەم نیشتمانە وێرانەدا
کچێک دەکوژرێ و
لەگەڵ خوێنەکەیدا
عەشق ئەرژێ
کچ ئەبێ بە پەلکەگیایەک
سەوزدەبێ
لەپڕێکا باڵا دەکاو
دەگاتە بەرزایی ئاسمان
شیعری منیش لەنێو ئەو ئازارەزۆرەدا
دەبیت بە سوورە گوڵێ.
٢٠
گەر ئەمجارە دیاریت بۆکڕیم
کراسێکی شینم بۆبکڕە
تا لەگەڵ ئاسمان ببمە ھاوڕێ
بۆدووەک جار
کراسێکی سەوزم بۆبکڕە
تا سنەوبەر بەگەڵاکانی دامبۆشێ و
باخەکان ببنە دەستگیران
بەڵام ھەرگیز نەکەی
کراسێکی رەشم بۆبکڕی
چونکە من نامەوێ
جەستەم ببێتە شەوێکی گریاوی
بێوەژنێکی ئەنفالی گەرمیان.
٢١
ھەمیشە ویستومە
ئازادی و ژن لەشیعرێکدا بنوسمەوە
بەڵام دەستی تیرۆرستێ
بەبەرماڵێکەوە
ھاتووەو بۆی سەربریوم
ئیتر ژنە ئەبێ بەکەمانچەیەکی رەش پۆش
ئازادیش بەپەنجەی تاریکی
شیعرێک
لەعەشقێکی چاوەڕوانەکراودا
بۆباڵایەکی غەمگین.
ئەژەنم
٢٢
ئەی پیاوەکان
بتانەوێ و نەتانەوێ
شەو نیوەی زیاتری موڵکی ژنە
ھەتاوو پیکەنین
فرمێسک لەچوار بەش
سێ بەشی موڵکی ژنە
کەچی رۆژنیە لەم شارەدا
سەدای دەنگی مێینەیەک
ھاوار نەکا
پیوەندەکانی نیرینە
پۆل و باسکی ژنە شۆخی
پیوەند نەکا.
٢٣
ھەمیشە گریانیک دەمگری
بۆئەوشیروشمشیرەی
مامزی شیعری پی راودەکەن
ئەتگرن و ئەتدەنە
بەر سەری روت و بیری روت و
ووشەی روت
دواتر بۆنیو ئەو دۆزەخەی
بۆنی رەنگەکانی حەرام و
پەیفەکانی کفری لی دیت.
٢٤
بیرتە تالی قژت بۆناردبووم
کردم بەدیاری پەرینەوەی
ریگای عەشق
لەسەر ریگاکەت نەومامی شیعرم چاندو
لەرۆحمەوە خۆرم بۆبرد
تاھەناسەی شغر
تریفەی گرت
لەناو خەودا چاوەرێم کرد
نەمام نەمام روام و
لەدوایدا بووم بەدرەخت.
٢٥
لەسەر شیعریکی ئازادی بۆنیشتمان
فاشیەکان شیعریکیان دەستگیرکرد
دەستی ووشەکانیان بەستەوەو
چاوی ناوەرۆکەکەیان بەست
بۆسبەینی بووم بەسروودی نەورۆز
لەسەر چیایەکی بەرزگرم گرت.
٢٦
من ھەمیشە چرایەکی داگیرساوی
ئازادیم بۆت
تۆش سنەوبەریکی سەوزی باریکەلە
کاتی کەدیم بەرەو روت
تیکەل دەبین
ئەبین بەچەزنی سەری سال
کاتی چراش کوژایەوە
ئازادی دەبی بەتاریکستان
تۆشدەبی بەسنەوبەریکی رووت.
٢٧
کاتی شووشەی دلم
وەک شوشەی شەراب دەشکی
دلی من دەبی بەدارمیوێکی گەیوو
ووردە ووردە ھەلدەوەری
کاتی دەنگیشت وەک ژیی
کەمانچەیەک دەچری
نەغمەی شیعریش
لەدلی مندا دەکوژری.
٢٨
کاتی خەیال بەراکردن
دی بۆلای بالای تۆ
چاوم روون دەبی
دلم زۆر لەجاران زیاتر لی دەدا
کەخەیال وەری
شیعریی منیش بال دەگری و دەروا
دەبیی بەپەری.
٢٩
چرا مانی
لەکورتە چیرۆکیکی سپی گرت و
ووتی من دەمەوی
بۆھەمیشە چاوەکانم
لەسەرای نووسینی شاعیریکدا
دابگیرسی
نەکا رۆژی دیکیتاتۆریک بمبات و
چاوەکانم
لەئاھەنگی شەوانی
شمشیریکدا ھەلپەری.
٣٠
دوو دلۆپ فرمیسکی ھەلەبجە
رژانە ناوزمانەکەم
بروسکەی خەیالمیان شلەقاند
ھەوریک وینەی گرت و
لەخەلوەتیکی سۆفیانەدا
ئاویتەبووم لەگەل خودا
ئیتر لەوساوە تائیستا
فرمیسکەکانم دەریژم
بۆعومەری خاوەرو
منالیکی ساوا.
٣١
ھەلۆیەکی بەرزە فر
شیعریکمی بەگەردنیا ھەلواسیوەو
بەشەوەزەنگی شەویکا
تی دەپەری
تۆفانی دادەکاو
چی دیکتاتۆرە دەمری.
٣٢
لەبەردەرگای مزگەوتیکا
دەرۆزەکەری دانیشتوەو
پشتی وەک گۆچان دادەچەمی
ژیانی ئەوبی تریفەو مانگە شەوەو
کەدەشمری لەلای خودا
دەبی بەتەمی.
٣٣
ئەوشمشالەی لەھەناسەی
گولی لیوەکانتەوە دی
ھیواش ھیواش دەگاتە لام
دەبی بەسروودی نەورۆزو
بالای بەئاگری نەورۆز
گردەگری
شیعری منیش ئەچیتە سینەیەوەو
شاخ بەشاخ و
باخ بەباخ
لەگەلیا ئەدوی.
٣٤
شەھید نامری و
ئەگەربیت و دیوانە شیعریک
بۆنی نیشتمان و
تاجە گولینەیەک
لەسەر گۆری دابنری
من دلنیام ھەلدەستە سەرپی و
بەپەلە دەرواتە لای بیریەکی شۆخ
لەکەلیدا دەچیتە ژوانی.
٣٥
ھەندی جار شیعریکم
لەھاوریکانی یاخی دەبی
دەچیتە رەگەزی باوک سالاریەوە
دەست وو پەنجەی ژنە شۆخی
عەشقیکی پرخۆشەویستی
تیا سەردەبری.
٣٦
ھەمیشە چاوم لەو چیایەیە
کەتۆبەتولە ریەکانیدا دەرۆی
تفەنگیکت کردۆتە شان
ناوی خۆت ناوە پیشمەرگەیەکی کوردستان
شیعری منیش دەبیتە کارمامزیکی
ئەو پیدەشتەو
تینوو تینوو روی دەکاتە کانیاویکی نیشتمان.
٣٧
ھەمیشە روبارەکەی دلم
سەرخۆشەو
شەپۆلی قەێیدەیەکی میژووی دەیبا
بۆیە جەستەم دەبیتە دەریاچەیەکی کوژراو
لەخوینیکی شیندا.
٣٨
شەھید وینەکەت
بوو بەھەوری دەم خۆرنشین
لەناو فرمیسکیکی قولدا
خستاینە بناریکی خەمتان
چاوت دەبی بەھیشووە تریی
ھەلوەریوو بالات چنار
ئیمەش دەتکەین بەخەونیکی
ھەلفریووی چاوانی شار.
٣٩
کاتی درەختی دەسوتی
قەلەمی من
ھەلبەستیکی گریاناوی بۆدەنوسیی
کەبیشمەرگەیەک شەھید دەبیی
جیرۆکیکی غەمگین
بۆشاخ دەنوسی
کەجەستەی کیزۆلەیەکیش
لەبیرزاری سەردەبردری
خەمی ھەموو گوندو شار
چاوبالاو سوتاو بۆئازادی
لەباوەشیا ھەلدەگری.
٤٠
ئەوکاتانەی لام دەخەوی
ئاگات لی نیە
دەتخەوینم
دەتخەمە باوەشمەوە
دەتکەم بەگول
ئەتبەم بۆسەرکەلی شاخی سەرم
ئاگات لی نیە
باران لیت ئەداو تەردەبی
بەسەر سەرتا دادەباری
بۆبەیانی لیم دەروانی
ھەموو جەستەم شوینی ماچەو
تیشک ئەھاوی.
٤١
کەرۆیشتی شەویش خۆی پیچایەوە
بەجیی ھیشتم
لەو رۆژەوە خەو نەچۆتە چاوەکانم
ئەستیرەی چاوانم لەت بووەو
نابینم یادگاریەکانم.
٤٢
بەیانیەک
کەتازە خۆر لەدەم کەل دەھاتە دەر
بانگیکردم
بەتیششکیکی زیرینەوە
سەروقژی بۆرەنگ کردم
لەولاشەوە
ئاوی کانیەک بانگی کردم
کردمی بەتەمی و بەدیاری دامی
بەئاسمان
چیاییەکیش بانگی کردم
چوومە لایوکردمی بەسیبەر
بۆدەوەنی
بەلام ھیجیان ھیندە بزەیان
نەدامی
وەک ئەو بەیانییەی
بەماچیک خەبەرت کردمەوە
روومەتم بوو بە شەونمی شیعریک
لەدوایدا بووم بەگوڵێ
روام لەقەراغ دەربەنێ.

 

ماڵپهڕی که‌‌ژاڵ ئیبراهیم خدر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک