په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\١\٢٠١٥

شیعر و شانۆ.


دانا محەمەد عەبدوڵا 

 

تیۆرەکانی شانۆ و درامای جیهانی بە شێوەیەک لە شێوەکان هێندەی سەرەتاکانی ئەدەبی درامی و دەقە شانۆییەکان دێرینە، کتێبی "هونەری شیعر" (پۆیەتیکا) کە ئەرستۆ نووسیویەتی و خۆی لە ساڵەکانی ٣٠٠ی پ-ز. دا ژیاوە. کتێبێکە دواتر دەبێتە دەروازەیەکی گرنگ و سەرەکی بۆ هەموو تیۆرەکانی تر کە لەم بوارەدا نووسراون، وشەی شیعر چەندین واتای زیندوی گەیاندووە، ئەرستۆ لە کتێبی (هونەری شیعر)دا بەوشێوە پێناسەی شیعر دەکات دەڵێت: (شیعر گێرانەوەیە) دواجاریش چەندین واتای داستانی میتافیزیکی گەیاندووە لای گریک و رۆمانیەکان، هەروەها داستانی شارستانیەتە دێرینەکانی وەک سۆمەریەکان و بابلیەکان و فیرعەونەکانەکان بە زمانی شیعر نوسراون بۆنمونە داستانی "گلگامیش" لای عێراقیە کۆنەکان و "ئۆزریۆس" لای میسریەکان، ئەگەر لەگۆشەنیگای مێژووی شانۆوە بروانین تەماشا دەکەین بەدرێژایی چواردە سەدە شیعر نەک هەر دەستەملانی شانۆ بووە بەڵکو خودی خۆی شانۆ بووە، چونکە هەر لەیەکەم هەنگاوی دروست بوونی شانۆوە داستانەکان یەکەمین خۆراک و کەرەستەی بوون، باس و خواسەکان لەوێوە هەڵهێنجراون، بەتایبەتی ئەو داستانانەی کە لە لایەن (هۆمیرۆس)ەوە هۆنرابوونەوە وەک "ئەلیادە و ئۆدیسە" شیعرەکانی هۆمیرۆس بۆ شانۆ لەباربوون چونکە گۆیی بەخولیای تاک نەداوە بەڵکو گرنگی بە خولیا و ئارەزوەکانی هەمووان داوە . "ئاڵاردس نیکۆڵ" لەبارەی سەرهەڵدانی دراماوە دەڵێت: (شیعری گۆرانیە ئاینیەکان پەرەیان سەندو بوونە گفتوگۆی دوو قۆلی لەنێوان کۆرس و سەرۆکی کۆرسدا).

 

لای گریکیەکان دوو جەژنی سالانەی گەورەی ئاینی بووە، یەکەمیان "لینایا" بوو ئەم جەژنە لە بەهاراندا دەگیردرا، دووەمیان جەژنی (دیۆنسیۆس) کە لە پایزدا سازدەکرا، ئەم دوو جەژنە ئاینییە بوونە چاوگی سەرەکی هەڵقووڵانی هونەری دراما، لەیەکەم بۆنەدا سەرگوزشتەی ژیان و مەرگ و، ژیانەوە بەسەر دەکرایەوە، ئەو کۆمەڵە رووداوە کە لە خۆیدا بازنەیەکی پێک دەهێناو خولی تەواوەتی ژیانی دەنواند، ئەم بۆنەیە بووە هەوێن و مامانی لەدایک بوونی هونەری تراژیدیا، دووەمیان بووە سەرچاوەی هونەری کۆمیدیا، لەم بۆنەیەدا هەر هەمان سەرگوزشتەی (دیۆنسیۆس)ی خواوەند بەسەردەکرایەوە بەڵام لایەنی پیت و فەر و سک و زار دەنوێنرا . تراژیدیا لاسایی کردنەوەی کردەوەکانە و لە پێناوی نواندن و ژیانەوەی کردەوەکانیش پەنا بۆ کەسایەتییەکان دەبات. لایەنێکی گرنگی دیکەی تراجیدیا دەقە.

 

"ئەرستۆ" تراجیدیا وەک گرنگترین فۆرمەکانی دراما ناوزەد دەکات، دەروازەکانی دونیایەک دەکاتەوە کە تا ئێستا لە هەموو لێک دانەوەیەکدا بەکاردەهێنرێت و کاریگەرییان هەیە، بەو شێوەیەش ئەرستۆ بنەما سەرەکییەکانی دراما و تراجیدیا دادەنێت و پالپشتێکی تیۆری بەهێز بۆ دەستپێکی هونەری شانۆی گرێکی دەستەبەر دەکات . هەر لەبەر ئەوەشە ئەم کتێبەی ئەرستۆ لە ناو بەرهەم و کتێبەکانی تریدا جێگایەکی تر و تایبەتمەندی هەیە . هەروەها لە کتێبی"هونەری شیعری" هۆراشیۆ " دەلێت: دراما بەشێکە لە شیعر . دراما بە تەنیا لە نێوان شێوە ئەدەبیەکانی تردا پەیوەندیەکی توند و تۆڵی لەگەل هونەرەکانی تردا هەیە.

 

دراما لە جەوهەردا هەر بە تەنیا ژانریک لە ژانرەکانی ئەدەب نیە بەڵکو نمایش دەکرێت، سەرباری ئەویش تارادەیەک لە سنوری ئەدەب دەچێتە دەرەوە، چونکە دەکرێت لەشیکردنەوەیدا پشت بە تێوری ئەدەب نەبەسترێت بەڵکو پشت بەتێوری شانۆ دەبەسترێت . ئەو رۆژگارەی هونەری شانۆی تێدا لە دایک بوو رۆژانی بازاری گەرمی شیعر بووە، لەو دەمەشدا شاعیرانی پەند و فەلسەفە و کەسانی وەک (سۆلۆی) بەهاری شیعر وتنیان هەبووە یان شیعری لاواندنەوە کە (سۆجینین) پێشرەوایەتی دەکرد هەروەها شاعیرانی گۆرانی وەک (سیمونیدیس) و (پندار) کەبە شێوەی گۆرانی دەیان نوسی . پاش ئەوەی شانۆنوسان بیرۆکەی ئەو شیعرانەیان پوخت دەکرد بۆ نمایشەکانیان لەو رۆژانەدا شیعر لەمەودای شانۆوە گەورەترین و فراوانترین پاشای جەماوەری بوو، گۆرانێکی گەورە و دیار لە بوون و شێوەی شیعر و بەرهەمیدا دروست بوو، لەو رۆژگارانەدا بوو ئەسینیەکان سەرکردایەتی گشت گەلانی جیهانیان دەکرد وەک ئەفلاتۆن دەلێت: گریکیەکان وەک مامۆستای گشت گەلیان لێهاتووە گەلان فێری هونەر و ئەدەب و جەنگ و بەرگری دەکەن، لە هەمان کاتدا چاکترین کەرەستە و دەرفەت و هەنگاوی گەورەی بە ئەدەب و هونەر بەخشی.

 

لە ساڵی (٥٣٥-پ.ز) شاعیر و هونەرمەندێک بەناوی (سیسپس) لەکۆرس دابرا و هەندێک شتی بەتاکەکەسی هێڵایەوە و گۆرانکاری دروست کرد، جگە لەسەرۆکی کۆرس بەتەنها نواندنی دەکرد، لەم هەنگاوەوە یەکەم (ئەکتەر)ی شانۆ لەدایک بوو، هەرلەو هەنگاوە گرنگەوە بوو کە چەند بینراوێکی ئاینی بە چەند بینراوێکی تراژیدی گۆرایەوە واتا هەر لە پەندە شیعرییەکەدا گۆرانکاری روویدا شتێکی شاراوە نیە وەهەروەها دواتر چەند ئەکتەریک زیاد کرا تاوەکو شانۆ بەو شێوە دەقی گرت . ئیشکردن لە ناو هەرەمی شیعردا خۆی بۆخۆی وردبینیەکی بەرفراوانی دەوێت و چۆن دەرهێنەر بتوانێت رەگەزی درامییەکانی دەرهێنان لە چوارچێوەی ئەو دەقە شیعریەدا بدۆزێتەوە یان بلێین چۆنیەتی بەدەق کردنی ئەو شیعرە لەلایەن دەرهێنەرەوە . شیعر بۆخۆی خاوەن کۆمارێکی باڵایە و لە ناو چوارچێوەی سیستەمی خۆیدا جوڵەیەکی جیوەی و فەنتازی ئامێزی هەیە، لەگۆرانی دیمەن و رووداوەکان و دەتوانێت بە ئاسانی گۆران لە هزری بینەر و خوێنەر بکات، وە هۆشی کێش بکات بۆ مەودایەکی سۆزداری، هەر بۆیە کاتێک دەرهێنەرێک کار لە سەر دەقێکی شیعری دەکات بۆ ئامادەکردنی بۆ دەقێکی نمایشی شانۆیی پێویستی بە ئەندێشە و خەیاڵی هونەری زۆر هەیە، هەر هیچ نەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت دەقە شیعریەکان بەمەودای رێرەوی شانۆییەکە بەرێت . هەروەها زمان بۆ خۆی لە چوارچێوەی سیستەمی بەرهەم هێنانی مانادا رۆلێکی دیاری کراوی هەیە و تاکە هۆکاریشە بۆ کەشف کردنی ماناو نهێنیەکانی دەقی نمایش، بەڵام شیعریەتی زمان زمانێکی باڵایە جیاوازە لە زمانی رۆژانە وەک دەقەکانی شکسپیر.
_________________________________
سەرچاوەکان:
شانۆ و ناسنامە، ن: کامەران سوبحان.
پەیدابوونی شانۆ لە شیعرەوە، ن: ئەحمد سالار.
پۆیەتیکا" دەستپێک بۆ تیۆرەکردنی شانۆ، ن : دانا ڕەئووف.
دەروازەیەک بۆ رەخنەی ئەدەبی کوردی، ن. دکتۆر هیمداد حسێن.

 

ماڵپه‌ڕی دانا محەمەد عەبدوڵا

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک