|
٢٧\٩\٢٠٢٦
شیعر و زیرەكیی
دەستكرد.

سۆران محەمەد
لەو ساتەوەی مرۆڤ چاوی لەم سەر زەمینەدا هەڵهێناوە پرسیاری لە
چارەنووسی خۆی كردووە، هەتا ئەم سەردەمی تەكنەلۆژیایە كە چاوی بڕیوەتە
سەر شاشەیەكی بچووك لەناو دەستەكانیدا، ئەو پرسیارە بەردەوامەو
بەمەبەستی گەشتنە وەڵام، چەندان ڕێگای جۆراوجۆرو هونەری جیاوازو شێوازی
وێژەیی تاقیكردووەتەوە، لەكۆتایشدا هەر بەو مەبەستەیە کە مرۆڤ بتوانێت
شوێنەوارێك دوای خۆی بەجێ بهێڵێت.
شیعریش وەك یەكێك لە ژانرە مرۆییە كۆنینەكان جۆرێك بووە لە شێوازی
دەربڕین، بۆ نموونە لە كۆمەڵگە كۆنەكاندا، شاعیر ئامرازێك بووە بۆ
پاراستنی مێژوو، ئەفسانە و بەهاو ڕووداوەكان.... تەنانەت پێش ئەوەی
نووسینیش بێتە ئاراوەوە، كتێبخانەی گەورەی مرۆڤایەتی هەر یادەوەریی
مرۆڤەکان بووە؛ ئەوکات شاعیر کە هۆنراوەی دەنووسی، زار بە زار
بڵاودەبووەوەو لە لەناوچوون دەپارێزرا، بۆ نموونە «ئیلیادە» و «ئۆدیسە»
پێش ئەوەی لە شێوەی دەقی نووسراوی ئەمڕۆدا بیخوێنینەوە، لەسەر زاری
مرۆڤەكان دەگوترایەوە، تا ئەو كاتەی تۆماركرا.
دواتر لەگەڵ دەركەوتنی نووسیندا، دەستنوسەكان تەمەنی دەقیان درێژتر
كردەوە، پاشان دەركەوتنی چاپخانە گۆڕانێكی گەورەی لە مێژووی ئەدەبدا
دروست كرد.
لەگەڵ دەركەوتنی ڕۆژنامەوانیی نوێشدا، شاعیرێتی چووە قۆناغێكی نوێوە،
كە لە ڕێگەی ئەم میدیایانەوە دەنگی گەیشتە خوێنەران.
پاشان ڕادیۆ و تەلەفزیۆن هاتن و شاعیریان گەڕاندەوە بۆ دەنگ، كە
دەبیستراو دەبینرا دوای ئەوەی ماوەیەكی زۆر تەنیا بە كتێب و لاپەڕەوە
پەیوەست كرابوو.
ئێستا لە سەردەمی دیجیتاڵدا، شاعیر دەتوانێت هۆنراوەكەی لە ماڵپەڕێك
یان تۆڕێكی كۆمەڵایەتیدا بڵاو بكاتەوە و لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا
بگاتە خوێنەرانی گۆشە جیاوازەكانی جیهان.
بەڵێ ڕاستە ئەم ئازادییە بڵاوكردنەوەی ئاسانتر كردووە، بەڵام گەیشتن بە
خوێنەری تایبەت، بەپێچەوانەوە زەحمەت و گرانتر بووە، بەهۆی زۆریی
بڵاوکراوەکانەوە.
ئەمێستا خوێنەران لە تەكنەلۆژیای نوێدا سەریان جەنجاڵ بووە بە (هەواڵ،
وێنە، ڤیدیۆ، ڕیكلام و دەیان بابەتی جۆراوجۆری تر...) شیعریش ناچارە
ڕۆژانە لەگەڵ هەزاران پەیام و ناوەڕۆكی جۆراوجۆردا ڕكابەری بكات و
بوونی خۆی بپارێزێت.
بەڵام جیاوازی شاعیر ئەوەیە كە نابێت لە خێراییدا پێشبڕكێی ئەو
هۆكارانە بكات. چونكە هێزی ڕاستەقینەی شاعیر لە شتێكی تردایەو بگرە
پێچەوانەیە؛ كەهەوڵ بۆ وەستاندنی كات دەدات، بەوەی خوێنەر وا لێبكات لە
وشەیەك یان وێنەیەك یان هەستێك ورد ببێتەوە و تووشی ڕامان و ساكانی
بكات.
لێ نابێت ئەو ڕاستییەش فەرامۆش بكەین كە شاعیر بەهۆی گۆڕانی
ئامرازەكانەوە نەگۆڕدراوە؛ بەڵكوو تێگەیشتن و تێروانینی مرۆڤەكان
بەگشتی گۆڕدراون. بابەتە نوێكان هاتنە ناو دنیای شیعرەوەو شاعیران
دەستیان كرد بە تاقیكردنەوەی شێوە جیاوازەكانی زمان، وێنە و ئیقاع،
تییمە و فۆرمی جۆراوجۆر....
بۆ نموونە شارل بودلێر یەكێك بوو لە ناوە گرنگەكانی ئەم گۆڕانكاریانە،
ئەو بە هەناسەیەكی نوێوە ژانری شیعری تاقیكردەوە، لای هەمووان جێ
پەنجەی ئەو دیارە بەسەر گەشەكردنی « پەخشانە شیعر»ەوە.
دواتر شاعیرانی مۆدێرنی وەك ت. س. ئەلیۆت و ئەزرا پاوند و كەسانی تر،
دەستیان كرد بە بنیات نانی پەیوەندی نوێ لە نێوان شیعر ونەرێت و زمان و
سەردەمەكەیاندا.
بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا، بابەت و ڕووبەڕووبوونەوەیەكی نوێ سەری
هەڵداوە كە زۆر لەوانەی پێشووتر جیاوازە، ئەویش پەیدابوونی زیرەكی
دەستكردە.
ڕەنگە بكرێت زیرەكی دەستكرد لە ماوەی چەند چركەیەكدا دەقەكان بەرهەم
بهێنێت، وێنە و پێكهاتەی دەربڕینی شیعرییش لەخۆ بگرێت، بەڵام ئایا ئەو
دەقانە بەراورد بە بەرهەمی شاعیرێكی مرۆڤ دەگەنە یەك ئاست؟
ئەمە پرسیارێكی قووڵە لەبارەی مانای داهێنانەوە. چونكە خودی هۆنراوەی
مرۆڤ تەنیا لە زاراوەكان پێك نایەت؛ بەڵكوو ژیانێك لە پشت وشەكانەوە
هەیە، بۆ وێنە وەكو بابەتی لەدەستدان، دوورەوڵاتیی، یادەوەریی شوێن؛
هەستی خۆشەویستی، ئەزموونێك كە شاعیر خۆی تێیدا ژیاوە...هتد
هەروەها كاتێك کەسێك ئەو هۆنراوەیەی شاعیر، لە ساتێكی تەنیاییدا
دەیخوێنێتەوە و واهەست دەكات شتێك دەڵێت كە خۆی نەیتوانیوە بیڵێت، لە
ڕاستیدا چووەتە ناو ژیانی ئەو خوێنەرەوەو ئەویش خۆی تێدا دەبینێتەوە.
بۆیە پرسیارەكە ئەوە نییە كە ئامێر بتوانێت دەق بەرهەم بهێنێت؛ بەڵكوو
ئایا دەتوانێت وەك شاعیر دەنگ و بینینی تایبەتی خۆی و ئەزموونی خۆی
بپارێزێت لە ناو ئەو هەموو دەقانەی ڕۆژانە بڵاودەبنەوە؟ لەوەڵامدا
دەتوانین بە ڕاشكاوانە بڵێین ئەوە تەنیا مرۆڤە بە شاعیریی دەمێنێتەوە،
هەتا ئەو كاتەی خەم و خۆشەویستی و ئازارو خەون و یادەوەریی بمێنێت.
هۆنراوەی ڕاستگۆو ڕاستەقینە و پاراو دەتوانێت لە هەموو گۆڕانكاری و
بارودۆخی جیاوازدا بمێنێتەوە، بەمەرجێك لە ناواخندا چەمكێكی مرۆڤانەی
نەمری هەڵگرتبێت.
بە بۆچوونی من، پێشكەوتنی خێرای تەكنەلۆژیا نابێتە هۆی كۆتاییهاتنی
شیعر؛ بەڵكوو دەكرێت شێوە و ڕێگای گەیاندنی شیعر بگۆڕێت، بەڵام خودی
ماناو جیاكارییەكانی شیعر هەر مۆركی مرۆڤ قبوڵ دەكەن و هەر ئەویشە
دەتوانێت دەقی باش و نەمر بەرهەم بهێنێت.
بەڵێ هاتنی زیرەكی دەستكرد دەتوانێت دەقێك لێك بدات كە لە ڕووی وشە و
ڕێكخستنەوە نزیك بێت لە شیعر. بەڵام ئەمە بە تەنێ بەس نییە؛ چونكە شیعر
بریتییە لە ئەزموون، یادەوەری، ئازار، خۆشەویستی، ترس، ونبوون ، مردن،
مانا، هیوای داهاتوو و تێگەیشتنی مرۆڤ لە بوون و هەست و سۆز.
ئایا ئامێر دەتوانێت دەقێكی ڕاستەقینە دەربارەی دڵشكاندن بنووسێت،
لەكاتێكدا خۆی دڵی نەشكاوە. دەتوانێت لەسەر كۆچ و دووریی بنووسێت،
بەڵام خۆی شوێنی نییە و هیچ كەسێكی بەجێ نەهێشتووە. ئەم خاڵەیە كە هێزی
شیعری مرۆڤ دەپارێزێت.
بەڵام كێشەكە لەمڕۆماندا ، لە بڵاوكردنەوەی ڕۆژانەی ژمارەیەكی زۆری
دەقە شیعرییەكاندایە، چونکە ئاسان نابێت شیعری ڕەسەن و داهێنەر كە ڕەگی
لە قووڵایی ناخی مرۆڤەوە داكوتیوە بە ئاسانی بناسرێتەوە.
كەواتە پرسیارە سەرەكییەكە ئەوە نییە «ئایا ئامێری زیرەكی دەستكرد شیعر
دەنووسێت؟» بەڵكوو ئەوەیە كە «ئایا مرۆڤ هێشتا شتێكی هەیە بیڵێت كە
تەنیا خۆی خاوەنی بێت و بتوانێت بیڵێت؟».
بە بۆچوونی من، بەڵێ. چونكە بنەمای شیعر تەنیا لە وشەكان پێك نایەت؛
بەڵكوو لە ژیاندایە كە لە پشت وشەكانەوەیە.
بۆ نموونە كاتێك شاعیر دەربڕین لەوە دەكات: «لە دوورەوە، لە شەوێكی
بێدەنگدا چاوەڕوانی نامەیەكم دەكردی» تەنیا زانیاری نادات؛ بەڵكوو
بەشێك لە هەست و بوونی خۆی دەگوازێتەوە، ئەزموونی ژیان، یادەوەری،
كلتور، زمان و شوێن.... هەموویان دەبن بە بەشێك لە دەنگی شاعیرو گیانی
خوێنەر دەتەنن. بەڵام دەقی بەرهەمهێنراوی ئامێر بەرەنجامی هیچ ئەزموون
و ژیانكردنێك نییە، جگە لە جۆرێك لە زانیاری و لێكدانی ناتەواو.
بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە تەكنەلۆژیا دوژمنی شیعرە. بەڵكوو دەكرێت
وەك سەرچاوەیەكی زانیاری كۆكردنەوە بەكار بهێنرێت، لە مێژووشدا
سەرهەڵدانی هەر نوێكارییەك سەرەتا ترسێكی دروست كردووە. چاپەمەنیش لە
سەردەمی خۆیدا گۆڕانێكی گەورە بوو، بەڵام لە كۆتاییدا بووە هۆی
بڵاوبوونەوەی ئەدەب. ئەمڕۆش زیرەكی دەستكرد دەتوانێت ئامرازێك بێت بۆ
یارمەتیدان و دەست ڕاگەشتن بە زانیاری، نەك جێگرەوەی شاعیر.
لە كۆتاییدا، پرسیاری خودی شیعر ئەوە نییە «چۆن وشەكان ڕێك بخەین؟»
بەڵكووو «بۆچی پێویستمان بەو وشانە هەیە؟» هەر ئەو «بۆچی»یەش تا ئێستا،
لە ناو ئەزموونی مرۆڤدا ماوەتەوە.
لێرەدا لە ڕووی پراكتیكەوە دەمەوێت بەراوردی نێوان دوو دەقی شیعر بكەم،
كە یەكێكیان بە یارمەتی زیرەكی دەستكرد نووسراوەو ئەوی تریان لە هەستی
شاعیرەكەوە هەڵقووڵاوە، پاشان كاری بەراوردكردنی جیاوازییەكان بۆ
خوێنەر بە جێ دەهێڵم.
دەقی یەکەم بە ناوونیشانی(بەسەر شەپۆلی خەیاڵەوە) هی شاعیرێكی بەڕێزە
كە گومانم لە تواناو شارەزایی نییە، ڕەنگە وەكو ئەزموونێك هەوڵی دابێت
ئەم تەرزە تاقی بكاتەوە، كە لە ماڵپەڕێكی فەرهەنگییەوە وەرگیراوە.
كاتێك دەقەکە دەخوێنیتەوە هەست دەكەیت یەك تییمەی بەهێزو ئایدیای
یەكگرتوو، وێنەو کۆپلەکان لەخۆ ناگرێت، بگرە بەر دووبارەبوونەوەو زۆریی
وێنەی شیعریی دەكەویت كە ڕەنگە لە هەركۆپلەیەكدا دوو تا سێ وێنەی تیا
بێت، بەڕای من ٣-٥ وێنە بەس بوون، چونکە شیعر هەر وێنە نییە، بەڵکو
ئایدیاو تەکنیك و بابەت و پێکەوەگرێدان و گەمەو هونەری زمانەوانییە،
تەنانەت هەندێك جار لەم دەقەدا وێنە و چەمكەكان زۆر دوورن لەیەكەوە،
بگرە دژو پێچەوانەو ناپەیوەندیدارن، وەك (ئەمشەو كاتژمێر سكوتی لە
ئەژنۆ گرتووە/ چركەكان وەك مۆم بە ناو تەمەنمدا دەچۆڕێنەوە) نازانم
ئەژنۆ چ پەیوەندییەكی بە كاتژمێرەوە هەیە؟ یان ئایا مۆم دەتوێتەوە یان
دەچۆڕێتەوە؟
هەروەها لەهەندێ جێدا هەر كۆپلەیەك مانای سەربەخۆی خۆی دەدات، وێڕای
ئەوەی لە هەندێك جێی تردا مۆركی زمانی ئامێریی پێوەدیارەو وێنەكە
حەشووە یان ڕوونكردنەوە دەدات لەبری وەسف وەك (یادەكانت، وێنەكانت،
نامەكانت) هەروەها ئەم کۆپلەیە پاراویی و ڕەوانیی شیعریی تیا
نابینرێتەوە (ئێستا هەرچەند تۆ وونی ،بەڵام نەبوونت، لە ئامادەبوونی
هەموو شتەكان ڕاستترە.).
جگە لەمانەش دروستكردنی وێنەی ناشعریی وەك (فرمێسكی پەنجەرە) ئەگەر
شاعیری بەڕێز بینووسیایە فرمێسکی سەر پەنجەرەکەش شتێکی لێ حاڵی دەبووین.
هەروەها هەندێك ڕێكخستنی وێنەو کۆپلەکان ناڕوونی و تەنانەت نامەعقولیان
پێوە دیارە، وەك (كێ فێری شەپۆلی كرد كەنار بۆ پێگەیشتن بخوڵقێنێ؟)، (ئەی
خەیاڵی بێسەروشوێنی من!/ چەند ئاسمان لە خۆمم جیا دەكاتەوە؟/ كەچی
باهۆزی خەیاڵ لە توڕەییدا/ هەر دەلوورێنێ…)لە شوێنێكدا خەیاڵ بزرە،
لەلاوە تووڕەیە و لەجیاتی ئەوەی بگڤێنێ دەلورێنێ! ئەنجا نازانم ئایا (چەند
ئاسمان لە خۆمم جیادەكاتەوە) لای ئێوە چی دەگەیەنێت؟
یاخود كۆپلەی (لە كۆتایی شەودا،/ كاتێ چراكانی خۆی خامۆش دەكات،/ تەنیا
ئەو خەونە دەبینێ كە نەخەوتووە./شاید خودا دونیای لە تاریكی دروست
كردبێ) لێرەدا ئەم کۆپلەیە ئەوە دەگەیەنێت كە شەو خەونێك دەبینێت كە
نەخەوتووە؟ وشەی شایدی فارسیش ڕەنگە شایەتی خۆمان بێت و شاعیر لەیادی
چوو بێت بیکاتە وشەیەکی شیعریی، لەگەڵ ئەمانەشدا دووبارە كردنەوەی
وێنەی شتەكان بە جۆری جیاواز دێتە پێشچاوی خوێنەر، وەك ئەوەی لە
شوێنێكدا بۆن دەبێتە وشە (تەنیا بۆنی دەستەكانی تۆ «وشە» بوو!)
لەشوێنێكی تردا تابلۆ بۆنی دەستی ئەوی لێ دێ، لەشوێنێكی تریشدا بۆن
دەخرێتە پاڵ ڕەنگ (من بەدوای بۆنی ڕەنگەكانتدا ئاوارەم؟)، ئەمە جگە لە
چەند بارەكردنەوەی زۆری وشەكان لەو دەقە كورتەدا بەم جۆرە: (خەو ٤جار،
خەیاڵ٦جار، ئاوێنە٢جار، ئاسمان ٥جار، تابلۆ ٢جار، ئاو٤جار، شەو٣جار،
سپی٢جار، سێبەر٣جار، شوێن ٣جار، شەپۆل٥جار، گوڵ ٢جار، بۆن٣جار) كە هەست
ناكەین ئەم دەستەواژە گشتییانە خودی دنیابینی و خوازەی شاعیر بن، بەهۆی
زۆریی بەكارهێنانیان لە لایەن شاعیرانی پێشینەوە..
ئەمانەو وێڕای بزربوونی شێوازو ئەزموون لەم دەقانەدا، چونکە ڕەنگە هەر
جارەو ئامێرەکە جۆرە شێوازو فۆرمێکی جیاواز بەکاربهێنێت.
لە بەرانبەر ئەمەشدا ئەگەر کەمێك ورد بینەوە لەم کۆپلەیەی شاعیر (ناڵە
حەسەن) بە ئاسانی شێوازی ڕەوانی و پاراویی و ئەزموون و هەستی مرۆڤی
تێدا بەدی دەکەین.
دەبینین چۆن وێنەو وشەکان لەگەڵ پەیام و ناوەڕۆك و تییمەی شیعردا
هاوتان و هیچ رەکیکی و ناتەباییەك لە داڕشتن و مانادا نابینینەوە،
چونکە هەڵقوڵاوی ئەزموونی مرۆڤن و شاعیر کاتی لەگەڵدا بەسەربردووەو
لەگەڵی ژیاوەو کاری هۆنینەوەی تێدا ئەنجام دراوە.
/ئاوێنە تاریكەكانی شەوم شكاندن
چونكە وێنەكانی تۆیان تەڵخ
پێشان دەدا
ئێستا من
لەناو ئاوێنەكانی خۆرەتاودا
سەیری تۆ دەكەم
لەوێدا
سەماو جوانییەكانی ڕوخسارت
كتومت وەك خۆیان دەردەكەون/
سەرنج بدەن چەند جوان شاعیر کورتبڕی لەمانادا دەکات بێ ئەوەی ڕاستەوخۆ
بڵێ: لە ڕۆژهەڵات وێنەی ژن ناتەباو تەڵخە، ئەوەتا لە ئاوێنەی ڕۆژئاواوە
(کە لێرەدا ئاوێنە: خوازەی ڕەنگدانەوەی واقیعە) وێنەی جوانی دوولبەر و
نەخش ونیگارەکانی نەژاکاون و وەك خۆیان دەردەکەون. ئەمانە و وێڕای
هەبوونی یەکێتی بابەت و بەکارهێنانی زاراوە شیعریەکانی وەك (شکاندنی
ئاوێنە، سەما، جوانی ڕووخسار، کتومت...) ئاوها هەست دەکەین کە ئەو
شیعرە لە کەسێکی خاوەن هەستەوە دەرچووە کە خاوەنی ئەندێشەیە، هەرچی
ئەوەی یەکەمە تێکەڵ و پێکەڵی و بەرزو نزمییەکانی ناوی و
دووبارەکردنەوەکان وامان لێدەکات خۆمان لەبەردەم ئەزموونی شاعیرێکی
خاوەن گۆشت و خوێن و ئازارو ئەزمووندا نەبینینەوە.
کەواتە با دڵنیا بین، شیعر لە سەردەمی ژیریی دەستکردا یەکێکە لەو
بوارانەی کە ناتوانرێت سوکایەتی پێ بکرێت و بە ئاسانی لەبری شاعیری
خاوەن هەست و سۆزو گیان بنووسرێتەوە و وەکو زانیارییەك پێشکەش بە
داواکار بکرێت.
ماڵپهڕی سۆران
محەمەد
|