په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٩\٢٠١٠

شکاندنی کەسایەتیی مرۆڤە بێبەشەکان!


موحسین کەریم  


دیمەنێک کە هاوکات من و ئەوکەسانەی نارەحەت دەکرد کە پێکەوە تەماشای بەرنامەکانی تەلەفزیۆنەکانمان دەکرد، ئەو خێزانە هەژار و موحتاجانە بوو کە کرابونە خۆراکی پڕوپاگەندەی قێزەونی بازرگانی سیاسی و موشتەری راکێشانی کۆمپانیاکان! ئەو کەناڵانەی راگەیاندن بەرواڵەت وا نیشاندەدەن کەبەو کارەیان ئەرکێکی مرۆیی ئەنجامدەدەن! گوایە لەرێگای پیشاندانی مەینەتو کارەساتی ژیانی ئەو خێزانانەو کڕوزانەوەو پاڕانەوەی ئەوانەوە لەمانگی رەمەزاندا ویژدانی دەوڵەمەندانێک دەبزوێنن کە بە بینی کروزانەوەو رەزالەتی مرۆڤەکان بایەخ و کاریگەریی زەکاتی سامانەکانیان بۆ کڕینی ئەو دنیا هەست پێدەکەن و بەوجۆرە چەند هەزار دینارێک زەکاتیان پێرەوادەبینن! وەکو هاندان و دەستپێشکەریش خۆیان بڕێک پارەیان پێدەدەن! بەڵام کاتێک مرۆڤ دیمەنەکان و پڕوپاگەندەی ئەو کەناڵانە دەبینێ ئەو ئامانجە قێزەونەی بۆ دەردەکەوێ کە لەپشتی ئەم سوکایەتیکردنەوە بەو مرۆڤە مەحرومانەوە خۆی حەشارداوە.

ئەوەندەی من ئاگاداربووم لە تەلەفزیۆنی گەلی کوردستانەوە کە سەر بە یەکێتی نیشتمانیە و تەلەفزیۆنی یەکگرتوو کە تەلەفزیۆنی یەکگرتوی ئیسلامیە، ئەو بەرنامانە پێشکەش دەکرێن. وەکو باسدەکرا بەرنامەکەی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان بە سپانسۆری مالیی کۆمپانیای ئاسیا سێڵ بەڕێوەدەچێ. پێشکەشکەری بەرنامەکەش لەناو قسەکانیدا سوپاسی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی دەکرد کە بڕیارە هاوکاری مالی ئەو خێزانانە بکات و مووچەیەکیان بۆ ببڕێتەوە! تەلەفزیۆنی یەکگرتووش چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەکرد کە کۆمەک و زەکاتی یەکگرتویان وەرگرتبوو، سوپاسو ستایشی یەکگرتوویان دەکرد!

بۆ هەر مرۆڤێکی هوشیار و خاوەن ویژدانی مرۆیی هێنانی ئەو مرۆڤ و خێزانە هەژارو موحتاجانە بۆسەر تەلەفزیۆن و بزواندنیان بەو ئامانجەی کە کڵۆڵی و داماوی و بێدەسەڵاتی و موحتاجی خۆیان لەگەڵ هەنسک و فرمێسک و هەستکردن بە کەمی و نزمیدا تێکەڵ بکەن، بۆئەوەی ویژدانی کەسانێک بجوڵێ و ژەمی چەند رۆژێکیان یان خەرجی چەند سەردانێکێ دکتۆر و دەرمانی نەخۆشەکانیان بۆدابین بکەن، مایەی نەفرەت و نارەزایەتیە. ئەگەر ئەو لایەن و کەسانە مەبەستیان هاوکاری ئەو خێزانانە بوایە، دەیانتوانی بەبێ ئەوەی بیانهێننە سەر تەلەفزیۆن ئەو کارەبکەن. ئەگەر ئامانج یارمەتی و هاوکاری بێت ئەوا بەبێ ئەو شکاندنی کەسایەتیە دەکرا ئەنجامبدرێ، بەڵام ئامانجەکە ریکلامی سیاسی و بازرگانیە بۆ ئەو لایەن و کۆمپانیایانە و ئەوەش پێویستی بە شاشەی تەلەفزیۆنەکان هەیە!!

ئەوە گۆشەیەکی کارەساتەکەیە کە کۆمپانیایەک و کەناڵێکی راگەیاندنی لایەنێک لە زەحمەت و مەینەتی ژیانی کەسانێک کەرەستەی پڕوپاگەندەی سیاسی و بازرگانی بۆخۆی بەرهەمدێنێ و کەسایەتی ئەو مرۆڤە زەحمەتکێش و بێبەشانە ووردوخاش دەکەن. کارەساتی گەورە ئەوەیە کە ناوی وەزارەتی حکومەتێک دێتە ناوەوە کە بەپێی ئەرکی سەرشانی دەسەڵات بەرامبەر بە هاوڵاتیانی دەبێ بەرپرسیارێتی ژیان و پاراستنی کەرامەتی شەخسی و مرۆیی هاوڵاتیان لە ئەستۆ بگرێ! دەسەڵاتو حکومەتێک کە خۆی وەکو "نوێنەری سیاسی هەڵبژێردراوی خەڵک!" بەسەر خەڵکدا سەپاندوەو داهات و سامانی کۆمەڵگای بۆخۆی قۆرخکردوە، بەڵام کەمترین بەرپرسیارێتی لەوبارەوە بەئەرکی خۆی نازانێ! دەنا بۆچی دەبێ کەسانێک بەوجۆرە ناچاربن کە تەنها بۆ ئەوەی لایەکیان لێبکرێتەوە ئامادەبن ئازارو فرمێسکەکانیان بکەنە بابەتی ریکلامی سیاسی و بازرگانی چەند لایەن و کۆمپانیایەک؟

یەکێک لە ئەرکەکانی هەر دەسەلاتێک بەرامبەر بە هاوڵاتیانی خۆی ئەوەیە کە لەئاست ئەو هاوڵاتیانەی توانای دابینکردنی ژیان و گوزەرانی خۆیانیان نیە، یان پەککەوتەو خاوەن-پێداویستی تایبەتن و دەبێ کۆمەڵگا چاودێری و خزمەتی زیاتریان بکات، پێویستە بەرپرسیارێتی نیشانبدات. ئەوە ئەرکی دەوڵەت و حکومەتە کە چارەسەری مەسەلەی بێکاری و کەمدەرامەتی و چارەسەری نەخۆشی و چاودێری کەمئەندامان و پەککەوتەکان بکات و ژیانێکی شەرافەتمەندو موحتەرەمیان بۆ دابین بکات. حکومەت بەرپرسە کە کەرامەت و حورمەتی مرۆیی هاوڵاتیانی بپارێزێ و رێگا نەدات بازرگانی بە موعانات و دەردەکانیانەوە بکرێ!

دابینکردنی بیمەی بێکاری بۆ هەر کەسێکی ئامادەبەکار، دابینکردنی بیمەی نەخۆشی و کەمئەندامی وپەککەوتەیی تێروتەسەل کە لەگەڵ پێداویستیەکانی ژیانی هاوچەرخدا بگونجێ بۆ هەموو ئەوانەی کە پێوسیتیان بەو بیمانە هەیە، دابینکردنی چارەسەری خۆرایی بۆ هەموو ئەو نەخۆشیانەی کە بە نەخۆشی بەردەوام و خەتەرناک دەناسرێن، دابینکردنی مووچە بۆئەو کەسانەی کە چاودێری کەسانی پەککەوتەو کەمئەندام دەکەن یان کردنەوەی بنکەی کۆمەڵایەتی هاوچەرخ بۆ چاودێریکردنیان، ئەو ئەرکە سەرەتاییانەی هەر دەسەڵاتێکن کە بەقەدەر سەرە دەرزیەک بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە هاوڵاتیانی خۆیان نیشان دەدەن.
 

ماڵپهڕی موحسین کهریم