په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\١\٢٠٢٦

شکانی شووشەیەک لە تاریکییدا.


ئەرسەلان مەحمود      


مەرگ بۆ هەندێک مرۆڤ وەک بەردێکە بکەوێتە ناو ئاوێکەوە - دەنگێکی کورت و بێدەنگییەکی قووڵ. بەڵام بۆ هەندێکی دیکە وەک شکانی شووشەیەکە لە ناو تاریکییدا، دەنگەکە دوور دەڕوا و لێکەوتە تیژەکانی دەمێننەوە، هەرکەس پێیدا تێبپەڕێت بریندار دەبێت. مەرگی بەشدار سامی لە جۆری دووەمە.

بەشدار تەمەنێکی ناکام ژیا. لە دایکبووی ساڵی ١٩٨٤ بوو، بەڵام بۆ هەمیشە لە چوار بەرهەمە شیعرییەکەیدا دەمێنێتەوە و لەگەڵ هەر خوێندنەوەیەکدا دەژیێتەوە. سبەی ڕۆژێکی دیکەیە، ڕۆیشتن بە ئاراستەی مردووە بەڕێزەکان، لە گوڵ دەترسم، و تەیراوە. ناونیشانی یەکەمیان بەڵێنی سبەینەیەکە هەرگیز نەهات. دووەمیان ڕێگەیەکە بەرەو ئەوانەی پێشتر چوون. سێیەمیان ڕازێکە تەنیا شاعیر دەیزانێت. دوایەمینیان، تەیراوە، ئەو فاکتەیە لەدوای غەرقبوون سەر ئاو دەکەوێتەوە، ئەو بەرهەمەی لە ئێمەدا دەمێنێتەوە.

ئێمە هاوڕێ نەبووین، بەڵکوو ئاشنایەتییەکی ئەدەبیمان هەبوو. جارێکیان لە ماسینجەر، (یەکەم و کۆتا جار بوو قسە بکەین)، لێیمپرسی بۆچی لە گوڵ دەترسێت، لە کاتێکدا گوڵ نموونەی جوانی و نیانییە. وتی ترسە لە کورتخایەنی جوانی. بەشدار خۆی نموونەی ئەو جوانییە بوو، پێش ئەوەی تەواو بگات چوو. وەک خۆی دەیگوت ئەو لە پشیلەش دەترسا، دەیگوت شەوانە خەوم لێناکەوێ ئەگەر پشیلەیەک لە ماڵەکەماندا هەبێت.

بەشدار لە دوا نووسینەکانیدا، (لە ژووری سێزدەی تابقی یانزەی نەخۆشخانەوە)، کاتێک شێرپەنجە جەستەی داگیر کردبوو، دەنووسی - من ترسابووم، بەڵام تا لە برینم بریندار نەبێت، زارم تەنیا لە خۆشمدەوێیدا دەکردەوە. ئەم ڕستەیە هی ئەوەیە چەند جارێک بخوێنرێتەوە تا قووڵاییەکەی ببینرێت. ئەو لە ناو ژاندا بوو، لە ناو ترسدا بوو، کەچی دەمی بۆ خۆشەویستی نەبێ نەدەکردەوە. ئەمە تەواوی فەلسەفەی ژیانی بەشدار بوو لە ڕستەیەکدا.

بەشدار خەونی بە گوندێکی دوورەوە دەبینی. لە دەقێکدا دەڵێت ئاواتم خواست لە گوندێکی دوور بژیم، ناوی هیچ نووسەرێک دیار نەبێت، هیچ پاسێک بەوێدا تێنەپەڕێت، شەقامی نەبێت، ئاسمان ڕوون بێت، مەل بفڕن. ئەم ویست و خەونە سادە و ساکارە بۆ هەندێک کەس ساناترین ئاوات دەردەکەوێت، بەڵام بۆ شاعیرێک لە ناوەڕاستی شار و قەڵەباڵغی و نەخۆشی و ترسدا بژیەت، ئەم گوندە وەک بەهەشتێکی نەبڕاوە دەردەکەوێت. ئەو دەیویست کترییە چا بخاتە سەر ئاگری دار و نەهێڵێت ئەوەی خۆشیدەوێت دڵتەنگ بێت. دەیزانی ناگاتە ئەو گوندە، بەڵام شیعرەکانی گەیشتن.

بۆ هاوڕێیەکی لە هێلسنکی دەنووسێ: نیوەشەوان بە شەقامە ساردەکانی هێلسنکیدا دەسووڕێتەوە، من لە خەمی ئەودا لێرەوە سەرمامە. دوو مرۆڤ لە دوو لای جیهاندا، یەکێکیان لە ناو بەفردا دەسووڕێتەوە و ئەوی دیکە لە ناو نەخۆشخانەوە سەرما دایدەگرێت. ئەمە شیعرە پێش ئەوەی وەک شیعر بنووسرێت. بەشدار دەترسا جوانی هاوڕێکەی ڕەقبێتەوە. دەترسا کەس نەزانێت لە پەنا چ دیوارێکی بەختڕەشدا دەکەوێت. ئەو بۆ کەسانی دیکە دەترسا وەک چۆن بۆ خۆی دەترسا، لەوانەیە ئەمەش بەشێک بووبێت لە نەخۆشییەکەی، ئەو نەخۆشییەی ناوی نابوو خۆشەویستی.

ئەگەر هەبێ بپرسێت بەشدار سامی چ جیاوازییەکی هەبوو، وڵامەکە ئەوەیە بەشدار نەیدەویست شاعیر بێت، بەڵکوو ناچار بوو شاعیر بێت. نووسین بۆ بەشدار هۆکار یان پیشە نەبوو، ببوو بە هەناسەدان. بەشدار لەو مرۆڤانە بوو ترس و تەنیایی و خۆشەویستی و مردن چوار ستوونی ژیانی ناوەکی ئەویان پێکدەهێنا، ناچار بوو بیانکاتە وشە تا بتوانێت لە ژێریاندا هەناسە بکێشێ و بداتەوە.

بەشدار لە شیعرەکانیدا، ئەوەی ئەویان ترساندووە، مەرگ نییە، بەڵکوو نەبوونی خۆشەویستییە پێش مردن. "ترسام هێندە ژان بم بیرم بچێتەوە بانگی بکەم، ترسام لێم خۆش نەبێت ئەگەر بمرم". ئەو نەدەترسا بمرێت، دەترسا بمرێت و ئەوەی خۆشیدەوێت نەزانێت. دەترسا بمرێت و یادی نەمێنێت. دەترسا بمرێت و وشەکانی تەواو نەبن.

یەکێک لە خوێنەری بەرهەمەکانی نووسیوویەتی شیعری بەشدار وەک دەستنووسێکی کچێکی بچووکە، پڕ لە سادەیی و ڕاستگۆیی و نەترس لە دەربڕین. ئەمە ڕاستییەکە نکۆڵیهەڵنەگر. بەشدار وەک منداڵێک دەینووسی، منداڵێک هێشتا فێرە شاردنەوەی شتەکان نەبووبێت. ئەو دەترسا و دەیگوت دەترسم. ئەو خۆشیدەویست و دەیگوت خۆشمدەوێیت. ئەو دەیزانی دەمرێت و دەینووسی دەمرم. ئەم ڕاستگۆییە لە شیعری کوردیدا کەم دەستدەکەوێت. زۆر شاعیر لە پشت میتافۆر و ڕەمزدا خۆیان دەشارنەوە، بەڵام بەشدار خۆی بوو، بێ ماسک، بێ شاردنەوە، تەنیا مرۆڤێک دەترسا و خۆشیدەویست و دەینووسی وەک ئەوەی هەیە.

ئێستا بەشدار چوو، ئێمە چیمان بۆ ماوەتەوە. پەنجەرەیەکی تەڕ لێیەوە بە دیدی ئەو سەیری شار دەکەین. شاخە بەفراوییە دوورەوە دەستە خەمناک و سپییەکان. ناوێک، گەردەن زەردێ، ئێمە نازانین مەبەست لە گەردەن زەرد کێیە، بەڵام دەزانین بەشدار چۆن خۆشیویستووە. ترسانەکەی لە گوڵ فێرمان دەکات جوانی کورتە و پێویستە ببینرێت. گوندێکی دوور هەرگیز پێینەگەین و تەنها خەونی پێوە ببینین.

ئێمە ئەوانەی لە دوای بەشدار هێشتا لە ژیانداین، لەو ڕێبوارانەین بەشدار لە باڵکۆنەکەوە بۆیان دەڕوانێ. ئەو نووسیبووی هەر ڕێبوارێک تێدەپەڕی ئەو خەمبار دەبێت. ئێستا ئێمە تێدەپەڕین و دەزانین لە سەرەوەوە چاوێک هەیە سەیرمان دەکات، بەڵام نەک چاوی جەستە، بەڵکوو چاوی وشە ڕوونەکان. شیعرەکانی بەشدار ئێستا ئەو باڵکۆنەن لێیانەوە خۆمان دەبینین، تەنانەت ئەگەر کەمێک گوێمان شلبکەین دەتوانین دەنگی بیستین کاتێک دەڵێت بوەستە، خەمباربە، چونکە خەم نیشانەی ئەوەیە هێشتا زیندوویت.

بەشدار چوو، بەڵام وشەکانی ماون. تا وشەش هەیە، بەشدار هەیە.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک