په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٣\٢٠٢١

شیکارێکی بایۆلۆژیی کوردستانی باشوور.


عەبدوڕەحمان محەمەد  

 
کوردستانی باشوور لە منداڵیکی فڕێدراو دەچێت! ئەم منداڵە؛ دواڕۆژی بە دەست چارەنووسێکی نادیارەوەیە، یا ئەوەتا لە تاویی بێکەسی و سەرپەرشتێک، کاری خۆکوژی دەکات،بەڵام،ڕەشبین مەبن، زۆر ھەتیومان بینیوە، لە مێژوودا بوونەتە کەسی سەربەخۆ و خاوەن پێگەی خۆیان! بۆیە ھێشتا ھەر بۆنی باوانە کۆنەکەی دێتە لووتی و جار جاریش بزەیەکی بۆ دەکات، تا سەرنجی ڕاکێشێت و جارێکی تر بیخاتە کۆشیەوە و دەست بێنێت بە سەریدا، چونکە منداڵی ئەم مەملەکەتە فێر نەبووە بێ سەرپەرشت بژێت و لە سەرپێی خۆی ڕاوەستێت، بۆیە دەبێت خاوەنێک بۆ خۆی بدۆزێتەوە،تا بە شیری مەمکەکانی بیژێنێت! بۆیە دوو مەمکی جیاواز، خۆیان کردوە با دایانی و شیری دەدەنێ! کێشەی نیە؛ ئەگەر دایانەکانیشی توندو تیژ بێت لە گەڵیدا! چونکە خۆی لە دەروونیدا نەخۆشی شیزۆفیرینیای ھەیە لە گەڵ خۆیدا شەڕ دەکات! لە کاتی ساوابوونیدا و تا ئەمڕۆ، ھەر لە خەیاڵدا دەژێت و ھەر ڕۆژەی وێنای شتێک دەکات لە مێشکیدا!


ئەم منداڵە فڕێدراوە، ھەرچی مەملەکەتی دەستڕۆیشتووی جیھانە، برینێکیان لە سەر لەشی کردوە و تیایدا گەرایایەکیان داناوە، چونکە زۆر چەور و خرپنە؛ ھەریەکەو سنوووری خۆی ھەیە و خوێن و گۆشت و چەوریەکەی دەخوات، ئیتر، ھیچ پزیشکێک،حەکیمێک، زانایەک، نازانێت لە کوێوە دەست بە چارەسەریەکەی بکات، لاشەیەکی پڕ ڤیتامین و خۆراکی بە سوود، بەڵام پزیشکەکان دەڵێن: تووشی کەم خۆراکی و کەم ڤیتامینی بووە!؟ باڵا بەرز و چوارشانە، حەکیمەکان دەڵین: جێگەنەماوە تا دەرزی لێدەین بۆ چارەسەر! ئەو ھەموو بەز و چەوریەی پێوەیە، لە زستاناندا، خانەکانی لەشی لە سەرمادا، ھەڵدەلەرزێن!


ئەم منداڵە فڕێدراوە، لە بێشکەیەکدایە، بە ھیچ شتێک دانەپۆشراوە، ھەرچی مێش و مەگەزە، بە دڵی خۆیان دێن و دەڕۆن، جار نەجارێکیش، ڤایرۆس بارانی دەکەن، ئەو ڕۆژە ھاتن، کۆمەڵیک لە ئەندامەکانی لەشیان برد! ھەرچی ڤایرۆسی جیھانی ھەیە، کۆگایەکی تیادا چەقاندوە، ھەر خانەیەک بە جۆرێک لە میکرۆب و ڤایرۆس ژەھراوی بووە، ڕۆژ نیە ئەم خانانەی لەشی، لە بری کارکردن و ژیان و ئاسوودەیی ، تووشی شەڕ نەبن لە نێوان خۆیاندا! بۆیە ھەرپارچەیەکی لەشی، ڕەنگێکە؛ زەرد و سەوز و شین و ڕەش و سوورە!؟


مەملەکەتی ئەو منداڵە فڕێدراوە، بۆ بژێوی ژیانیان، پێویستە، فێری چوار زمان ببن! چونکە تۆ کە لەم بەرەوە کە سەر بە مەمکی ڕاستە بچیت بۆ ئەو بەری مەمکی چەپ، دەبێت زمان و کولتوور و ناسنامە سیاسیەکەتیش بگۆڕیت! جا ببینە ڕۆژانە چەندین پەرتووکی ئایدیۆلۆجی جیاواز، ئایینی جیاواز، مەزھەبی جیاواز، زمانی جیاواز چاپ دەکرێت! سۆشیال میدیایی ئەو مەملەکەتی منداڵە فڕێدراوە، ھەر خەریکی وانەیی زمانی تازەن، تا ئەو خانانەی لەشی بتوانێت، لە مەمکەکەی ئەو بەرەوە، چوو بۆ مەمەمکەکەی ئەو بەر، لاڵ نەبێت و پێی نەزانرێت، کە سەر بەو لایە نیە!


نموونەی زیندوو، من خۆم خانەیەکم لە سەر لاشەی ئەو منداڵە فڕێدراوە، جارێکیان لە مەمکی ڕاستەوە چووم بۆ مەمکی چەپ، لە بازگەکەی مەمکی چەپ، لێیان پرسیم:
ئەوە چیە؟
گوتم: مانگایە.
گوتیان: ئەو سەگبابە خەڵکی مەملەکەتی مەمکی ڕاستە، نەیگۆت؛ چێر(چێڵ)!؟
زۆربەمان، ئەو لاشە پڕ کێشەو قەیرانەمان جێھێڵاوە، لە لاشەیەکی ھەندەراندا نیشتەجێبووینە، ھەندێکمان کرۆسۆم و ترشی ناوکیەکانمان لە گەڵ، پێگە نووێیەکەدا یەکدەگرێتەوە و ژیان دەکەین، ھەندێک خانەمان، ھەر ناتوانیت لاشەیەکی گونجاوی بە خۆی بدۆزێتەوە و ھەر نامۆ و غەریبە!


ھەندێکمان لە ڕێگا تووشی ڕەشەبا و لافاوی زەریاکان و دەریاکان بووین و لە ناوچووین! ھەندێکمان تا ئێستاش، ھەر ئارەزووی لاشە نەخۆشەکە دەکات و لە ھەندەرانەوە، تەمێ و چارەسەر دەنێرێت. جا ناوازەترین شت ئەوەیە، ئەم خانە ھەڵھاتووانە، کە لە ھەندەران دەمرن، لە وەسیەتنامەکانیاندا، ھەر داوایی، گەڕانەوەی مەملەکەتی لاشەی منداڵە فڕێدراوەکە دەکەن، ھەموو بە تێکڕا، تا ئێستاش، بە بزەیەکی ئەو منداڵە فڕێدروە، شادی و خۆشی دێتە دەرونمان، بە ئازارێکی، خەم و پەژارە دامان دەگرێت!

 

٢٢\٣\٢٠٢١

ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڕه‌حمان محه‌مه‌د
 



 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک