١\٤\٢٠١٣
شکستی راپەڕین و
ئاوارەبوونی چەند ملیۆنیی خەڵک!

سەرکەش
پیشکەش بە:
هەموو ئەو مرۆڤە لەخۆبردوانەی لە رۆژی ٣١ مارس
ونمان کردن قەت نەمانبینینەوە.
هەموو ئەوانە لەم رۆژە تاریک و ترسناکە کەسێک یا چەندان کەسی
خۆشەویستیان وەنداکرد.
بە رەشاد، فەرهاد، رزگار، واحیدە سوور، راستگۆ کە پێکڕا لەلایەن سوپای
داگیرکەری عێراق گوللەبارانکران، وەک سەدان و هەزارانی تر، دوای
تەواوبوونی تەقەمەنییەکانیان بۆ بەرگریی لە خۆیان!
هێشتا مانگیک تێنەپەڕی بوو بەسەر ڕاپەڕینی بەرینی خەڵک و ڕزگار بوونی
بەشێکی زۆر لە شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان، کە ڕژێم بە
هەڵکرانی چرای سەوز لە لایەن ئەمەریکا و هێزەهاوپەیمانەکانەوە، هێرشی
دوڕندانەی هێنایەوە سەرمان، لە ئاسمان و زەوی پەلاماریدا! شەوی ٣٠
لەسەر ٣١ تا درەنگ خەڵک لە چاوەڕوانی ڕووبەڕوو بوونەوەدا بوون، شکست و
پاشەکشەی هێزە چەکداریە ڕێکنەخراوەکانی بەرە و خەڵک لە گەرمیان و
کەرکوک بەرەو هەولێر ملی دەنا.
کاژمێر هەشتی بەیانی بوو کە بۆردوومانی تۆپە دوورهاوێژە نەمساوییەکان
گەیشتە ناو شاری هەولێر، هیلۆکۆپتەرەکانیش لە ئاسمانەوە پەیدا بوون،
بۆردوومانیان دەست دەکرد.
شارێک بەتەوای کەوتبووە گەمارۆی سوپای بەزیوو و دۆڕاوی عێراق، لە
سێقۆڵەوە ڕوویان لە هەولێر کردبوو، بەتایبەت هەر دوو ڕێگا سەرەکی
کەرکوک و موسڵ، لە بیرمە کاژمێر نزیکەی ١ی دوا نیوەڕۆبوو کە دەنگی
زەنجیری دەبابەکان زۆر نزیک دەبیسترا، لەم چرکە و دەمەیدا لە گەڕەکی
گوێ مەدێی سەرەوەی کوران بووم. بۆردوومان، دەنگی تەقینەوە، دەسڕێژ
نەدەوەستا، بە ڕێی کوران ڕووە و شار چووم، لەسەر شەقامی شەست مەتری لە
خەڵکی شلەژاو و سەرلێشواو خۆم ئاسا! زانیم ڕژێم گەیشتۆتە ناوشار، هەر
بەسەر شەست مەتری خۆم گەیاندە، ڕێگای عەنکاوە، بەڵام وادیاربوو
عەنکاوەش لەدەست چوو بوو، تەققە گەرم بوو، جموجۆلی سەربازی بەرچاو
دەکەوت بەناو گەڕەکی سورچیان خۆم گەیاندە نزیک نەخۆشخانەی سەر ڕێ
شەقڵاوە، وادیار بوو لەبەر چڕی دەسڕێژی تانک و زرێ پۆشەکان دەرچوون لە
شار ئاسان نەبوو، خەڵکێکی زۆر لەم ناوە گیری خوار دبوو، چەکدار بێ چەک،
لە گشت تەمەنێک ڕژیم ڕێگا لە ڕێگای سەرکی شەقڵاوەڕا تەقەی بەرەو ئەو
مزگەوتەی خەڵکی تیا کۆببۆوە دەکرد، کەمتر دەیوێرا بێتە ناو قوڵایی
گەڕەکەکان، تا ئێوارە و خۆرئاوا چاوڕوان بووین تا دەهات ژمارەی خاڵک،
بە ژن و پیاو و منداڵ و پیری پەککەووتەوەش زۆر زۆرتر و زۆرتر دەبوو،
لەگەڵ تاریک داهاتن ڕێچکەی خۆ دەربازکردن دەستی پێکرد، هەموو یەکتریمان
ئاگادار دەکردەوە، جگەرە نەکێشن، جل و بەرگی سپی لەبەرداکەنن، بێدەنگ
بە ئارامی بڕۆن بۆ ئەوەی نە بینرێین، بەکۆمەڵ نەڕۆن، نەیکەنە دەنگە
دەنگ، لە پڕێک دەنگی دەستڕێژ دەهات خۆمان دەدایە زەوی، بەناو گەنم و جۆ
کە لە هەندێ شوێن لە بەژنی مرۆی دەدا دەڕۆیشتین، وا بزانم نزیکەی نیوە
شەو بوو کە گەیشتینە مەلا ئۆمەر، لە شەقامی سەرەکی بەرەو بەستۆڕە خۆمان
پاراست، بە لاڕێ بە نێو هەڵەت و کویرە ڕیدا دەڕۆیشتین، کاروانیک سەری
نابووە دوای یەک نە سەرەتای هەبوو نە دوایی. بەری بەیانی بوو کە
گەیشتینە بناری چیاکانی مەسیف.
خەڵک هەرتا دەهات زۆرتر و زۆرتر دەبوو، لە زۆر لاوە ڕوویان کردبووە،
ئەم ڕێگایە بەرەو شەقڵاوە و سنوورە دەستکردەکان، ڕێگا گیرابوو بە
ئۆتۆمۆبیل، بۆیە بە پێ ڕۆیشتن خێرا تر بوو. ڕۆژی یەکی چواریش هەر لە
ڕۆیشتن دابووین، وا بزانم دوا نیوەڕۆیەکی درەنگ گەیشتین بە شەقڵاوە،
لەوێوە بۆ دیانا.
شەکەتی ڕێگا و دەنگی تەققە و تەقینەوەکان چەند ڕۆژی دواتریش لە بەر
گویم دوبارە و هەزار بارە دەبۆوە، ئێش و ژان بەری نەدەدام، لە هەر
شوێنێک دابنێتبام بە سوک و سانایی نەمدەتوانی هەڵسمەوە سەر پێ! مەترسی
هێرش و پەلامار زۆر بوو، خەڵک بەرەو سنوورەکان سەری هەڵگرتبوو، بە
سواری ئوتۆمۆبێل خۆم و برا و براژنەکەم خۆمان گەیاندە دەڤەری بادینان
نزیک ناوچەی شێروان مەزن، کە نزیک بوو لە گوندەکانی نزیک شەمزین، دوا
وێستگەشمان بوو بە خیوەتگای ئاوارەیی شەمزینان!
لە گوندە سنووریەکانی بندەستی ڕژێمی داگیرکەری تورکیا هەواڵی ماچە
مێژوویەکەی ڕووی ڕەشی دیکتاتۆر سەدداممان زانی، لە کاتێکدا هێزە
هاوپەیمانەکان لە ئاسمانەوە یارمەتی و خۆراکیان بۆ فڕێ دەداین، هات
بوون فریای ئەم کارە ساتە مرۆییە بکەون، خیوەتگایان دادەمەزراند.
ویژدانی مرۆڤایەتی وەئاگا هاتبوو، بەڵام سەرۆک و ڕێبەری پارتە
سیاسییەکان پێچەوانەی شەپۆل پاڵیان بە دیوارێکی لەرزۆک و هەڕەفا و دا.
ئەگەر ڕاپەڕین و ئازاد کردنی شار و شارۆچکەکان، خەڵک و جەماوەری ڕەش و
ڕووت ڕۆلی سەرەکی هەبوو تیایداپلەی یەک، ئەوا شکست و پاشەکشەی ڕاپەڕین،
بەشی شێر وەبەر بەرەی کوردستانی و پارتە سیاسییەکان بەتایبەتی سەرانی
دەستڕۆیشتووی پارتی و یەکیەتی دەکەوێ، ئەوان هەر زوو بنکە و
بارەگاکانیان لە شار و شارۆچکەکان پێچایەوە، شارەکانیان چۆلکرد، بەر لە
خەڵک خۆیان ژن و منداڵکانیان گەیاندبووە، ناوچە ئارامی دوور لە مەترسی،
دەوڵەمەندە دەست ڕۆیشتووەکانیش هەر زوو بەهۆی ئۆتۆمۆبێل و توانای
دارایی خۆیان دەرباز کردبوو. پارتە سیاسییەکان دەنگۆی بەکارهێنانی چەکی
کیمیاوی و ڕۆکێتی زەوی زەویان وەها گەرم کردبوو، خەڵک تێکڕا ڕەوی بۆوە
و ملی ڕیگای هات و نەهاتیان گرتبووە بەر.
ڕەوە ملیۆنییەکە گوتنی نا بوو بە ڕژێمی دیکتاتۆری، ڕیفراندۆمی
هەڵبژاردنی ئازادی بوو بە هەر نرخێک بووبێ، بەڵام هەر زوو بەرەی
کوردستانی بە پلەی یەکەم سەرانی پارتی و یەکییەتی کەوتنە دانووسان و
گفتووگۆ لەگەڵ دیکتاتۆر، ئەگەر کەڵەگەتی باڵای کۆچە ملیۆنییەکە لە
کاکێشانی ئاسمان بوو، پرسی کوردی بە سەرتاپای دونیا گەیاندبوو، بەڵام
بەداخەوە پارتە سیاسییەکان، لە ئاستی ئەم ڕۆڵە مێژوویە دانەبوون، لەو
مانای پیرۆزی ئەو یاخی بوونە نەدەگەیشتن، گەلی خۆیان بەرەو یاخی بوون
هاننەدا، بەڵکو پشت لە هەلە مێژوویەکە چوونەوە هامێزی بێ بەزەییانەی
دیکتاتۆری.
ئەگەر خەڵکی باشووری کوردستان سەرکردە و پارتی لێوە شاوەی هەبا، کە لە
ئاست ئەم وەرچەرخانە مێژووییە دابان، گەلی کورد لە باشوور دەستکەوتی
زۆر گەورە و مەزن تری دەبوو، بەڵام بەداخەوە کۆچە ملیۆنییەکە تەنیا
ناوچەی ئارامی بێ فڕینی لێ کەوتەوە، ڕژێم ناچارکرا لە هەرسێ شاری
هەولێر، دهۆک، سلێمانی پاشەکشەی سەربازی بکا، کەرکووک و ناوچەکانی تر،
بۆ ڕژێم مایەوە، کە تا ئەمڕۆش بوو بە میرات بۆ ڕژێمی نوێی ڕژێمی
داگیرکەری عێراق و دەستی لێ هەڵگیرا.
__________________________________________
١.
رەشاد، فەرهاد، رزگار هەرسێکیان برابوون، لەگەڵ واحیدە سوور، راستگۆ
ئەندامی شوراکانی خەڵی شۆڕشگێڕ بوون لە هەولێر بنکەی سێتاقان.
٢.
لە گوندەکانی سەرسنوور بووین، کە توشی پیرە پیاوێکی هەولێری/
تورکمان هاتین، ئەو زووتر گەیشتبووە ئەم گوندە و خانووی بەکرێ گرتبوو،
دڵی زۆر خۆش بوو دەیگوت تەواو هەموو شت تەواو کاک مەسعود مام جەلال ماچ
کردیان، دەچینەوە تازە تەواو، بەم هەواڵە زۆر دڵگران بووم، چەند ماندوو
و شەکەت بووم چەند بار ماندووتر وەڕەستر بووم، زۆرم حەز دەکرد ئەم
نووچەیە درۆ بێ! هەر قسەبێ! بەڵام بەداخەوە ڕاست بوو.
٣١\٣\٢٠١٣
- ئوپسالای سوید
ماڵپهڕی کهریم سهرکهش
|