٤\٢\٢٠١٤
شکۆفەی شەونمی بەیانییەک.

کەژاڵ ئیبراهیم خدر
١
لەبەردەم کاروانی وێنەی
گەڵا زەردەکانی رۆحما
برووسکەی وەرزی ساڵانەی
خەوێکی قووڵی
شەوەزەنگی ملوانەکەی سەر سنگم
یادگاریی خەیاڵە
و
وەک دەنکە هەنار هەڵدەوەرێ.
٢
نامۆیی کازیوەی
گوڵێکی رەنگاوڕەنگە
و
وەرزێکی پڕ لە کڕێوەی بەفرە
و
چاوەکانم بارانی مەستیی و
پرشنگی خونچەی شەونمی بەیانییەک
گۆرانیی شەڵاڵی سەفەری شەوی کزەبایە
و
سەفەری تەمەنیش گوڵێکی سەرگەردانە.
٣
هەژاریی بەردەوام
رێژنەی سەمفۆنیای کانیاوێکی بە
خوڕە و
تەنیایی کەمانی دڵی خۆی دەنووسێتەوە
هەڵوەرینی تریفەی
ورشەی گەڵاکان دەبینێ
پیاوێکە خوڕەی رووبارێکی مەنگە و
کەوتۆتە بێ هیوایی ژیانەوە.
٤
هەژاریی خۆشەویستیی
دیمەنی کۆڵانەکانی دڵی
خستۆتە دەسڕەکەی بەردەمی
چاوەرێی بەزەیی گوناهی خۆی دەکا
ویژدانیش ئاسمانێکە
وەکو ژنێک
قژی خۆی دەڕنێ و
بەرهەمی درەختی خۆی دەخوا.
٥
ئەم جارەش نمەی غەریبیی
سەفەری باڕێژەی گریانم
گۆمی مەنگێکی لێڵە و
تەمێکی سارد و سڕە
ئەوەندەی شکۆفەی خەونی کازیوەی بینیوە
چوومە تەمێکی ئاسۆیەکی تەڵخەوە.
٦
نیشتمانی پەلکەزێڕینە
کوانێ خەونی شیعری داهاتووی ژنێتیم
هەر شمشێرە شەڕ
دەکا
رووباری ئازادییە
جەستەی من وشک دەکا.
٧
شەو تارای مەمکێکی جوانە
دەبێتە بەرسیلەی بەفر و
گوناهەکانی دەسڕێتەوە
ماتەمێکە بۆ زستانی خەم
و
دەستی تۆش فرمێسکی ئازارم دەسڕێ
نایەڵێ بە خوێنی جەستەم سوور
بێ.
٨
گەر شەپۆلەکانی دەریا
دەنگی ئازادییم نەمرێنن
لە لووتکەی
سپیی شعرێکا
خوێنی لاوانی نیشتمانەکەم
دەڕژێ بەسەر لاپەڕەی رێگای خەباتا
ئەوسا گوڵەکانی باخی دڵی تۆ
سوور سوور دەچنەوە
لە ناو ئاواتا.
٩
من شەوی تەنیایی
خەمەکانم رادەژێنێ
چەپکێک نێرگز
لە پرشنگی هەتاو
گوڵێکی نوێم بۆ دەچنێ
لە نێو تاڤگەی یادگارییەکانی
بێ هیوایی گوڵی وشەم
دەبێ بە قژی بەهار هەڵبەستێ.
ماڵپهڕی
کهژاڵ
ئیبراهیم خدر
|