١\٥\٢٠٢٢
شکۆمەندیی ئەودیوی
دیوارەکە!

ئەرسەلان مەحمود
هەموو ئەو کاتانەی شکۆی مرۆڤ دەکەوێتە ژێر پرسیارو هەڕەشەو مەترسییەوە،
زۆر گوێت لەدەستەواژەی "کەرامەتی مرۆڤ" دەبێت، ئەم چەمەکە هەم
دوراییەکی دیرۆکی مرۆیی و هەم قوڵایی مێژوویی ئاینی خۆی هەیەو بەهاکەی
لەزیهنیەت و لەدڵی هەردوکیاندا دەژی.
بەپێوەری پێناسە باوەکانی دونیای ئەمڕۆ، چەمکی کەرامەتی مرۆڤ
لەبنچینەدا، ئەو هزرینەیە، هەموو خــەڵک هـەڵگری بەهای تایبەتی و
گرێدراوی مرۆیی بەدەر لەڕەنگ، دەنگ، چین و توێژو ڕەگەز، نەتەوەو
نیشتمان و ئایینین، شکۆیەکە پێداراوێکی نییە، بەڵکوو لەگەڵ مرۆڤ لەدایک
دەبێت.
بەڵام لــەگۆمەڵگەی سوننەتی یان تازە گەشە کردوەکان و دیدی
ئاینگەرەکاندا، ئەگەرچی بەپێوەرە ئاینیەکان مرۆڤ بوونەوەرێکی خودایی و
مانیفێستیۆی خوداییە، کەچی هێشتان چ بەفەرهەنگ و چ بەکردەیی، هەمان ئەو
ڕوانینە مرۆییە جیهانییە نییەو لەخەم نەڕەخساوە، ئەوەی هەیە،
تێکەڵەیەکی چوار سەرە:
• غـەیـبـزانـی.
• عەقڵمەندی پەتی.
•غـروری نێرایــەتـی.
• شکۆمەندی.
غەیبزانەکان، هەمووان نین، تەنها پێغەمبەرەکانن. عەقڵمەندەکان هەمووان
نین، تەنها سەرۆکی یەکە دەستەییەکانی وەک خێزان، خێڵ و عەشرەت و مەزهەب
و گوتار بێژی مینبەرەکان. غروری نێرایەتی، هەر شتێک بشکێنێتەوە سەر
هزرینە پەتییە نێرایەتییەکەی، وەک هێزی زاڵ و شەرەف و خوێن. شکۆمەندی،
کەمینەیەک لەشوناسە باوە جیهانییەکە. یانی ئەوەی کەرامەتدارە لەسەر
ئاستە تاکگەراییەکە هەمووان نین!!
تێگەیشتن و قبوڵکردنی کەرامەتی مرۆڤ، وەک بەهایەکی باڵای ناوەکی ئەزەلی
و بێپێدراو لەهەر مرۆڤێکدا، پابەندیەکی داهێنراوی فەرهەنگی هاوبەشی
مرۆیی جیهانی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، خراپ بەکار بردنی ئەم چەمکەو
داتاشینی ماناو مەغزای پەتی، یان بینینەوەو چڕ کردنەوەو تاککردنەوەی
لەهزری کەنیسەو مزگەوت و مەعبەدەکاندا، کەرامەتی مرۆڤ سەلامەت و
پارێزراو ناهێڵێتەوە.
هەتا ئەم سات و سەردەمە، مرۆڤ هەبوویەکی زۆر دەگمەنە، چونکە هێشتا
تەنها بوونەوەرە دەتوانێ بیر بکاتەوەو هەڵبژاردن بکاو بەهۆیەوە بگاتە
ڕۆشنگەری، دیارە کەرامەتی مرۆڤ لەتوانست و بەرپرسیارێتییەوە
سەرهەڵدەدات، هەموو مرۆڤەکان لەگەڕان و سوڕاندا یەک دەگرنەوە، لەبەر
ئەوە دەبێ ورد لەگروپ و دەزگەو دامەزراوە ڕەگەز پەرست و هەڵخڕێنەرو
ئاینگەرەکان تێبگات، ئەو بێڕێزییەی لەسەناو پەنای ئەم چەمک و هزرینە
داتاشراوانەوە بەمرۆڤ دەکرێ، لەحەقیقەتی ئیلاهی و مرۆییەوە سەرچاوە
ناگرن، پاساودەرو بیانووگەرن.
زۆر نین ئەوانەی وەک مرۆڤی کورد کار لەسەر کەرامەت شکاندیان کراوە،
دەرە بازنەیی زیانی گەورەی لەکررامەتی مرۆڤی کورد داوە، مرۆڤی دەرە
بازنەیی مرۆیی نییە، نامۆیە بەخۆی، بەوانی تر، ئێمەی مرۆڤ لەیەک
بازنەیی مرۆییدا دەخولێینەوە، دەرە بازنەیی گرێیە، گرێی سایکۆلۆژی
جڤاکی ناسیۆنالیستی جیاکاری ڕەگەزی و ڕەمەکییە، لەهەر ژینگەیەکی
کۆمەڵایەتیدا ئەگەر نەتوانرا کەرامەتی مرۆڤ وەک مرۆڤ پێناسە بکرێ و
بناسرێتەوە، ئەو ژینگەیە لەبازنەی وێرانکاری خۆیدا دەخولێتەوە.
ئەو دۆخە دەرەکی و ناوەکییەی ئەمڕۆ مرۆڤی کورد خراوەتە ناویەوە،
قبوڵکردنی دەستدرێژی و بێدەنگ بوونیەتی لەبەرامبەر سوکایەتی و ئەم
هەموو بێڕێزییەی بەناوی جیاوە بەکەرامەتی دەکرێت، پێشەکییەکی تاڵ و
مەترسیدارە بۆ زاڵبوونەوەی عەقڵیەتی ستەمکاری و سەرکەوتنەوەی
دەسەڵاتدارێتی ناوەندی عورفی و بازاڕی دژە مرۆیی.
برسیکردنی خەڵک، گەمارۆدانی بازاڕ، خراپی خزمەتگوزارییەکان،
زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان، سزادانی چالاکان و کوژرانی ئازادیخوازان،
بەشینەوەی تۆمەت و بوغزو غەریزەی ڕووت لەبەرامبەر بێدادی و ڕەخنەدا،
پەلاماری هەرێمایەتی، گەمەی هەرێمایەتی و دەولی حکومڕان و بڕیار
بەدەستان، فەرهودی ئابوری و سەفەقاتی تار، ڕەنگکردنی حزبی خاک و خەڵک،
بێباکی بەرپێنەگیراو، دواجار بەکارەساتێک کۆتایی دێن، هیچ دیوارێک
ناتوانێ کەرامەتی خوڵقێنەرانی ئەم دۆخە لەشکان بەرپێبگرێ و جیا بکاتەوە
لەکەرامەتی شکێندراوی خەڵک!!
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|