په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\٩\٢٠١٣

شیلان حەمەنوری:
کۆمەڵگا وەک کۆترێک وایە کە باڵێکی شکا، ناتوانێ بە باڵەکەی دیکەی بفڕێ.


یوسف خەلیل      


بە مەبەستی زانیاری بەخشین لەمەڕ ئەو کێشە کۆمەڵایەتیانەی رۆژانە رووبەڕووی تاکەکانی کۆمەڵگا دەبنەوە ،بەڕێز (شیلان حەمەنوری) توێژەری کۆمەڵایەتی و پسپۆڕ لە بواری جێندەر مان دواند:


یوسف خەلیل: دایکان و باوکانی ئێمە وا دەزانن کوڕ و کچەکانیان هەر بە منداڵی ئەمێننەوە ، ناتوانن خۆیان لەگەڵ گۆڕانەکانی تەمەندا رابهێنن و کۆمەڵێک رێنمایی و سەرنجی تازە ببەخشنە منداڵەکانیان تا بتوانن رووبەڕوی ژیان ببنەوە؟

شیلان حەمەنوری: هۆشیاری لای ئێمە زۆر نزمە تا ئەو ئاستەی کە نەبێت ، بە دەگمەن خێزان هەیە کە ئەوەندە هۆشیاری هەبێت و بتوانێت بیبەخشێتە گەنجەکان، پانتاییەکی زۆر دوور و درێژ و فراوان هەیە لە نێوان دایکان و باوکان و گەنجەکاندا ..چونکە لە زمانی یەکتری تێناگەن ! زمانی نێوان ئەم دوو لایەنە شەڕ و ئاژاوەیە ، یەکێک لە هۆکارەکانیش هەست دەکات کچەکەی یا کوڕەکەی هێشتا منداڵە و لە ئاستی بڕیاردا نییە یا چۆن بە سرنجێک مادەیەک دەخەیتە جەستەی یەکێکی دیکەوە ..تۆش لە رێگەی دوو وشەوە هەموو ئەو شتانە بگەیەنیت بە کەسەکەی بەرامبەر! ماوەی نادەی خۆی هەنگاوەکان بنێت ،پێویست دەکات باش و خراپی بیرکردنەوەکەیان بۆ روونبکەینەوە کە ئەم بڕیارە چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەری ، کە بەو زمانە خۆت کرد بە هاوڕێی و هەموو باش و خراپەکانت تێگەیاند بەدەر لەوەی پێی بڵێیت ئەمە هەڵەیە نابێت بیکەیت ، چونکە ئەمە جۆرێکە لە سزادان ..لەوانەیە زیاتر سووربێت لەسەر ئەو کەسەی بەرامبەری ، دایکان و باوکان ئەو سنورەی کە بۆ کوڕەکانیان داناوە زۆر فراوانترە لەو سنورە تەسکەی کە بۆ کچەکانیان داناوە ، کچان بۆیان نییە جگە لەو دوو سێ کچەی کە لە گەڵیایەتی مامەڵە بکات ، وە ئەگەر رۆژێک لە رۆژان هەست بکات کچەکەی پەیوەندییەکی هەیە ..ئەمە دەبێتە کێشەیەکی زۆر گەورە و لەوانەیە دانیشتن و رێکەوتن و لێدان و ئاژاوەی زۆر گەورەی تێ بکەوێت ، بەڵام کاتێک ئەبیستێت کوڕەکەی چەند پەیوەندییەکیشی هەیە بە ئاسایی سەیری دەکات ، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا لۆمە و قسە و قسەڵۆکەکە ئەدرێت بەسەر شانی کچەکەدا بە پێچەوانەوە کوڕەکان لێی ئازاتر و سەربەستر دەردەچن ..ئەمە کینەیەک دروست دەکات لای کچەکە بۆیە هەوڵدەدات کە خۆی بسەپێنێت چونکە ئەمیش لە کوڕەکە کەمتر نییە بۆیە ئەیەوێت تۆڵە بسەنێتەوە!

یوسف خەلیل: پێت وانیە ئەم شێوازی مامەڵەکردنە گەنج بەرەو ئیفلیجبوون دەبات و نەتوانێت لەگەڵ ژیاندا رێبکات؟

شیلان حەمەنوری:
پەروەردەی تەندروست و هۆشیاری کۆمەڵایەتی خێزان یەکێکە لە بنەما بنەڕەتییەکان.. ئەمەشە کۆنتڕۆڵی ئەو هەڵانە دەکات کە ئەو گەنجە بە لاڕێدا نەڕوات ، بۆیە لە کاتی نەبوونی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و پەروەردەی تەندروستدا تۆ دەبێت چاوەڕوانی هەموو یەکێک لەو کێشانە بکەیت کە بێتە رێگەی گەنجەکە.

یوسف خەلیل:
ئەم گەنجە شەرمن دەردەچێت وای لێناکات نەتوانێت بڕیار بدات ..زۆرجار گەنجێک دەبینین لەبەردەمی رەگەزی بەرامبەریدا دەمی تەتەڵە دەکات ئەمە واناکات بە سانایی بکەوێتە هەڵەوە و لە خشتە ببرێت؟

شیلان حەمەنوری:
ئەوەندە ماوەی پێدەدەین وەکو لایەنی بایۆلۆجی گەشەبکات و لایەنی دەرونییەکە کەپت دەکەین و ناهێڵین بەرەو گۆڕان و پێشکەوتن بچێت ، لە قۆناغی هەرزەکاری تا هەژدەساڵیش هەردووکیان دوو تاکی شەرمنن و لەرزۆکن و بە دڵەراوکێوە مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی دەور و بەر ئەکەن ، چونکە دروست نەبووە کە منیش دروست نەبم و بڕوام بە بوونی خۆم نەبێت ناشتوانم مامەڵە لەگەڵ دەوروبەر بکەم ! زۆرجار ئەم حاڵەتە لە گەورەبوونیشماندا بەدی ئەکرێت ، کاتێک کە سەردانی کەسێک دەکەیت ئەگەر تەمەنیشی هەبێت هەست دەکەیت ئەو کەسە هەڵچونێکی پێوە دیارە و ئەلەرزێ‌ یاخوود دەست دەبات بۆ گوێکەی یا بۆ کراسەکەی ..چونکە هێشتا کامڵ نییە و بڕوابەخۆبوون دروست نەبووە تیایدا.

یوسف خەلیل:
لەوانەشە زەمینەی لەباری بۆ نەڕەخسابێت تا گەشەبکات و تێڕوانینی هەبێت بۆ ژیان؟

شیلان حەمەنوری:
هەموومان لەو پڕۆسەیەدا بەشدارین ، چونکە سنووری ئازادییەکانی کوڕ زۆر فراوانترە لەو سنوورەی کە بۆ کچانمان دیاری کردووە ! لەوانەیە کوڕکە تا تەمەنی (١٨ - ١٩) ساڵیش ئەم شەرمنییەی هەبێت بەڵام کە تێکەڵاوی بازاڕ دەبێت و خۆی دەناسێت و تێدەگات کە کوڕ چییە و کۆمەڵگا و کەلتوور چۆن سەیری دەکەن ؟ مادام ئەم کوڕە و بووە بە پیاو بڕوایەکی لا دروست دەبێت ، بەڵام بە پێچەوانەوە بۆ کچ لەگەڵی دەڕوات ، ئێستاش وەرە لەگەڵ کچان قسە بکە لە سەد کچ دە کچ ناتوانێت بە ئاسایی قسەت لەگەڵ بکات بەبێ شەرم و لەرزۆکی ئەمەش کاریگەرییەکی زۆر خراپ ئەبەخشێتە کۆمەڵ چونکە کە گەشە ئەکات و بەرەو پێش ئەچێت بە هەردووکیان بە نێر و مێوە هەنگاو دەنێن ..کە ئێمە نیوەی کۆمەڵمان شکست و لەرزۆک و شەرمن و لە ماڵەوە قەتیس ما نیوەکەی تریش ناتوانێت بەردەوامی پێبدات و شکست دێنێت چونکە گەشەپێدانی کۆمەڵگا وەکو کۆترێک وایە کە باڵێکی شکا ناتوانێ بە باڵەکەی دیکەی بفڕێ.

یوسف خەلیل:
نەکردنی مومارەسەی ئازادی تاک وا لە کەسەکان ناکات بیر لە هاوسەرگیری بکەنەوە ..چونکە ئەگەر هاوڕێیەتی ئاسایی بێت لەوانەیە بیر لە پڕۆژەیەکی وەها نەکاتەوە؟

شیلان حەمەنوری:
زۆرجار ئەو کچانە لە ناو ماڵدا ئەوەندە گوشاریان لەسەرە و بە عەیبە و ترسەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت بۆ نمونە نابێت بڕۆیتە دەرەوە و لەگەڵ فڵانەکەس قسە بکەیت و بڕۆیتە بازاڕ و ئەو ئیشە بکەیت ! لەبەر ئەوەی تۆ کچیت چونکە خەڵک لۆمەمان ئەکات ! ئەوەندە دەستیان دەچێتە بینەقاقایان وایان لێدێت هەست نەکەن هەناسەش ئەدەن و ئەژین !! بۆیە زۆرجار بڕیار ئەدەن ئەزانن هەڵەشن بەڵام سووریش دەبن لەسەر جێبەجێکردنی چونکە پێی وایە لەگەڵ هاوسەری کەمێک ئازادی دەبێت ، لای ئێمە هاوسەرێتی ئەو خەیاڵەیە کە هەر لە منداڵییەوە خەوی پێوە دەبینین و واهەست دەکەین هەموو ئەوشتانەی لێمان قەدەغەکراوە لەو پڕۆسەیەدا بە دەستی دەهێنین بەڵام بە داخەوە هاوسەرێتیش دەبێتە گۆڕێک بۆ هەموو حەز و ئارەزووەکان ! چونکە بنەمایەکی دروستی نییە ، ئەو کەسەش کە تۆ هاوسەرگیری لەگەڵ دەکەیت کۆپی باوک و براکەتە و هەمان مامەڵەت لەگەڵ دەکات ، بۆیە دیسانەوە لەو بازنە سنووردارەدا ئەسوڕێیتەوە ! لەلایەکی دیکەوە دوێنێ کچ بووە و تۆزێک پێگەی کۆمەڵایەتی باشتر بووە ..ئەمڕۆ کە بووەتە ژن زۆرینەی شتەکانی لە دەست داوە و منداڵی لە دوواوەیە و بڕیاری تری بۆ نییە ، لە کۆمەڵگای ئێمەشدا کە هاوسەرت گرت ئیتر تا مردنە ناتوانیت لە بڕیارەکە پەشیمان ببیتەوە و کەسێکی تر هەڵبژێریت ! چونکە خێزانەکەی خۆت و دەوروبەر لێت قبوڵ ناکات ناچار بەرەو خۆکوشتن و بەدڕەو شتی و رەدووکەوتنی دەبات بەڵگەش بۆ ئەمەڕۆژانە لە گۆڤارەکاندا بەر گوێمان دەکەوێت و دەیبیستین کەچی ڕوودەدات.

یوسف خەلیل
: متمانە نەکردن بە یەکتری ئەم ئەنجامانە ناهێنێتە ئاراوە؟

شیلان حەمەنوری: نەک متمانە نەکردن بەڵکو لێک تێنگەیشتن و نەبوونی خوێندنەوە بۆ هەڵسوکەوت و بیر و بۆچوونەکانی یەکتر لە نێوەندی کۆمەڵایەتی هەر یەکێک لە ڕەگەزەکانی کۆمەڵگا بەرەو ئەو حاڵەتانەی دەبات.

یوسف خەلیل:
زەمینە سازدان بۆ خۆشەویستی پێت وانییە ئەم حاڵەتە کەمتر دەکاتەوە؟

شیلان حەمەنوری:
خۆشەویستی تەنها ئەوە نیە گەنجێک دڵی بۆلای گەنجێکی تر بچێت و یەکترییان بوێت دوورا و دوور بەڵکو بەردەوامی هەیە ئایا تا چەند کۆمەڵگە ڕێگە بەو خۆشەویستیە ئەدات تا ئەو دوو گەنجە زۆر بە ئازادی دانیشن بەبێ‌ دەمامک نەک ئەوەی کۆمەڵگا بۆی سنوردار کردوون ! لە دوورەوە ئەم گەنجە لە ئاهەنگێکدا یا لە کۆبونەوەیەکی خێزانیدا یا خزمێک پێی نیشان بدات ..بە رووکەشی ئەو کچەی بەدڵ بوو بێگومان بڕیاریش لای کوڕە بۆ هاوسەرگیری ئەڕواتە پێشەوە و هاوسەرگیری لەگەڵ دەکات، لە ماوەی دەستگیرانداریدا کە ڕاستیەکە چەسپا بەسەریدا و بوو بەخێزانی ئینجا ڕێگە بەپەیوەندی ئەدرێت ئەویش دیسانەوە سنوردارە لە هەفتەیەکدا ڕۆژێک کوڕەکە بۆی هەیە بیبینێت و بچنە دەرەوە و دابنیشن ..ئەویش دەبێت پاسەوان و پۆلیس دابنیشێت!چونکە ڕێگەیان نادەن بە ئازادیانە مامەڵە لەگەڵ یەکتری بکەن ..بەشێوەیەکی هەڵە لێم تێنەگەن ! بەڵکو پێویست دەکات ئەو دوو گەنجە بەبێ بوونی کەسی سێیەم هەرچی هەست و پێویستیەکی ناخی خۆیان هەیە دەریبڕن ..بەڵام لای ئێمە ئەمە نیە ! ئەگەر سەیرێکی دادگا بکەیت و لەگەڵ توێژە کۆمەڵایەتیەکانی گفتوگۆ بکەیت دەردەکەوێت کە پاش چەند ساڵێک لە هاوسەرگیری بیردەکاتەوە کە لەگەڵی ناگونجێت لەوانەیە هۆکارەکانیش زۆر ئاسان و سادەبن بەڵام چونکە لەسەرەتای هاوسەرێتیدا بیری لەمانە نەکردۆتەوە و گفتوگۆی نەکردووە لەگەڵ کەسی بەرامبەردا نەدەگەشتە ئەم قۆناغە ، چونکە ئازادیش نییە خۆت و بەختت هاوسەرگیری دەکەیت وەک ئەو قومارەی کە بۆت دەرئەچێت یان دەرناچێت ! ئێمە بە دەمامکەوە مامەڵە لەگەڵ یەکتریدا دەکەین چونکە سنوردارین لە شتەکاندا ئەمەش رێگەمان پێنادات بە ئازادی و بڕوا بە خۆبوونەوە هەڵسوکەوت بکەین ، ئەو کاتەی لەگەڵ کەسی بەرامبەر هەڵسوکەوت دەکەین دەمامکێکمان هەیە لە دووای هاوسەرێتی لادەبرێ و حەقیقەتمان دەردەکەوێت بۆیە ئەمەش بەرەو ئەو شکستەمان دەبات.

یوسف خەلیل:
بە شێوەیەک لە شێوەکان بە هۆی تەکنەلۆژیاوە ئەم کاردانەوانە کاڵ بونەتەوە پێویستە گەنج بیر لە خۆی و چارەنووسی بکاتەوە و بڕوانەکات بەو بڕیارانەی دەوروبەر بەسەریدا دەسەپێنن لەم بارەیەوە دەڵێیت چی؟

شیلان حەمەنوری:
من بە پێچەوانەوە ئەیبینم چونکە شتەکان رووکەشتر بوونەتەوە ، زۆر خەفەت ئەخۆم کە ئەو گەنجانە ئەبینم وا بیر ئەکەنەوە ، کاتێک کە سەردانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەکەیت تێدەگەیت ئەو گەنجانە لە چ ئاستێکدا مامەڵە لەگەڵ یەکدی دەکەن ..تەنها لەگەڵ جەستە و دەرەوەی مرۆڤەکان گەمە دەکەن لەگەڵ توانا و دەروون و بیرکردنەوەی کەسەکاندا مامەڵەکردن زۆر لاواز و سادەیە! لەبەر ئەوەی کچ و کوڕی فڵانە و توانای ئابووری ئاوایە چاو و باڵا و قژی ئاوایە هەموو شتێکی دیکە دەخرێتە لاوە ، ئەم بۆچوونانە بۆ کەسەکان کاریگەری زۆر دروست دەکات لەکاتێکدا کۆمەڵگا لە ئاستی تەکنەلۆژیا و پێشکەوتوویدا دەتوانرێ‌ تازەترین مۆدێلی مۆبایل بە دەست بهێنرێ و ئینتەرنێت بە ئارەزوو بەکاربهێنرێ و کام کتێبت پێویستە دەستت بکەوێت ، بەڵام لەبەر ئەوەی پەروەردەی کۆمەڵایەتیمان شکست و ئیفلیجە لەوە باشتر ناچنینەوە.

یوسف خەلیل:
بۆ دەبێت گەنجی ئەمڕۆ بە هەمان شێوازی مامەڵەی پێشوو رووبەڕوی ژیان بێتەوە ..پێویست ناکات بەدووای وەڵامی ئەو پرسـیارانەدا بگەڕێت کە تا ئێستا بێ وەڵام ماونەتەوە؟

شیلان حەمەنوری: ئەمە یەکێکە لەو قسانەی کە گەنجەکانی پێ تاوانبار دەکرێت ، بەڵام بە پێچەوانەوە کە من نەتوانم گەنجێک دروست بکەم و فێری بکەم ژیان مانای چی.. توانا و تێڕوانینی تۆ مانای چی ؟ لەبری ئەو هەموو بڕیار و شتێکم کرد.. ئەو گەنجە کەپتکراو دەردەچێت ، ئازادی لای ئێمە تەنها بە ئینتەرنێت و سەتەلایت و فیلم و مۆبایل دەشوبهێنرێت .. بەپێچەوانەوە ئەمە زیان دەگەیەنێت .. ئازادی مانای بڕیاردان و سەربەستی لە مامەڵەکردن و نەبوونی سنورداری بۆ ئەو مرۆڤە وەکو گەشەکردن و خود سەلماندن و مامەڵە لەگەڵ دەوروبەر دا، نەک کام جل لەبەر بکەم کەس رێگەم لێنەگرێت ، ئەمەش تا رادەیەک راستە بەڵام زۆر سادەیە یان چۆن مامەڵە بکەم کەس نەتوانێت رێم لێبگرێت .. نەخێر چونکە ئازادی و دیموکراتی بۆ خۆی ئەبێت سنوری هەبێت .. ئەگەر وا نەبێت بەپێچەوانەوە ئەبێتە بێسەرە و بەرەیی وەک ئەوەی کە هەیە ! ئەوەمان لە بیر نەچێت کە خراپی بەکارهێنانی ئینتەرنێت و تەکنەلۆژیا بۆ سەر گەنج زیانی زۆر زیاترە وەک لەوەی سودی پێبگەیەنێت ، لە( ٣٠٪)ی خوێنەران.. ئەو کەسانەن کە ئینتەرنێت بۆ سایتە زانستیەکان بەکار ئەهێنن .. ئەوانەی تر نەخێر بۆ چات و سایتە سێکسیەکان بەکاری دەهێنن ،چونکە ئەو گەنجە پەروەردەکردنێکی تەندروستی لانیە و هەمیشە بە دووای ئەو پرسیارەی خۆیدا ئەگەرێ‌ لەبەر ئەوەی ئێمە نەمان توانیوە وەڵامی پرسیارەکانی بۆ دابین بکەین!! ئەویش لەو پێچ و پەنایانەدا ئەگەڕێت بۆ وەڵامەکانی ئەمەش دیسانەوە زیان بە توانا و گەشەی ئەو کەسە ئەدات.

سەرنج:

یەکێک لە بنەما سەرەکیەکان کە پێویستە و ئەرکە لەسەر دەزگا بەرپرسەکان کاری لەسەر بکەن پەروەردەی تەندروست و هۆشیاری کۆمەڵایەتییە ، ژیان وا دەڵێت چونکە ئێمە رۆژانە هەنگاو دەنێین ! پێویستمان بەو هۆشیارییە هەیە تا بەردەوامی بدەینە بەهرەکان و لێیەوە نەوەیەکی بڕوا بە خۆبوو ببەخشینە ئایندە.

 

ماڵپەڕی یوسف خەلیل

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک