شیلان
شۆڕش:
پیاوێکی کورد لە نەرویج بە تۆمەتی
تەعداکردن لە ههفت منداڵ
دەستگیر کراوە.
ئامادهکردنی: شوان سدیق
سەرۆکی
رێکخراوێکی ژنان: کورد ناوی زڕاوە، خراپترین پەنابەری نەرویجە.
شیلان شۆڕش سەرۆکی رێکخراوی سەربەخۆیی
دیموکراتی ژنانی کورد لە نەرویج لە دیمانەیەکی تایبەت بە (سڤیل) باس
لەو کێشە کۆمەڵایەتیانە دەکات، کە تووشی پەنابەری کورد دەبێت لە
ئەوروپا، ئەو لە دیمانەکەیدا، بە ئامار قسە دەکات، بە پێی
زانیارییەکانی ئەو چەندین کورد لە ساڵی رابردوو، بە تۆمەتی
دەستدرێژیکردن بۆ سەر منداڵان و لاقەکردنی ژنان لە نەرویج دەستگیرکراون،
هەروەها دەڵێ "کادیرانی پارتی و یەکێتی دەست دەخەنە ناو کارەکانمان".
شیلان شۆڕش ئەحمەد تەمەن (35) ساڵ، لە دایکبووی شاری سلێمانییە و ماوەی
(11) ساڵە لە وڵاتی نەرویج دەژیت، ئێستا قوتابی زانکۆی (Bergen)ی ئەو
وڵاتەیە، هەر لەوێ سەرۆکایەتی رێکخراوێکی کوردی دەکات، بە ناوی
رێکخراوی سەربەخۆیی دیموکراتی ژنانی کورد، ئەو رێکخراوە لە ساڵی 2004
دامەزراوە، هاوکاری ماددی لە حکومەتی نەرویج وەردەگرێت، ئامانجی
سەرەتایی هاوکاریکردنی ژنی کوردە لە نەرویج، لەگەڵ ئەوەشدا شیلان وتی "ژنانی
کورد زۆر کەم ئامادەیی ئەوەیان هەیە بە دڵسۆزی کار بکەن، چەند
ئامانجێکمان هەبووە، لە ڕێکخستنی ژنانی کورد، بەڵام هێشتا لە
سەرەتادایە، چونکە ئەوە کارێکی ئاسان نییە، ژنان وا گۆشکراون کە رێک
نەبن لەگەڵ یەکتر". هەر چەندە شیلان جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە
ئەوان هیچ ئامانجێکی سیاسیان نییە، لەگەڵ ئەوەشدا باسی ئەوەی کرد کە لە
لایەن ئەندامانی پارتی و یەکێتی بەربەرەکانێ دەکرێن، شیلان وتی "هەندێک
لە ئەندامانی پارتی و یەکێتی زۆر ئاکتیڤ کار دەکەن، بۆ ڕێگەگرتن لە
کاری ئێمە و خەڵک هان دەدەن دوور بکەونەوە لێمان". شیلان بە لێکدانەوەی
خۆی باسی ئامانجی پارتی و یەکێتی کرد، ئەو پێی وایە ئەو دوو حیزبە لە
دەرەوەی کوردستانیش دەیانەوێ خەڵک کۆنتڕۆڵ بکەن، شیلان وتی "ئەم جۆرە
کەسانە ئامانجیان ئەوەیە کۆنترۆڵی کورد بکەن لە ئەوروپا و لە ترسی
ئەوەی نەک گەنجانی ئێرە زانستێکی وا وەرگرن کە بزووتنەوەیەک دروست بکەن،
لە داهاتوو ببن بە مەترسییەک بۆ دەسەڵاتی گەندەڵی ئەوان".
هەر لە دیمانەکەدا شیلان وای نیشان دا کە کاری ئەوان تەنها قسە نییە،
بەڵکو لە رووی کردارەوەش یارمەتی کوردیان لە نەرویج داوە، ئەو نموونەی
هێناوەیە، کە تا ئێستا ئەوان لە رێکخراوەکەیان مافی پەنابەریان بۆ 6
ئافرەت وەرگرتووە، بە هاوکاری حکومەتی نەرویجیش داڵدەی 16 کچیان داوە
کە لە بەر زۆر بە شوودان لە دەستی خانەوادەکەیان رایان کردووە.
شیلان پێی وایە کوردانی ئەوروپاش نەیانتوانیوە خۆیان لە توندوتیژی ژنان
بە دوور بگرن، بە پێی زانیارییەکانی شیلان پار ساڵ لە نەرویج سێ ژنی
کورد کوژراون، یەکێکیشیان ون بووە، کە ئەویش گومانی کوژرانی لێدەکرێت،
پێشتریش لە ساڵی 2007 لە ئەوروپا 30 ژن کوژراون، هەر ئەو ئامارە لە
لایەن شیلانەوە لە رۆژنامەیەکی نەرویجی بڵاوکراوەتەوە، هەروەها دیاردەی
بە زۆر بەشودانیش لە لایەن کوردەکانی ئەو وڵاتە ماوە، شیلان وتی "پاکستانیەکان
بۆ بەزۆر بە شوودانی کچەکانیان بە پلەی یەکەم دێن، کوردیش بە پلەی
دووەم، تا ئێستا 16 کچی گەنج لە بەر زۆر بە شوودان رایان کردووە، لە
لایەن حکومەتی نەرویجەوە بە نهێنی داڵدە دراون".
سەرۆکی رێکخراوی دیموکراسی ژنان ئاماژەی بەو کێشانە کرد کە لە لایەن
پەنابەرانەوە، بۆ هاوڵاتیانی نەرویج دروست دەکرێن، کێشەکانیش وەک ئەو
باسی کرد بریتین لە تلیاکفرۆشتن و قاچاخچیەتی، تەعداکردنە سەر منداڵانی
نەرویجی و لاقەکردنی ژنانی ئەوروپی، بەقسەکانی شیلان بێت هەندێک لە
پەنابەرانی کوردیش ئەو کارانە دەکەن، ئەو نمونەی پەنابەرێکی کوردی
هێنایەوە وتی"کەسێک گیراوە لە سەر تەعداکردن لە(7) منداڵ، یان بەگروپ
تەعدا دەکەن لە ئافرەتان وا دەزانن دەبێت کاتێ ئەوان زەوقیان هەڵدەستێت
ئیتر بەکەیفی خۆیان رابوێرن"، شیلان شۆڕش پێیوابوو ئەمە کاری کردۆتە
سەر ناوزڕاندنی کورد لە نەرویج، بۆیە وتی" لە (90)ەکانی رابردوو، کورد
بە باشترین قەوم دەرچوو لە نەرویج، کەچی ئێستا خراپترین قەومن و هەر
ئەم ساڵ (41) تەعدا لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج کراوە، کە زۆرینەی
کوردە، ئەوانیتر ئەفریقی بوون".
ماڵپهڕی شیلان شۆڕش
|