١٥\٦\٢٠١١
شینە.

خوناو سمایل
ئەو وێستگەیە
جوداترە لە زۆربەی ئەو ویستگانەی دیومن لەو
ئەوروپایە... تەواوەک دوورە لە
ئاوەدانی ناو شار.. ئەو شارە بچووکەکەی
کە ھەنووکە بە شەمەندەفەرەکە
تێیپهڕین و لەو دووریە
لێی دابەزین... وا دەڕۆم لەو
بەرەبەیانیە خەواڵوەی سەرەتای ئەو زستانە تازەیە.. بارانیش
نەرمە نەرمە بە سیلاوی فرمێسکان روومەتی
زەوی دەڕشێنی... مێشک تەپیووم
و کەلەی سەرم وەک ئەو گاشەبهردانەی چیاکانی
دەوروبەر بگرە قورستریشە... چاوەکانم تەنھا زەقن، دەنا بەردەمی خۆیان
بترازێ زیاتر ھیچیدکە نادینن... وا دەڕۆم و
لاقانم رەپێشم دەدەن... کەلەشەکی شلوکوت شۆڕی
خوارەوەم بۆیتەوە و بە شەقاوی خاو رێگهوبانان
دەبڕم... لەوانەیە ئەو پڕووشکە بارانانەی وا
ئێستا تەزیی سارد بە تۆقی سەرم تا پەنجەی
پێیانم دادەھینن... دوای بیست رۆژەکی دیکە دونیایەک بەفر بە دوای
خۆیاندا بھێنن و بەیەکجاریی
رێگهوبانان تاک و تەنیاتر دابڕن!
لەو باخە ھیشک و بریشکەش چی ھەیە چاوانی بۆ
بکەیەوە! مەگەر دیقەتەک بدەیە ئەو یەک دوو کەسەی دوای شەوەکی
مەستی دوور و
درێژی شەراب و ماددەی بێھۆشکەر، کە ئێستا
وەک تەڕکی تەڕ بە سەر شووشەی بۆش
و دەرزی بەکارھاتوو لەو ژێر
پڕووشکە بارانانەی وا دێ و بە خوڕتر
دایدەکا بێھودە کەوتوون و کەس نازانی ماون
یان مردوون!
وا دەڕۆم و نازانم دونیای ئەوڕۆ
لۆ وا بە کۆسی خەمی خۆی کەوتووە...
لەو جۆگەلە ئاوەی ژێر ئەو پردە باریکەی وا
بە سەری تێدەپەڕم
رەنگە رەشەکەی
جانتا نیمچە بەتالەکەمم لێ دیارە و...
قورپەکەییم بە دەستی راستم گرتووە... بێجگە لە سەفەری ئەوڕۆ
رەنگی خەفەتی سەفەرێکی
کتوپڕی ترشم بیردەخاتەوە...
نازانم!! سەفەری ئەوڕۆش سەفەرێک بوو ھەر
دەبووایە بیکەم! ئەرکی خۆم بوو یان بە ئەرکی
خۆمم زانی و ھاتم !
لەو بێدەنگیییەی ئەو نمەبارانەی ھەر دێ و
تیژتر دێتەخوارێ... پێم خۆشە
رکی ھەناو لە دەست سەفەرە لەناکاوەکانی بە
تەمەنمان تێدەپەڕن بە ھاوارەک رابێرم و بخوڕمە
ئەو ئاسمانە نزمەی ئهوڕۆ و بڵێم: ببارە...
دەی بە کەیفی خۆت دایکە... ھەناوی پڕی خۆت
سووک کەو...
ھەرچی ھەتە دایچۆڕە ناو دودڵی دڵم... ئاخر
ئەمن چم دایە لەو ھەموو سەفەرە لەناکاوانە و
سەفەری ئەو دووریەی ئێرەی ئەو بنە دونیایە...؟
بەرو دووکانی بازاڕەکەش ھەر ھەمووی قەپاتن...
مەیخانەکانی، کە ھەتا بەرەبەیانەکی زوو گرمە
و زرمەیان دەھات، وا تاریک و نترک
پەردەکانیان بەسەریەک دادراوەیە... لە خۆم و
لە چەند نەفەرەکی تری دابەزیوی شەمەندەفەرەکە بترازێ کێ ھەیە دەنگی
خشپەی پێی لێرە بێ!
وا دەڕۆین و لەوانەیە تۆزەکیش بترسێین... لە چی؟ نازانم ھەر بترسێین و
بەس...
نا... نە لە جنۆکە و نە مێردەجنۆکە... لە
لەمەچێتریش نا... نە سەگ و نە پشیلەی بەرەڵاش
لێرە ھەن بتترسێنن... ئەدی لۆ بترسێین؟
تەنیایی و بێدەنگیی
رێگهوبانان روخساری ترس شی ناکەنەوە؟!! ئەدی..
لەوانەشە مرۆڤ ھەر لە یەکەم واقەی بەربوونەوە
لە دامەنی دایک و بارکردن لەو ھەناوە گەرمەی... ترس سەر
و سیمای پڕ سامی خۆی نیشان دابین و
تا دەشمرین نەتوانین لە خۆمانی دەرکەین... ھەرچۆنەک بی ...ئاخر نازانم
ئەمن چم دابوو لەو سەفەرە... ناشزانم گەر مابا دەھاتمە ئەو دوورەرێیه...؟
دیسان دەمویست گوێچکانی لۆ شلکەم و جەستەم بە دەنگی نەرمی خاو بێتەوە
کە بانگی بکردبام بە"خرپن"؟
دەتگۆت بانگی کار وبەرخان دەکا...کە بانگی بە"خرپن" دەکردم.
"خڕپن" ئەو ناوەی پاش رۆژی رۆیشتنەکەی
بارتەقای ئەو رێیهی وا بریومە
رکم لێ بوو..! لە کۆڵان و لەو دیوی
دیوارەکەی بەینمان... لە بەر دەرگهی
قوتابخانهکهش... لە ھەر جێیەک بیدیبام
دەگرژییەوە و دهیگوت
"خرپن". ئەو "خرپن"ەی بانگی پێدەکردم ھەموو خەڵکەکەشی لە
خڕیی و پڕییم
وەئاگا ھینا... دوای خۆی زۆر کەس بە خرپن ناوی دەبردم.
ھەموو کارە سووکەکان ئەمن بووم دەمکرد و
گرانەکانیش داکم... کە دەمپرسی... داکم دەیگوت "ئەجری دراوسێیەتییه".
ئەدی ئێستا دوای پازدە ساڵ ئەجری دراوسێیەتی بوو ئەو سەفەرەم کرد و
ھاتم؟
لە سەربان، لەو دیوی ستارەکە ھەتا شەوانەکی درەنگ چاوە ببخەوەکانی بە
دوای من و داکم دەگێڕا... دەمزانی خۆشی بە دەنگ و جوولە
جوولمان دێ. بە
خٶشمان سێبوریی خۆمان بە دووکەڵی
جغارەکەیەوە نابوو کە ھەتا درەنگانەک بە بای دەکردن
و شەوەکانی خۆی پێ کورتتر دەکردن...
زۆر جارانیش داکم دوای ئەو ھەموو دیقەتانەی وی و ئەو میھرەبانییهی
نیشانی دەداین دەمی پرسی: "پێت خۆشە شینە ببیته
بابت؟.. کە قەت نەم دەگوت " ئا "... بەڵام
ھەر زۆر زۆریشم پێخۆش بوو..
" شینە " ئەو پیاوەی کە کەس نەیدەناسی و
بووه دانیشتووی گەڕەک
و ... بووه یەک لە پیاوە باوەڕپێکراوەکانی
کۆڵانیش و ھەموومان خۆشمان ویست و ھەمووش
چاوەڕوانی ئەوە بوون کە " شینە" دوای ئەوەندە ساڵهی
تەنیایی داکم ببیته بابی چاوەرێنهکراوم!...
ھەتا ئەو رۆژەی "شینە" بە بێ دوعا
و سەلام خواستن... تێیتهقاند و
بێسەروشوون من و داکم و کۆڵانەکەی لە
کتوپڕەک بەجێھێشت و رۆێشت.
لۆ رۆیی؟ لۆ کێ دەرچوو.. کێ بوو شینە؟ کەس
نەیزانی!
ھەر ئەوەندە زاندرا کە داکم دوای
رۆشتنەکەی چەند ساڵێک
بێ مەیل کەوت و منیشی ھەناسەسارد و ھەناوپڕ رک
لە خۆی جێھێشت.
دە کەواتە " شینە"یەک کە قەت نهبووه ئهو
بابەی کە خۆم و ھەمووان
دەمانوییست ...بۆ دەبووا ئەو سەفەرەی لۆ
بکەم و بێم نازانم!! .. گەر مابا بە شایانی ئەو رێیه
دوورەم دەزانی و دەھاتم؟
بەر لەماوەیەک ..لۆ یەکەم جار دوای ئەو پازدە ساڵهی
تێمانپهڕی بوو..
دەنگی پیاوەکی نەخۆشم لە تەلەفۆنەکەم بیست و گوتی "شینە"م..
دڵم خورپەی ھات..
"شینە."؟!!!
بە گۆتنی ناوی خۆی... ھەموو رۆژە خۆش و ناخۆشەکانی بێ وییم
ھاتەوە یاد.. "شینە" ئەو کابرایەی کە دوای
دە ساڵ ئەوجا دڵم
لە رەنجاندنی وەستا.. ئەو کاتەی کە زانیم ئەو پیاوە تەنیایەی خانییه
سەربەخۆیەکەی دراوسێمان.. کە نەیدەویست
کەس خۆی لە ژیانی ھەرقورتێنی "دوژمندار
بووە" و تۆرە بە نۆرەی سەندبوو..
بۆیێ بەو کتوپڕییه
دوای ئەو ماوەیەی کە رۆژ و شەوی من و داکمی
پڕ لە ئاسودەیی کردبوو... رۆیی و بێ
ناونیشان و بە دەستوبردەک
کەس نەزانانه جێیمانی ھێشت.
دوای تەلەفۆنەکەی گوتم "شینە" چی ماوە لام
تەلەفۆنی بۆ بکا... داکم ئەوە چوار ساڵه
سهری نایتهوه..
خۆشم ئێستا گەورەم و خاوەن مێرد و
خاوخێزانم... ئەدی چ شتەک ھەیە " شینە"
پرسیاریم لێ بکا!؟
لە تەلەفۆنەکە گوتی.. کە
زانیبووی لەو غەریبیەی ئێرەم..
بریاری دابوو بمبینی!! بەڵام
لەبەر نالەباریی
باری تەندروستیی بە
داخەوە ناتوانی بێ و
سەردانم کا... پاش قسەکردنەکی زۆر
گوتی " خرپن.. من قەردارتانم لۆیێ ھەر دەبی
بتبینم"".
گوتم نا.. خۆت بە قەردار مەزانە و ئەو بینینەش بە پێویست نابینم...
نەچووم و نەمدیت...
بەلام دوای نەمانی "شینە"
و ھەواڵی مردنەکەی...خەمەک لە ناو
ھەناومدا ھەژاندمی... بە پارێزەرەکەم گۆت باشە.. دێم.
ئێستا وا لە شارەکەی "شینە" دا دەرۆم و
دونیایهکی کز و
مات... کێ لە کێ دەپرسی بۆ کێ؟ مەگەر باڵای
خەستەخانەکەی کە "شینە" گیانی لێی دەرچووە بکەم بە نیشان و
رێیهیەکانم دەست نیشان دا... چونکە ئەو
شارە گچکهی کە" شینە " ھەر لە سەرەتای
ھاتنی تێیدا خۆی لە چاوان بزر کردووە...
مەگەر یەک دووەکی وەک خۆی تەنیا
و بێ چارە بەرگەی دووریی
و کپییهکهی بگرن ... دەنا مرۆڤێک حەزی لە
ژیانکردن بی قەت تێیدا ھەڵناکا...
لە خەستەخانەکە...ناردرامە لای پارێزەرەکە... لەوێ
کچە پارێزە چاو شینەکە گوتی "کرپن"ی؟...
گوتم بهڵێ "خرپنم"..
گۆتی بە پێی قسەکانی ئەو کابرایە
ئەتۆ نزیکترین کەسوکاری وی... ئەو ناوی لێت
ناوە " ئەو کچەی کە قەت شایانی باوکایهتی
وی نەبووم".. دوای ستایشهکی زۆری
خۆشەویستییهکی باوکانە
ئهو نامەیەی لۆت جێهێشتووه...
ئەو پیاوە ئەو چەک و پارەیە
و ئەو کۆمەڵه وێنەیەی
لۆت جێهێشتووه..
بەو مەبەستەی کە ئهتوو شیاوترین کەسی و
شایانییانی..
وێنەکان ئەو وێنانە بوون کە ئەمن و "شینە" من
و داکم و "شینە" و ھەندەک لە
دانیشتەی کۆڵان و گەڕەک
پێکهوهمان گرتبوون.. لەوە دەچوو
ئەو کاتانەی کە "شینە" ناوی بە "خرپن"
دەبردبم خۆشترین ساتەکانی سەراپای ژیانی بووبێ..
هیلاکیی ئەو سەفەرە
و .. ورژانی ئەو ھەموو ھەستەی کە
سهردهمی ونبوونە کتوپڕەکەی
"شینە"ی وەبیر خستمەوە
و.. شیکردنەوەی تازەم لۆ ئەو باباتییهی
کە ھەرگیز نەھاتە دی و..
دڵڕەقییهکەی کە چەند ساڵێک دەروونی
دەگوشیم لە بەرامبەر "شینە"... بارەکی قورستریان
لێ نام و.. گێژتر لەو شارە گچکه بە
ناو تەنیایی خۆمیان دەسوڕاندمەوە.
شتەکانم لەو جانتا رەشە ناو.. بە قورپەکەی ههڵمگرت..
بیرم لەو بڕە پارەی چەکەکە کردەوە
پێم وابوو ئەو پارەیە ئەو
ماڵدارییه بووە کە شینە لە دەست
دەردی دوژمنداریی
و ترسی تۆڵهسەندنەوە
و... لە بری ھەموو خۆشییهکی سەفەر
و ژیانکردنێکی رەحەت کۆی کردبنەوە.
لۆیێ بریا قەت سەفەرەکەم نەکردبا و نەھاتبام...
چونکە راڕاییەک ھەناوم سەراوبن دەکا
و... لە
دەست دەنگدانەوەی پرسیاران خەریکە کاس
بم... تێناگەم دوای ئەو ھەموو رکە دوورودرێژەی
دڵم بەرامبەر بە "شینە"... چۆن دەکرێ ئەمن ئەو کچە بووبم کە "شینە" خۆی
بە شایانی باوکایهتییم نەزانیبی!؟
نازانم ئێستا من دەبی لە بارکردنەکەی ئەودەمی "شینە" ببورم... یانیش
دەبی "شینە" لەو دڵڕهقییهم بۆی بە درێژایی
ئەو ھەموو ساڵە و... پێداگریی لە
نەخواستنەوەی بینینەوەیم دوای دونیایهک تکا
و پاڕانهوه لە
دوایین تەلەفۆنی بۆم... لێم ببووری!!؟
جاران تەرازووەکانم لە بەر چاوان بە
لای "خرپن"ەوە پێ قورس بوو کەچی
ئێستا وا دێ قورساییەکە بکەوێتە لای "شینە"...
٢٨\٥\٢٠١١
ماڵپهڕی خوناو
سمایل مامه
|