| 
			 
			١٢\١٢\٢٠١٩ 
			
			   
			شنەشنی 
			دڵەکەت گوڵێکە لە باخچەی رۆحمدا. 
			
			  
			
			کەژاڵ ئیبراهیم 
			خدر 
			
			١ 
			تۆ خونچەی گوڵێکی شارم بووی  
			بووی بە ئاونگی بەیانی  
			بوویت بە تریفەی مانگەشەو 
			دوا جاریش بە گەڵا 
			منیش لە ژانی شیعرێکمەوە  
			تریفە و، گەڵام نووسیەوە  
			وەک بای دەشت و نمەی باران  
			بە ئەسپایی ھاتنە باوەشمەوە. 
			
			 
			٢ 
			من سۆراخی عەشقی ئاوابوونی ئەو بووم 
			بۆت بوومەتە دەروێشێکی قژ درێژ و 
			دەفژەنێکی سەرگەردان 
			وەک رەشەبایەکی سەرشێت  
			لەگەڵ ئاواز و گۆرانی، شیوەنی چیادا 
			بوومە ھەڵم و چوومە ئاسمان. 
			
			 
			٣ 
			بوومە ھاوڕێی پەڵە ھەورێ  
			لە خەیاڵما، ھاتیتە نێو دڵمەوە و  
			بووی بە پەپوولەیەکی 
			باڵ نەخشینی زەرد 
			چەندە جوان و، نەشیمیلە بووی  
			پاک و بێگەرد. 
			
			 
			٤ 
			لەگەڵ بارینی باراندا  
			کزە بایەکی سارد کەوتە جەستەمەوە و  
			تۆش بوویتە کاروانچیەکی راگوزار  
			لە ناو مێرگی ھەتاومدا 
			لەگەڵ شیعرەکانما دەست لەملان بوون و  
			یەکتریتان ماچ دەکرد 
			تێکەڵاو بووین بە ھەتاو سێبەر 
			منیش بووم بە بەفرێکی زستانە و  
			دواتر بووین بە ژن و درەخت. 
			
			 
			٥ 
			تاڵێ پرچت، ژێی شیعرم بوون  
			بوون بە دەریاچەی خەمەکانت 
			جوانیی خۆمم تێدا بەخشی  
			لە نێو نیگاو خەندەی تۆدا  
			عشقی ژنێک لەدایک بوو  
			ژووانەکانی بە چرپەوە بۆ باس کردی. 
			
			 
			٦ 
			لە نێو ژاوەژاوی بادەی 
			نیوەشەوی شەرابێکدا  
			خەیاڵ و بیرم، با ئەیبا 
			ئەی ناسکترین پەڕەی رۆحم  
			کاتێ دەبیتە درەختێکی وەنەوشەیی  
			لە نێو پەنجەرەی دڵتەوە 
			بە ئامێزێکی گەرمەوە 
			سەوز سەوز پێئەکەنی  
			کاتێکیش دەبیتە تراویلکە و  
			گوڵاوپژێنی دڵم دەکەی 
			بۆت دەبمە کەنارییەکی بێ دەنگ و  
			ھەندێ جار یش فرمێسک گەردنم تەڕدەکات  
			بە کوڵ دەگری. 
			
			 
			٧ 
			کاتێک شیعرێک دەنووسم  
			وەک لاولاوی ماڵەکەمان  
			لەگەڵ شنەی بەیانیاندا سەما دەکا 
			بۆیە نزادەکەم و دەپارێمەوە لە یەزدان 
			ھەرگیز نەمری 
			تاکو پەلکەزێڕینەی دەرکەوێ و  
			مەل لە جریوە نەکەون  
			ئەتۆش نەگری. 
			
			  
			٨ 
			تۆ سپیترین بەفری منی 
			کاتێ لەگەڵ پۆلێ  
			وشەی ناسک ناسک  
			عەشق و مەیلی منت تێدا دەڕوێ  
			ھەرگیز نامەوێ تەنیابیت 
			تاکو بەژن و باڵای چنارت و  
			قژی رەنگاو رەنگ و، لێوت ناسکت  
			وەک شۆڕەبی بەرز دەبێ. 
			
			 
			٩ 
			کە دەتبینم لە سنەوبەرێکی سەوزی 
			پرچ ژاکاوی سەری ساڵ دەچی  
			بۆت دەبمە پەپوولەیەکی رەنگاوڕەنگ  
			دەت خەمە سەر کەلی شاخم  
			دەتگرمەوە نێو باوەشمەوە  
			پاک و بێ دەنگ. 
			
			 
			١٠ 
			تکا دەکەم  
			تەنیا و، بێ کەس و، غەریبم مەکە 
			تاکو پایز: بە کراسێکی ساردی خەزانەوە 
			بە کەمەری باریک و، قژی بە شیعر داپۆشراوە 
			نەگاتە دونیای برژانگت و  
			چاوە خومارەکانت. 
			
			 
			١١ 
			باران نمە، نمە 
			بەسەرتدا دادەبارێ و  
			گەرووی وشکەوەبووی  
			چەند ساڵەت تەڕدەکا  
			تۆش وەک ژنێکی نازەنین  
			لاوانەوە یەک، بۆ جوانی نیشتمان و  
			بەستەکانی خاک دەنووسی. 
			
			  
			١٢ 
			کە دەتبینم  
			لەوپەڕی ئاسۆی شارەوە 
			بەدەم ھەناسەی کزەباوە 
			قژت رەشی قەتراینە و 
			روومەتە سورەکانت، ئەگەشێنەوە. 
			
			
			______________________________________________ 
			تێبینی: 
			ئەم شیعرە پێش مەرگی نووسیویەتی "لە دەفتەرەکەیدا ھەیە" ھەندێک دێڕ و 
			وشەی دەستکاریی کردووە "بە شێوەیەکی سەرەتایی". 
			
			  
			
			
			
			
			ماڵپهڕی 
			کهژاڵ 
			ئیبراهیم خدر  
			
			  
			
			  
			
			  
			
			  
			 |