په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\١\٢٠١٢

شتێکى تر لە ژوورەکەدایە.


رێبین ئەحمەد خدر 


لە پاسەکەدا دووبارە لە کچەکە دەپرسێ : دەچینە نەخۆشخانە؟
ئاووهەوا ساردە.بەفر ناهێڵێت کەس بیربکاتەوە - دەنگى گۆرانییەکى ناخۆش.
وەک ئەوەى خۆى بدزێتەوە بەشەرمەوە "بەڵێ، دەچینە نەخۆشخانە" کچەکە وەڵام دەداتەوە.
دەفتەرێکى بچکۆلە لەنێو دەستى دا ، ئەو دڵنیایە کە ئەم ڕێگایە هەڵەیە.
هەڵەیە، دەبوو ئێستا لە ژوورەکەى بووایە.
ژوورێک کە هاوڕێکان دەڵێن جنۆکەى لێیه‌ ، جنۆکەى لێیه‌ و پێدەکەنن.
دووبارە خۆى نزیک دەکاتەوە لە کچەکە بێ ئەوەى هیچ قسەیەک بکات، بەچاو پرسیارێکى تر دەکات.


زنجیرەى چیاکان و تەمێکى نیگەران، بەڵام شارێکى بچکۆلانەى جوان. شارێک کە بەردەوام ژوورەکانى خەڵوەت دێننەوە بیر، لەدەرەوەى ژوورەکانیش بیر لەهیچیتر ناکەیتەوە-جگە لەوەى هەرچى زووترە هاوڕێکەت یان ئەوەى کە بەڕێکەوت بینیوتە بەجێى بهێڵى و لەگەڵ گۆرانییەکى خەمباردا خۆت بخزێنیتەوە کونجى ژوورەکەت، ئەو ژوورەى جنۆکەى لێیه‌ و - پێدەکەنیت.
"بۆچى جنۆکەى لێیه‌ ئەم ژوورە..بۆچى ترسناکە؟" لەسەر دیوارى باڵکۆنەکە دانیشتوویت و لە هاوڕێکەت دەپرسى.
وەڵام دەداتەوە "چونکە ئەوەى ماوەیەک لە ژوورەکەبێت عاشق دەبێ".
پاسەکە بەنێو کۆڵانە باریکەکان دا دەڕوات.
کچەکەى تەنیشتت تازە وەڵامى ئەو پرسیارە دەداتەوە کە بەچاو لێت پرسیبوو.
تۆ "دەڵێى کامە؟" دواى وەڵامەکەى ئەو.
"ئەو کچەى لەگەڵ خۆمان دایە.." ناوى کچەکە دەڵێت و بەشەرمەوە پێدەکەنێت.
"لەخەودا؟".
"بەلێ لەخەودا - لە قەڕەوێڵە کەوتووە".
" ئۆه..زۆر ناخۆشە-لەقەڕەویڵە" وا هەست دەکەیت کاتێ کەوتۆتە خوارەوە.
کاتێ کەوتۆتە خوارەوەو بە ئاگاهاتووە گریاوە.
پاسەکە وەستا. لەبەر دەرگاى نەخۆشخانەکە هاتنە خوارەوە.لەیەکتر دەترسان، چونکە یەکتریتان نەدەناسى.
نەخۆشخانەیەکى سەوز.ئێوە دوو دوو - سێ سێ سەردەکەوتن بۆ نهۆمى دووەم.
" کاتێ کەوتیتە خوارەوە گریایت؟".
" نا.نازانم لەهۆش خۆم چووم".


باڵکۆنەکەى ئێمە دەیڕوانی بەسەر خانووێکدا، پیرەمێردێکى بەستەزمان بەتەنها لەوێ دەژیا-شەوان لەگەڵ ڕادیۆکەیدا دەنووست - گۆرانى و هەواڵ ئاوێزانى یەکتردەبوون.ئێمەش نوقمى برین و نیگەرانى.ئەوەى لە کاتى گۆرانیدا دەگریا، ئەوەى بە خەمەکانى پێدەکەنى..ئەوەى نزاى دەکرد .ئەوەى بێدەنگ-ئەوەشى دەینووسى.هەموومان هاوشێوەى پیرەمێردەکە، وەک ئەویش تەنها.
لە ڕاستیدا ژوورەکە نە جنۆکەى لێ بوو نە تارماییەکیش، ئەوەى لێى بوو شتێکى تربوو.
دواجار هەموومان گەیشتینە نهۆمى دووەمى نەخۆشخانەکە.
ژوورێکى بچووک - یەک قەڕەوێڵەى تیایە، کچێکى سپى وەک ئەوەى خۆى بە ئاوى مردن شۆردبێ دێتە پێشەوە و پێدەکەنێ.
هەڵبەتە لەگەڵ ئێمە پێدەکەنێ." باشە بەخێرهاتن..ئیستا باشە زۆر" خۆى لادەدا و ئێمە کچى سەر قەڕەوێڵەکە دەبینین، هاوڕێیەک دەپرسێ ئەم دەفتەرە چییە لەدەستت. هیچ وەڵامێک نییە، هێشتا ئەو کچەى خۆى بەئاوى مردن شۆردووە قسەدەکات و ڕوونى دەکاتەوە " بەڵێََ..ناخۆشە..من لە دەنگى کەوتنە خوارەوەکە بە ئاگاهاتم..ئا..ڕاست دەکەیت" گوێ دەگرێ و دەست پێدەکاتەوە " بەڵێ قاتى دووەمى قەڕەوێڵەکە..هاها..ئا..زۆر بەرزە.." تەواوى دەکات " هیچ شوێنێکى نەشکاوە".


دونیا بێدەنگ دەبێت، لەژوورى نەخۆشخانەکە هەموویان دەجوڵێن و دونیاش کپ بووە.ئەوان بەتەواوى دادەبڕێن لەوەى کە خەریکە ڕوودەدا-ئەوان بەجێدەمێنن.هەموویان دەمیان دەجوڵێ وەک جیهانى مردووان، شووشەى پەنجەرەکەش لەجێى خۆیدایە-بەڵێ دەبێ هەمووکەسێک بزانێ ئەم پەنجەرەیە زۆر جوان شوێنى خۆى گرتووە.دکتۆرێک دەڕوا و یەکێکى تر دێت، یەکێک لە دکتۆرەکان پەشۆکاوە، وا هەست دەکەم ژوورەکە دەپێوێ. کچى سەر قەڕەوێڵەکە نابینرێ-هەرگیز ئەمە نابینرێت.
"دەزانى تۆ زۆر سەیربوویت ئەوکات - چاوەکانت ..نازانم.نا..تۆ لەکوێ کەوتبوویە خوارەوە؟ دڵنیایت لە ئاسمان نەبووە؟
نا ئاسمان نا...شوێنێکى تر..شوێنێک کە کەس نەیبینیوە...وانیە؟".
"هاها..تۆ تەواو شێتى..ئەوکاتەى لەسەر قەڕەوێڵەکەبووم؟".
"بەڵێ".
"لەخەونمدا یەکێک دوام کەوتبوو.....تۆ نەبوویت..؟..دوامکەوتبوو و من بەدرەختێکى بەرزدا هەڵگەڕام، لەدرەختەکە کەوتمە خوارەوە-کاتێک لەخەو هەڵسام لە نەخۆشخانەبووم".


هەفتەیەک دواتر من تەواو لاوازبووم و کەوتم. شەوانە بەدیار پیرەمێرد و دونیاى ڕادیۆکەیەوە دادەنیشتم.دەمنووسى و دەمنووسى تاوەکو لەشوێنى خۆم تێپەڕم.دەستێکم مردوو و ڕەش هەڵگەڕا.پێموایە وەک خۆڵەمیشى لێهات.
" هەر لە نزیک تۆبم".
"ناتوانم" دووپاتى دەکردەوە.
باران دەبارى، تەواوى کۆڵانەکان ئاو گۆرانى بۆ دەوتن.
لە ژوورەکەدا کەوت، هەمووان نیگەران.
ئەو هیچ ئاگاى لەخۆى نەما.
زانی ئەم ژوورە تاریک و دڵتوندە شتێکى ترى لێیه‌، کە هەموومان بریندار دەکا.
پێشتریش لەمنى پرسیبوو : بۆچى جنۆکەى لێیه‌ ئەم ژوورە..بۆچى ترسناکە؟
من وەڵامم دابووەوە :چونکە ئەوەى ماوەیەک لە ژوورەکەبێت عاشق دەبێ.
 

ماڵپه‌ڕی رێبین ئه‌حمه‌د خدر

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک