په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\١٢\٢٠١٤

شوان عەتووف دوو خەڵاتی لە فیستیڤاڵەکانی ئیسپانیا و سلێمانی بەدەستهێنا.
 

مەنسوور جیهانی


کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل" لە دەرھێنانی "شوان عەتووف" دوو خەڵاتی لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتە فیلمی "تکسی کاتالۆنیا" لە وڵاتی ئیسپانیا و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی "مافی مرۆڤ" لە سلێمانی بەدەستھێنا.


کورتە فیلمی چیرۆکی "ماڵ و کلیل" لە نووسین و دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شوان عەتووف" و بەرھەمی بەڕێوەبەرایەتی ھونەری سینەمای سلێمانی کە لە لایەن کۆمپانیای "ئای لۆف فیلم" لە باشووری کوردستان و وڵاتی بەریتانیا لە ئاستی دنیادا بڵاودەبێتەوە، لە نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا ڕۆژی ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٤ لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتە فیلمی "تکسی کاتالۆنیا" لە وڵاتی ئیسپانیا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی باشترین فیلمی پێبەخشرا.


ئەم خولەی فیستیڤاڵی کورتە فیلمی "تکسی کاتالۆنیا" بە تەرکیز لەسەر "شووناس و زاکیرە لە کورتە فیلمدا" و بە نمایشی بەرھەمی وڵاتانی جۆراوجۆر لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە شاری بەرشەلۆنە لە وڵاتی ئیسپانیا بەڕێوەچوو.


ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵە سەبارەت بە کورتە فیلمی کوردی "ماڵ و کلیل" لەو بڕوایەدابوون کە ئەم فیلمە زۆر بە سادەیی و بە شێوەیەکی شاعیرانە توانی سەد ساڵی ڕابردووی کورد و ھەموو ئەو تراژیدیانەی کە بەسەریاندا ھاتووە بە باشی نیشانی ئێمە بدات.


ئەم کورتە فیلمە ١٥ خولەکییە ھەروەھا بە ئامادەبوونی "شوان عەتووف" ڕۆژی ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٤ لە یەکەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی "مافی مرۆڤ" لە شاری سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان نمایشکرا و توانی خەڵاتی باشترین فیلم لە ڕوانینی بینەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە بەدەستبێنێت.


ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی ٤٨ فیلم لە ١٣ وڵاتی جیھان، لە لایەن ڕێکخراوەی گەشەپێدانی مافی مرۆڤ و بە ھاوکاریی ماڵی سینەما و چەندین کۆمپانیای کەرتی تایبەت بە بۆنەی ڕۆژی جیھانی مافی مرۆڤەوە لە ڕۆژانی ٤ تا ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٤ لە ھۆڵی مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکە کە ڕەمزی داپڵۆسنی سەردەمی بەعسییەکان بوو، لە شاری سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.


کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا ڕۆژی ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٤ لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی چواردەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتە فیلمی "ئۆ کورت" لە شاری ناپۆلی لە ئیتاڵیا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی تایبەتی پێبەخشرا.


ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی بەرھەمی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە ڕۆژانی ١٩ تا ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٤ لە شاری ناپۆلی لە وڵاتی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو.


بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل".

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک