١٦\١٠\٢٠١٢
شۆڕشی ئەیلوول وەک
خۆی.

عەباس رۆستەم
بە بۆنەی ئەوەی کە بەڕێز جەلال تاڵەبانی لە کۆڕێکی ماتەمییدا بۆ
کۆچکردو شەمسەدین موفتی، بۆ یەکەم جار ئاشکرای کرد کە کۆچکردو مەلا
مستەفای بارزانی لەگەڵ ئەوە نەبووە کە شۆڕشی ئەیلوول بەرپابکرێ و هەر
خۆشی پێش چەند ساڵێک لە دیدارێکیدا لەگەڵ رۆژنامەنووسێکی گۆڤاری (الشرق
الاوسط) گوتی کە تەنیا هەر خۆی و مەلا
مستەفا لەگەڵ ئەوەدا بوون شۆڕشەکە بەرپا بکرێ، بۆیە بە نیازی تیشکخستنە
سەر ئەو شۆڕشە و چۆنیەتی بەرپابوونی، بە پێوستم زانی چەند
راستییەک بخەمەڕوو،
پتریش بۆ ئەوانەی دوای ساڵانی بەرپابوونی ئەو شۆڕشە هاتنە دونیاوە.
جێبەجێکردنی یاسای چاککردنی کشتوکاڵ و دەستکردن بە دابەشکردنی ئەو بڕە
زەوییانەی لە دەست ئاغا و دەرەبەگەکان سەندرابوونەوە، بە تایبەتیی لەو
ناوچانەی کە زەویوزاریێکی زۆری بەراوی تێدابوو لە ناوچەکانی شارەزوور و
بیتوێن و سەنگەسەر و ژاراوە و چەند شوێنێکی دیکە لە پارێزگای سلێمانی
بەسەر جوتیاراندا دابەش کرابوون، ئاگری رقی بەردایە گیانی ئاغا و دەرەبەگ
و سەرەک هۆز و شێخەکانی ئەو ناوچانە، بۆیە بە تاک و بە کۆمەڵ کەوتنە
جموجۆڵ و دەست تێکەڵاوکردن لەگەڵ سازمانی سیخوڕی ئێران، بۆ لەناوبردنی
شۆڕشی چواردەی گەلاوێژ و دەستکەوتەکانی.
بۆ ئەو مەبەستەشیان رۆژانە لە دیوەخانەکانی شێخ حوسێنی بۆسکێن و براکەی
و عەباسی مامەند ئاغا و سمایلی سواراغا و عەلی حەسەن ئاغای مەنگوڕ و
چەند ئاغایەکی دیکە لە هەردوو قەزای رانیە و پشدەر کۆبوونەوەیان بەردەوام
بوو، لەولاشەوە حاجی برایمی چەرمەگا و کوێخا سمایلی تەلان و شێخ
محەمەدی کرپچنە و بەگزادەکانی جاف و گەرمیان بۆ هەمان مەبەست
دەسبەکاربوون. ئەو هەموو جموجۆڵانەش بە ئاشکرا و بە بەرچاوی لایەنە
کارگێڕیی و ئاسایشییەکانەوە بەڕێوە دەچوون و
بگرە تا رادەیەکی زۆریش دەستی یارمەتی و بەشدارییان دیاربوو لەو
جموجۆڵانەدا، نیازیشیان بەرپاکردنی راپەڕینێکی چەکداریی بوو دژی شۆڕشی
چواردەی گەلاوێژ و یاسای چاککردنی کشتوکاڵ بەڵام لەژێر پەردەی
کوردایەتی بە کەڵکوەرگرتن لە سۆزی نەتەوایەتیی جەماوەر و ناڕەزاییان لە
دەستەڵاتی تاکەکەسیی و نادیموکراتیی عەبدولکەریم قاسم بە تایبەتیی دوای
ئەوەی دەستیدایە لێدانی شیوعییەکان و بەوانیشەوە نەوەستا و کەوتە گیانی
هەموو حیزب و هێزە دیموکراتییە کورد و عەرەبەکان.
پتر لادانی قاسم لە رەوتی شۆڕشی چواردەی گەلاوێژ و باڵادەستیی هێزە
کۆنەپەرست و شۆڤێنییە رەگەزپەرستە عەرەبەکان لە ناو دەزگا ئاسایشیی
و کارگێڕییەکان لە پاشماوەکانی رژێمی
پاشایەتی لەناوچوو، کورتبینیی هەندێک لە سەرکردەکانی ئەوسای پارتی،
ئەوانە و پیلانی دوژمنانی شۆڕشی چواردەی گەلاوێژ لە پەیمانی سەنتۆ و
ئەمریکا و بەریتانیا و لە ناو خودی دەسەڵاتدا بە هاندان و یارمەتیان بۆ
زێبارییەکان و هێرشکردنیان بۆ سەر ناوچەی
بارزان، تەوژمێکی دا بە جووڵانەوە چەکدارییەکەی ئاغا و دەرەبەگەکان..
ئیتر بە ناچاریی و بۆ بەرگریی لە خۆیان بارزانییەکان تێوەگلانە
شەڕەکەوە لەگەڵ زیبارییەکان و سوپای رژێم دوابەدوای بۆردوومانکردنی
بارزان و بلێ و رێزان. بەوەش کار لە کار ترازا و جووڵانەوەیەکی
چەکداریی دژی یاسای چاککردنی کشتوکاڵ بوو بە شۆڕش لەسەر بنەمایەکی
ناکام کە ئێستاشی لەگەڵدا بێ گەلی کوردمان باجەکەی دەدا.
کاتێکیش پارتی دیموکراتی کوردستان بە ناچاریی تێکەڵ بەو جووڵانەوەیە
بوو وەک پەنەگایەک بۆ سەرکردە و ئەندامە راونراوەکانیان لە لایەن
رژێمەوە، کەوتنە رێکخستنی جووڵانەوە چەکدارییەکە و ویستیان سیمای
شۆڕشێکی چەکداریی نەتەوەیی بدەنێ. بۆیە زۆربەی هەرە زۆری ئەو شێخ و
ئاغا و دەرەبەگ و سەرۆک هۆز و کوێخایانەی گەلی کورد و خودی پارتیشیان
گلانە ئەو رێرەوە نادیار و تاریکە، بێ شەرمانە چوونە پاڵ هێزەکانی رژێم
و جاشایەتییان وەک مۆدێلێکی نوێ هێنایە کایەوە، شۆڕشەکەش هەر بەو
ناکامییە لە کۆسپێکەوە بەرەو کۆسپێکی دیکە ملی نا تاوەکو هاتە
دووکەرتبوون (مەلایی و جەلالیی).
تێوەگلانی مەلا مستەفای بارزان لەم جووڵانەوە چەکدارییەدا کاتێک روویدا
کە ماوەیەک بوو بە ناوی پێشمەرگەوە ئاغا و بەگ و شێخە کۆنەپەرستەکان و
هەندێک لە ئەندامان و سەرکردەکانی پارتی کەوتبوونە جموجوڵی چەکداریی و
هەردوو شەڕی دەربەندی بازیان و دەربەندیخان روویاندابوو.
مەلا مستەفای بارزان تا شەڕ بەردەرگای پێنەگرت نەکەوتە بەرگریکردن.
چونکە ئەو هەرگیز لەگەڵ بەرپابوونی شەڕدا نەبوو، بەڵگەش بۆ ئەوە کاتێک
نوێنەرانی جووڵانەوەکەی ناوچەی سلێمانی چوونە لای لە چیای شیرین ئەو بە
توندیی دەریدەبڕی کە بە هیچ جۆرێک لەگەڵ ئەو جووڵانەوە چەکدارییە نییە
و ئەوەشی دوووبارە دەکردەوە کە تا عەبدولکەریم قاسم هێرش نەکاتە سەری
ئەو خۆی بە سەربازێکی شٶڕشی چواردەی گەلاوێژ دەزانێ.
ئەمەشم لە دەمی (یادی بەخێر) عارف قەرەچەتانیی بیست کاتێک بە رێکەوت لە
شارۆچکەی بلێ لە بەهارێکی درەنگی ساڵی ١٩٦١
بەیەکگەیشتین من بە کاری پلاندانان و نەخشەڕێژیی بۆ پرۆژەیەکی ئاودێریی
هەردوو دەشتی بلێ و رێزان لەگەڵ پۆلێک ئەندازیار لەوێ کارم دەکرد و
کۆچکردو عارف قەرەچەتانییش ئەندامێکی ئەو کۆمەڵە کەسە بوو کە بە
نوێنەرایەتی جووڵانەوە چەکدارییەکەی ناوچەی سلێمانی هاتبوونە لای
مستەفا بارزانی.
وەک لە بیریشم مابێ نوێنەرەکان بریتیبوون لە (کاک عارف ، مەلا رەسولی
جوتیاران ، کۆچکردو عومەر دەبابە و جەلال تالەبانی).
بۆیە دەبێ بۆ مێژوو بگوترێ کە بە پیلانێکی دوو لایەنەی دەرەبەگ و
کۆنەپەرستانی کورد و هەندێک لە کورتبینانی سەرکردایەتی پارتی و پیلانی
شۆڤێنستە عەرەبەکانی ناو دەستەڵات و دەرەوەی دەستەڵات و دوژمنانی شۆڕشی
چواردەی گەلاوێژ هۆکاری سەرەکیی بوون بۆ تێکەڵبوونی مەلا مستەفا بەو
جووڵانەوە چەکدارییەوە و ناوی شۆڕشی ئەیلوولی لێبنرێ.
١٥\١٠\٢٠١٢
ماڵپەڕی عەباس رۆستەم
|