|
١٦\٦\٢٠٢٦
شۆڕبوونەوە.

سۆران محەمەد
لەم ڕۆژە ساردەدا مەمرە
ئەنگوستە ڕچیوەکان
توانای سڕینی
برژانگە شەختەگرتووەکانیان نییە..
چیدی تارماییەکان ناناسییەوە
ڕەش و سپی
وەکو کزەیەکی بێ سەر
بەتەنیشتا تێدەپەڕن
جارجاردەستێك لەدەرەوەی خۆت
دەموچاوت دادەپۆشێ
نەبادا دیمەنە بێزارەکان
جوڵە بەلێوەکان بخەن.
چیدی سیمای ڕێبوارەکان ناناسیەوە
لەدوور ڕا دووان بە ئەسپایی
پێ ئەنێن بەسەر هێلکەکانی زەویدا
دەنگی قوقەی کەڵەشێرو چەقۆی قەساب
تێکەڵی سەدایان دەبێ
وەك لەژێر دەریاوە بدوێن
چەن تۆنێکی بێمانا دەێتە گوێ
یەکیان ئاوات بە نووستوی بێدار دەخوازێ
ئەوی تر دەڵێ:
چۆلەکەیەك لە قەفەزەی سنگییەوە هەڵفڕی
نەتدی؟
*
*
*
تەنیا دوو هەنگاو بۆ دواوە، ئاوڕێ
لەگەڵ هاتنی پاییزا
مەهێڵە گەڵاکانی کراسەکەت هەڵوەرن
ئەگەر ونبووی
کەمتر لە ون بوون، ون بە
ترافیکەکان بۆ تێپەڕینی نەعشێ ...خامۆش نابن
لار بوویتەوە لەگەڵ ئەو خۆرەی بەدەما
کەوتە ناو قۆرتەکانی کەلەوە
سبەینێ زوو بە چاوێکی خەواڵوەوە دەرکەوتەوە
وەك تاڵاوی سەفەری نەچەشتبێ
سێبەری تەنیشت کێلەکان تۆختر لە دوێ ...
هەر ئاوڕێ بەسە
لەسەر باسکی توولەڕێیەکی ماندوو
خەوەنوچكە دەتباتەوە..
مەنزڵ دوورەو
لەسەر ئەم بانیژەیەوە بەسەر پەیژەی زەمەن
شۆڕبەرەوە ناو بێشکەکە
گیانێك تیایدا ڕاكشاوە
بە خەونە زەبەلاحەکان نامۆ
باش بوو لەسەر مەرزی ماریفەتا
جەردەیەك ڕووتی نەکردیەوە،
لە لێواری بازگەیەکی بێنوێژدا
سرتەیەك نەیدزیت،
شەوێك
لەدەم دەڵەگورگێکی پیر
بەربوویەوە سەرچوچی کۆڵانێکی چۆڵ
بەتەنیشت دروشمەکانا ڕاتکرد
قیژەو هاوار دوایی نەهات
خەونەکان خۆیان ئەتەکان.
تەنیا پەناگا
بێشکەکەی قتی خوارێیە
لەناویدا گیانێ هێشتا لەسەر گازەرەی پشت ڕاكشاوە
لە وادەی گەڕانەوەتا چاوەنواڕە.
|