په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٨\٢٠١٥

    شۆڕە ژن.


فەتاح حەسەن

لەسەر چاکی کەواکەت
چۆك دادەدەم
بۆ گەیشتنی دەمم بە دەستانت
دەم و دەستت بۆ من هەر یەکە
دەست مەنێ بە روومەوە
دەسا هەردوو دەستم بە دامانت.
قامکەکانت شووشەیین
حەیفە.. ئێجگار حەیفە
بە ئەنگوستیلە ئەتۆ.. بۆ تەلبەندیان بۆ دەکەی؟!
مەمکەکانت دەستمۆ نابن، خودا هەڵناگرێ
لە مەمکدانا.. ئەتۆ، حەشاریان بۆ دەدەی؟!
گەردنت بەرزە گوڵم
بە ملوانکە ئەتۆ بۆ شۆڕیدەکەی؟!
زوڵفی رەشت
پەخش و بڵاو بن لەسەر شان و مل جوانترە
ئەڵقە ئەڵقە.. لە پرچا گرێیان بۆ دەدەی؟!
لێوەکانت یاقووتی ئاڵن دە لێیانگەڕێ
بە سووراو ئەتۆ.. بۆ رووکەشیان دەکەی؟!
چاوەکانت پڕ لە نازن ئەزیزم
خێرت ناگا
بە چاویلکە، بۆ لێمیانی پەنهان دەکەی؟!
خەتای فەرموو شۆڕەژن ئەوەی فەرمووی:
(قوربانت بم شۆڕە ژن با لەسەر تۆ بمکوژن)
*
کە، من کوژرام..
ئیتر جوانیی و شۆخ و شەنگیی ئەتۆ.. بە من چی؟!

_____________________________
* دێڕە شیعرێکی فۆلکلۆرە.


دانیمارك / ڤالبی

ماڵپەڕی فەتاح حەسەن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک