په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\١١\٢٠١٣

شۆڕشی ئاو.


پێشرەو حەمید     

 

شۆڕشەکەمان ھێشتا لەسەرتادایە ھێشتا دەستی پێنەکردوە !! ھێشتا لەدەرەوەی شۆڕشەکەمانەوە پیاوانی دەوڵەت دەبینم دەستەکانیان پڕە لەقامچی و دەیانەوێت شکۆی مرۆڤ بونمان خوێناوی بکەن ؟! ھێشتا ئەو ھەموو بەرپرسە لەوە تێناگەن چەند ژیانمان خۆشدەوێت بۆچی جاڕی شۆڕشمان بۆداوە ؟! ھێشتا ھێزە ئەمنیەکان ئەبینم چاوەڕوانی بڕیاری پیاوە ناشرینەکان دەکەن تا بەھێز پەلاماری ئەم ھەموو مرۆڤە بدەن کە ٨ ساڵە ژەھر لەبری ئـــاو دەخۆنەوە کە ٨ ساڵە شێرپەنجەی پێست دەمی ناوە بە جەستەیانەوە !! ئەوە ٨ ساڵە مناڵەکانمان لەساتی لەدایک بونیاندا لەبەری ئاوی پاک ، کرم و میکرۆب بەگەرویاندا دەڕواتە خوارەوە !! ئەوە ٨ ساڵە مناڵەکانمان گەدەیان پڕبوە لەکرم و پێستیان ڕەنگی پەتاتەی گەنیو ئەنوێنێت!؟


ھێشتا سەدان پیاوی بچوکی حیزبی ھەیە لەناو شاردان و جورئەت ناکەن بێنە ناو شۆڕشەکەوە ؟! ھێشتا ھەرپیاوە خەسیوەکەی حیزبن و ئەترسن حیزب ڕیسوایان بکات !! ئەوان بیرلەوە ناکەنەوە کە بەشدارن لەژەھرخواردنەوەکەدا ، بیرلە مناڵەکانیان ناکەنەوە ، تەنھا خەمیانە حیزب تڕۆیان نەکات؟!


ھێشتا بیرمانە لەدوای گەڕانەوەمان لەئاوارەی لەسەردەمی بەعسیەکانی عێراق و ڕزگاربونمان لە کوشتن و ترسەکانیان ، لەساڵی ٩١ کۆماندۆکانی سەرۆکی ئێستا عێراق پاڵاوگەی ئاوی خواردنەوەکەیان بردین بۆ قەلاچۆلان بۆئەوەی سەرۆک ئاوی پاک بخواتەوەو ئێمەش بەبێ پاڵاوگە دەم بنێن بەئاوی ژیانەوە!!


ئێستا سەرۆک لەئەڵمانیایە لەنەخۆشخانەدا پاکترین ئاوی دونیا دەخواتەوە ، ئیتر پاڵاوگەکەمان بۆ بنێرنەوە با چوار مناڵ ئاوی پاک بخوانەوە ، باھەرھیچ نەبێت چوار مناڵ تەندروستبن و توشی شێرپەنجەی پێست نەبن!!


پار بوو سەرۆکی حکومەت ھاتە شارو بەڵینیدا ئیتر پاکببینەوە لە شێرپەنجە ، پاک ببینەوە لەکرم و میکرۆب ، بەڵام ئەوەتەنھا ھەربەڵێن بوو ھیچی تر تەنھا فریو دان بوو ھیچی تر تەنھا نمایشی بەردەم کامێرابوو ھیچی تر تەنھا سوک تەماشاکردنی ٥٠ ھەزار مرۆڤ بوو ھیچی تر!!


ھێشتا ئەمەسەرەتایە ئیتر خەڵکی شار جارێ بۆئـــازادی ناچێتە سەرشەقام !! ئەمجارە تەنھا شۆڕشەکەمان بۆ ژیانە تەنھا بۆ ئـــاوە!!


شۆڕشی ئاو ھێشتا بەردەوامە ئەمڕۆ شۆڕشەکەمان بەھێزو بەڵێنی درۆ کپ بکەنەوە و خامۆشی بکەن ، ئەوا سبەی شۆڕش گەورتردەبێت و شۆڕشی ئاو ھەموتان دەخنکێنێت.

 

ماڵپه‌ڕی پێشڕه‌و حه‌مید

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک