|
٢٣\٦\٢٠٢٦
شۆڕشی داتاکان؛
پەڕاوی سپیی چین.

هەلۆ حەسەن
کۆمەڵگەی
نێودەوڵەتی بە قۆناغێکی هەستیار و پڕ لە تەحەددیی جۆراوجۆردا تێپەڕ
دەبێت، پرسی چاکسازی لە سیستەمی حوکمڕانی جیهانیدا بووەتە پێویستییەکی
حەتمی. لەم چوارچێوەیەدا، نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی دەوڵەتی
کۆماری گەلی چین لە حوزەیرانی ٢٠٢٦دا بەڵگەنامەیەکی فەرمی و گشتگیر (پەراوی
سپی-نیازنامە)، لەژێر ناونیشانی "حوکمرانیی جیهانیی دادپەروەرانەتر و
یەکسانتر؛ بنەماکان، پێشنیارەکان و هەنگاوەکانی چین" بڵاوکردەوە. کە
تیایدا بە زمانی ژمارە و داتای ورد، تیشک دەخاتە سەر پشکی گەشەسەندووی
وڵاتانی باشووری جیهان و و پێویستیی حەتمیی تێپەڕاندنی عەقڵییەتی جەنگی
سارد. ئەم بەڵگەنامەیە تەنها گێڕانەوەی پێگەی ئابووری و دیپلۆماسیی
ئێستای پەکین نییە، بەڵکو ڕەخنەیەکی ڕاستەوخۆ و داواکارییەکی فەرمییە
بۆ داڕشتنەوەی سیستەمێکی نێودەوڵەتیی فرەجەمسەری کە تیایدا دادپەروەری
و هاوبەشیی ڕاستەقینە جێگەی باڵادەستیی تاکلایەنە بگرێتەوە.
واقیعی جیهانی: تەحەددییە مرۆیی و ئەمنییەکان.
ڕاپۆرتە فەرمییەکە ئاماژە بەوە دەکات کە هاوسەنگیی جێگیریی جیهانی
ڕووبەڕووی لێژبوونی گەورە بووەتەوە: تەنگژە بەردەوامەکان: قەیرانی
ئۆکرانیا پێی ناوەتە ناو ٥ەمین ساڵی خۆیەوە.
بەرزبوونەوەی ئاستی ململانێکان: لە ساڵی ٢٠٢٥دا، زێدەتر لە ٥٠ وڵات
بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ تێوەگلاوون لە ململانێی چەکداری و جەنگدا، کە
ئەمەش بەرزترین ئاستە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە تۆمار کرابێت.
پاشەکشەی گەشەپێدان: نزیکەی ٨٠٪ی ئەو ئامانجانەی کە شیاوی هەڵسەنگاندن
بوون لە کارنامەی ساڵی ٢٠٣٠ی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدانی
بەردەوام، بە خاوی بەڕێوەدەچن یان پاشەکشەیان کردووە.
قەیرانی بژێوی و خۆراک: تا ئێستاش زێدەتر لە ٨٣٠ ملیۆن کەس لە جیهاندا
لەناو ههژارییهكی مهترسیداردا دەژین، و ٢.٣ ملیار کەسیش بەدەست
ناسەقامگیریی ئاسایشی خۆراکەوە دەناڵێنن.
سەرەڕای ئەم تەحەددییانە، نەخشەی هێزی ئابووری جیهانی گۆڕانکاری
بەسەردا هاتووە. ژمارەی دەوڵەتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە
(٥١) وڵاتەوە لە کاتی دامەزراندنی لە ساڵی ١٩٤٥دا بۆ ١٩٣ وڵات لە
ئێستادا بەرزبووەتەوە، کە زۆربەیان وڵاتانی گەشەسەندوون. لە ئێستادا،
پشکی وڵاتانی باشووری جیهان لە ئابووری جیهاندا لەسەر بنەمای
یەکسانبوونی هێزی کڕین - زێدەتر لە ٦٠٪ تێپەڕاندووە. ئەم وڵاتانە
بەرپرسن لە پێشکەشکردنی ٨٠٪ی کۆی گشتی گەشەی ئابووری جیهانی لەم
قۆناغەدا. هاوکات، دەستپێشخەریی گۆڕانکاریی جیهانی -پشتیوانییەکی
بەرفراوانی بەدەستهێناوە؛ نزیکەی ١٦٠ وڵات و ڕێکخراو پشتیوانی خۆیان بۆ
دەربڕیوە، و زێدەتر لە ٦٠ وڵاتیش بە فەرمی چوونەتە پاڵ گرووپی دۆستانی
حوکمڕانی جیهانی"."
ئاسایش و پاڵپشتی ئاشتی نێودەوڵەتی.
چین لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕۆڵی خۆی وەک پارێزەری ئاسایش
خستووەتەڕوو: ناردنی زیاتر لە ٥٠,٠٠٠ ئاشتیپارێز لە چوارچێوەی ٢٩
ئۆپەراسیۆنی جیاوازی ئەنجومەنی ئاسایشدا.
دابینکردنی هێزێکی ئامادەباشی هەمیشەیی کە لە ٨,٠٠٠ سەرباز پێکدێت بۆ
پاڵپشتی خێرای ئۆپەراسیۆنەکانی نەتەوەیەكگرتوەكان.
بەرزبوونەوەی پشکی دارایی چین لە بودجەی ئاسایی و هێزەکانی پاراستنی
ئاشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کەمتر لە ١٪ لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە بۆ زیاتر لە
٢٠٪ لە ساڵی ٢٠٢٥دا، بەمەش بووەتە دووەم گەورەترین بەشداربووی دارایی
لە ڕێکخراوەکەدا.
پڕۆژەی پشتێن و ڕێگا.
پێگەی بازرگانی چین وەک بزوێنەری ئابووری جیهانی ،چین لە ئێستادا
هاوبەشی سەرەکی بازرگانیی زێدەتر لە ١٦٠ وڵات و هەرێمە. واژۆکردنی ٢٤
ڕێککەوتننامەی بازرگانی ئازاد لەگەڵ ٣١ وڵاتدا، هاوشان لەگەڵ
دامەزراندنی ٢٣ ناوچەی تاقیکاری بۆ بازرگانی ئازاد لە ناوخۆی وڵاتەکەدا.
لە ماوەی پلانی پێنج ساڵەی ١٤ەمیندا (٢٠٢١-٢٠٢٥)، کۆی گشتی بەهای
هاوردەکردنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی چین گەیشتە ١٥ تریلیۆن دۆلار.
پێشبینیش دەکرێت کۆی بەرهەمی ناوخۆیی - لە ١٤٠ تریلیۆن یوانەوە بۆ ١٧٠
تریلیۆن یوان لە پێنج ساڵی داهاتوودا بەرزببێتەوە.
دەستپێشخەریی گەشەپێدانی جیهانی.
زێدەتر لە ١٣٠ وڵات و ڕێکخراو پشتیوانی خۆیان بۆ دەستپێشخەریی
گەشەپێدانی جیهانی كە چین پێشنیاریكردووە دەربڕیوە، و زێدەتر لە ٨٠
وڵاتیش چوونەتە پاڵ گرووپی دۆستانی دەستپێشخەرییەکە. قەبارەی فەندە
کۆکراوەکان گەیشتووەتە ٢٣ ملیار دۆلار، لە کاتێکدا سەرمایەی سندوقی
گەشەپێدانی جیهانی بۆ ٤ ملیار دۆلار بەرزکراوەتەوە. تا ئێستا ١,٨٠٠
پڕۆژەی هاوکاری دەستیان پێکردووە و ڕاهێنان بە ٨٠,٠٠٠ کادیر و پسپۆڕ لە
وڵاتانی گەشەسەندوودا کراوە. لوتکەی پەکین ٢٠٢٥ بۆ دۆسیەی ئافرەتان:
نوێنەرانی ١١٠ وڵات بەشداربوون. چین بەڵێنی بەخشینی ١٠ ملیۆن دۆلاری
زیادەی بە ڕێکخراوی نەتەوەیەكگرتوەكان داوە، لەگەڵ تەرخانکردنی ١٠
ملیۆن دۆلار لە سندوقی هاوکاری باشوور-باشوور بۆ پڕۆژەکانی کچان و
ئافرەتان. ئەمەش هاوشانە لەگەڵ دەستپێکردنی ١,٠٠٠ پڕۆژەی بچووکی
کاریگەر بۆ بژێوی ژیان و بانگهێشتکردنی ٥٠,٠٠٠ ئافرەت بۆ چین بە
مەبەستی ڕاهێنان.
دارایی نوێ.
تا ئازاری ساڵی ٢٠٢٦،چین بڕی ٤٢.٩ ملیار دۆلار قەرزی بۆ ١٣٩ پڕۆژەی
گەشەپێدان لە بوارەکانی وزەی پاک، ژێرخان و کەرتی دیجیتاڵیدا پەسەند
کردووە.
ڕێکخراوی شانگهای بۆ هاوکاری :گەشەی کردووە بۆ تۆڕێک لە ٢٧ وڵات کە
ڕووبەرەکەیان ئاسیا، ئەوروپا و ئەفریقا دەگرێتەوە، بە قەبارەیەکی
ئابووری کە نزیک دەبێتەوە لە ٣٠ تریلیۆن دۆلار.
دامەزراوەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی: ڕێککەوتننامەی دامەزراندنی لەلایەن
٣٣ وڵاتەوە لە ئایاری ٢٠٢٥دا واژۆ کرا، و بەشێوەیەکی فەرمی لە ٢٠ی
ئۆکتۆبەری ساڵی ساڵی ٢٠٢٥ەوە لە هۆنگ کۆنگ دەستی بەکارەکانی کردووە.
پیشەسازی سەوز.
چین بەڵێنە ژینگەییەکانی بەڵێنی کاربۆن: گەیشتن بە لوتکەی دەردانی
کاربۆن پێش ساڵی ٢٠٣٠ و بێلایەنی کاربۆنی پێش ساڵی ٢٠٦٠. تا ساڵی ٢٠٣٥یش
دەیەوێت دەردانی گازە گەرمکەرەوەکان بە ڕێژەی ٧٪ بۆ ١٠٪ کەم بکاتەوە.
هەناردەی سەوز: چین لە ئێستادا دابینکەری ٧٠٪ی ئامێرەکانی وزەی با و
٨٠٪ی پانێڵە سۆلارییەکانی جیهانە. بەرهەمە هەناردەکراوە سەوزەکانی چین
لە نێوان ساڵانی ٢٠٢١-٢٠٢٥ بوونەتە هۆی کەمکردنەوەی کاربۆن بە بڕی ٤.١
ملیار تۆن لە جیهاندا. سندوقی کونیماینگ: بە سەرمایەی ١.٥ ملیار یوان
پاڵپشتی دارایی بۆ ٣١ پڕۆژەی فرەچەشنی بایۆلۆژی لە ٤٥ وڵاتدا دابین
کردووە.
دیپلۆماسی گەلان.
چین واژۆی ڕێککەوتننامە لەگەڵ زێدەتر لە ١٦٠ وڵاتدا. ناردنی پتر لە
٣٠,٠٠٠ کارمەندی پزیشکی بۆ ٧٧ وڵات کە چارەسەرییان بۆ ٣٠٠ ملیۆن نەخۆش
کردووە.
تۆڕی کۆمەڵایەتی و گەشتیاری: دامەزراندنی زیاتر لە ٣,٠٠٠ جووت لە شارە
دەستەخوشکەکان. بەهۆی ئاسانکارییەکانی ڤیزا (بێ ڤیزای یەک لایەنە بۆ ٥٠
وڵات و دوولایەنە بۆ ٢٩ وڵات)، لە ساڵی ٢٠٢٥دا ژمارەی ئەو بیانیانەی
بەبێ ڤیزا هاتوونەتە ناو چین گەیشتە ٣٠.٠٨ ملیۆن کەس (کە دەکاتە ٧٣.١٪ی
کۆی گەشتیارە بیانییەکان). ئاڵوگۆڕی گەنجان: پڕۆگرامی بانگهێشتکردنی
٥٠,٠٠٠ گەنجی ئەمریکی (لە ماوەی ٥ ساڵدا) و ١٠,٠٠٠ خوێندکاری فەرەنسی (لە
ماوەی ٣ ساڵدا) بەردەوامی هەیە.
گەلە ئامار و داتا ژمارەیییەکان، نامیلکە سپییەکەی ئەنجومەنی دەوڵەتی
کۆماری گەلی چین کۆمەڵێک داواکاری و بنەمای سەرەکی لەسەر ئاستی
نێودەوڵەتی خستووەتەڕوو، کە ئامانج لێیان داڕشتنەوەی حوکمڕانی جیهانییە
لەسەر بنەمای فرە و دادپەروەری. گرنگترین داواکارییەکانی چین لەو
بەڵگەنامەیەدا ئەمانەن:
چاکسازی لە سیستەمی دارایی و ئابووری.
پەکین داوا دەکات کە پێگەی وڵاتانی باشووری جیهان -لە ناوەندە
بڕیاربەدەستەکانی وەک سندوقی نێودەوڵەتی -و بانکی جیهانیدا بەهێزتر
بکرێت، بۆ ئەوەی ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی کێشی ئابووری ئێستایان بێت.
بازرگانی :داواکردنی هێشتنەوەی بازاڕەکان بە کراوەیی و دژایەتیکردنی
سیاسەتی سەپاندنی سزای یەک لایەنە، بلۆکبەندی ئابووری، و پچڕانی
زنجیرەی دابینکردن.
بەرز ڕاگرتنی پێگەی یاسای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکانگەڕانەوە بۆ
بنەماکانی مۆڵەتی نەتەوەیەكگرتوەكان: چین جەخت دەکاتەوە کە نابێت چەند
وڵاتێکی دیاریکراو پێناسەی "سیستەمی نێودەوڵەتی" بەپێی بەرژەوەندی
خۆیان بکەن، بەڵکو دەبێت دەستووری نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسای
نێودەوڵەتی تاقە مەرجەعی ڕێکخستنی پەیوەندییەکان بن. ڕەتکردنەوەی
عەقڵییەتی جەنگی سارد: داواکردنی کۆتاییهێنان بە هاوپەیمانێتییە
سەربازییە تەسکەکان کە دەبنە هۆی دروستبوونی دابەشکاری و ناسەقامگیری
لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا.
داڕشتنی چەمکێکی نوێ بۆ ئاسایشی جیهان.
ئاسایشی دابەشنەکراو :چین داوا دەکات کە نابێت هیچ دەوڵەتێک ئاسایشی
خۆی لەسەر حیسابی هێنانەکایەی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی تر دابین
بکات، بەڵکو پێویستە ڕێز لە خەمۆخییە ئەمنییە ڕەواکانی هەموو لایەک
بگیرێت.
پێشخستنی دیالۆگ بەسەر ڕووبەڕووبوونەوەدا: داواکردنی چارەسەری سیاسی بۆ
قەیرانەکان (وەک قەیرانی ئۆکرانیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست) لە ڕێگەی
دانوستان و ڕەچاوکردنی ڕیشەی کێشەکان، نەک بەکارهێنانی هێز یان
توندکردنی سزاکان.
دیمۆکراتیکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.
ڕێزگرتن لە فرەچەشنیی شارستانیەتەکان: داواکاریی فەرمی چین ئەوەیە کە
مۆدێلی گەشەپێدان یان دیمۆکراسیی وڵاتێکی دیاریکراو نەکرێتە پێوەر بۆ
هەموو جیهان، بەڵکو دەبێت ڕێز لە مافی گەلان بگیرێت لە هەڵبژاردنی ئەو
ڕێڕەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی کە لەگەڵ مێژوو و واقیعی خۆیاندا
دەگونجێت.
هاوبەشی لە جیاتی باڵادەستی: گۆڕینی شێوازی حوکمڕانی لە "حکومڕانی
بەپێی هێز"ەوە بۆ "حوکمڕانی لە ڕێگەی ڕاوێژ و هاوبەشی" نێوان هەموو
دەوڵەتە گەورە و بچووکەکان.
لابردنی بەربەستە تەکنەلۆژییەکان: داواکردنی ئەوەی کە تەکنەلۆژیا (بەتایبەت
ژیریی دەستکرد و پیشەسازی سەوز) نەکرێتە ئامرازێک بۆ قۆرخکاری یان
بەربەست لێدان لەبەردەم وڵاتانی گەشەسەندوودا.
بەرپرسیارێتی هاوبەش بەڵام جیاواز :لە دۆسیەی کەشوهەوادا، چین داوا لە
وڵاتانی پێشکەوتوو دەکات کە پابەندبن بە بەڵێنە داراییەکانیان بۆ
یارمەتیدانی وڵاتانی هەژار، چونکە وڵاتانی پیشەسازی مێژوویەکی
درێژخایەنیان هەیە لە دەردانی گازە گەرمکەرەوەکاندا.
بڵاوکردنەوەی ئەم (پەراوی سپی-نیازنامە) لەم قۆناغەدا، پەیامێکی ڕوونی
پەکینە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە سەردەمی جەمسەربەندیی تاقانە و
سەپاندنی نەزمێکی تایبەت بەسەر جیهاندا بەرەو کۆتایی دەچێت. داتاکانی
ناو بەڵگەنامەکە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە وڵاتانی باشووری جیهان چیتر
تەنها کارەکتەری پەراوێزی نین، بەڵکو بزوێنەری سەرەکین لە داڕشتنی
ئایندەی ئابووری و دابینکردنی ئاسایشی جیهانیدا. چین لە ڕێگەی
دەستپێشخەرییەکانی وەک "پشتێن و ڕێگا" و "گەشەپێدانی جیهانی" ،مۆدێلێکی
نوێی هاوکاری پێشکەش دەکات کە لەسەر بنەمای "بردنی دوولایەنە" و
دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش بنیات نراوە، نەک دروستکردنی بلۆکی سەربازی و
پچڕانی زنجیرەی دابینکردنی ئابووری. ئەم بەڵگەنامەیە وەک نەخشەڕێگایەک
وایە بۆ هێنانەکایەی جیهانێکی فرەجەمسەری دادپەروەرتر؛ جیهانێک کە
تیایدا گەشەپێدان، پاراستنی ژینگە، و سەقامگیریی ئەمنی بەیەکەوە
گرێدراون و هیچ گەلێک لە کاروانی بەرەوپێشەوەچووندا بە جێ ناهێڵرێت.
______________________________________________
سەرچاوە:
More Just and Equitable Global Governance: China's
Principles, Proposals and Actions
https://english.www.gov.cn/archive/whitepaper/202606/17/content_WS6a326192c6d00ca5f9a0bab7.html
hallohasan89@gmail.com
|