په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\١\٢٠١١

شۆڕشی دیموکراتی یان شۆڕشی سۆسیالیستی.

                                                                                                                   

تۆنی کیلف                                                                                                       وه‌رگێڕان و ئاماده‌کردنی: ئازاد ئارمان


لە گشت ئەو وڵاتانەدا کە دیموکراسی سیاسی تێدا نیە- واتە لەڕێی سیستمێکی شاهانەی ڕەها، سوپا، فاشیزم یان دەسەڵاتێکی ئیمپریالیزمی بێگانەوە حوکمڕانی دەکرێت- مەسەلەی بوونی دیمکراسی پێویستییەکی ئاشکرایە. وە ئێمەش، سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکان، بێووچان تێدەکۆشن بۆ هێنانەدی: هەڵبژاردنی ئازادانەی حکومەتە نیشتمانی و ناوخۆیی یەکان، ئازادی رۆژنامەگەری و، کۆبوونەوەو ڕێکخراوبوون و مافی چارەی خۆنووسینی نیشتمانی، بەڵام بۆ ئێمە ئەوەندە بەس نی یە.


پێش هەموو شتێک، نایەکسانی، چەوساندنەوە و ستەمکاری وەک ڕاستییەک دەمێنێتەوە تا سەروەت و سامان لەمشتی کەمایەتییەکی بچوک لە سەرمایەداران بێت. بەبێ بوونی خاوەندارێتی یەکی گشتی بۆ ئامرازەکانی بەرهەمهێنان، نەک تەنها نایەکسانی یەکانی نێوان هەژار و دەوڵەمەند دەمێنێتەوە، بەڵکو بە هۆی پێشبڕکێ ی نێوان کرێکاران بۆ وە دەست هێنانی کارو ماڵ و هەلەکانی ڕۆشنبیربوون، نایەکسانی لە نێو خودی چینی کرێکاریشدا دەمێنێتەوە. ئەمانەش زەمینەیەکەن بۆ سەرهەڵدانی راسیزم و سێکسیزم.


لە گەڵ کۆنترۆل کردنی بەردەوامی سەروەت و سامانی کۆمەڵگە لە لایەن سەرمایەدارانەوە، دیموکراسی سیاسیش لەمەترسیدا دەبێ و ، دەستەیەک لە سەرمایەداران نەک تەنها خاوەنی ئامرازە بابەتی یەکانی بەرهەمهێنانن، بەڵکو خاوەنی ئامرازە ئەقڵانی یەکانی بەرهەمهێنانیشن- ڕۆژنامەکان و تەلەفزیۆن و هۆکارەکانی تری پروپاگەندە، هەروەها لە لایەن ماشێنی دەوڵەتی سەرمایەداریشەوە پشتیوانی دەکرێن- سوپا و پۆلیس و دادوەران بەردەوام دەبن لە پشتیوانی کردنی چینی سەرمایەدار. تەنها ئەو کاتەی چینی کرێکار دەسەڵاتی دەوڵەت دەگرێتە دەست مافە دیموکراسی یەکان مسۆگەر دەبن.


لە نۆڤێمبەری ساڵی ١٩١٨ شۆڕش لە ئەڵمانیا کۆتایی بە دەسەڵاتی قەیسەر هێنا و کۆتایی بە جەنگی یەکەمی جیهانی هێنا. بە داخەوە خاوەن کارە گەورەکانی وەک کروپس و سیسان لە گەڵ جەنەڕاڵەکان و ئەفسەرە کۆنەپەرستەکانی سوپادا مانەوە. چەند یەکە یەکی ڕاستڕەویان دامەزراند کە پێ ی دەوترا فریکۆپس (Freikorps). دەسەڵاتی دوو لایەنی بڵاو بووەوە لە ئەڵمانیا، چونکە شان بە شانی پەرلەمان ئەنجوومەنەکانی کرێکارانیش وجودی یان هەبوو.


هیچ شۆڕشێک نەیتوانیوە بە یەکجاری دەرباز ببێت لە کۆت و بەندەکانی ڕابروو، شان بە شان لە گەڵ شتە تازەکاندا- کە نوێنەری داهاتوو دەکەن شتە کۆنەکانیش هەر دەمێننەوە، واتە هەروەک مارکس دەڵێت: "داب و نەریتی نەو مردووەکان، هێشتا بە بەرۆکی زیندووەکانەوەن". ڕووداوەکان لە ئەڵمانیا بە تەواوەتی وشە پێشبینیکەریەکانی سەن جەست سەرکردەی شۆڕشی فەرەنسای دووپات دەکەنەوە: "ئەوانەی نیوە شۆڕشێک بەرپادەکەن گۆڕی خۆیان هەڵدەکەنن". لە ژێر چەتری حکومەتی سۆسیال دیموکرات دا، ئەفسەرەکانی فریکۆپس هەردوو سەرکردەی شۆڕشگێڕ (ڕۆزا لۆکسمبۆرگ و کارل لیبکخنت) یان لە ناوبرد. ڕووداوە شۆڕشگێڕی یەکان لە هەڵچون و داچووندابوون تا ساڵی ١٩٢٣، بەڵام بە سەرکەوتنی سەرمایەداری کۆتایی هات، بزووتنەوەی نازی لە ساڵی ١٩١٩ دا هاتە کایەوە. لە ساڵی ١٩٢٣ کودەتایەکی سەرنەکەوتووی سازدا لە باڤاریا بەڵام چاوەروانیکردنێک هەبوو لە باڵەکانیدا. ئەمەش هەلێکی تر بوو کە لە دەست کرێکاران دەرچوو و هەر دەبوو باجەکەی بە سەختی بدەنەوە کاتێک هیتلەر دەسەڵاتی گرتە دەست.


لە ساڵانی ٣٠ یەکانی سەدەی رابردوودا فەرەنسا سەرهەڵدانێکی گەورەی خەباتی چینی کرێکاری بە خۆوە بینی کە لە فێبریوەری ساڵی ١٩٣٤ دەستی پێ کرد و لە ساڵی ١٩٣٦ دا گەیشتە لووتکە لە سەرکەوتنێکی چارەنووسازی بەرەی جەماوەریدا هاوپەیمانی یەتی یەکی نێوان پارتی کۆمۆنیست و پارتی سۆسیالیست و لیبراڵەکان (کە بە هەڵە پێیان دەووترا سۆسیالیستە رادیکاڵەکان لە کاتێکدا نە ڕادیکال و نە سۆسیالیست بوون). ملیۆنەها کرێکار بە خۆیان دەگوت ( ئێستا حکومەت هی خۆمانە، با کارگەکان بگرینە دەست) . لە حوزەیرانی ١٩٣٦ شەپۆلێک بۆ بە گەڕخستنەوەی کارگەکان سەری هەڵدا، ڕابەرانی پارتی کۆمۆنیست و پارتی سۆسیالیست پاکسازییەکیان ئەنجام دا دوا بە دوای سازشکردن لە گەڵ خاوەن کارەکاندا، پاش ئەمە پارتی کۆمۆنیست فڕێ درایە دەرەوەی بەرەی جەماوەریی. دالادیر (Daladier) کە سۆسیالیستیێکی ڕادیکاڵ بوو، ساڵی ١٩٣٨ پەیماننامەی میونخی (Munich) لە گەڵ هیتلەر دا واژۆ کرد، وە هەمان پەرلەمان بوو کە هەڵبژێردراو لە سەرکەوتنی ساڵی ١٩٣٦ ی بەرەی جەماوەریی مەزندا دەنگی دا بۆ پێشوازی کردنی مارشاڵ پێتان سەرۆکی ڕژێمی فیجی (Vichy) کە دەستی دایە هاریکاری کردنی نازیەکان لە ساڵی ١٩٤٠ بە دواوە.


کاتێ ئەندەنوسیا سەربەخۆیی خۆی لە هۆلەندا وە دەست هێنا لە ساڵی ١٩٤٩ وڵاتەکە لە لایەن بۆرژوازی ناسیونالیست (ئەحمەد سۆکارنۆ) وە ڕابەرایەتی دەکرا. ئایدیۆلۆژیاکانی ئەو لە سەر پرەنسیپەکانی پەنکاسیلە (Pancasila) دامەزراندبوون کە بنەماکانی بریتی بوون لە باوەڕبوون بە خودا و یەکگرتوویی نیشتمانی. تراژیدیاش لەوەدابوو کە پارتی کۆمۆنیستی ئەندەنوسی ڕووبە ڕووی سوکارنۆ نەبوونەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە بە تەواوەتی رێکەوتن لە گەڵی دا لە سەر پێویستییان بە یەکگرتوویەکی نیشتمانی و ئەنجامیش ئەوە بوو کە قسەکانی سەن جەست هاتنەدی. پارتی کۆمۆنیستی ئەندەنوسیا ژمارەی ئەندامەکانی زۆر زیاتر بوو لە ژمارەی ئەندامانی پارتی بەلشەفیک لە سەردەمی شۆڕشدا ٣ ملیۆن بەرامبەر چارەکە ملیۆنێک. توانایی چینی کرێکارانی ئەندەنوسیا لاواز تر بوو لە چینی کرێکارانی ڕوسیا لە سەردەمی شۆرشدا. چینی جوتیار لە ئەندەنوسیا فراوانتربوو وەک لە ڕوسیا، لە ساڵی ١٩٥٦ جەنەڕاڵێک کە لە لایەن سوکارنۆ وە دامەزرێنرابوو سوهارتۆ کۆدەتایەکی سازدا پشت ئەستوور بە وڵاتە یەکگرتووەکان و حکومەتی بەریتانیا و ئوسترالی. کە نزیکەی نێوان نیو ملیۆن تا ملیۆنێک هاوڵاتی بوونە قوربانی.


ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ناوچەیەکی ترە کە چەندین شۆڕشی مەزنی بە خۆوە دیوە و دامەزراوەکانی هەژاندووە، بەڵام نەیتوانیوە ڕیشەدار و بنچینەیی بێت. لە عێراق مەلیک فەیسەل لە ساڵی ١٩٥١ دەسەڵاتی لێ سەندرایەوە لە لایەن بزووتنەوەیەکی جەماوەری یەو. پارتی کۆمۆنیستی عێراق، پارتێکی زۆر بەهێز بوو وە لە راستیدا بەهێزترین پارتی کۆمۆنیست بوو لەجیهانی عەرەبی دا و، چووە ناو هاوپەیمانیەتی یەک لە گەڵ پارتی ناسیونالیستی بۆرژواکان (حیزبی بەعس). پارتی کۆمۆنیستی عێراق لە ژێر دەسەڵاتی ستالینیزم دا، باوەڕی وابوو شەڕی داهاتوو شەڕێکی دیموکراتی دەبێت کە پێویستی بە هاوپەیمانیەتێک دەبێت لە نێوان چینی کرێکار و حیزبە بۆرژواکان دا. وەها هاوپەیمانی یەتێک لە پراکتیزە کردندا پابەندی یەکەم بە دووەمەوە دەگەیەنێت. ئەندامانی پارتی کۆمۆنیستی عێراق و کرێکاران باجی ئەم هاوپەیمانیەتیە یان زۆر گران دایەوە، حیزبی بەعس بە سەرۆکایەتی سەدام حوسێن و بە یارمەتی سی .ئای. ئەی (CIA) کوشتارێکی بەرفراوانی دژ بە کۆمۆنیستەکان ئەنجام دا.


لە ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ دا مانگرتنێکی گشتی بوو بە هۆی سەندنەوەی کورسی دەسەڵات لە شا. شوراکان (ئەنجوومەنەکانی کرێکاران) پەرەیان سەند لە سەرتاپای وڵاتدا، تراژیدیاکە لەوە دا بوو کە ڕابەرایەتی ئەم شورایانە و بە گشتی هەموو لایەنگرانی حیزبی تودە سەر بە مۆسکۆ و فیدائی یەکان، شۆڕشەکەیان وەک شۆڕشێکی دیموکراتی بۆرژوازی دەبینیەوە نەوەک شۆڕشێکی پرۆلیتاری. بەمەش پشتیوانییان لە دامەزراندنی کۆماری ئیسڵامی ئێران کرد. بەم شێوەیە (ئایەتوڵلا خومەینی) دەسەڵاتی گرتە دەست بەبێ پیشاندانی هیچ ئەمەکێک بۆ حیزبی تودە یان فیدائیەکان لە بری ئەوە چەپ درایە بەر هێرشی قەتڵ و عامێکی خوێناویەوە.


دەتوانم باسی چەند شۆڕشێکی تری سەرنەکەوتوو بکەم وەک شۆڕشەکانی هەنگاریا لە ساڵی ١٩١٩ و ساڵی ١٩٥٦، ئەڵمانیا ١٩٢٣، چین ١٩٢٥ -١٩٢٧، ئیسپانیا ١٩٣٦، فەرەنسا ١٩٦٨، پورتوگال ١٩٧٤-١٩٧٥. نزیک بوونەوەی شۆڕشی دیموکراتی لە شۆڕشی سۆسیالیستی و پەسەندکرندنی ئەوەی یەکەم، تەنها سیفەتی سۆسیال دیموکراتەکان نی یە بەڵکو بووە بە هێڵێکی ڕابەریانەش بۆ سەرکردە ستالینیستیەکان لە سەرتاپای جیهان دا.


شۆڕشی ڕوسیای ١٩١٧ جیاواز بوو لە زنجیرەی نیمچە شۆڕشەکان. شۆڕشی شوباتی ١٩١٧ بارێکی تازەی سەرنج ڕاکێشی هێنایە کایەوە:


تزار دەستی لە کار هەڵگرت و، سەدەکانی پاشایەتی کۆتایی هات، پۆلیس هەڵوەشێنرایەوە. لە هەموو کارگەیەکدا لیژنە کرێکاریەکان دامەزرێنران، لە چەند یەکە یەکی سەربازی دا لیژنەی سەربازی هاتە کایەوە. کرێکاران و سەربازە ڕووسی یەکان لە هەموو شوێنێک سەریان هەڵ دا.


بەڵام دوای شۆڕشی شوباتی ١٩١٧، هاوشان لە گەڵ سۆڤیەتی یەکاندا دامەزراوە کۆنەکان بەردەوام بوون. لە کارگەکاندا، خاوەن کارە کۆنەکان و بەڕێوەبەرە کۆنەکان لە پۆستەکانی خۆیاندا مانەوە. لە سوپادا، جەنەڕاڵەکان هەر دەسەڵاتدار بوون: فەرماندەی گشتی سوپا جەنەڕاڵ کۆرنیلۆڤ بوو کە لە لایەن تزارەوە دانرابوو. هاوشان لە گەڵ دەسەڵاتی شوراکاندا حکومەتێکی بۆرژوازی هەبوو کە سیاسەتمەدارێکی لیبڕالی سەردەمی تزارییەکان سەرکردایەتی دەکرد. ئەم بارودۆخە، کە لینین و ترۆتسکی پێیان دەووت دەسەڵاتی دوو لایەنە، پر بوو لە ناکۆکی.


سەرەڕای سروشتی شوراکان، ڕابەران لە بۆرژواکان دەپاڕانەوە دەسەڵات بگرنەوە دەست. زۆربەی نێردراوە سۆڤیەتی یەکان سۆسیالیستی ڕاسترەو بوون. لە مەنشەفیک و شۆڕشگێرە سۆسیالیستەکان. ئەمەش هەر لە خۆیەوە ڕووینەدا بەڵکو دەرەنجامی چارە هەڵنەگری بارودۆخەکە بوو کە تیایدا ملیۆنەها خەڵک بەرەو چەپ بەرێ دەکەوتن بەڵام هێشتا کۆمەڵێ ئایدۆلۆژیای تزاریزمی کۆنیان هەڵگرتبوو. بۆ ملیۆنەها خەڵک کە تا ئەم کاتە پشتیوانیان لە تزار و جەنگ کردووە، بەڕێ کەوتنێک بەرەو چەپ ڕاستەوخۆ مانای ئەوەی نەدەبەخشی کە پەیوەندی کردنە بە یەکێکی لە هەرە حیزبە تووندڕەوەکانەوە (بەلشەفیکەکان). پیاوی دەسەڵاتداری نێو مەنشەفیکەکان- تسێرتلی (J.G Tseretelli) کە بووە وەزیری ناوخۆ لە حکومەتە کاتی یەکەی بۆرژواکان، ڕوونی کردەوە کە "پێویستمان بە سازش کردنە لە گەڵ بۆرژواکان دا: هیچ ڕێگایەکی تر نییە بۆ شۆڕش. ڕاستە ئێمە هەموو دەسەڵاتەکانمان بە دەستە و حکومەتیش لە ناو دەچێ گەر ئێمە دەستی لێ هەڵگرین، بەڵام ئەمە بۆ شۆڕش کارەساتێک دەگەیەنێت".


لە ٣ی نیساندا کاتێ لینین لە سویسرا گەڕایەوە بۆ ڕوسیا، بە گەرمی پێشوازی لێ کرا لە لایەن هەزارەها کرێکار و سەربازوە لە وێستگەی فینلەند لە پیترۆگراد.چکهایدز (Chkheidze) سەرۆکی شورای پێترۆگراد بەم وشانە پێشوازی لێکرد،"هاوڕێ لینین بە ناوی شورای پێترۆگرادەوە و هەموو شۆڕشەوە بە خێرهاتنتەوەت دەکەین بۆ ڕوسیا...بەڵام ئێمە باوەڕمان وایە کە ئێستا ئەرکی سەرەکی شۆڕشی دیموکراتی بەرگری کردنە لە شۆڕش دژ بەهەر لادانێک چ لە ناوەوە یان دەرەوە. ئێمە پێمان وایە ئەم ئامانجە پێویستی بە پەرتەوازەیی نییە بەڵکو بە نزیک بوونەوەی ئاراستە دیموکراسییەکانە، بە هیواین کە تۆش ئەم ئامانجانەمان لە گەڵدا بگریتە بەر". لە وەڵامدا لینین بانگەشەی بۆ بەردەوام بوونی شۆڕش کرد هەر چۆن شۆڕشی سۆڤێتی بەشێک بووە لە شۆڕشەکانی جیهانی نێو دەوڵەتی . بەرپەچەکرداری مەنشەفیکەکان بۆ ووتەکانی لینین زۆر دوژمنکارانە بوو بەم شێوەیە گۆڵدنبێرگ (I.P Goldenberg) کە ئەندامێکی کۆنی (کۆمیتەی ناوەندی بەلشەفیک)، ڕایگەیاند "ئێستا لینین خۆی کاندید کردووە ب عەرشی ئەوروپا، کە ٣٠ ساڵە بەتاڵە- عەرشی باکۆنین (Bakunin)! وشە نوێکانی لینین دەنگدانەوەی کۆنی هەیە- ڕاستی یە لە کارکەوتووەکانی ئەنارکیزمی سەرەتایی یە.


لینین خۆی نەگونجاند لە گەڵ مەنشەفیکەکان و شۆڕشگێڕە سۆسیالیستەکان کە بەرجەستەکردنەوەی دیموکراسی ووردە بۆرژواکان بوون. ئەو بەردەوام بە دوای بانگەشەکەی (مارکس) ی سەردەمی شۆڕشی ١٨٤٨ ی فەرەنسا و ئەڵمانیا کەوتبوو. مارکس نوسیویەتی دەبێ بە تەواوەتی سەربەخۆ بیت لە کامپی دیموکراسی و ووردە بۆرژواکان بپارێزیت. هەروەها مارکس نووسیویەتی و دەڵێت" کرێکارە ئەلمانیەکان...دەبێ تەواو هاوبەشی بکەن تا دوا سەرکەوتنیان، بە ئاگابوون لە بەرژەوەندی یەکانی چینی خۆیان بۆ وەدەستهێنانی شوێنی سیاسی سەربەخۆی خۆیان بەزووترین کات، بەڕێگەنەدان بە خۆیان کە چەواشە بکرێن بە قسە دووفاقییەکانی وورە بۆرژوا دیموکراتەکان ت انەونە گومانەوە،تەنانەت بۆ یەک خولەکیش لە پێویسیتان بە پارتێکی سەربەخۆ و ڕێکخراوی پڕۆلیتاریا، بانگەوازی خەباتیان دەبێ (شۆڕشی بەردەوام) بێت".


پاش چەندین ڕۆژ و هەفتە مانگێک لە ڕووداوی تووندوتیژ، بەلشەفیکەکان وایان کرد زۆرینەی کرێکاران بە دەست بهێن. لە ٩ی ئەیلول شورای پێترۆگراد گۆڕا بۆ زۆرینەی بەلشەفیک و ترۆتسکی بە سەرۆک هەڵبژێردرا. لە هەمان ڕۆژدا بەلشەفیکەکان زۆرینەی شوراکانی مۆسکۆشیان بە دەست هێنا. ئەم خاڵە تەنها هەنگاوێکی بچووکە بەرەو وەدەستهێنانی دەسەڵاتی کرێکاران لە ٧ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩١٧.


چینی کرێکاران، نەک حیزب، شۆڕش بەرپادەکات بەڵام حیزب ڕێنمایی یان دەکات. ترۆتسکی نوسیویەتی "بەبێ ڕێکخراوێک کە ڕابەرایەتی مان بکات ووزەی جەماوەر بە فیڕۆ دەچێت وەک هەڵمی بێ پشتیوانی ناو پستۆن یان سندوقێک بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا ئەوەی شتەکان دەبزوێنێ پستۆنەکە یان سندوقەکە نییە بەڵکو هەڵمەکەیە.".


جیاوازی نێوان سەرکەوتن و هەرەسهێنان، نێوان ڕوسیای تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩١٧ و شۆڕشەکانی تری کرێکاران ئەوە بوو کە لە حاڵەتی یەکەمدا حیزبێکی شۆڕشگێڕی جەماوەری هەبوو کە سەرکردایەتیەکی کاریگەری دەستەبەر دەکرد. بەڵام سۆسیالیستەکان ناتوانن ئەو ساتە دیاری بکەن کە قەیرانە شۆڕشگێڕییەکان تیایدا سەرهەڵدەدەن، ئەوانە دەرەنجامە رێکەوتی یەکان بە پێی ئەو پلەیە دیاری دەکەن کە تیادا حیزبێکی شۆڕشگێڕی بەهێز بنیات دەنێن.


کاتۆ (Cato)ی گەورە کە ئەندامێکی ئەنجوومەنی پیرانی ڕۆمانی بوو، کردبووی بەپیشە ووتارەکانی بەم وشانە کۆتایی پێ بێنێت "قەرتاجە دەبێ وێران بکرێت" (Cartago delenda est)، لە دواجاردا ڕۆم قەرتاجەی وێرانکرد. ئێمەش پێویستە بەم وشانە بێینە کۆتایی "پارتی شۆڕشگێڕ دەبێ بنیات بنرێت".

__________________________________________
دەربارەی نووسەر:
"تۆنی کلیف" Tony Cliff ساڵی 1917 ، هەمان ساڵ کە شۆڕشی ئۆکتۆبەری رووسیای تیا بەرپابوو، لە فەلەستین لە دایک بووە. ساڵس 1930 بووە بە سۆسیالیستێکی شۆڕشگێڕ و یەکێک بووە لە پەیڕەوکەرانی لیۆن ترۆتسکی. دوا بە دوای ئەوەی لە فەلەستین دا کاری کردووە بۆ پێکهێنانی گڕوپێکی بچووکی شۆڕشگێڕ لە کۆتایی جەنگی جیهانی دووەم دا هاتۆتە بەریتانیا. بە دوای خوێندنەوەیەکی چڕو تێبینی کردنی بارو دۆخی ووڵاتەکانی ئەوروپای رۆژهەڵات، کە لە فەلەکی یەکێتیی سۆڤیەت دا دەخولانەوە، دەستبەرداری ترۆتسکیزمی ئەرتەدۆکس بووە.
"کلیف" گروپی لێکۆڵینەوەی سۆسیالیستی دامەزراند کە بووە زەمینەیەک بۆ پێکهێنانی" سۆسیالیستی ئەنتەرناسیونالی" لە شەستەکان دا و هەروەها "حیزبی کرێکارانی سۆسیالیست" لە حەفتاکان دا.
خاوەنی دەیان پەرتووک و نامیلکە و سەدان وتاری جۆراو جۆرە. لەوانە پەرتووکی سەرمایەدای دەوڵەتی لە یەکێتی سۆڤیەت، لە ساڵی 1947 نووسیویەتی و وەرگێردراوە بۆ 16 زمانی دونیا. سێ بەرگ دەربارەی کارو ژیانی لینین و چوار بەرگیش دەربارەی ترۆتسکی، هەروەها پەرتووکی خەباتی چینایەتی و رزگاری ژنان ، ترۆتسکیزم دوای ترۆتسکی ، تیوری شۆرشی بەردەوامی بەلارێدابراو، مارکیسزم لە هەزارەی سێیەم دا ...هتد. ماوەیەکی کەم دوای دەرچوونی پەرتووکێک لە بارەی ژیانی خۆیەوە کە بە ناونیشانی ( ژیانێک بۆ بردنەوە: بە سەر هاتی شۆڕشگێڕک) لە نیسانی 2000 دا کۆچی دوایی کرد.

 

ماڵپەڕی ئازاد ئارمان