١٩\٢\٢٠١٢
شۆڕشی میسر...
بەرەو کوێ؟

نووسینی: عەلاء عەوز
لە عەرەبییەوە: جیھاد موحەمەد
دەتوانین لایەنەکانی ململانێی سیاسی و
کۆمەڵایەتی ئێستای شۆڕشی میسر بەم جۆرە بخوێنینەوە: لایەنی یەکەم
ئەنجومەنی سەربازی حوکمڕانە کە لە یانزەی فەبروەرەوە توانیوێتی دەست
بەسەر دەسەڵاتدا بگرێت بە پێدانی ئەم ئەرکە لە لایەن موبارەکی
ڕوخێنراوەوە ـ ئەگەر بە شێوەیەکی ڕووکەشیش بێت ـ ھەوڵێک بوو بۆ
ڕزگارکردنی بەشێک لە ڕژێمی سیاسی تێشکاو لە بەردەم ئەو ناڵەو توڕەییەی
ڕاپەڕین و شۆڕشی میللیدا کە پایە و باڵەکانی ئاسایشی ڕژیمی ناوبراوی
ھەژاند و ھەڵوەشاند، دەستێوەردانی ئەم ئەنجومەنی سەربازییە بۆ پاراستنی
بەرژەوەندی چینی دەسەلاتدار تەنیا لەوێوە نەبوو کە نوێنەرایەتی
سەرکردایەتی دامەزراوە سەربازییەکانی دەکات بە درێژایی چەند دەیەیەک،
بەڵکو لەوێوە بوو کە ڕاستەوخۆ بەرگریبکات لە بەرژەوەندیەکانی چوونکە
بەشێکی ئۆرگانییە لەو چینە دەسەڵاتدارە ڕوخاوە و ڕەنگیشە یەکێک بێت لە
پایە بەرزەکانی ئەو چینە دەسەڵاتدارە ڕوخاوە، ئەم ئەنجومەنە دەستیبەسەر
بەشێکی گەورە لە ئابوری میسردا گرتبوو کە نزیکەی لە نێوان ٢٥ ـ ٤٠% ی
ھەموو وەبەرھێنانە ئابورییەکانی میسر بوو، ئەم کۆمپانیا وەبەرھێنانە
سەربازیانەش بە ھیچ جۆرێک نەدەکەوتنە ژێر چاودێری پەرلەمانی و دەسەڵاتی
جێبەجێکردنەوە، بەڵکو کۆمەڵێک جەنەراڵ دەیبردن بە ڕێوە کە کۆمەڵێک
دەسکەوتی گەورەیان لێوە دەستدەکەوت، کرێکارانێکیش لە چینی ھەژارانی
میللی کاریان تیا دەکرد بەبێ وەرگرتنی ھیچ جۆرە کڕێیەک و بە سۆژە
کاریان پێدەکرا و بێ بەشیش کرابوون لە مافی نوێنەرایەتی و سەندیکا و
پراکتیزەکردنی مافی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین.
ئەنجومەنی سەربازی ھەندێکیش پارادۆکسی ھەبوو لەگەڵ ڕژێمی موبارەک دا
لەسەر مەسەلەی سەرۆکایەتی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، واتە ـ سەرۆکایەتی
کۆمارـ کە لە لایەن موبارەکەوە ئەم مافەی ئەوان پێشلکرابوو، ئەنجومەن
لە ماوەی شەش دەیەدا بە پیرۆز تەماشای دەکرد بەو مانایەی کە گریدراوێکی
ئۆرگانی خۆیەتی و مافی خۆیەتی وەریبگرێت چوونکە ئەم وەزیفەیە گرنگترین
وەزیفە بوو بۆ دەوڵەتێک کە سروشتێکی ستەمکاریی و دیکتاتۆری ھەبێت.
یەکێکی تر لە پارادۆکسیەکانی نێوان ئەنجومەنی سەربازی و موبارەک
مەسەلەی ھەوڵەکانی موبارەک بوو بۆ گەورەکردن و فراوانکردنی دەستگاکانی
پۆلیس و زاڵکردنی بەسەر دەستگا سەربازیەکاندا لە پشتبەستن پێیان بۆ
پاراستنی سیستەمی سیاسی و پاراستنی سیناروێی میراتگری سەرۆکایەتی کۆمار.
مەسەلەکە ھەر بەوەندەوە نەوەستابوو، بەڵکو سیناروێی میراتگری
سەرۆکایەتی کۆمەڵە کەسێکی وەک کارکتەری سیاسی بەرزکردبوەوە و ببوون بە
خاوەنی وەبەرھێنانی ئابوریەکی گەورە، لێرەشەوە جارێکی تر پارادۆکسیەکان
زەقتر ببوەوە لە سەر بەرژەوەندیە ئابوریەکانی نێوان پیاوانی سیاسی و
پیاوانی دامەزراوە سەربازیەکان کە کێبڕکێی خاوەندارێتی زەویوزار لە
نێوانیاندا بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن و وەبەرھێنانی ئابوری زیاتر دروستبوبوو
چوونکە زەویوزار یەکێک بوو لە پایەکانی سەرمایەگوزاری و سەرمایەدارێتی.
بۆیە وەرگرتنی دەسەڵات و سەرکەوتن بەسەر سەرۆکی ڕژێمەکەدا لە لایەن
دامەزراوەی سەربازیەوە کارێکی سیاسی و سەربازی بوو بە ئامانجی پاراستنی
ڕژێمی فەرمانڕەوایی بۆ پاراستنی بەرژەوەندی سەرمایەداری و لە
ھەمانکاتیشدا یەکلایکردنەوەی ئەو پارادۆکسیانەی کە ھەیان بوو لەگەڵ
ڕژێمەکەی موبارەک و کۆمەڵەی میراتگرییدا.
مەسەلەی دەستبەسەراگرتنی دەسەڵات لە فەبروەری ٢٠١١ دا جیاوازی ھەبوو
لەگەڵ یۆلۆی ١٩٥٢دا، لەمەی دواییاندا کۆمەڵێک لە ئەفسەری سەربازی پلە
مامناوەند توانیان لە کودەتایەکدا سەرکەون بەسەر مەلیک فاروق دا و
ڕژێمی دەسەڵاتدارێتی تێکبشکێنن و بە دروشمگەلێکی میللیانە و
نیشتیمانیانە و ڕێفۆرمانە و کۆمەڵێک کاری سیاسیانە جەماوەرێک لە دەوری
خۆیان کۆبکەنەوە، واتە شەرعیەتی ئەم دەسەڵاتدارێتیە لە کودەتاوە ھاتبوو،
ھیچ دەوەرێکی جەماوری و ڕاپەڕینی جەماوەری تیا نەبوو، بەڵام لە ٢٠١١ دا
ڕوخانی ڕژێمی موبارەک لە ئەنجامی ڕاپەڕین و شۆڕشێکی میللیەوە بوو کە
ھاوار و داوای ڕۆیشتنی مومبارەک لە ھەموو شوێنێکەوە بەرزببوەوە،
تەنانەت ئەگەر ئەمەش لە لایەن ھەندێکەوە بە کودەتاش دابنرێت، ئەوە
کودەتاچیەکان خۆیان نە ئەمەیان ھڵبژرادبوو نە کاتەکەشیان دیاریکردبوو،
بەڵکو ویستیان ڕاپەڕین و شۆرشە میللیەکە بگۆڕن بۆ کودەتایەکی سەربازی،
پێویستیەکی ناچاری بوو کە ئەنجومەنی سەربازی ھاوپەیمانیەکی سیاسی
گونجاو ھەڵبژرێن تا بتوانن ھەندێک لایەندارێتی میللی مسۆگەربکەن لە
پێناوی سەپاندن و جێگیرکردنی دەسەلاتی نوێدا، ھەروەھا پێویست بوو بۆ
ئەنجومەن کە ھەڵوێستی شەرعیدان بە ٢٥ ی یەنایری ٢٠١١ وا نیشانبدەن و
بیسەپێنن کە درێژبوەوەی شەرعیەتی ١٩٥٢ە و دامەزروەی سەربازی مافێکی
مێژوویی گرتنە دەستی دەسەڵاتیان ھەیە.
ئەوەش کارێکی لۆژیکیانە بوو بۆ ئەنجومەن کە پیشانی بدەن لە بەرژەوەندی
کام چینی کۆمەڵایەتین و نوێنەرایەتی کێ دەکەن تا بتوانن ھیزێکی سیاسی
ئۆپۆزیسوێنی ڕژێمەکەی مومبارەک لە دەوری خۆیان کۆبکەنەوە و جەماوەرێکی
میللیان ھەبێت، لێرەوە و لەم لۆژیکی بیرکردنەوەیەوە ئەنجومەن ڕەوتی
ئیسلامی سیاسیان ھەڵبژارد وەک لایەنی دوەمی ئۆپۆزیسوێنی رژێمەکەی
موبارەک تا ئەو دەورەیان بۆ ببینێت. ھەڵبەت ئخوانی موسلیمین لە ڕووی
ڕێکخستن و ڕێکخراوەیی گەورەترین ڕەوتی ئیسلامی بوون، ھەروەھا
سەرکردەکانیان خاوەنی وەبەرھێنانێکی ئابوری گەورەش بوون، وە دژایەتی
سیاسەتی لیبراڵی نوێیان نەدەکرد لە سەردەمی موبارەک دا، وە بەرگریان لە
پەیوەندیە بەکرێگرتەکانی نێوان جوتیاران و خاوەن موڵک دەکرد و ھێرشێکی
توندیان دەکردە سەر خۆپیشاندانەکانی کرێکاران کە لە ئەنجامی شۆڕشی
یەنایردا بەرپا ببوون، ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەم ڕەوتە ئیسلامیانە داواکار
نەبوون بۆ ڕوخانی ڕژێمی موبارەک بەڵکو تەنیا داواکاری ھەندێک لە ڕیفۆرم
بوون لە بونیادی سیاسی و تەشریعیدا تا بەرفراوانتر ڕێگەیان پێبدرێت بۆ
دروستکردنی پێگەی سیاسی خۆیان، پێش ٢٥ی یەنایریش ھاوبەشیکردنیان لە
چالاکیەکانی خۆپیشانداندا ڕەتکردەوە کە زۆرێک لە بزوتنەوە سیاسیەکان و
لاوان داواکاری بوون و ھەڵسورێنەری بوون، ئەمان تەنیا لیستێکی دە
خاڵیان پێشکەش کرد کە ھەندێک داواکاری ڕیفۆرمخوازی سیاسی لە خۆگرتبوو
وە داواکار بوون کە ڕژێمی موبارەک جێبەجێیبکات، لەگەڵ ئەوەی کە لە بیست
و ھەشتی یەنایردا خۆیان ھەڵواسی بە شۆڕشدا بەڵام لە دەرگای پشتەوە
خۆیان گەیاندە ڕژێمی موبارەک و دەستیانکرد بە گفتوگۆکردن لەگەڵ عمر
سلێمانی جێگرەکەیدا.
ئەم ڕەوتە ئیسلامیە گرنگترین ئۆپۆزیسوێنی سیاسی بوون لە سەردەمی
مومارەک دا، ڕەنگە بتوانم بڵیم موبارەک خۆی ئەم ڕەوتەی ھەڵبژاردبوو بۆ
ئەوەی دەوری ئۆپۆزیسوێنێکی گەورە و سەرەکی سیاسی ببینن و سنورێکیش
دابنێن بۆ گەشەی ئۆپۆزیسوێنێکی شۆڕشگێڕ و ڕیشەیی دژ بە ڕژێمەکەی،
پشتڕاستکردنەوەشم بۆ ئەم بۆچوونە ئەوەیە کە ڕێگەی پێدابوون زاڵبن بەسەر
زۆربەی سەندیکا پیشەییەکاندا( ھیچ جۆرە ناڕەزایەتیەکیان نەبو کە شایەنی
وتن بێت دەربارەی مەسەلە سەندیکاییە گرنگەکان وەک کرێ و مافی دەربڕین و
دەنگدان و مافی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی) ھەروەھا ھەڵیبژاردبوون بۆ
ئۆپۆزیسوێنی پەرلەمان لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٥ دا( ئەو سەوداگەرییە
سیاسییەی لە نێوان ئەمان و حیزبی نیشتیمانی دا دروستبوو لە کاتی پرۆسەی
ھەڵبژرادنەکاندا لە لایەن ڕێبەری یەکەمیانەوە دانی پیانرا) لەگەڵ ئەوەی
جەنگێکی سیاسی بەرپا نەکردبوو لەگەڵ ڕژێمدا لەوێوە کە پەیوەندی ھەیە بە
مافی کۆمەڵایەتی و کرێ و بێکاری و پاکتاوی ئابوری نەتەوەییەوە لەگەڵ
ئەوەشدا ئەم نەبوونی جەنگە سیاسیە نەبووە ھۆکاری لاوازی سیاسی جەماوەری
و کێرڤی جەماوەری ئیخوانی دانەبەزاند و بەڵکو ببوو بە سیمبولێکی
ئۆپۆۆزیسوێنی سیاسی زۆر گەورە و ئاشکرا دژ بە ڕژێمەکەی موبارەک. بۆیە
ھەڵبژاردنی ئەم ھاوپایەیمانە سیاسیە لە لایەن ئەنجومەنی سەربازیەوە
لۆژییکیانە بوو بە پێی بیرکدنەوەی خۆیان و لەگەڵ ئەم ھەڵبژاردنەی
ئەمانیشدا ڕێگەیاندا بە ڕەوتە ئیسلامیە سەلەفیەکانیش، کە ھیچ
پسپۆڕییەکی سیاسیان نییە و لە یەکەم جاریشدا دژی شۆرش وەستانەوە و
تەنانەت مۆری تەکفیرکردنیان نا پێوەی چوونکە ئەمەیان بە دەرچوون لە
پیرۆزی حاکم دادەنا، ھەروەھا ڕێگەشیان بە ھەندێکی تر لە ڕەوتە
ئیسلامیەکان دا، وای دەخوێنمەوە کە ئەمەش بەو ئامانجە بوو کە پارادۆکسی
دژایەتیەکانی نێوان ئەم ڕەوتانە بقۆزنەوە و بیخەنە ڕاژەی
بەرژەوەندیەکانی دامەزراوەی سەربازی و دەسەڵاتی سەربازی خۆیانەوە و وە
بۆ سنوردارکردنی بەرزەخوازییە سیاسییەکانی ئیخوانەکانیش.
لایەنێکی تری ململانێکە ئەو کۆمەڵە حیزب و ھێزە سیاسیانەیە کە
ناودەبرێن بە لیبراڵەکان، لە کۆی گشتیدا ئەو پێکھاتە سیاسیانە ئەوە
دەگەیەنێت کە دەربڕی بەرژەوەندیە سەرمایەدارییەکانن و سیاسەتێکی ئابوری
لیبراڵی پێکدەھێنن و ھەندێکیان بە جۆرێک کاردەکەن کە وەحشیگەرێتی بازار
سنورداربکەن، ئەم جۆرە سیاسەتە ئابوریەش شێواویی و شپڕزەیی ئەو چینە
پیشان دەدات کە دەکوێتە ژێر کاریگەری یاساکانی گەشەی جیاکاریی و
جیاوازیی ئالۆزەوە، لەسەر ئاستی سیاسی و ڕۆشنبیریش ئەم ھێزە لە نێوان
بیری نوێ و دواکەوتویەتیدا گیری خواردوە، ئەم گیرخواردنەش لە بەرنامە
سیاسیەکانیدا دەردەکەوێت کە کەمتەرخەم و بێتوانایە لە پێدانی بیری
عەلمانیەتی دەوڵەت و کۆمەڵگا و فێرکاریی و ڕۆشبیرییدا و نمونەگەڵێکی
شپرزە و مامناوەندی پێشکەشدەکات، ئەم ھێزە لیبراڵیە ناتوانێت بە ڕوونی
و ئاشکرا پەیوەستبێت بە دروستکردنی دەوڵەتەوە و کۆمەڵێک دەربڕینی
لاستیکی ھەیە بۆ دەوڵەت وەک دەوڵەتی شارستانی نوێ و بەتاڵ لە ھەرچ
جەوھەرێکی ڕوون و ئاشکرا، دیسان ئەم حیزبە لیبراڵانەش کەوتنە
ھاوکاریکردن لەگەڵ ئەنجومەنی سەربازی و ئیسلامیەکاندا دژ بە
خۆپیشاندانەکانی کرێکاران.
ئەم ھێزە لیبراڵیە لە توانایدا نەبووە بەرامبەر بە ڕەوتە دینییەکان
بوەستێتەوە لە کۆمەڵگایەکدا کە نەخوێندەواری گرتویەتێوە و ڕۆشنبیریەکی
ئیسلامی وەھابی بە درێژای چوار دەیە تیایدا بڵابوەتەوە، ئەو
بڵاوبونەوەیەی کە ڕوخانی پڕۆژەی نەتەوەیی ١٩٦٧ یارمەتیدەریبوو وە ڕژێمی
ساداتیش بەکاری ھێنا بۆ وەستانەوە دژی ئۆپۆزیسوێنەکانی و شەپۆلی
کۆچکردن بۆ سعودیە کە نەوەیەکی تژی لەم بیرکردنەوەیەی دروستکرد و بوون
بە ڕابەرانی دین، ھەروەھا ھێزە ئیسلامیەکان توانیان لیبراڵیەکان
ڕابکێشنە نێو ململانێ لاوەکیەکانەوە و دژایەتیکردنی کەنیسەوە. بە کورتی
ئەم چینە سەلماندیان کە بێتوانان لە پێکھێنانی پڕۆژەیەکی سیاسی
پەیوەستدار بۆ دروستکردن و فەراھەمکردنی دیموکراتیەتێکی ڕاستەقینە و
تەنیا ئەوەندەیان بەس بوو کە ھەوڵبدەن بۆ پێگەیەکی سیاسی ھەرچۆنێک بێت
قەوارە و گەورەیەکەی لە دەسەڵاتی داھاتودا و بە شێوازێکی پراگماتیکیانە.
لەم دەریا فراوانەی ململانێدا بزوتنەوەکانی لاوان دەرکەوتن و باڵایان
کرد کە گرنگترینیان بزوتنەوەی ٦ ی ئەپرێڵ بوو کە بوون بە لایەنێکی کارا
لە ھاوکێشەی ململانێکاندا، ئەم بزوتنەوانە بە زۆری ئەو کەرتانەیان
گرتبوە خۆیان لە چینەکانی ناوەڕاستبوون و ھوشیاریەکی سیاسی لیبراڵیان
ھەبوو بەڵام خاوەنی تێزێکی ڕوونی ئابوری لیبراڵی نەبوون، دەتوانین بە
داواکاران و بانگھێشتکەرانی نوێگەرێتی ناویان بەرین، ئەم کۆمەڵە لاوانە
لە ٢٥ی یەنایر و پێشتریشدا سەلماندیان کە کۆمەڵەگەلێکی خەباتگێڕن و تا
ئاستێکی گەورە خۆیان دەپارێزن لە سازشکردنی سیاسیانە و لە زۆربەی
کاتیشدا لایەندارێتی بزوتنەوە جەماوەریی و میللیەکان دەکەن، لە واقیعدا
ھوشیاری ئەم کۆمەڵانە لە لاوان زۆر دەشێت گەشەبکەن و ڕیشەداکوتن لە
چەپێتیدا و بە ئارستەی پڕۆسەیەکی شۆرشگێڕی بە تایبەتی کە زۆربەیان
متمانەیان نەماوە بەو حیزب و ھێزە سیاسیانەی کە دوای شۆرش دەرکەوتون و
ئەفرۆزەی چوونە ناو ڕیزەکانیانەوە دەکەن.
بەڵام دەربارەی دەوری چەپی میسر لە شۆڕشدا، پێش ٢٥ی یەنایر چەپ لەسەر
ئاستێکی فەرمی حیزبی کۆمەڵەی نیشتیمانی پێشەکوتوخوازی یەکگرتوو
نوێنەرایەتی دەکرد کە ڕفعەت سەعید ڕابەرایەتی دەکرد، کەلەپوری سیاسی
ئەم حیزبە لە ساڵەکانی پێش شۆرشدا خراپ و کۆنەپەرستانە بوو،
ھاوپەیمانیی بەست لەگەڵ ڕژێمی موبارەک دا پێش ئەوەی بچێتە ھەڵبژاردنە
گاڵتەجاڕیەکەی ٢٠١٠ ەوە، پێش ئەوەی ئەندامەکانی بە تەزویر سەرکەوتن
بەدەست بھێنن بۆ پەرلەمان، تا کار گەیشتە ئەوەی کە سەرۆکی ئەم حیزبە
ھاوکاری خۆی لەگەڵ حیزبی نیشتیمانی ھەڵوەشاوەدا ڕاگەیاند لە پەیامێکی
جێگری گشتیدا دژی ئخوانەکان بەو مانایەی کە ڕێکخستنێکی شەرعی نیین،
واتە ڕابەری ئەم حیزبە پیرۆزبایی ڕژێمەکەی موبارەکی کرد لە لێسەندنەوەی
مافی ڕێکخستندا تەنیا لەبەر ئەوەی کە مەسەلەکە پەیوەندی بە ئیخوان
موسلیمینەوە ھەبوو، پێش شۆرشیش لە زۆرێک لە لێدوانەکانیدا لە
کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە گاڵتەی بە بزوتنەوەکانی لاوان کردوە و وای
داناون کە ئەمانە بریتین لە ئاژاوەگێڕیی و مناڵەورتکە، ھەروەھا
ئەفرۆزەی بەشداری حیزبەکەشی کرد لە خۆپیشاندانەکانی ٢٥ ی یەنایردا، لە
دوای دەستپێکردنی شۆڕشیش ڕەفعەت سەعید یەکێک بوو لەوانەی کە بە دوای
گفتوگۆکردندا لەگەڵ عمر سڵیمان راکە ڕاکەی بوو، بە کورتی ھەڵوێستی ئەم
حیزبە بەرامبەر بە شۆڕش ھەڵوێستێکی دوژمنکارانە بوو ئەمەش بوو بە ھۆی
دابەشبوونێکی گەورە لە ڕیزەکانی ئەم حیزبدا کە زۆرێک لە خەباتگێڕە
چەپەکانی ڕیزەکانی ئەم حیزبە ھەلپەرستەیان بەجێھێشت.
لەسەر ئاستێکی نافەرمیش چەپی میسر ئەوانە بوون کە نوێنەرایەتی ڕێکخراوی
سۆسیالیستی شۆڕشگێڕیە نھێنیەکانیان دەکرد و وە ڕەوتێکی نوێکردنەوەی
سۆسیالیست کە جیا ببوونەوە لێیان و ھەندێک لە بزوتنەوەکانی لاوان وەک
بزوتنەوەی لاوان لە پێناوی دادپەروەری و ئازادی و بزوتنەوەی دیموکراتی
میللیدا، لەگەڵ ئەوەی ئەم پێکھاتانە بێتوانا بوون لە بەدیھێنانی
جەماوەرێکی ئاشکرا و ڕووندا لە نێوەندی کرێکاران و خوێندکاران و
لاواندا کە ڕێگەیان پێبدرێت بۆ بینینی دەورێکی پێشڕەوێتی لە
بزوتنەوەکانیاندا، سەرکەوتوو بوون لە بەدیھێنانی پێگەیکی سیاسی لە ناو
کۆمەڵەی لاوانی دیمکراتی و لە میانەی پەیوەندیە ئەلکترۆنیەکانەوە وەک
فەیسبوک، لە واقیعدا ئەم کۆمەڵەی لاوانە خاوەنی یەکەم دەستپێشخەری بوون
لە دەستپێکردنی شۆرشدا و ھەموو ئەم ڕێکخراوانە و ئەم بزوتنەوە چەپانەی
لاوان واژۆیانکرد لەسەر پەیامی ھەستان بە خۆپیشاندان لە ٢٥ی یەنایردا،
ھەندێک لە ئەندامانیان نوێنەر بوون لە ھاوپەیمانێتیەکانی لاواندا بۆ
شۆڕشکردن. لێرەدا شایەنی وتنە لەگەڵ ئەوەی بوونێکی سیاسی چەپڕەوی لە
شۆڕشدا سنورداربوو بەڵام بزوتنەوەی شۆرش لە سەرەتاوە و تا ١١ فەبروەری
ئاراستەکەی چەپڕەوانە بوو، ھیچ کەسێک لە کاتی مانگرتنەکانی گۆڕەپانی
تەحریردا نەیدەتوانی بە درێژایی ئەو ماوەیە دروشمگەلێکی دینی و
تایەفەگەرێتی ھەڵبگرێت و پیشانی بدات، ڕوخساری گشتی شەقام عەلمانیەت
بوو تا ئاستێکی گەورە و بەرز، لەم ماوەیەدا ھیچ ململانێیەکی
تایەفەگرێتی یان دوژمنایەتی لەسەر جۆری باوەڕ نەبینرا و ھەستیپێنەکرا،
دروشمگەلێکی دەربڕ بۆ دادپەروەی کۆمەڵایەتی داواکاریەکانی شۆرشگێڕان
بوون. ئەوەی کە گرنگ بوو لەم ڕاستەیەدا دەرکەوتنی بزوتنەوەیەکی کرێکاری
بوو لە نێو دیمەنە شۆڕشگێڕیەتیەکەدا بە شێوازێکی ڕوون لە نۆی
فەبروەردا پاش ئەوەی کە خۆپیشاندانە کرێکارییەکان دەستیپێکرد بە
بڵاوبوونەوە لەوانەبوو ئەم مەسەلەیە یەکلایکەرەوە بێت لە پەلەکردنیدا
بۆ ڕوخانی موبارەک. بەڵام نەبوونی ڕێکخستنێکی بە توانا بۆ ڕابەرایەتی
ئەم ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕییە یان بینینی دەورێکی کاریگەر لە
ئاراستەکردنیدا، ئەمە بووە ھۆی زاڵبونێکی خۆرسکی بەسەر شۆرشدا و
دواجاریش دروستبوونی ئاراستە جۆراوجۆرەکانی شۆرش. لە دوای ڕوخانی
مومبارەک پڕۆسەی ڕێکخستنی چەپی میسری دەستیپێکرد و لە ئەنجامدا
پێکھێنانی حیزبێکی ھاوپەیمانی میللی سۆسیالیستی لێکەوتەوە و دەرکەوتنی
حیزبگەلێک لە ژێر پرۆسەی پێکھاتندا وەک حیزبی کرێکارانی دیموکراتی و
حیزبی سۆسیالیستی میسری و حیزبی بانگەوازی یان داواکردنی کۆمۆنیستی و
ھەروەھا ڕاگەیاندنی حیزبی کۆمۆنیستی میسری و چوونە دەروە لە بازنەی
نھێنی بۆ کاری ئاشکرا.
بە سروشتی حاڵەتی شۆڕش و ھێزەکانی چەپ تێگەیشتن و چەمکەکانی چەپی
جۆراوجۆری میسری و جیاواز بوون لەسەر ھەڵسەنگاندنی ڕاپەرینی شۆرش و
تێگەیشتن لە ڕێڕەوەکەی و ئامانجەکانی، ھەندێک بە شۆڕشێکی دیموکراتی
دایاندەنا و لە بازنەکانی شۆرشی بۆرژوازیدا دەیانبینیەوە و ھەندێکی تر
جەوھەرێکی کۆمەڵایەتیان پێدەدا بە ئامانجی ڕوخانی حوکمی سەرمایەداری،
ھەندێکی تر وایان دەبینی کە ڕێگە خۆشکەرە بۆ چوونە ناو پەرلەمان و
بەرپاکردنی خەباتی پەرلەمانی و پراکتیزەکردنی فشاری سیاسیانە بە
ئامانجی بەرەو دیموکراتیزەکردن و بەکارھێنانی پەرلەمان وەک ئامرازێک بۆ
ئەم ئامانجە و دواجاریش بۆ بەرجەستەکردنی بەرنامەکانی چەپ، ھەندێکی
تریش بایکۆتی ئەم ھەڵبژاردنانەیان دەکرد لەو ڕوانگەیەوە کە شەرعیەتی
نییە لەم ژینگە سیاسیی و نادیموکراتییەدا بۆیە ئەفرۆزەی ھەڵبژاردنی
پەرلەمانیان دەکرد کە ناتوانێت نوێنەری ڕاستەقینەی گەل بێت. لە ڕاستیدا
دەرفەت و بواری گفتوگۆکردن لەسەر ھەڵوێستی چەپی سیاسی میسری گەورەترە
لەم بابەتە و زەحمەتە لە بابەتێکی وەھادا بتوانرێت بە تەواەتی
ڕەھەندەکانی ھەڵبسەنگێنرێت، بەڵام ئەوەی من مەبەستمە ئەوەیە کە ھەموو
لایەنەکانی چەپی میسری نەیانتوانیوە حەشاماتێکی گونجاو لە جەماوەر
کۆبکەنەوە لە دەوری دروشمە سیاسیە جیاوازەکانیان.
لایەنی گرنگی ئەم ململانێیەی ئەو بزوتنەوە جەماورییەی شەقامەکان و
گۆڕەپانەکان و نێو دامەزراوەکان و شوێنە بەرھەمھێنەرەکانە، لە واقیعدا
ئێمە ناتوانین لەم لایەن سەرەکەیەی ململانێیە بگەین بە بێ ئەوەی بچینە
نێو گەشە و جۆری پێکھاتەی کۆمەڵایەتی و شێوازەکانی ئامرازی
ڕێکخستنەکانی ئێستایەوە. پێکھاتە کۆمەڵایەتیە جەماوەرییەکەی ٢٥ی
یەنایری ٢٠١١ بە زۆری بریتیبوو لە کەرتەکانی لاوان لە چینەکانی
ناوەڕاست کە ھەستێکی قوڵیان ھەبوو لە ڕق و کینە دژ بە حوکمی ستەمکار کە
دەستگا سەرکوتکەرەکانی پۆلیس پشتیوانی لێدەکرد بۆ شکاندنی شکۆمەندی
گەلی میسر و ھەموو جۆرە ئەشکەنجە و بێزارییەکیان بەکار دەھێنا دژی گەل
و جەماوەری ڕەشوڕوت و ھەژاران و پەراوێزخراوان، ئەم جەماوەرە دەیناڵاند
بەدەست بێکارییەوە و ھەرشەلێکراو بوو بە بەردەوامی کە بەرەو ھێلی
ھەژاری و برسێتی بڕوات، ئەم جەماوەرە لە ڕێگەی سایتەکانی ئینتەرنێتەوە
بەیەکدەگیشتن و پەیوەندیان بۆ دروستدەبوو، واتە بەشێکی گەورەیان لەو
توێژە بوون کە توانای خویندنیان بەرز بوو دەیانتوانی کۆمپیوتەر و
ئامرازەکانی پەیوەندی نوێ بەکاربھێنن، لە بیست و ھەشتی یەنایردا وە لە
مەیانەی بەریەککەوتنەکانی شۆرشەوە لەگەڵ دەستگاکانی پۆلیسدا چەندین
کەرتی جیاواز لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە دەرکەوتن کە بریتیبوون لە ھەژارانی
شارەکان و دانیشتوانی گەڕەکە پەراوێزخراوەکان و زۆرینەیان لە بێکاران و
ئەوانە بوون کە کاری بەردەوامیان نەبوو. ئەوانەشی کە گەندەخۆر بوون و
زۆرێک لەو توێژە کۆمەڵایەتیەیان پێکدەھێنا کە لایەندارێتی لیبراڵیەتی
نوێیان دەکرد و ببون بە پارێزەری ئەو دزی و گەندەڵییەی کە حاکمە
سەرمایەدارەکان پراکتیزەیان دکەرد دژی گەل، ئەم توێژە لە ھەژاران
کەوتبوونە ژێر چەوساندنەوە و داپلۆسینی پۆلیسەوە و بە بەردەوامی
ڕاودەنران و سوکایەتیان پێدەکرا، ئەم توێژە لە شۆڕشدا دەورێکی تریان
بینی و بوون بە بەشێک لە شۆڕش و ھەڵوێستی سروشتی خۆیان بینی دژی پۆلیس
و توانیان دەستگاکانی پۆلیس تێکبشکێنن و ڕاویان بنێن و شەقامەکانیان پێ
چۆل بکەن و توڕەیی و شۆڕشگێڕێتی خۆیانیان بەسەردا ببارێنن. ئەم
گۆڕانکارییە لە پێکھاتە کۆمەڵایتیەکاندا کە چین و توێژێکی ڕازیبوو بە
گەندەخۆری و دەستگرتن بە کڵاوی خۆیەوە تا با نەیبات بۆ چین و توێژێکی
شۆڕشگێڕ مەسەلەیەکی یەجگار گرنگ بوو بۆ بەرەوپێشەوە چوونی شۆڕش و
تواناکانی شۆرش بۆ بەدیھێنانی سەرکەوتنی سیاسی یەکەم ڕوخانی موبارەک بە
سەرکەوتن بەسەر دەستگا داپڵۆسێنەرەکاندا. لەگەڵ ئەم دەورە گرنگەی کە
جەماوەری ھەژاران بینیان و ئەو قوربانیە گەورەیەی پێشکەشیان کرد لە
بەرەوڕوبوونەوەکانی سەر شەقامەکاندا، ھیچ جۆرە پێشوازیەکی شایستەیان
لێنەکرا لەسەر ئاستی سیاسی و ڕاگەیاندن و لە ھاوپەیمانیەکانی لاواندا
ھیچ نوێنەرێکیان پێنەدرا و وێنەی شەھیدەکانیان لەو پۆستەرانەدا
دەرنەکەوت کە ھەموو گۆڕەپان و شەقامەکان و شاشەی تەلەفزوێنەکانی
پڕکردبوەوە، زیاتر لەمە بەرەوڕووی تۆەمتباریی بەڵتەجەیی و دەرچوون و
شکاندنی یاساکانی ئەنجومەنی سەربازی و حکومەت و زۆرێک لە ھێزە
سیاسیەکان بوونەوە تا ھەنوکەش ئەم تۆمەتانە بەردەوامە بۆیان. کاتێکیش
کە ململانێکانی نێوان سوپا و ھێزە سیاسیەکان دەگیشتە بنجبەست ئەم چینە
لە ھەژاران ڕادەکێشرا بۆ نێو ململانێکان دەبوون بە پێشەنگی ڕیزکانی
خۆپیشاندانەکان. لە بیست و ھەشتی یونیۆدا کاتێک ھێزە سیاسیەکان
ململانێیان بوو لەسەر دیاریکردنی کات و ئالیەتی دروستکردنی دەستورێکی
نوێ، ئەم جەماوەرە لە ھەژاران چوونە ناو گۆڕەپانی تەحریرەوە بۆ
داواکردنی مافەکانی شەھیدان و ئەوانەی بریندار و کەم ئەندام بوون لە
شۆرشدا، گۆڕەپانی تەحریر خۆپیشاندانێکی گەورەی بە خۆوە بینی و
بەرەوڕوبوونەوەیەکی نوێ دروستبوو لەگەڵ دەستگاکانی پۆلیس کە توشی
تێشکانێکی تر بوون لەسەر دەستی ئەم جەماورە شۆڕشگێڕەدا و ئەمەش
پەرەیسەند بۆ مەسەلەی مانگرتنی ٨ یۆلیۆ کە ھێزە ئیسلامی و لیبراڵەکان
ناچار بوون واز لە دروشمەکانیان بھێنن وەک ھەڵبژاردن لە یەکەم ھانگاودا
و دواجار ناچار بوون دروشمی شۆڕش بەرزبکەنەوە لە ژێر فشاری جەماوەری
ھەژاراندا. ھەمان سیناروێ دووبارە بوەوە لە نۆزدەی نۆڤەمبەردا لە
ئەنجامی ئەو ڕێپێوانە گەورەیەی کە ئیسلامیەکان بەرپایان کرد دژی
بەڵگەنامەی ئاشتیانە بۆ پرنسیپەکانی دەستور لە گۆڕەپانی تەحریردا، دوای
کشانەوەی ئیسلامیەکان لە گۆڕەپانەکەدا ھەژاران بە تەنیا مانەوە و بە
خۆیان و بریندار و شەھیدەکانیانەوە بەرامبەر دەستگا داپڵۆسێنەرە
دڕندەکان کە غازی ژەھراوی و گولەی پلاستیکی و فیشەکی ئاگرینیان
بەکاردەھێنا بۆ کوشتنی خۆپیشاندەران، جارێکی تر ھەژاران توانیان دەستگا
داپڵۆسێنەرەکان تێشکێنن و ئەفرۆزە و نەفرەت لە بەرنامەکانیان بکەن. ئەم
جەماوەرە توانی دوو حکومەت بڕوخێنێت(شفیق و شرف) وە گەیاندنی موبارەک و
کوڕەکانی بە دادگا و خستنیانە ناو قەفەزی تۆمەتبارییەوە لەبەر چاوی
ھەمووان و فشارخستنە سەر ئەنجومەنی سەربازی بۆ سنوردانان لەسەر
گەیاندنی سڤیلەکان بۆ دادگا سەربازیەکان.
توخمی سەرەکی و گرنگ لە پێکھاتە کۆمەڵایەتیەکەی بزوتنەوەی جەماوریدا
بوونی قەوارەی چینی کرێکارانە لە نێو ململانێکاندا، وەک پێشتر ئاماژەم
پێدا خۆپیشاندانەکانی کرێکاران کە لە نۆی فەبروەردا دەرکەوت ڕەگەزێکی
یەکلاکەرەوە بوو بۆ ڕوخانی ڕژێمی موبارەک وەک لە ماوەی دواتردا
شەپۆلێکی فروان لە خۆپیشاندانی کرێکاران کە گەیشتە لوتکە لە مانگی
سێبتەمبەر و ئۆکتۆبەردا بۆ روخانی ڕژێمی موبارەک، لەم خۆپیشاندانانەدا
لە زۆربەیاندا دروشمگەلێک بەرزکرابوونەوە کە سێ تەوەری لە خۆ گرتبوو،
ئەوانەش کرێی دادپەروەرانە و مافی کرێکارانی کاتی کە کێشەیەکی گەورە
بوو لە دەستگا کارگێڕییەکانی دەوڵەتدا و یەکە کارگێڕیە لۆکاڵیەکان و
تەوەرەی سێیەمیش پاکردنەوەی دامودەزگاکان و کارگێڕی کۆمپانیەکان بوو لە
گەندەڵچیەکان و پیاوانی ڕژێمەکەی موبارەک. ھەروەھا خۆپیشاندانە
کرێکاریەکان بۆ گەڕانەوەی ئەو کۆمپانیانەی کە زەوتکرابوون بە تایبەتی
دوای دەرکردنی فەرمانی دادگاکان لەسەر ناشەرعیەتی ئەو کڕینانە لە سی
کۆمپانیای گرنگدا(المراجل البخاریە وگنگا للکتان وغزل شبین الکوم)، ئەم
شەپۆلە لە خۆپیشاندان دابراو نەبوو لەو شەپۆلەی کە لە ٢٠٠٦ دا
دەستیپێکرد بەڵکو درێژبوەوەی بوو ئەویش بە ھۆی بەردەوامی ئەو ڕەوشە
کۆمەڵایەتیەی کە کرێکاران و فەرمانبەرە بچوکەکانی تیا بوو کە ھەستیان
بە ھیچ باشبوونێکی بارودۆخی ژیانیان نەدەکرد دوای شۆڕش، بەڵام ئەم
شەپۆلە سەرکەوتوو نەبوون لەوەی کە بەرنامەیەکی ڕوونی یەکگرتوویان لە
داواکاریەکانیاند کە لە لایەن کرێکارانەوە تەبەنی کراوبێت لە ھەموو
وڵاتدا وە ھەڵگری دروشمگەلێک بێت بۆ خۆپیشاندانی گشتی کە گونجاوبێت بۆ
جێبەجێکردن لەسەر ئەرزی واقیع. لە ڕاستیدا بزوتنەوەی کرێکاران زۆرێک لە
لەمپەڕ و ئاستەنگی بۆ دروستدەبوو لە گەشەپێدانی ئامرازەکانی و
قولبوونەوەی لە کاروان و ڕێڕەوەی شۆرشدا.
یەکەم /چینی کرێکارانی پیشەسازی، جگە لە کۆمەڵگاکانی پیشەسازیە
گەورەکانی چڕ و پڕ لە کرێکاران لە شوێنە گەورەکان و حلوان و نچح حمادی
و ئەوانیتردا، توشی لەتوپەتبوون ببون، بەش بەشکراو بوون بەسەر کۆمپانیا
پیشەسازیەکاندا کە چڕی ژمارەی کرێکاران کەم بوو تیایاندا بە تایبەتی لە
ناوچە پیسەسازیەکاندا لە کۆمەڵگاکانی عمرانیەی نوێ دا، ئەمەش
قورساییەکی دروستکردبوو بۆ نوێنەرایەتیکردن لە ڕێگەی سەندیکا
ڕاستەقینەکانەوە بۆ ئەو کرێکارانە و ھەروەھا بۆ دروستکردنی
بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتیی پەیوەست و گرێدراو و چەسپاو؛ دوەم/ ئەم چینە،
کرێکاران و فەرمانبەرانی خزمەتگوزاریی و دەستگا کارگێڕیەکانی دەوڵەتی
دەگرتەوە کە ئەم کەرتانە دەورێکی فراوانیان بینی لە وەستانەوەیاندا
بەرامبەر بە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە( خۆپیشاندانەکان کەرتی
گواستنەوەی گشتی و کۆمپانیای میسر بۆ پەیوەندی و کۆمینیکەیشن و
مامۆستایان) لێرەدا دەبێت جیاکرای بکەیی لە نێوان ئەم توێژەو چینی
کرێکارانی پیشەسازی؛ لایەنی سێیەم/ گرێدراوی زۆریک لە کرێکاران بە
تایبەتی لە دەرەوەی شارە گەورەکان، بە میتۆدێکی لادێیانە و دەشتەکیانە
بەڵکو ھەندێکیان پراکتیزەی کاری کشتوکاڵیان دەکرد لەگەڵ پیشەی
کرێکاریەکەی خۆیاندا لە کارگەکاندا، واتە ئێمە لە بەردەم حاڵەتێکی دوو
مۆراڵی چینایەتیدا بووین لە لایەک کرێکار بوون و لە لایەکی تر ڕەفتاری
جوتیارانەیان ھەبوو.
لەسەر ئاستی ڕێکخستن، بزوتنەوەی کرێکاری میسری لە قەیرانێکی بەردەوامدا
دەژیا کە بێتوانابوو لە پەرەپیدانی میکانیزمی ڕێکخستنەکانی خەباتیدا کە
بزوتنەوەکە گەشەیەکی شۆڕشگێرانە بکات، یەکێتی فەرمی سەندیکاکانی
کرێکاری سروشتێکی سەرشۆر و ڕسوایی ھەبوو بۆ ڕژێمی موبارەک و دەستگا
سیخوری و ئاسایشەکان و وە ھەڵوێستێکی دوژمنکارانەی ھەبوو بەرامبەر بە
خەباتی کرێکاران و ھەمیشە لە ھەوڵدا بوو بۆ لەباربردنی ھەرچ خەباتێکی
کرێکارانە لە سەردەمی حوکمی موبارەک دا، وە پێش ٢٥ی یەنایر تەنیا یەک
سەندیکای سەربەخۆ ھەبوو کە فەرمانبەرانی باجی زەویوزار دایانمەزراندبوو
بە کاریگەری خۆپیشاندان و مانگرتنە بەناوبانگەکان، وە لە کاتی
مانگرتنەکانی گۆڕەپانی تەحریردا لە دوای دەستپێکردنی شۆرش دامەزراندنی
سەندیکای مامۆستایانی سەربەخۆش و یەکێتی سەندیکای سەربەخۆش دامەزرا،
ئەمڕۆ ژمارەی سەندیکا سەربەخۆکان ١٣٠ سەندیکایە کە زۆربەیان ھەڵقوڵاوی
خۆپیشاندان و مەیدانی خەباتی کرێکاران نیین، بەڵکو ھەڵقوڵاوی چالاکی
کۆمەڵە کەسێکن لە نێو کۆمپانیا و دامەزراوەکانەوە دوای جێبەجێکردنی
کارە یاساییە پێویستیەکان بۆ دروستبوونیان، ئەمەش یەجگار ترسناکە،
چوونکە پەیوەستی و گرێدانی کرێکاران بەم جۆرە سەندیکایانەوە و توانایان
لەسەر یەکێتی خەباتی کرێکارانەی جۆراوجۆر تا گەیشتن بە بەرنامەیەکی
خەباتی ھاوبەش بەدیناھێنرێت ئەگەر کرێکاران بە شیوەیەکی ھوشیارانە و
چالاکانە کارنەکەن لە پرۆسەی پێکھێنانی ئەم سەندیکایانەدا و ئەمە بە
تەنیا بە واژۆکردن ناکرێت.
لەسەر ئاستی سیاسیش، تا ئیستا چینی کرێکار یان پێشەوا شۆڕشگێرەکانیان
بێتوانان لە خۆ رێکخستندا لە چوارچێوەی حیزبێکی سیاسی کرێکاری کە
ھەلگری بەرنامەیەکی شۆڕشگێر و دیدگایەکی ڕوون بێت بۆ دروستکردنی
دەسەڵاتێکی ھەڵبژێردراو، لەگەڵ ھەوڵەکانی حیزبی کرێکارانی دیموکراتیدا
و ھەندێکی تر لە حیزبە چەپەکان بۆ بینینی ئەم دەورە تا ھەنوکە ئەم
مەسەلەیە لە قۆناغی کۆرپەلەییدایە و یەجگار سنوردارە. لەسەر ئاستی
بزوتنەوەی جەماوەریی میللی مەسەلەکە زۆر جیاوازی نییە، یەکەم جار لە
دەستپێکردنی شۆرشەکەدا داواکارییەک پێشەکەشکرا بۆ دروستکردنی لیژنە
میللیەکان بۆ بەرگریکردن لە شۆرش، ئەمەش بانگھێشتێکی شۆڕشگێرانە بوو
ئامانجی پێکھێنانی شێوازگەلێک بوو لە ڕێکخستنی بزوتنەوە جەماوەریەکە و
وە دروستکردنی کاکڵەی دەسەڵاتە میللیەکان لە بەرنگاریبوونەوەی دەسەلاتە
سەربازییەکەدا، بەڵام با بە پێچەوانەی کەشتیەکەوە ھەڵیکرد، چوونکە ئەم
لیژنانە بە شێوازێکی سەرپێیانە و لە سەرەوە دروست بوون نەک لە بنکە و
پێگەکانی خوارەوە بۆ سەرەوە، لە نێوان کۆمەڵیک لە چالاکوانانی
سیاسەتکارەوە دروستبوو، کە پێویستبوو ئەم لیژانانە لە پێشەواکانی
چالاکوانانی جەماوەرییەوە دروستبێت لە نێو گەڕەک و ناوچە
نیشتەجێبوەکانی خەڵکەوە بە ھەڵبژاردنێکی دیموکراتیانە و بە پستبەستنی
ئەم لیژنانە بە ھێزی ئاپۆڕای جەماوەریەوە دروستبێت کە دەوری خۆیان
ببینن لە دروستکردنی بڕیارەکانیاندا دژی دەسەڵاتە لۆکالیەکان.
بەرنامەی ئەنجومەنی سەربازی بەرنامەیەکی پراکتیکیانە بوو لە
ھەوڵەکانیدا بۆ پاکتاوکردنی شۆڕش و بەتاڵکردنەوەی ناوەڕۆکەکەی، لە
سەرەتادا لە ١٩ی مارتدا بە یارمەتی ھاوپەیمانەکانی لە ڕەوتە
ئیسلامیەکان توانی قوڵبێتەوە لە حاڵەتی ڕاکێشانی دینیی لە کۆمەڵگادا،
واتە دین و مەسەلەی دین و ئەم رەوتە ئیسلامیانە زەقبکاتەوە لە جیاتی
شۆڕشگێڕە ھەژار و کرێکارییەکان، ئەویش بە ھۆی دەنگدان و ڕاپرسی لەسەر
ھەموارکردنەوەی دەستور، ئەم ڕاکیشان و زەقکردنەوە دینیانەش لە جیاتی
ھەرچ ڕاکێشان و زەقکردنەوەیەکی کۆمەڵایەتی کە ناوەڕۆکێکی شۆڕشگێڕانەی
ھەبێت، وە ڕوخساری ئەم زەقکردنەوە و ڕاکێشانە دینیانە لە کاتێکدا
دەرکەوت کە ڕووداوەکانی ھێرشکردنە سەر کەینسەکان و قەسابخانەکەی ماسبیر
دروست بوو کە ئەنجومەنی سەربازی بە ھۆی دەستگاکانی ڕاگەیاندنیەوە
ھەوڵیدا پاڵ بە جەماوەری ئیسلامەوە بنێت بۆ پراکتیزەکردنی دوژمنکاری
دژی قبتیەکان و دوایھێنان بە قۆناغی یەکەم لە ھەڵبژاردنە پەرلەمانیەکان
کە پشتڕاستکردنەوە بوو بۆ قوڵایی ئەم حاڵەتە کۆنەپەرستانە و ئاستی
ترسناکی سیاسیانەی. سیاساتی ئەنجومەن زیاتر لە نێوان نمایشێکی سیاسیانە
و پراکتیزەکردنی داپلۆسین بوو وە دەرکردنی یاساگەلێکی فاشیانە، لە
کاتێکدا کە موبارەک کەوتبوە ژێر فشاری جەماوەریەوە، یاسایەکی
فاشیانەیان دەرکرد بۆ سزادانی خۆپیشاندەران و مەحکەمەکردن زیاتر لە ١٢
ھەزار کەسی سڤیل لە بەردەم دادگایەکی سەربازی و گەمارۆدانی زانکۆکان و
کارگەکان بە تانک و زرێپۆش بۆ لەباربردنی مانگرتنەکان و سەرکوتکردنی
خۆپیشاندەران لە ماسبیر و کوشتنیان و چاوھەڵکۆڵینیان لە تەحریر و
شەقامی محمد محمود دا. ئامانج پاکتاوکردنی بزوتنەوەی جەماوەری و
دەستکردن بە ھەنگاوھەڵھێنان بۆ دروستکردنی دەسەڵاتێکی سیاسی بەو جۆرەی
کە تیاییدا ئابوری و سیاسەتی سەرمایەداری زاڵبێت. ھاوپەیمانی سەربازی و
ئیسلامیەکان وەنەبێت بەبێ پارادۆکسی و دژایەتی بێت، لەگەڵ ئەوەی
بەرژەوەندیەکانی ھەردولا یەکی گرتبوەوە بەڵام کێبڕکێ لە نێوانیاند
لەسەر پێگە و دەسەڵاتی چاوەڕوانکراو بەردەوام بوو، ئەو پێکدادان و
نمایشکردنانەی ھێزەکانی ئەم دواییە کە بینیمان بوونی ئەو پارادۆکسی و
دژایەتییەیان پشتڕاستدەکردەوە، ئەنجومەن پاڵیدەنا بە حکومەتەوە بۆ
ئەوەی بەڵگەنامەی بنەماکانی دەستوری دەربکەن و ڕیڤۆرم بەرجەستەبکەن بە
جۆرێک کە بودجەی دامەزراراوە سەربازیەکان و وە یاساگەلێک بۆ کارەکانی و
کۆمەڵێک دەسەڵات کە بتوانێت ڕاستەوخۆ دەستەوەربداتە حوکمەوە و بەو
ناوەوە کە پاریزەری شەرعی دەستورە مسۆگەر بکات، لەبەرامبەر ئەم
بەڵگەنامە دەستوریەشدا ئیسلامیەکان سەدان ھەزارکەسیان کۆکردەوە لە
گۆڕەپانی تەحریردا بۆ ئەوەی وازی لێبھێنن، دوای دەرکەوتنی یەکەم
ئەنجامی قۆناغی یەکەم لە ھەڵبژاردنە پەرلەمانیەکاندا و گەیشتنی
ئیسلامیەکان بە زۆربەی کورسیەکان، ئەنجومەن لێدوانێکی دەرکرد لە ڕێگەی
لوا ممدوح شاھین وە کە جەختیکردەوە لەسەر نەبوونی مافی پەرلەمان بۆ
دروستکردنی حکومەت و وەرگرتنەوەی متمانە لە حکومەتی ئێستا.
پرسیار ئەوەیە لێرەدا ئایا ئێمە لەبەردەم بەرەنگاربوونەوەیەکی
پێکدادانداین لە نێوان ھاوپەیانیەکانی دوێنێدا: سوپا و ئیسلامیەکان؟ لە
واقیعدا من ئەم ئەگەرە بە دووردەزانم بە تەواوەتی بە چەند ھۆکارێک کە
گرنگترینیان سەرکەوتنی ئەو سیناروێیەی کە ئەنجومەنی سەربازی
دروستیکردبوو بۆ پاکتاوکردنی شۆڕش و کامڵکردنی ئامرازەکانی پێکھێنانی
دەسەڵاتێکی نوێ کە لە بنچینەدا پشتبەستنبوو بە بەردەوامی حاڵەتی
وەرگرتن و زەقکردنەوەی مەسەلە دینەیەکان و بزوتنەوە دینیەکان و
پشتیوانیکردن لە ڕەوتە ئیسلامیەکان وە مسۆگەرکردنی لایەندارێتی میللی
بۆ ئەم حاڵەتە، ھۆکارێکی تر ئیسلامیەکان بە درێژایی میژووی خۆیان
کاریان نەکردوە لەگەڵ بزوتنەوە جەماوەریەکاندا بەو جۆرەی کە پێشەنگێکی
خەباتگێڕین و پێشەوایەتی و ڕابەرایەتی پرۆسەکانی گۆڕانە سیاسی و
کۆمەڵایەتیەکان دەکەن، بەڵکو بە جۆرێک مامەڵەیان لەگەڵ جەماوەردا کردوە
کە بۆ کۆکردنەوەی دەنگەکانیان و زەوتکردنی دنگەکانیان لە کاتی
ھەڵبژاردنەکاندا، وە لە باشترین حاڵەتدا بەکاریان دەھێنن بۆ فشارێکی
بەھێزی دیاریکراو کە وەک ئامرازێک بتوانن کەی ویستیان بەکاریان بھێنن و
کەی ویستیان پاکتاویان بکەن بە گوێرەی کاتە گونجاوەکانی
بەرژەوەندیەکانی خۆایان، بەڵام واقیعی شۆڕشگێڕی ئێستا ھیچ لایەنێک
ناتوانێت حوکم بکات بەم گەشەی بزوتنەوە جەماوەریەوە یان ئاراستەی بکات،
خۆپیشاندانەکانی ١٨ ی نۆڤەمبەر ئاگادارکردنەوەیەک بوو بۆ ڕەوتە
ئیسلامیەکان، کە مەسەلەکە بوو بە حاشاماتێکی گەورە لە خەڵک لە
بەرەنگاربوونەوەیەکی تووندی نێوان جەماوەر و ھێزەکانی ئاسایشدا کە
لەوانە بوو بەردەوامی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان بوەستێنێت و خەونەکانیان بۆ
کورسی حوکم ھەڵبوەشێنێتەوە. لە دواجاردا ناتوانرێت شیمانەی ئەوە بکرێت
کە ڕوداوی بەھێز رووبدات لە نێوان ھەردوو لایەنی ھاوپەیماندا و پرۆژەی
دەسەڵات وەک گریدراوێکی ئۆرگانیانە دەمێنێتەوەە لە نێوان ئەم دوو
ھاوپەیمانێتییەدا لانیکەم لەمڕۆدا. ئێمە لەبەردەم ھەوڵێکی جەربەزەیی و
مل لە چەقۆسوانداین بۆ بەدیھێنانی پڕۆژەیەکی حوکمڕانی ئیسلامەویی لە
خراپترین شێوازیدا وەک نمونەی پاکستانی، ھەروەھا ھەڵەش دەکەین ئەگەر
وێنای کۆپیەک لە نموونەی تورکیا بکەین چوونکە بیر و ڕۆشبییریەکانی
عەلمانیەکان کە حوکمی کۆمەڵگای تورکی دەکات و وە دامەزراە سەربازییەکان
دەکات ئەمە لە واقیعی میسردا بوونی نییە بە تەواوەتی.
لەم نمایشەدا کە کردمان بۆ واقیعی ململانێ کۆمەڵایەتیەکانی میسر
دەتوانین ئەم تێبینیانە بخەینە ڕوو:
١/ ھەڵەیە وابیرکردنەوە لە شکاندنی ھاوپەیامانێتی سەربازیی و
ئیسلامیەکان و بڕینی دیواری ئەم ھاوپەیمانێتیە، چوونکە ئەم گرێدانە
سیاسیە یەکێتیەکی ئۆرگانییە لە پڕۆژەیەکی دەسەڵاتدارێتیدا(لای کەمی
ئەمڕۆکە) ھەروەھا گرێدانی بەرژەوەندیە چینایەتیەکانی نێوانیانە.
٢/ ڕادەستکردنی دەسەڵات لە لایەن سوپاوە و وازھێنان لە دەسەڵای حوکم و
دورکەوتنەوە لە پراکتیزکردنی دەوری سیاسیانە خەێاڵلێدان نەبێت ھیچی تر
ناگەیەنێت، چوونکە سوپا ئەم دەسەڵاتە بە مافێکی مێژوویی خۆی دەزانێت لە
کاتێکدا کە بۆ ماوەی شەش دەیە ئەم دەسەڵاتەی بە دەستەوە بووە.
٣/ بەدیھێنانی دەسەڵاتێکی چەسپاو و جێگیر گرێدراوە بە توانای ئەو
دەسەڵاتەوە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی ئابوریی کۆمەڵایەتی پەرەسەندوی
بە توانا بۆ بەدیھێنانی داواکارییە جەماوەرییە ناچارییەکان تەنانەت
ئەگەر لە سنوری ڕیفۆرمیشدا بێت، دەتوانم بێ ئەملاولا بڵێم ئەم دەسەڵاتە
ناتوانێت ئەو ئەرکە بەجێبھێنێت ئەویش بە ھۆی سروشتە چینایەتیەکەیەوە،
بۆیە بزوتنەوە جەماورییە میللیەکە لایەنێکی گرنگی ئەو ھاوکێشەیە دەبێت
بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو ململانێیە.
٤/ نەبوونی توانای ڕێکخراوەیی کارا بۆ چینی کرێکاران و بزوتنەوەی
جەماوەری میللی کلیلێکی بنچینەییە بۆ لێکدانەوەی ڕێرەوی شۆڕش، وە
بەدیھێنانی ئەم ئەرکەش تاکە ڕێگەیە بۆ سەرکەوتنی شۆڕش، ڕێکخستنە
بناغەییەکان وەک لیژنەکان و ئەنجومەنە میللی و سەندیکاکان و
یەکێتیەکانی کرێکاریی و پیشەیی ئەو ئامرازگەلە دەسەڵاتگەراییە
ئەلتەرناتیڤەن و ئەو ئامرازگەلەن بۆ دروستکردنی پەرلەمانی میللی و
ڕێکخستنە سیاسیەکان یان حیزبی شۆرشگێڕی بە توانا بۆ قبوڵکردنی
پێشەوایەتی بزوتنەوەی کرێکاریی و جەماوەرییە میللیەکە و ھەروەھا
ئەرکێکی تەوەرەییە لەم میانەیەدا.
٥/ گرەوکردن لەسەر دەوری ڕەوتە لیبراڵیەکان بۆ بەدیھێنانی ئەرکی
گۆرانکارییە دیموکراتیەکان گرەوەێکی درۆڕاوە لەبەر ئەوەی لە ڕووی
سیاسیی و ئایدۆلۆژییەوە ڕەوتێکی لاواز و شێواو و دواکەوتوە و ھەڵگری
بونیادێکی سەرمایەدارییە.
٦/ بزوتنەوەکانی لاوان کە مەیلێکی لیبراڵیانەیان ھەیە بە مانا
سیاسیەکەی ئەو ڕەوتە سیاسیانەن کە دەورێکی گرنگ دەبینن لە ڕێڕەو و
ڕێبازی چارەنوسی شۆرشدا لە سەرەتای دەستپێکردنیەوە تا ئێستا چەندین لەو
ڕەوتانە کاریگەری ھەیە لە پێشکەوتنیاندا، ئەوانەش بریتین لە کەرتەکانی
لاوان لە چینەکانی ناوەڕست و ھەڵگری توانای گەشەسەندن و پەرەسەندنیان
بەرەو ئاراستەیەکی چەپڕەویی و ڕیشەیی.
٧/ چوونە ناو یان ھاوبەشیکردن لە سیناروێی دروستکردنی پرۆژەی
دەسەڵاتگەریی سەربازیی ئیسلامگەرایی ھەڵوێستێکە بە بەرژەوەندی شۆڕش
ناشکێتەوە، ئەمە دابڕان لە خەبات ناگەیەنێت بۆ ئابڕوبردنی ئەو
سیناروێیە فاشییە و پراکتیزەکردنی ھەموو جۆرەکانی فشاری جەماوەری بۆ
دروستکردنی ئاستەنگ لە بەردەمیدا و ناڕزایەتی دەربڕین لەسەر
دامەزراندنی وەزیرەکانی و یان ڕوخانی ئەو حوکمە و ھەتا ڕوخانی
پەرلەمانەکەشی.
٨/ دەرچوون لە وەرگرتنی دەسەڵاتی دینی و زەقکردنەوەی پارادۆکسیە
کۆمەڵایەتیەکان لە نێوان سەرمایەداریی و چینی کرێکاران و جەماوەری
میللیدا بەو مانایە کە پارادۆکسیەکی جەوھەریە لە ململانێ سیاسییەکاندا
ئەوە مەسەلەیەکی حەتمیە بۆ ڕزگارکردنی شۆرش، بەرەنگاربوونەوە بەرامبەر
جیاکاری دینی و ھەموو شێوەکانی جیاکاری کارا نابێت ئەگەر تەنیا لە
بازنەی دروشمە دیموکراتیەکاندا بمێنێتەوە، بەڵام چوونە ناوەوەی
کڕێکاران و ھەژاران لە موسڵمانان و قبتیەکان لە کارێکی خەباتگێڕییدا
دژی بەکارھێنانی سەرمایەداری ئەوە بە تەنیا توانای ئەوەی ھەیە بازنەی
جیاکاریی بشکێنێت و جیاکارییەکان بسڕێتەوە. چەقبەستن بە تەنیا لەسەر
قورسایی و قەوارەی لەمپەڕە چاوەروانکراوەکان لەبەردەم ئازادیەکانی تاک
و ئازادیە شارستانیەکان لە حوکمی ئایندەدا بەس نییە بۆ دروستکردنی
ڕایەکی گشتی جەماوەری بۆ بەرھەڵستی ئەو حوکمە، بەڵکو ئابڕوبردنی
جەوھەرە کۆمەڵایەتیەکەی ئەو حوکمە و بەرژەوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی کە
دژایەتی ھەژاران دەکات و لایەندارێتی وەبەرھێنەران و خاوەنکارەکان
دەکات زۆر زیاتر گرنگی ھەیە بۆ پوکانەوەی ئەو دەسەڵاتە.
_________________________________________________
سەرچاوە:
(الحوار المتمدن - العدد: ٣٥٦٧ -
٢٠١١\١٢\٥
- ٠١:٣٥).
ماڵپهڕی جیهاد محهمهد کهریم
|