په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٢\٢٠١١

شۆڕشی تونس هاوسه‌نگی هێز لە ناوچەکە دەگۆڕی.

مەهدی حه‌مید   

ئەو گڕکانه‌ لە ناو ماڵی ئەو وڵاتانەیە کە سێبەری وڵاتە زلهێزەکانن.


ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ میژوو ، هەردو شەڕی ئەفگانستان و عیڕاق لە پاش جەنگی ساردەوە ڕوویاندا و بەفعلی ئەمەریکاش بوو بەو ناوەی ئەمەریکا پاش هەلوەشاندنەوەی کامپی سۆڤیەت دەبێ ، بە هێز زلهێزاتی خۆی بسەپینێ وبە هۆیەوە دابەشبوونەوەی جیهان وا لێبکات کە بە پێی مەنتقی هێزی نوێ ئەو واتە ئەمەریکا باشترین پشکی هەبێت . ولاتانی عەرەبی و زۆر لە ولاتە ئەوروپیەکانیش ئەو کارو کاردانەوە ئەمەریکیانەیان لە پاش شەڕی سارد بەوە لێک دەدایەوە کە ئەمەریکا بیەوێ کۆنتڕۆڵی تەواوی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستی ستراتیجی و خاوەن کانیاوە هەرە مەزنەکانی نەوتی جیهانی بکا و لە ڕێگایەوە بیەوێ مەجموعەی نەوتی کۆمپانیا ئەمەریکیە زەبەلاحەکان وا لێ بکات کە کۆنترۆڵی هەموو ئابووری جیهان بکەن . بەڕاستیش دوا بە دوای هەلوەشاندنەوەی کامپی سۆڤیەت هەموو دەرگاکان لە بەردەمی ئەمەریکا ئاواڵە بوون کە بە ئارەزووی خۆی هەموو کیشەجیهانیەکانی وەها بچەرخێتەوە کە خۆی مەبەستی بوایە . شەڕی کەنداوی یەکەمی لە دژی سەدام کرد بە بیانۆی داگیر کردنی کویت ، یوغسلافیای دابەش کردو سربیاشی بە موشەک وەها هاڕی کە هیچی بەسەر یەکەوە نەمینێ وسەرۆکەکەشی ڕاپێچی دادگا کرد . پاشماوەکانی سۆڤیەتی وا لی کرد کە رۆژبەدوای رۆژ زەلیلتر بن ، بە بیانۆی قاعیدە ئەفگانستانی داگیر کرد . بە بیانۆی چەکە کۆکوژیەکانی عیراق ئەویشی داگیر کرد . بە ناوی دروست کردنی چەکی نەوەوی هەنجەتی بە ئیران دەبەست . بەشی هەرە زۆری کارو کاردانەوەکانیشی بە تەمریری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بەڕێوە دەبرد . بە رۆژی ڕووناک یەکی لە سەرکردە هەرە دیارەکانی بزاڤی نیشتمانی کورد عەبدوللە ئۆجەلانی بۆ تورکەکان بە ئیسرایل دەستگیر کردو ڕەوانەی (گرتوخانەی ئیمڕالی )کرد . لێکدانەوەی زۆر هەیە کە ١١ی سەپتێمبەر بە فعلی دەزگای هاوڵگری ئەمەریکی وکاری ژیرواژیری مەجموعەی نەوتی ئەمەریکی بووبن بۆ ئەوەی ئەو ڕووداوە بکەنە بیانگۆ بۆ داگیر کردنی کانیاوە نەوتیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەردو شەڕی ئەفگانستان و عیڕاقیش دوو ئەلقەی ئەو سیناریۆیە بووبن و بەو ئومیدەی کە بە دواشیەوە نۆرەی ئیران و سوریاو ولاتە نەوتیەکانی کەنداو بیت و هەر یەکەیان بە بیانۆیەک .


وەک دەڵێن هەر کارێک ، کاردانەوەی بەدواوە دێت و هەرچەندی کارەکە بە سەختی بەڕێوە بڕوات کاردانەوەکە بە هەمان پێوەر ، خۆی نیشان دەدا . کاردانەوە دژە ئەمەریکیەکان ، تێچوی هەرە فراوانی هەردوو شەڕی ئەفگانستان وعیراق و رەدفعلی هێزە دژەکانیان کە بە هێزەکانی بەرهەلستکاری ناو دەبران . ئەمەریکا پێی دەگۆتن تیڕۆڕیستی دینی و هێزەکانی قاعیدە و موقاوەمەش پێی دەگۆتن هێزەکانی داکۆکی کەر لە دژی کوفر . لە ناو ئەو تەوازونانە تورکیا لە ناو هاوپەیمانیتی پیشتری ئەمەریکی و ناتۆ خاوی کرد ، ئیران وەک زلە هێزو کاریگەر لە ناوچەکە بەدەر کەوت ، ڕووسیا هەستایەوە، چینی میلی بوو بە دووەم هێزی ئابووری جیهانی، ئابووری لە هەندی وڵاتە مامناوەندەکان توانایەکی باشتری لە جاران تێکەوت . ئەو هۆکارانە هەر هەموویان بەلایەک ، قەیڕانی سەختی ئابووری جیهانی کە دژواریەکەی زۆر بە پیسی ئەمەریکای گرتەوە ، بەڵایەکی ترو بە هۆیەوە هەر هەموو بەرنامەکانی ئەمەریکای بۆ کۆنتڕۆلکردنی جیهان گۆڕی و خوا خوای ئەوەی بوو بە تاکەی خۆی هەستێتەوە . ئا لەو ئان و ساتانەو لە شوێنێکی هەرە هەستیاری ناوچەی ڕۆژهەڵاتتی ناوەڕاست کە تونسە ،ڕاپەڕینێکی میلی بەرفراوان کراو و دواتر بوو بە شۆڕشێکی مەزن و خەریکە تیکڕای ناوچەکە وەک بۆمەلەرزەیەکی کاریگەر دەلەرزێنێ . شۆڕشی گەلی توندس و دەرکردنی زین عابدینی مالی کراوی ئەمەریکا لە ماوەی کەمتر لە مانگێک بەشتێکی هەستپێنەکراو دەهاتە پیش . بەڕاستیش کۆنتڕۆلی ئەمەریکا لە ماوەی نیو سەدەی رابووردو بە سەر ناوچەکە ، بەشە هەرە زۆرەکەی لە ڕێگای فەرخە دکتاتۆریەکانی لە بابەت زین العابدینی بن عەلی و شای سعودی و ئەردەن و شاکانی وڵاتەکانی کەنداو ئێرانی پێش خومەینی و تورکیای ناتۆ و سەدامی پێشترو ئەم و ئەوی تر بوون . بە مەزندەی من ڕووداوی لە ناکاوی تونس ، وەرچەرخانێکی نوێی ناوچەکەیە و بە ماوەیەکی کەم پەتای لەدەستدانی دەسەڵات ئەردەن و سعودیەو وڵاتانی کەنداو وڵاتانی مەغاریبی عەرەبی و ئیدی وئیدیش بگرێتەوە کە هەر هەموویان بە زەرەری ئەمەریکاو گۆرانی تەوازوناتی ناوچەکە بەرجەستە دەبێت . هەر ئێستا(٢٥/١/٢٠١١) بە دەیان هەزار کەس لە قاهیرەو ئەسکەندەریەو شارەکانی تر خۆپیشاندانیان سازکردووەو داوا لە سەرۆکی میسر دەکەن کە نابێ بۆ خولی هەلبژاردنی دادێ نە خۆی نە کوڕەکەی کاندید بکاو دەبێ ئەو پەڕلەمانە بە سەختە هەلبژاردنە ڕەتبکرێتەوەو لە گەڵ کۆمەڵە داوایەکی تر . دیارە پڕوشکی ڕاپەڕینی تونس زۆر بە خێرا ئەردەن و سۆدان و جەزایریشی گرتۆتەوە . ڕاگەیاندنی ناوچەکەو جیهانیش لەوە گەیشتون ئەو شەپۆلە نارەزایانەی شەقامی عەرەبی دەگاتە ئاستی گۆڕینی سیستەمی سیاسی لە زۆر وڵاتان ، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە بڵێین ئەو ڕووداوانە لە دوا جاردا بە چ ئاقارێک دەمەینەوەو تەوازوناتی بەدواوەی چۆنچۆنی دەبێت .


لە سەر مەلەفی ئەفگانستان و بەگوێرەی بەشی هەرەزۆری ڕاگەیاندنی جیهانی و لێدوانی گەورە لێپرسراوانی ئەمەریکی بە ئۆباماشەوە ، شەڕی ئەفگانستان بۆ ئەمەریکا بووەتە بارگرانیەکی زۆر . لە سەر مەلەفی عیڕاق و بە تەمریری ئەمەریکی پێکهینانی کابینەی نوێی عیڕاق بە ڕازی کردنی ئیران بەڕێوە چوو نەک ئیستحقاقاتی هەلبژاردن . لە لوبنان سوریاو حیزب و الله و ئێران بە ئارەزووی خۆیان دەست لە کاروباری ئەو وڵاتە وەردەدەن و بۆشیان دەچێتە سەر . لە سەر کیشەی فەلەستین ئەوە بۆ زیاتر لە دوو ساڵیش دەچی زەمامی ئمور زیاتر لە بن دەستی حەماس دایە نەک ڕێکخراوی فەتح . ئاشکراکردنی پڕۆتۆکۆلە نهێنیەکانی نێوانی ئیسرایل و فەتحیش لە ڕێگای ویکلکس و ئەم و ئەوی تر دوو ئەوەندەی تر فەتح لە سەر گۆڕەپانی سیاسی بێناوەرۆک دەکات . ماوەی دوو ساڵ دەبێ تەیاری ئیسلامی لە میسرو ئەردەن و جەزایر .....گەورەترین گوشار دەخەنە سەر دەسەڵات بۆ گۆڕینی یان باش کردنی ئەداکەی . . پاش ڕووداوەکانی تونس ، تەیاری دینی لەو وڵاتانە بە تەوژمتر هاتوونەتە مەیدانەوەو ئەو جارەیان بە ئاشکەرا دەڵێن دەمانەوێ وەک تونس ئاسا بای بای لە سەرۆکەکانمان و دەسەڵاتی سسیاسیان بکەین . سەرۆکی پیشوی تونس بە ناچاری و تەفویزی ئەوروپاو ئەمەریکا لە سعودیە قبول کرا ، ئەگەر نا ئەو داوای مانەوەی خۆی لە فەرەنسا یان وڵاتێکی تری ئەوروپی بگرە هەتا ئەمەریکاش دەکرد ، کەچی ئەو وڵاتانە لەبەر تەوژمی ڕاپەڕێن ، نەیان حەواندەوە . بۆ زینالعابدین بن عەلی وابێ ، کەواتە باقی فەرخە دکتاتۆرەکانی تری ناوچەکە و ئەگەر ڕاپەڕین یان شۆڕش مەرامەکانی خۆی وەک تونس پێکا ،. ئەوانیش هەمان چارەنووس دەیانگرێتەوە . بە مەزندەی خۆم هەلو مەرجی بە دواوەی ناوچەکە لەوە دەرچووە کە ئەمەریکاو هەوادارانی بتوانن فەرخە دکتاتۆریەکان بپارێزن یان لە شوینیانەوە دکتاتوری تر لە بابەت موحەمەد غەنوشی و فوئاد ... بچینن . کەواتە دەبی تاکە ڕێگا لە بەردەمیان پالپشتی کردنی بێقەیدو شەرتی کەرستەکانی مەدەنی و پڕۆسیسی دیموکراتی بێت لە تەواوی ناوچەکە تاوەکو لە ڕێگایەوە تەیاری دینی نەتوانێ دەست بە زەمامی ناوچەکە دابگرێ .


ڕاستە ڕاپەڕینی تونس زیاتر لەبەر دژواری ژیان و گرانبەهای کەلوپەلو بێکاری....بوو. بەڵام بۆ تونس و وڵاتانی تریش ، هێزە سیاسیە بەرهەلستکارەکان یان بە زمانی تر بەرەی ئۆپۆزسیون، توانیویانە ناڕەزایی شەقام بگوازنەوە بۆ خواستەکانی خۆیان و خواستی سیاسی ناوچەکەش برەوەکە زیاتر بەلای تەیاری دینی داکەوتووەو لەو نێوەندەدا ئیران وەک هیزێکی ڕێکخەرو دەولەتێکی بەهێز لە حالەتی ئاماداباشی دایە بۆ هەر وەرچەرخانێکی ناوچەکە کە بە قازانجی خۆی وەری چەرخێنێتەوە . نرخاندنەکانی چەند ڕۆژ لەمەوبەری کۆی وڵاتانی ئەوروپی بەوەی کە بۆ لەمەودوا ئیمە پالپشتی ناڕەزایەکانی شەقامی عەرەبی دەکەین بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسیان . ئەو بەرجەستە سیاسیە نوێیەی ئەوروپا زیاتر دەچیتەوە خانەی ئەوەی ئەگەر ئەوروپا بە ڕاست و دروستی پالپشتی کەرستە ڕاستەقینەکانی گۆڕانی ناوچەکە نەکات ،تەیاری دینی و ئێران بۆ مەرامی خۆیان لە بن دەستیان دەردەهێنن . ڕەنگە ئەمەریکا بۆ هەمان هەلوێستی ئەوروپی پەلە نەکا نەوەکا لە ڕێگای بڕیارگەلێکی وەهادا ، دکتاتۆریەکانی ناوچەکە بە زوویی چۆک بۆ خواستی مللەت دابنێن و بای بای بکەن لە وڵات . دەبێ ئەوەش بڵێین هەر گۆڕانێکی تەوازنی سیاسی لە ناوچەکە بە زەرەری ئەمەریکا ، کارتیکردنەکانی خۆی بۆ ناوچەی تری جیهانیش دەگوازێتەوە . ئاسانیش نیە مرۆ سەرەدەری لەوە بکات کاخوانەکینی ئەو گڕکانه‌ چۆنچۆنی دادەمرکێتەوە . چونکە ئەمەریکاو وڵاتانی تری جیهانی کە پیشەی هەمیشەییان تەنیا پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆیانە ، بۆیە هیج تروسکایەک لێیان بەدی ناکری کە مامه‌ڵه‌ لە گەل هەقیقەتی ڕووداوەکان بکەن ، بۆیە گۆرانکاریە بەدواوەکانیان شتی چاوەڕوان نەکراو دەهێننە پێشەوە .


27\1\2011
ماڵپه‌ڕی مه‌‌هدی حه‌مید