په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\٢\٢٠١١

شۆڕش دەستی پێکردووە، چی بکرێ؟!

کازم قادر    

هەنگاوە عەمەلیی و دەستبه‌جێکانی شۆڕش.


یەکەم:پێویستە هەموو هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە چەپەوە بۆ ڕاست کێشە سیاسیی و ئایدۆلۆژییەکانیان بخەنە لاوەو تەواوی هێزی خۆیان لە ڕاستای ڕاپەڕین و شۆڕشدا چڕ بکەنەوەو بەرجەستە بکەن.


دووەم:دەبێت خۆپیشاندانەکان سەراسەریی بکرێنەوە،سەراسەریی بوونەوەی خۆپیشاندان و شۆڕش،لە لایەک سەر لە دەسەڵات دەشێوێنێت و هێزەکانی کەرت و پەرت دەکات و لایێکیش وزەی ڕاپەڕین و شۆڕش جۆش دەدات و بەهێز دەکات.


سێهەم:جوڵەی شۆڕش پێویستە سەرەتا هێمنانە بێت و خۆیان لە ڕووبەڕوو بوونەوەو تێکهەڵپژان لە گەڵ هێزە میلیشیاکان بپارێزن،بۆ ئەوەی هیچ بیانوویەک بە دەسەڵاتداران نەدەن تا هێرشی دڕندانە بکەنە سەر خۆپیشاندەران،بە کار هێنانی تەپڵ و موزیک،سرودو گۆرانی لە خۆپیشاندانەکاندا وزەو ڕۆحی شۆڕشگێڕانە جۆش دەدات و پێویستە کەڵکیان لێوەربگیرێت.


چوارەم:پێویستە زۆر بە چڕوپڕیی هەم لە ئاستی میدیاو هەم لە ناو جەرگەی خۆپیشاندانەکانەوە،بانگەوازی هێزەکانی چەکدار بکرێت،کە سەنگەری ستەم و زۆرداریی جێبهێڵن و پەیوەستبن بە ئاپۆرەی شۆڕشی جەماوەرەوە.


پێنجەم:پێویستە بانگەوازی مانگرتنی گشتیی،داخستنی دوکان و بازارو کارگەو دەزگە حکومییەکان بکرێت.


شەشەم:هەوڵ بدرێت ئاسۆو ئامانج و ئاراستەی خۆپیشاندانەکان ڕۆشن و ڕێکخراو بکرێن و لە عەوفوییەت ڕزگار بکرێن،ئەوەش بە کۆدەنگیی لە سەر میکانیزمێک کە جەماوەرو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەر هێزێکیتری سیاسیی شۆڕشگێڕ لە سەری ڕێک بکەون.


حەوتەم:بزوتنەوەی گۆڕان:بزوتنەوەی گۆڕان هەتا ئەم کاتە سیاسەت و گوتارێکی ڕۆشن و یەکلاکەرەوەی نییە، بەڵکو لە سەر هێڵێکی پێچاوپێچ و زیکزاگکردن دەڕوات.بزوتنەوەی گۆڕان ئەگەرچی بەهرەمەندە لە هێزێکی جەماوەریی و بە جۆرێک هەژمونی بە سەر بارودۆخەکەدا هەیەو ئاراستەی دەکات،بەڵام بە هۆی ئەو سیاسەتە دووفاقییەوە مەترسی ئەوەی لێدەکرێت بکەوێتە سات و سەوداوە لە گەڵ دەسەڵاتداران و ئامانجی ڕاپەڕین بەرەو هەڵدێرو شکست بەرێت.لەبەر ئەوە پێویستە جەماوەری شۆڕشگێڕی کوردستان لەو بارەوە بە ئاگەبن و فشار بهێنن و داوای هەڵوێستی ڕاشکاوانە هەم لە گۆڕان و هەموو هێزە سیاسییەکانیتریش بکەن.
ئاکام: ڕاپەڕین و شۆڕش هەر ئێستا دەستی پێکردووەو وەک مەنجەڵی سەر ئاگری دۆزەخ قوڵپ دەدات،کەرەستەو ئامرازە بابەتیی و زاتییەکانی شۆڕش ئامادەیە،هەم بارودۆخی ناوچەکە شۆڕشگێڕانەیەو هەم دۆخی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی کوردستان.لەم ڕاستایەدا و کارکردن لەسەر کۆی ئەو خاڵانە،دەتوانێت لە پرۆسەیەکی کورتدا ڕاپەڕین و شۆڕش بە ئاقاری سەرکەوتن بگەیێنێت.


بژی شۆڕشی خەڵکی ستەمدیدە و بەشمەینەتی کوردستان.


20\2\2011

ماڵپه‌ڕی کازم قادر