١٣\٢\٢٠١٩
شۆخێکی دوور.

محەمەد بەرزی
ئەی فریشتە زۆر
شۆخەکە
تیشکی چاوە سەوزەکانت
لە دوورەوە
سەما ئا بەم ڕۆحە ئەکات
شنەی تاڵەکانی قژت
وەک نەرمەبا
باوەشێنی دڵم دەکات
توخوا بەسە
هەموو شەوێ دێیتە خەوم
بەرگەی ئەوینی تۆ ناگرم
زۆر دەمێکە
ئا ئەم دڵە
تەنها مشتێک خۆڵەمێشە
دە وازبێنە
ئەوەند خۆت ماندوو مەکە
سەراپا سووتووی خامۆشە
نە گڕ ئەگرێ
نە ژێری ژیلەمۆی گەشە
چەندین ساڵە سارد و سڕە
دوور لە گڕە
من دەردی خۆم چاک ئەزانم
زۆر وێرانم
بەڵام گیانە
تەنها ساتێ
سەرێ لەسەر سینەت دانێم
بە عەشقەوە
دەستێ بە ناو قژتا بێنم
ئەوین لە باوەشمان بگرێ
تەزووی گەرمی
ماچبارانی
گۆنا و گەردن
وەکو ڕێژنە
بە ناخمانا بێتە خوارێ
بە چاوی تۆ
نەک هەر دڵم
هەموو تەمەنم گڕ ئەگرێ
دەلێم گەڕێ
کە هاتمەوە
ڕۆحی ئەم پەروانە شێتە
لە دەوری چاوی تۆ گەڕێ
لە خۆشیانا
هەموو لەشمان
تا دەگاتە پایزی ناخ
سور هەڵگەڕێ
وەک گوڵە باخ.
١\١\٢٠١٩
mkbarzy@hotmail.com
|