٨\١٠\٢٠١٣
شوناسی شیعری و
قۆناغبه‌ندیی شیعری کوردی
له وتووێژێکدا له‌گه‌ڵ
عه‌بدولموتەلیب عه‌بدوڵا.
سازدانی: دلاوه‌ر ره‌حیمی
شاعیر
و ره‌خنه‌گر عه‌بدولموته‌لیب
عه‌بدوڵا له‌م وتووێژه‌دا باس له قۆناغبه‌ندیی شیعری
کوردی ده‌کات و پێی وایه که له دنیای ئه‌ده‌ب و
نووسیندا شتێک به ناوی ره‌سه‌نایه‌تی بوونی نییه و
بۆچوونی خۆی وه‌ک ره‌خنه‌گرێک له‌باره‌ی شیعری به‌رگریی
کوردی و ئه‌رکی زمان له شیعر و ئه‌ده‌بدا ده‌خاته روو.
دلاوه‌ر ره‌حیمی:
به‌و پێیه‌ی که جگه له شیعر، ئه‌ده‌ب به هه‌موو ژانه‌ره‌کانیه‌وه
له‌ناو کورددا نوێیه، بۆ کورد قسه‌کردن له قۆناغه‌کانی شیعری کوردی
ده‌بێ ئاوه‌ڕدانه‌وه و قسه‌کردنێکی جدی بێت. ئایا کورد توانیویه‌تی
کاری جدی له‌سه‌ر قۆناغه‌کان بکات؟ بۆ؟
عه‌بدولموتەلیب عه‌بدوڵا:
پرسى قۆناغبه‌ندکردنى شیعرى پرسێکی مێژوویییه، پێوه‌ندیی
به نووسینه‌وه‌ى مێژووى ئه‌ده‌بى کوردیدایه، ئه‌وه‌ى که قسه هه‌ڵده‌گرێ
قۆناغى شیعرى (کلاسیکى) و (گۆران) و (روانگه‌یه)، به‌ڵام شیعرى دواى
روانگه دابه‌شى چه‌ند قۆناغ ده‌بێ، ئه‌وه قابیلى مشتومڕى زۆره، ره‌نگه
هه‌ندێ بیر له قۆناغى شیعرى هه‌شتاکان و دواى راپه‌ڕین بکه‌نه‌وه.
من به شێوه‌یه‌کى گشتى له‌گه‌ڵ ئه‌و شێوه باوه له قۆناغبه‌ندکردندا
نیم، چونکه پێم وایه قۆناغبه‌ندکردنى شیعرى کوردى هه‌ر ته‌نیا به‌رهه‌مى
شیعرى ناگرێته‌وه، به‌ڵکو ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ین وه‌رگر و خوێنه‌رانیش له‌و
پرسه‌دا به‌شداریى خۆیان هه‌بێت، به‌و مانایه‌ش ئه‌وه‌ى مێژووى ئه‌ده‌بى
ده‌نووسێته‌وه، پێویسته هه‌ر ته‌نیا جه‌خت له‌سه‌ر به‌رهه‌م و دانه‌ر
نه‌کات، به‌ڵکو جه‌خت له پرۆسه‌ى وه‌رگرتن بکاته‌وه، به دیوه‌که‌ى
تریش جه‌ختکردنه‌وه له خوێنه‌ر و وه‌رگر جه‌ختکردنه له پرۆسه‌ى
تێگه‌یشتن، که له رێگه‌ى خوێنه‌ر یان کۆمه‌ڵێک له خوێنه‌ران ئه‌نجام
ده‌درێت، له‌و حاڵه‌ته‌ش شیعر ته‌نیا وه‌ک وجودێکى بابه‌تیانه سه‌یر
ناکرێ، به‌ڵکو ناسنامه‌ى ده‌ق به ناسنامه‌ى پێشوازیکه‌ران و پرسیار و
ئاسۆى چاوه‌ڕوانیى خوێنه‌رانیه‌وه ده‌ناسرێته‌وه، یان وه‌ک (یاوس) ده‌ڵێت
مێژووى ئه‌ده‌بى پشت به حه‌قیقه‌ته ئه‌ده‌بییه‌کان نابه‌ستێ، به‌ڵکو
پشت به ئه‌زموونى پێشووى خوێنه‌ران و کارى ئه‌ده‌بییه‌وه ده‌به‌ستێ،
لێره‌دا خوێندنه‌وه خاڵى ده‌ست پێکردنى له ساته‌وه‌ختى ئێستا ده‌ست
پێ ناکات، به‌ڵکو زۆر له‌وه کۆنتره. پێشبینییه‌کانمان بۆ ده‌ق به‌رده‌وام
ده‌که‌ونه به‌ر گۆڕان، هه‌میشه ئه‌و تێڕوانین و بۆچوونانه‌ى به‌رگریمان
لێ ده‌کردن گۆڕانیان به‌سه‌ردا دێت. به کورتى ده‌مه‌وێ بڵێم ئه‌ده‌ب و
خوێندنه‌وه پرۆسه‌یه‌کى بێ پسانه‌وه و به‌رده‌وامه، به‌دیوه‌که‌ى
تریش ئاسۆى چاوه‌ڕوانیى خوێنه‌ر له گۆڕ‌انى به‌رده‌وامدایه، چونکه هه‌موو
سه‌رده‌مێ پرس و دنیابینیى خۆى به‌رجه‌سته ده‌کات، ئه‌وه‌ش روویه‌کى
تر‌ى مێژووى ئه‌ده‌به، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه بیر له قۆناغبه‌ندکردنى
شیعرى کوردى بکه‌ینه‌وه، ئه‌وه ده‌بێ بڕوامان به‌وه بێ، که چه‌ند
شکاندنى ئاسۆى چاوه‌ڕوانى به‌هێز بێ، ئه‌وه‌نده به‌ها و بونیادى ده‌ق
به‌هێز ده‌بێت. به بڕواى من پرسیارى سه‌ره‌کى له قۆناغبه‌ندکردنى
شیعرى ده‌بێ له تێکشکانى ئاسۆى چاوه‌ڕوانیى خوێنه‌ر و پرس و دنیابینیى
ده‌ق بکۆڵێـته‌وه.
لێره‌وه ئیتر کارى ئه‌ده‌بى خۆى له مادییه‌تى گوتن ده‌رباز ده‌کات و
بوونى خۆى له ده‌نگدانه‌وه‌ى پرسى جیاوازى خوێنه‌ران هه‌ڵده‌گرێته‌وه،
مێژووى ئه‌ده‌بى له پرۆسه‌ى وه‌رگر و به‌رهه‌مى جوانى له ئاستى خوێنه‌ر
و ره‌خنه‌گر و دانه‌ر یان به‌رده‌وامیى به‌رهه‌مى ئه‌ده‌بیدا خۆى ده‌دۆزێته‌وه،
بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ى رابردوو شیاوى سه‌رده‌م بێ (یاوس)
رێکخستنى رابردوو و ئێستا له چه‌مکى (ئاوێته‌بوونى ئاسۆکان) ده‌خه‌مڵێنێ.
ئه‌و خه‌مڵاندنه جگه له‌وه‌ى هونه‌رکارى و جوانکاریى ئیبداعى، له
رێگه‌ى جۆره‌کانى وه‌رگر و خوێنه‌ر و ئاسته‌کانى خوێندنه‌وه ده‌ستنیشان
ده‌کات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پرس و دنیابینیى سه‌رده‌مى ناوبراویش ده‌خاته
به‌ر رۆشنایى و به‌دواداچوونى جیاوازه‌وه. هه‌ڵبه‌ته ده‌مه‌وێ بڵێم
ئامانجى ئه‌و تێزه‌ى ره‌خنه‌گرى ئه‌ڵمانى، خه‌ڵقکردنى پڕشنگێکى نوێیه
له مێژووى ئه‌ده‌بى که جه‌خت له ته‌ئویلکردنى ئه‌ده‌بى له ساته‌وه‌ختى
(پێشوازیکردن)ى مێژوویییانه ده‌کاته‌وه.
لێره ده‌شێ پرسیاره‌که ئه‌وه بێ، ئایا ئێمه ده‌توانین قسه له‌و
شێوه بیرکردنه‌وه‌یه بکه‌ین، ئایا هیچ کاتێک مێژوونووسانى ئه‌ده‌بى
کوردى بیریان له پێشوازیکردنى وه‌رگر و خوێنه‌رى جیاواز و ئاسته‌کانى
خوێندنه‌وه و ره‌خنه کردووه‌ته‌وه؟ ئه‌و پرسیاره هه‌ر ته‌نیا ئه‌وه‌ى
وه‌ک مێژووى ئه‌ده‌بى کوردى نووسراوه‌ته‌وه ناخاته به‌ر ره‌خنه‌ى فره
ره‌هه‌نده‌وه، به‌ڵکو به جۆرێک له جۆره‌کان هه‌موو (مێژووى ئه‌ده‌بى
کوردیى نووسراو) به‌تاڵ ده‌کاته‌وه، له‌وێوه که بڕواى به خوێنه‌ر و
وه‌رگرى جیاواز و دنیابینیى جیاواز و ئاستى جیاوازى خوێندنه‌وه نییه،
له‌وێوه که یه‌ک شێوه‌ى له به‌ته‌مابوونى خوێنه‌رانى به‌دواى خۆیدا
کێش کردووه، یه‌ک پرس و دنیابینیى په‌ڕگیرى هه‌ڵناوه، له‌وێوه که
هه‌میشه له جه‌ماوه‌رێکى یه‌کڕه‌نگ هه‌ڵقوڵاوه و بڕواى به فره ره‌نگى
و فه‌ردانییه‌ت نه‌بووه، یان به‌لاى که‌مى بڕواى به ئاسته‌کانى خوێنه‌رى
جیاواز و خوێندنه‌وه جیاوازه‌کان نه‌بووه، بێگومان هه‌تا ئێستاش ئه‌و
بیرکردنه‌وه‌یه باوى هه‌یه، له‌وێوه که نه‌یتوانیوه بڕوا به
خوێنه‌رى جیاواز و پرسى جیاوازى ده‌ق بکات، له‌وێوه که یه‌ک جۆر له
خوێنه‌رانى به‌رهه‌م هێناوه، خوێنه‌رانێک که ئاستى خوێندنه‌وه‌یان له
ئاستى عه‌قڵانییه‌تێکه که کۆ بڕیارى له‌سه‌ر ده‌دات، یان به مانایه‌کى
تر ئه‌ده‌بى کوردى جه‌ماوه‌رێکى زێتر مه‌به‌ستگه‌راى به‌رهه‌م هێناوه.
که‌واته ئه‌و قۆناغبه‌ندییانه‌ى هه‌تا ئێستا بۆ شیعرى کوردى کراوه،
له‌وێوه ده‌شێ ئه‌رزشى ئه‌ده‌بیانه و ئاستى هونه‌رى و جوانى له ده‌ست
بدات، که هه‌رگیز بیرى له جیاوازییه‌کانى خوێندنه‌وه نه‌کردووه‌ته‌وه،
هیچ کاتێک وێڕاى مێژووى شیعر و قۆناغه‌کان، قسه‌یان له کۆى ئاسته‌کانى
وه‌رگر و خوێنه‌ر و ئاسته‌کانى خوێندنه‌وه جیاوازه‌کان نه‌کردووه‌ته‌وه،
که ئه‌وسا و ئێستاى ئه‌ده‌بی هێناوه‌ته به‌رهه‌م. بۆ نموونه قسه‌کردن
له روانگه وه‌ک قۆناغێکى نوێى شیعرى کوردى، قسه‌کردن نه‌بووه له
خوێنه‌ران و ئاسته‌کانى خوێندنه‌وه و ره‌خنه‌گرانى روانگه،
مێژوونووسێکى ئه‌ده‌بى نه‌هاتووه له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌کانى روانگه، قسه
له وه‌رگره جیاوازه‌کان و بیروڕا و ره‌خنه‌کانى بۆ نموونه (فواد مه‌جید
میسرى) بکات.
ببورن که من له‌و باره‌وه ناتوانم قسه بکه‌م، چونکه ئه‌و شێوه‌یه
له قسه‌کردن پێویستى به به‌ڵگه و پشتڕاستکردنه‌وه و به‌دواداچوونى
ورد هه‌یه، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم قسه‌کردنى رشت له‌باره‌ى شیعرى
کوردییه‌وه قسه‌کردنه له وه‌رگر و خوێنه‌ر و ره‌خنه و بیروڕاى
جیاواز و پرس و دنیابینیى جیاوازى ده‌ق، قسه‌کردنه له هونه‌رکارى و
ئاسته‌کانى مه‌عریفه‌ى شیعرى هارمۆنیاى ره‌گه‌زه شیعرییه‌کانى ده‌وروبه‌ر
و دنیا، قسه‌کردنه له ناسنامه جیاوازه‌کانى سه‌رده‌م.
دلاوه‌ر ره‌حیمی:
ئاخۆ له چ قۆناغێکدا کورد توانیویه‌تی شوناس بۆ خۆی دروست بکا؟
ئایا شتێک هه‌یه به ناوی شوناسی شیعری؟ یان بێ ناسنامه‌یی؟
عه‌بدولموتەلیب عه‌بدوڵا:
به بڕواى من له دنیاى ئه‌ده‌ب و نووسیندا شتێک به
ناوى ره‌سه‌نایه‌تى بوونى نییه، چونکه هه‌میشه ئه‌ده‌ب و بیرکردنه‌وه
بڕواى به سنووردارکردن و چوارچێوه‌ى دیاریکراو و جوگرافیاى دیاریکراو
نییه، جوانیى ئه‌ده‌ب له تێپه‌ڕاندنى سنووره‌کاندایه، له ته‌جاوزکردنى
ره‌نگ و ناسنامه و خوده‌کاندا دنیاى خۆى هه‌ڵده‌نێ. له دنیاى ئه‌ده‌ب
ئه‌وه‌ى که‌سایه‌تیى خودى و ناسنامه بونیاد ده‌نێ، خوێندنه‌وه‌یه.
خوێندنه‌وه به‌ره‌و هۆشیارییه‌کى خودی قووڵترمان ده‌کاته‌وه و یارمه‌تیمان
ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین بگه‌ینه دنیابینییه‌کى قووڵتر له‌باره‌ى
ناسنامه‌ى تایبه‌تیمانه‌وه، ده‌مه‌وێ بڵێم کاتێک ده‌خوێنینه‌وه ئه‌وه
ناسنامه‌ى خۆمان ده‌خوێنینه‌وه.
له (فۆکۆ)وه چه‌مکى (من) دووچارى ره‌تکردنه‌وه بووه، بۆ ئه‌وه‌ى له
رێگه‌ى ئه‌وی تره‌وه ده‌ق بخرێته به‌ر خوێندنه‌وه و نووسینه‌وه‌ى
فره ره‌هه‌ند و فره ره‌نگ، بۆ ئه‌وه‌ى له رێگه‌ى ئه‌وی تره‌وه
بخوێنرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ق ببێته موڵکى ئه‌وی تر، ئه‌وی تر به‌شدارى
له داهێنانیدا بکات، ئیتر لێره‌وه منى (دیکارت)ى هه‌ڵوه‌شایه‌وه و
له شوێنى ئه‌و چه‌ندان (من) هاتنه قسه‌کردن.
ده‌قى ئیبداعى به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه جۆراوجۆره‌کان له
ململانێدایه، ده‌قى ئیبداعى هه‌رگیز خاوه‌ندارێتیى قبووڵ نییه، چونکه
خاوه‌ندارێتى له رێگه‌ى ئه‌وه‌ى که هه‌یه‌تى که‌ڵه‌گایى ده‌سه‌پێنآ،
ئه‌گه‌رچى سه‌ره‌تاى خاوه‌نداریه‌تى به‌پێى پێداویستیی کۆمه‌ڵایه‌تى
بووه و له زه‌روره‌تێکى ئاسمانى سه‌رى هه‌ڵداوه، به‌ڵام له جه‌وهه‌ردا
زۆردارى بووه و پاشان به‌پیرۆز کراوه. وه‌ک ده‌زانین به‌ر له‌وه‌ى
رۆلان بارت مه‌رگى دانه‌ر رابگه‌یه‌نێت، نووسه‌ر له رێگه‌ى بوون به
خاوه‌نى ده‌ق ته‌قدیس ده‌کرا، ئه‌م جۆره له بیرکردنه‌وه له‌باره‌ى
چه‌مکى خاوه‌نداریه‌تى دواتر بووه ئایدۆلۆژیا و یاریى به چاره‌نووسى
خه‌ڵک و دنیا کرد. هه‌ڵبه‌ته ئه‌مڕۆ له رێگه‌ى شۆڕش و ته‌کنیکارى و
هه‌ڵایسانى پرسه رۆشنبیرییه‌کانى تر‌ى ژیان، له رێگه‌ى داهێنان و فه‌لسه‌فه
و هونه‌ر، مرۆڤێک هاتووه‌ته ناوه‌وه که به‌رده‌وام به‌رانبه‌ر عه‌قڵییه‌تى
دوالیزمخواز و مه‌رگدۆست و فیکرى ترانسندنتالى و گوتاره ئایرۆنییه چه‌وسێنه‌ره‌کانى
تر له رابوونه‌وه و داهێنان و نوێبوونه‌وه‌دایه.
که‌واته هه‌میشه سنووره‌کانی ئه‌ده‌ب و شیعر، په‌ڕگیرى و بڕوانه‌بوون
به داهێنان ره‌نگى ده‌کات، هه‌میشه داهێنان ده‌که‌وێته ئه‌و دیو
سنوور و هه‌میشه داهێنان له گه‌یشتن به جیاوازى بوونى خۆى به‌رجه‌سته
ده‌کات. ده‌مه‌وێ بڵێم شوناسى شیعرى، مه‌عریفه‌ى شیعرییه که دنیاى ئه‌ده‌ب
به هه‌موو ره‌نگه‌کانیه‌وه به‌شداریى تێدا ده‌کات. داهێنان ده‌که‌وێته
سه‌رووى قۆناغه‌کان و سه‌رووى من و عه‌قڵییه‌تى دوالیزمخواز و سه‌رووى
گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌کى دیاریکراو و فیکرى ترانسندنتالییه.
ده‌شێ ئه‌و قسه‌ى تۆ به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان پێوه‌ندیى به ده‌وڵه‌مه‌ندبوونى
ئه‌و زمانه‌وه بکات، که داهێنانه ئه‌ده‌بى و فه‌لسه‌فییه‌کانى له‌خۆ
گرتووه، به‌و مانایه‌ش ده‌توانم بڵێم به‌شێکى زۆرى قسه‌کردن له
داهێنان قسه‌کردنه له دنیایه‌کى به‌رفره‌وان و بێ سنوور و ره‌نگاوڕه‌نگ.
به دیوه‌که‌ى تریش هه‌موو زمانێک له جیاوازبوونى له‌گه‌ڵ زمانێکى تر
خۆى ده‌دۆزێته‌وه، به‌ڵام داهێنان له نه‌ته‌وه و گه‌ل و نیشتمانێک و
ره‌نگێکى دیاریکراو و فیکرى دوالیزمى و پیرۆزى قه‌تیس نابێ، به‌ڵکو له
کۆى جیاوازییه‌کاندایه، هه‌رگیز بڕواى به ناسنامه‌یه‌کى یه‌کڕه‌نگ و
دیاریکراو نییه، به‌ڵکو له ئه‌وی تر‌ى جیاواز خۆى هه‌ڵده‌گرێته‌وه.
هه‌میشه ناسنامه‌ى ئه‌ده‌بى به گشتى گه‌یشتنه به‌شێوازێکى تر‌ى
جوانتر له پێوه‌ندیى نێوان مرۆڤ و مرۆڤ، مرۆڤ و ده‌ق، مرۆڤ و دنیا. بۆ
نموونه: رامبۆ هه‌ر ته‌نیا فه‌ڕه‌نسییه‌کان شانازیى پێوه ناکه‌ن، به‌ڵکو
ته‌واوى خوێنه‌ر و وه‌رگرى دنیاى ئه‌ده‌ب و فیکر و داهێنان شانازیى
پێوه ده‌کات، به‌و مانایه‌ش رامبۆ به‌ر له‌وه‌ى ناسنامه‌ى فه‌ڕه‌نسییه‌کان
بێ، ناسنامه‌ى داهێنان و دنیاى داهێنانه.
دلاوه‌ر ره‌حیمی:
به‌شێک له شیعری نوێی کوردی به‌تایبه‌ت هه‌شتاکان و سه‌رده‌می
روانگه پێک هاتووه له ئه‌ده‌بی مقاوه‌مه (به‌رگری) ئاخۆ ئه‌ده‌بی
به‌رگری له کوێی ئه‌ده‌بی کوردیدایه؟ چۆن ئه‌ده‌بی مقاوه‌مه جیا ده‌کرێته‌وه؟
یان ئاخۆ ئه‌ده‌بی مقاوه‌مه قۆناغێکه له ئه‌ده‌ب ده‌بێ ئه‌ده‌بی
نه‌ته‌وه‌یه‌ک تێی په‌ڕێنێ؟ ئێوه له‌و ئه‌ده‌به‌ی که له کوردی‌دا
ناو نراوه ئه‌ده‌بی مقاوه‌مه‌ی کوردی رازین؟ ئایا خودی ئه‌ده‌بی
مقاوه‌مه شوناس نادات به ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وه‌یه‌ک، وه‌ک ئێوه له
پرسیای پێشتردا ره‌تتان کردووه‌ته‌وه؟
عه‌بدولموتەلیب عه‌بدوڵا:
شیعری به‌رگری به‌و وه‌سفه‌ی که ته‌عبیر له هه‌ڵچوونێکی
ده‌روونی و رۆحی و هه‌ڵوێستی شۆڕشگێڕانه ده‌کات، بۆ به‌رگریکردن له
نیشتمان و نه‌ته‌وه و مرۆڤی سته‌مدیده، گوتارێکه رووبه‌ڕووی داگیرکه‌ر
و زۆرداران ده‌کرێته‌وه. شیعری به‌رگری به‌و مانایه‌ی که داکۆکیکردنه
له هه‌ستی ناسیۆنالی و ویژدانی زیندووی ئینسان، به‌و مانایه‌ی که هه‌ڵگری
جۆش و خرۆش و یاخیبوون و په‌یامی ئازادییه، پارێزگاری له مانه‌وه و
جیاوازی و سه‌ربه‌ستی ده‌کات. راسته ده‌چێته ناو هه‌ڵوێست و هه‌ژان و
په‌رچه‌کرداره‌وه، ده‌چێته ناو کردارێکی فیسیۆلۆجی و به‌رگریکردنی ده‌روونی
و سیاسی و ئابوورییه‌وه. په‌رچه‌کرداره به دژی هه‌ژموون و که‌ڵه‌گایی،
به‌رگریکردن له بیر و باوه‌ڕ، هه‌ڵوێستێکی مرۆڤدۆستانه و و
ژیاندۆستانه‌یه. ده‌مه‌وێ بڵێم شیعری به‌رگری له کۆنتێکسته کۆمه‌ڵایه‌تی
و ده‌روونی و سیاسییه‌که‌ی شیعری مانه‌وه و بیر و باوه‌ڕی شۆڕشگێڕانه
و ره‌مزی جیاوازی و پاڵه‌وانپفی و توندوتیژییه. وه‌ک چۆن له
کۆنتێکسته ئیستێتیکی و هونه‌رییه‌که‌یدا زێتر به‌لای گوتاری راسته‌وخۆ
و راشکاوی و مانای دروشمئامێز و به‌رجه‌سته‌کردنی په‌یام و رۆحی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌دا
ده‌که‌وێته‌وه، ته‌عبیر له ئازادی و هه‌ستی ورووژاو ده‌کات.
ئه‌گه‌ر له‌و قسه ساکارانه‌ی منه‌وه سه‌یری ئه‌ده‌بی به‌رگریی کوردی
و گوتاری مانه‌وه بکه‌ین، ده‌بینین که‌مخوێن و هه‌ژار ده‌که‌وێته‌وه،
تۆ واز له‌وه بهێنه که ده‌ڵێ هه‌تا سته‌م بمێنێ شیعری به‌رگری هه‌ر
ده‌مێنێ، وه‌ره به‌گشتی سه‌یری (ئه‌ده‌بی به‌رگریی کوردی) بکه له‌وه‌ی
پێی ده‌ڵێن ئه‌ده‌بی رابوونه‌وه، یان (شۆڕشی کوردی) بۆ نموونه‌ی له
شۆڕشی شێخ مه‌حموود، یان مه‌لا مسته‌فای بارزانییه‌وه. ئایا ده‌توانی
ئه‌ده‌بی به‌رگری وه‌ک هه‌ڵوێستێکی ئینسانیی رێکوپێک و ده‌نگی ئازادی
نیشانی ئه‌وی تری کوردی بده‌یت، که ته‌عبیر له هه‌ستی کوردایه‌تی و
هه‌ستی یاخیبوون و ویژدانی مرۆیی و په‌یامی ئه‌و شۆڕشانه بکات؟
بێگومان هه‌موو یاخیبوونێک، هه‌موو به‌رگریکردنێک له به‌ها مرۆیییه‌کان
و هه‌موو به‌رجه‌سته‌کردنێکی جیاوازییه جۆراوجۆره‌کان جۆرێکه له هه‌ڵوێست
و په‌رچه‌کردار. رووبه‌ڕووی ئه‌وی تری داگیرکه‌ر و سته‌مکار. به‌ڵام من
بۆیه شۆڕشی کوردی ده‌خه‌مه ناو دوو که‌وانه‌وه، چونکه پێم وایه چه‌مکی
شۆڕش وه‌ک ده‌رئه‌نجامێکی لۆجیکانه‌ی یاخیبوون، هه‌ر ته‌نیا نواندنی په‌رچه‌کردار
و نکووڵیکردن و دژبوونه‌وه نییه، به‌ڵکو وه‌ک گونجاندنی بیرۆکه و
سیستمێکی تری جیاوازی ناو ئه‌زموونی مێژوو سه‌یری ده‌که‌م. بێگومان خه‌باتی
چه‌کداریی کوردی ئه‌گه‌رچی به هه‌موو برینه‌کانیه‌وه ژیانی قبووڵ کرد
و رێگه‌ی به ئه‌وی تری زۆردار و داگیرکه‌ر و سته‌مکار نه‌دا ده‌ست بۆ
ساڕێژکردنی زامه‌کانی به‌رێت، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئازار و هه‌موو یاخیبوونه‌کانی
خۆی ژیا، به‌ڵام وێرای هه‌موو ئه‌وانه‌ش به شێوه‌یه‌کی سه‌یر هه‌میشه
دژ به دۆخه‌که‌ی خۆی رابووه‌ته‌وه. ده‌شێ لێره‌دا پرسیار ئه‌وه بێ،
ئایا شۆڕشی کوردی و ئه‌ده‌بی به‌رگریی کوردی له دووتوێی خه‌بات و
تێکۆشانی خۆیدا توانی (بۆ نموونه) ئه‌و رسته ئاراسته‌ی داگیرکه‌ر (سه‌دام
حوسێن) بکات و بڵێ ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه له‌و چیایانه پێی هه‌ڵساوه ته‌نیا
یاخیبوون نییه، به‌ڵکو شۆڕشی کوردییه؟
له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه به بڕوای من ئه‌وه‌ی که پێی ده‌ڵێن ئه‌ده‌بی
مقاوه‌مه‌ی کوردی وه‌ک چۆن له رووی په‌یام و چۆنیه‌تییه‌وه هه‌ژاره،
له رووی گوتار و چه‌ندایه‌تییه‌وه‌ش وه‌ک پێویست نه‌یتوانیوه خۆی کۆ
بکاته‌وه، به‌ڵکو به‌شێکی زۆری وه‌ک ره‌مز و پاڵه‌وانپفی سه‌ر ئاو که‌وتووه.
من نکووڵی له هه‌ندێ له‌و قه‌ڵه‌مانه ناکه‌م که هه‌ژان و یاخیبوون و
کوردایه‌تی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یان به شێوه‌یه‌کی هونه‌ریی به‌رز و
پڕ جۆش و خرۆش نه‌خشاندووه. به‌تایبه‌تی به‌شێکی زۆر له ره‌مزییه‌تی
سه‌رده‌می روانگه.
به کورتی ده‌مه‌وێ بڵێم ئه‌ده‌بی به‌رگریی کوردی ده‌که‌وێته ناواخنی
ئه‌ده‌بی کوردییه‌وه، بۆیه ناتوانین به شێوه‌یه‌کی جیاواز سه‌یری
بکه‌ین، به دیوه‌که‌ی تر ئه‌گه‌رچی من بڕوام به‌و شێوه له قسه‌کردن
نییه له‌باره‌ی شوناسی شیعرییه‌وه، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ک ئه‌ده‌بی
مقاوه‌مه‌ی کوردی نه‌یتوانیوه بێته شوناسی نه‌ته‌وه‌ی کورد، که‌واته
ئه‌ده‌بی به‌رگریی کوردی قۆناغێک نییه بتوانین ته‌جاوزی بکه‌ین، به‌ڵکو
هه‌تا ئێستاش له دووتوێی ئه‌ده‌بی کوردی‌دا به ره‌نگه جیاوازه‌کانیه‌وه
ده‌ژی.
دلاوه‌ر ره‌حیمی:
یه‌کێک له‌و بۆچوون و ره‌خنانه‌ی ئێسته له‌باره‌ی شیعری کوردی
له ئارادایه، ئه‌و ره‌خنه‌یه‌یه که شیعری ئه‌مڕۆ به‌رهه‌می
نائومێدیی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی نییه، به‌ڵکو له‌ژێر کاریگه‌ریی تیۆره
و ئه‌زموونی ده‌ستی دووه‌مدایه (به زۆریش ئه‌زموونی فارس) و تا راده‌یه‌کیش
رۆژئاوا. ئێوه وه‌ک ره‌خنه‌گرێکی جدی له‌و باره‌یه‌وه چی ده‌ڵێن؟
عه‌بدولموتەلیب عه‌بدوڵا:
ئه‌و شێوه قسه‌کردنانه له‌وێوه کورتى دێنێ که
گشتگیرانه دێته گۆ، له‌وێوه که ره‌ش و سپى به‌یه‌کدا ده‌دات، له‌وێوه
که کوێرانه له درزێکى بچووکه‌وه پێی وایه هه‌موو شیعرى کوردى لێ
دیاره، چۆن ده‌کرێ به ناوى شیعرى کوردى قسه بکه‌ین که ته‌نیا
ئاگامان له به‌شێکى زۆر بچووکى هه‌یه، به دڵنیایییه‌وه ئاگامان له
به‌شێکى زۆر بچووکى هه‌یه له‌و هه‌رێمه‌ى که تێیدا ده‌ژین، ئایا ده‌کرێ
له‌و به‌شه‌وه قسه له کۆى شیعرى کوردى بکه‌ین؟
که‌واته ئه‌و بیرکردنه‌وه‌یه زۆر گشتگیرانه‌یه و زێتر له حوکمدان
نزیکه، پاشان له‌گه‌ڵ کۆى ئه‌و قسانه‌ى من، به گشتى پرۆسه‌ى نووسین
پرۆسه‌یه‌کى ئاڵۆز و فره ره‌هه‌نده، ده‌شێ به‌شێکى ئه‌و قسه‌یه به‌رانبه‌ر
شیعرى قۆناغێکى دیاریکراوى هه‌رێمێکى دیاریکراو راست بێ، ئه‌گه‌رچى هه‌موو
راستى نییه، چونکه چۆن ئه‌و بیرکردنه‌وه‌یه بۆ نموونه له‌سه‌ر (شێرکۆ
بێکه‌س) جێبه‌جێ ده‌که‌یت، ئایا ده‌توانى شیعرى شێرکۆ بخه‌یته ده‌ره‌وه‌ى
ئێستاى شیعرى کوردییه‌وه؟
پاشان ته‌ماشاکردنى ئه‌ده‌ب وه‌ک کاڵا، ته‌ماشاکردنێکه تا سه‌ر ئێسقان
خه‌یاڵکوژ. ده‌شێ له بازاڕى کۆنه‌فرۆشان قسه له ده‌ستى یه‌ک و دوو
بکه‌ین، به‌ڵام ئه‌و شێوه‌یه له قسه‌کردن له کوێوه پێوه‌ندیى به
داهێنانه‌وه ده‌کات، له کوێوه به جورئه‌تى ئه‌ده‌بى و رۆحى سه‌رکێشانه‌ى
ئه‌ده‌به‌وه ده‌لکێ، له کوێوه به پرسى سه‌رده‌م دنیابینى و ئاسته
جیاوازه‌کانى ئه‌ده‌بیه‌ت و زمان و وه‌رگره‌وه به‌نده؟
دلاوه‌ر ره‌حیمی:
فیکر له شیعری ئه‌مڕۆدا که‌متر هه‌ستی پێ ده‌کرێ، هه‌ست ده‌کرێ
که هێشتا ئێمه له دۆخی (سانتی مانتالیسم)ین، زۆر به که‌می روو ده‌دات
پاش خوێندنه‌وه‌ی شیعرێک، فه‌زا و فیکری ئه‌و شیعره بمانخاته
بیرکردنه‌وه، یان ته‌نانه‌ت دڵمان پێی خۆش بێت، ئێوه چی ده‌ڵێن؟ چۆن
له‌و دۆخه ده‌ربازمان ده‌بێت؟
عه‌بدولموتەلیب عه‌بدوڵا:
ئه‌و قسه‌یه‌ى تۆ هه‌وڵێکه بۆ وه‌لاخستنى سانتى
مانتالیسم و راسته‌وخۆ پێوه‌ندیى به فیکره‌ى پۆست مۆدێرنه‌وه هه‌یه،
به‌ڵام وه‌ک هایدگه‌ر ده‌ڵێ ئێمه مرۆڤین و په‌یوه‌ستین به مرۆڤه‌کانى
تر و دنیاى هه‌ستپێکراوه‌وه، ئه‌و به‌کۆمه‌ڵایه‌تیبوونه و به‌مێژووبوونه‌ى
هایدگه‌ر قسه‌ى لێ ده‌کات به‌مێژووبوونێکى ده‌ره‌کى نییه، به‌ڵکو خودى
و ناوه‌کییه، به‌ڵام ده‌بێ بزانین ئه‌و خودى و ناوه‌کییه چ مانایه‌کى
له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه؟ هه‌ڵبه‌ته به‌و مانایه‌ى که ئێمه‌ى مرۆڤ ده‌که‌وینه
ناو زمان، به‌و مانایه‌ى که زمان ماڵى بوونه، هه‌ر له‌وێشه‌وه جیهان
له ئێمه دابڕاو نییه، جیهان ئێمه پێک ده‌هێنێ و ئێمه‌ش له رێگه‌ى
ماناوه جیهان پێک ده‌هێنین و بوونى ئێمه به‌شێکه له‌و، که‌واته
هاوسۆزیى کۆمه‌ڵایه‌تى و هاوژیانیى کۆمه‌ڵایه‌تى و پێوه‌ندییه گه‌رموگوڕه‌کان
به‌شێکه له هه‌ستى مرۆیییانه، به دیوه‌که‌ى تریش ره‌گه‌زێکه له
ره‌گه‌زه‌کانى شیعر. دنیاى ئه‌ده‌ب و فیکر نه دنیاى شته باوه‌کانه
نه دنیاى هه‌نووکه‌ى له ده‌ستچوو، دنیاى ئه‌ده‌ب و فیکر نه سه‌ر به
رابردووه و نه ئێستا، دنیاى ئه‌ده‌ب و فیکر هیچ کاتێک ناکه‌وێته ده‌ره‌وه‌ى
مرۆڤه‌کانه‌وه، مرۆڤیش هه‌میشه له‌ناو ئێستا و رابردوو به شێوه
جیاواز و پرسى جیاواز و تێگه‌یشتنى جیاواز، هاوژیانى ده‌کات.
شیعر له کۆمه‌ڵێک ره‌گه‌ز پێک هاتووه و یه‌کێک له‌و ره‌گه‌زانه ره‌گه‌زى
ئیحساسگه‌رایییه، راسته به‌ها و ئه‌رزشى ده‌قى باڵا هه‌رگیز پێوه‌ندیى
به باڵاده‌ستیى ره‌گه‌زێکى دیاریکراوه‌وه نییه، به‌ڵکو پێوه‌ندیى به
به‌رزکردنه‌وه‌ى ئاستى جوانیى کۆى ره‌گه‌زه‌کانه‌وه ده‌کات.
به‌ڵام ئه‌وه‌ى هه‌میشه له‌و ده‌ڤه‌ره‌ى ئێمه شوێنى زیاد له پێویست
داگیر ده‌کات، وه‌ک خۆت گووتت هه‌ستگه‌رایییه، نه‌ک فیکرگه‌رایى،
بێگومان ئه‌و شێوه‌یه له بیرکردنه‌وه به مێژووى رۆژهه‌ڵاته‌وه ده‌لکێ،
هه‌میشه مرۆڤى رۆژهه‌ڵاتى هه‌ست پێش بیرکردنه‌وه ده‌خات، ره‌نگه ئه‌و
قسه‌یه بمانخاته ناو کێشه‌یه‌کى فه‌لسه‌فى ئه‌ویش جه‌وهه‌رى بیر و هه‌سته،
به‌ڵام بێگومان له‌باره‌ى هه‌ستگه‌راییى رۆژهه‌ڵاتى و بیرگه‌رایى
رۆژئاوایى گفتوگۆى فیکرى و فه‌لسه‌فیى زۆر کراوه، که ته‌نیا به
ئاماژه‌کردنێک ده‌شێ وێنه‌یه‌ک له وێنه به‌رجه‌سته‌کان وه‌بیر
بهێنینه‌وه.
ئه‌گه‌ر له‌و باره‌وه قسه‌یه‌کم هه‌بێ ئه‌وه‌یه، که له دنیادا
زمانى بێ فیکر بوونى نییه. به‌ڵام ئه‌و قسه‌یه‌ى من له‌سه‌ر رۆژهه‌ڵات
و رۆژئاوا کردم زێتر مه‌به‌ستم تیۆریزه‌کردنى فیکر بووه، ئه‌گینا تۆ
ناتوانى قسه له زمان به‌بێ فیکرى ئه‌و زمانه بکه‌یت، به‌ڵام ده‌شێ
قسه له شیعرى رۆژهه‌ڵاتى بکه‌یت به‌وه‌ى توانیویه‌تى ره‌گه‌زى هه‌ست
له هه‌موو ره‌گه‌زه شیعرییه‌کانى تر زێتر به‌رجه‌سته بکات، ده‌شێ ئه‌وه
له شیعرى رۆژئاوایى پێچه‌وانه بکه‌وێته، له هه‌ردووکیاندا کێشه‌ى
خۆى هه‌یه، چونکه ئیبداع هه‌رگیز ره‌گه‌زێک ناخاته پێش یه‌کێکى تره‌وه،
به‌ڵکو له به‌رجه‌سته‌کردنى ئاستى جوانیى کۆى ره‌گه‌زه‌کان دێته به‌رهه‌م،
شیعرییه‌ت له‌سه‌ر لێکخشان و ئاوێته‌بوون و هاوگونجانى ره‌گه‌زه
شیعرییه‌کان خۆى ده‌بینێته‌وه، مه‌عریفه‌ى شیعرى پێوه‌ندیى به به‌رزڕاگرتنى
ئاستى جوانى و مانا و چێژدایه. که‌واته نه هه‌ست به ته‌نیا شیعر به‌ڕێوه
ده‌بات، نه فیکر... جگه له هاڕمونیه‌ت له شیعردا باڵاده‌ستیى هیچ
ره‌گه‌زێک قابیلى قبووڵ نییه.
دلاوه‌ر ره‌حیمی:
هه‌روه‌ک ده‌زانن، ئێسته له‌ناو ئیدعا و بۆچوونی لاوه‌کاندا،
باس باسی تێکشکانی زمان و شیعری ئاڵۆزه، له کاتێکدا وه‌ک هه‌ندێ ره‌خنه‌گر
و شاعیری نه‌وه‌ی پێشوو بۆی چوون، زۆر به که‌می ئاگایان له زانستی
زمان و تیۆره‌کانی ئه‌ده‌بی نوێن، به حوکمی ئاگایی و خوێندنه‌وه و ره‌خنه‌کانتان
له‌سه‌ر شیعری نوێی کوردی، چۆن ئه‌م ئیدعا و بانگه‌شانه هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟
عه‌بدولموتەلیب عه‌بدوڵا:
دیارده‌ى تێکشکاندنى زمان و ته‌قینه‌وه‌ى زمان و ته‌مومژى
شیعرى.. قسه و باسى زۆرى له‌سه‌ر کراوه، به‌ڵام به باکگراوندى
رۆشنبیرى و کۆمه‌ڵایه‌تى و ئاستى مه‌عریفیى جیاواز. به‌ڵام پێویسته
بزانین دید و بۆچوونى جیاواز، له هه‌ڵدانى وشه و ده‌سته‌واژاوه و چه‌مکدا
کورت ناکرێته‌وه، به‌ڵکو له پێداویستیى مه‌عریفى و رۆشنبیریى سه‌رده‌مه‌که‌یدا
خۆى ده‌نوێنێ، به ئه‌زموون و دنیابینیى سه‌رده‌مه‌که‌یه‌وه به‌نده.
ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ وه‌ک بنه‌ڕه‌تى شیعرى نوێ قسه‌ى لێ ده‌کرێ، کرانه‌وه‌یه،
یان به مانایه‌کى تر ده‌قى کراوه‌یه، ده‌قى کراوه به پێچه‌وانه‌ى
ده‌قى داخراو توانایه‌کى بێ سنوورى بۆ کرانه‌وه هه‌یه، هه‌ر له رێگه‌ى
ئه‌و توانایه‌وه خوێنه‌ر به‌رده‌وام پێوانه ئیستێتیکییه‌کانى خۆى
تێدا ده‌دۆزێـته‌وه. هه‌ڵبه‌ته ئه‌و شێوه‌یه له قسه‌کردن راسته‌وخۆ
پێوه‌ندیى به فیکرى پۆست مۆدێرن و شه‌فافییه‌ت و هاوژیانى و پرسه
دیموکراسییه‌کانى تره‌وه هه‌یه، ده‌مه‌وێ بڵێم هه‌ڵقوڵاوى هه‌لومه‌رجى
ئێستاى ژیان و عه‌قڵانییه‌تى سه‌رده‌مه. به دیوه‌که‌ى تر له پشت ئه‌و
تایبه‌تمه‌ندییه شیعرییه سیسته‌مێکى تایبه‌تى له بیرکردنه‌وه، له
دنیابینى و زمان و ته‌عبیرکردن وه‌ستاوه. له پشت ده‌قى کراوه مه‌عریفه‌یه‌کى
شیعرى کراوه قسه ده‌کات، که پێی وایه ده‌ق به‌بێ خوێنه‌رى جیاواز
بوونى نییه.
که‌واته ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ زێتر جێگه‌ى قسه لێکردنه تێکشکاندنى زمان و
ته‌قینه‌وه‌ى مانا و ته‌مومژ نییه، به‌ڵکو مه‌عریفه‌ى شیعری و
دنیابینى و به‌رزکردنه‌وه‌ى ئاستى ئیستێتیکاى زمانه، ئاسته به‌رزه‌کانى
خوێندنه‌وه و هه‌ڵوه‌شانه‌وه و دووباره به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌یه، ئه‌وه‌ى
ئه‌مڕۆ شوێنى دیارده شیعرییه‌کانى دوێنێى گرتووه‌ته‌وه داهێنان و
جوانکارى و وه‌رگره، چونکه ئامانجى شیعر به ته‌مومژ و روونییه‌وه
به‌ند نییه، به‌ڵکو له هه‌نگاونان به‌ره‌و ئیبداعدا خۆى ده‌دۆزێته‌وه.
به‌و مانایه هه‌موو ئه‌و دیارده شیعرییانه دوێنێ جیگه‌ى قسه و باس
بوو، ئه‌مڕۆ به کۆمه‌ڵێک شێوه‌ى جۆراوجۆر تیۆریزه کراوه و بووه‌ته
مۆرکى زمانى شیعرى و داهێنان و وه‌رگر.
لێره‌وه هه‌موو ئه‌و بانگه‌شانه‌ى بۆ شیعر و ئه‌ده‌ب له ئارادایه،
هه‌موو ئه‌و توندوتیژییانه‌ى به‌رانبه‌ر دوێنێى فیکر و ئه‌ده‌ب و هونه‌ر
ده‌کرێ، به بڕواى من که‌مترین پێوه‌ندیى به زمانى داهێنانه‌وه ده‌کات
و هه‌میشه ده‌که‌وێته ده‌ره‌وه‌ى پێوه‌ندییه‌کانى داهێنان و جوانکارى
و هونه‌ره‌وه.
دلاوه‌ر ره‌حیمی:
بۆچوونێکی زاڵ هه‌یه که پێی وایه یه‌کێک له ئه‌رکه
سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌ده‌ب، گه‌شه‌پێدان و فراوانکردنی زمانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌یه،
ئێوه له‌م باره‌یه‌وه چی ده‌ڵێن؟ ئاخۆ ئه‌ده‌بی کوردی توانیویه‌تی
زمانی کوردی فراوانتر بکا و گه‌شه‌ی پێ بدا؟
عه‌بدولموتەلیب عه‌بدوڵا:
زمان هه‌ر ته‌نیا ئامرازی ته‌عبیرکردنی مرۆڤ نییه، به‌ڵکو
تێڕوانینی مرۆڤه بۆ شته‌کان و گه‌ردوون و ده‌وروبه‌ر، واته له یه‌ک
کاتدا مه‌عریفه‌یه به دنیا، وه‌ک چۆن ئامرازی گوتنی مه‌عریفه‌شه.
یان وه‌ک (هایدگه‌ر) ده‌ڵێت شته‌کان له‌خۆ ده‌گرێت، پاشان وه‌سفیان ده‌کات
و ما‌نایان لێ وه‌به‌ر دینێت. که‌واته زمان له رێگه‌ی ناونانه‌وه ده‌ست
به‌سه‌ر واقیعدا ده‌گرێت و بۆ مانا ده‌یگۆڕێت، هه‌ر لێره‌شه‌وه زمان
بۆ بوونی واقیع هه‌م بارمته‌یه، هه‌م ته‌جاوزیشی ده‌کات. به‌و مانایه‌ش
ئه‌وه‌ی به درککردنی شته‌کان وه‌سفی ده‌که‌ین، وه‌ک چۆن له واقیعدا
درککردنی مانای شته‌کانه، به هه‌مان شێوه‌ش له زماندایه، هه‌ر لێره‌شه‌وه
ده‌سته‌واژه‌ی (زمان ئاگایییه به دنیا) جوانتر ده‌رده‌که‌وێت. ده‌مه‌وێ
بڵێم زمان که‌شفکردنی دنیایه، هه‌روه‌ها زانیارییه‌کانمان له‌باره‌ی
دنیا له رێگه‌ی زمانه‌وه فۆرمه‌له ده‌که‌ینه‌وه، وه‌ک چۆن گواستنه‌وه‌ی
کرده و په‌رچه‌کرداری مرۆڤ له رێگه‌ی زمانه‌وه‌یه، هه‌ر زمانیشه
کۆی کرده و په‌رچه‌کرده‌کان بۆ پێکهاته‌یه‌کی مه‌عریفی ده‌گوازێته‌وه.
زمان هێزێکی خه‌ڵقنده‌یه، که قسه له‌باره‌ی شته‌کانه‌وه ده‌کات
وایان لێ ده‌کات له سیسته‌می خۆیان به‌ره‌و سیسته‌مێکی تر بچن و ده‌یانکات
به گوتن و خۆی به‌سه‌ر شته‌کاندا ده‌سه‌پێنێت، وجودێکی تر و هه‌بوونێکی
تریان پێ ده‌به‌خشێت.
لێره له ئه‌ده‌بی کوردی‌دا ئه‌وه‌ی وه‌ک گوتاری مانه‌وه قسه‌ی لێ ده‌کرێ،
هه‌ڵبه‌ته به داهێنانی زمانی ئه‌ده‌بییه‌وه به‌نده، پێوه‌ندیی به
به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاسته‌کانی زمان و مانا و په‌یام و ده‌لاله‌ته
جۆراوجۆره‌کانیه‌وه هه‌یه، ئه‌گه‌رچی به بڕوای من کێشه‌ی گوتاری
مانه‌وه و کێشه‌ی زمان له رووی داهێنانه‌وه ئه‌وه‌نده له یه‌کترییه‌وه
نزیک نین، چونکه ئه‌و له‌یه‌ک نزیکردنه‌وه‌ی که له‌و رووه‌وه قسه‌ی
لێ ده‌که‌ین، جۆرێک له مه‌به‌ستگه‌رایی به زمانی ئه‌ده‌بی ده‌به‌خشێت،
ئه‌و مه‌به‌ستگه‌رایییه‌ی که له گوتاری مانه‌وه نمایان ده‌کرێ، به
شێوه‌یه‌کی گشتی ده‌که‌وێته ده‌ره‌وه‌ی داهێنانه‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ
هه‌موو ئه‌وانه‌شدا ده‌شێ له ده‌ره‌وه‌ی مه‌رجه ئیبداعییه‌کانیشه‌وه
به شێوه‌یه‌کی به‌رفره‌وان و کراوه قسه له داهێنان بکه‌یت و له‌وێوه
زۆر ئاسایییه وه‌ک گوتاری مانه‌وه ئه‌و زمانه دووباره راڤه بکه‌ینه‌وه،
که‌واته لکاندنی گوتاری مانه‌وه به داهێنان ئه‌گه‌رچی مه‌به‌ستگه‌رانه
ده‌که‌وێته‌وه، به‌ڵام قابیلی هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر کردنه، چونکه
بڕوامان به‌وه هه‌یه که داهێنان له جوانکردنی پێوه‌ندییه مرۆیییه‌کان
و جیهان راده‌بێته‌وه. وه‌ک چۆن بڕوامان به‌وه هه‌یه، که دنیا به
بێ فیکر و کرده ئیبداعییه‌کان ناتوانێ
خۆی له جیاوازی و ناکۆکی و هاوگونجان و گۆڕان نزیک بکاته‌وه، ناتوانێ
ره‌نگه‌کان بۆ خۆی دابڕێژێ و به‌ره‌وپێشچوون
و گۆڕان پراکتیزه بکات، به‌و مانایه‌ی که گۆڕان و به‌ره‌وپێشچوون و
به‌رفره‌وانبوونی زمان، پێوه‌ندیی به ره‌گه‌زه‌کانی هێزی داهێنانه‌وه
هه‌یه و پشت به وزه‌کانی ناخی تاکی داهێنه‌ر ده‌به‌ستێ،
هه‌روه‌ها هه‌رگیز فیکر و داهێنان بێ ئازادی
بوونی نییه، ئازادیش پابه‌ندی ئیراده‌ی خود و وزه له‌بننه‌هاتووه‌کانی
ناخی مرۆڤی داهێنه‌ره، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا داهێنان و
وزه خه‌فه‌کراوه‌کانی ناخی مرۆڤ، هه‌ر ته‌نیا پابه‌ندی شوێن و زه‌مه‌نێکی
دیاریکراو نییه، هه‌ر ته‌نیا پابه‌ندی زمان و نه‌ته‌وه‌یه‌کی
دیاریکراو نییه، ئه‌مڕۆ پێوه‌ندییه‌کانی مرۆڤ و شوێن، مرۆڤ و کات،
پێوه‌ندییه‌ک نییه له دووتوێی سنوور و زه‌مه‌نی دیاریکراوه‌وه بێته
به‌رهه‌م، به‌ڵکو پێوه‌ندییه‌که راسته‌وخۆ له فیکر و داهێنانه‌وه هه‌ڵده‌قووڵێ.
هه‌ر به‌و مانایه‌ش داهێنانی ئه‌ده‌بی ده‌بێته زمانی هه‌موو نه‌ته‌وه‌کان،
زمانی ئه‌ده‌بی هه‌میشه رێگه‌خۆشکه‌ره بۆ پرۆسیسه‌کردنی وزه که‌بتکراوه‌کان،
رێگه‌خۆشکه‌ره بۆ به‌شداریکردن له ژیانی سه‌رده‌میانه، رێگه‌خۆشکه‌ره
بۆ پراکتیزه‌کردنی خه‌ون و هیوا دواخراوه‌کانی ئه‌مڕۆ و سه‌ده‌کانی
پێشووی مرۆڤایه‌تی، هه‌ر له‌وێشه‌وه ده‌شێ
زمان وه‌ک هێز و چالاکی و کرده و بزاڤی مرۆیی له به‌ره‌وپێشچوونی به‌رده‌وامیدا
بێ، نه‌ک به مانا ته‌قلیدییه‌که‌ی، به‌ڵکو به‌و مانایه‌ی که مرۆڤ هه‌میشه
قابیلی به‌ره‌وپێشچوون و گۆڕانه، به‌و مانایه‌ی که مرۆڤ خۆی کرده‌یه‌کی
ئیبداعییه و هه‌میشه ده‌که‌وێته ده‌ره‌وه‌ی زه‌مه‌ن و ده‌ره‌وه‌ی
شوێن، ده‌که‌وێته سه‌رووری پێوانه‌کان و ره‌نگ و فۆرمه دیاریکراوه‌کانه‌وه.
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا
|