١٢\٤\٢٠١١
شورا و حکومەتی
نوێنەرایەتیی جەماوەریی، راستیی یان وەهم!

کازم قادر
لە دەستپێکی ڕاپەڕین و شۆڕشی خەڵکی ستەمدیدەو بەشمەینەتی
کوردستاندا،بابەتی شوراو حکومەتی نوێنەرایەتیی جەماوەریی لە لایەن
کۆمۆنیستەکانەوە وەک شێوازێک لە دەسەڵاتدارێتیی خەڵکیی لە بەرامبەر
بەرەی بۆرژوازییدا هاتۆتە ئاراوە.من لێرەدا باسی دروستیی یان نادروستیی
ئەو میکانیزمە ناکەم، هەرچەندە بە لامەوە واقیعیترین و کارسازترین
شێوازی خۆبەڕێوەبەرییە لە کات و شوێنی خۆیدا،بەڵکو دەخوازم باس لە
بێزەمینەیی و پێلەهەوایی ئەو میکانیزمە بکەم لەم ساتە
مێژووییەدا.پێلەهەوایی ئەو بۆچوونە لەلایێن کۆمۆنیستەکانەوە بە ڕای من
دەگەڕیتەوە بۆ تێنەگەیشتن لە خەسڵەت و ئاسۆو ئامانجەکانی شۆڕش،
تێنەگەیشتنە لەو ڕیزبەندییە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگییە کە
بزوتنەوە کۆمەلایەتییەکان لە ساتی راپەڕین و شۆڕشدا،لە دەوری تەوەرەیان
بەستووە.بە واتایێکیتر،خەسڵەتەکانی شۆڕش،خەون و کۆدەنگیی لە ساتی
شۆڕشکردندا،بەرهەمی پرۆسەیێکی مێژوویی لە پێشترە،ساتی شۆڕش،ساتی
چنینەوەی بەرهەمەکانی شۆڕشە،(بەرهەم هەر شتێک بێت) هەرچەند دەکرێت
دەستکاریی بڕێک لە شتەکان بکرێن و ڕۆخساریان ماکیاژ بکرێتن،بەڵام
مەحاڵە ڕیشەکانیان بگۆڕدرێن.
ئێستا پێویستە ئەم پرسیارە بکەین:ئایە شورا،هۆشیاریی شوراو حکومەتی
نوێنەرایەتیی جەماوەریی لە ناو مێژوودایە؟واتە ئایە لە پراکتیکی سیاسیی
و کۆمەڵایەتیی دوێنێی(مێژووی)چینی کرێکارو کۆمۆنیستەکاندا، گۆشەیێک
هەیە تێیدا میکانیزمی شووراو حکومەتی نوێنەرایەتیی جەماوەریی
جێخرابێت؟لەوەش گرنگتر ئایە چینی کرێکار بە تایبەتیی و چین و
توێژەکانیتری کۆمەڵگە بە شێوەیێکی گشتیی لە ئاستی وەرگرتنی ئەو
میکانیزمەدایە ؟بە بۆچوونم ئەگەر خۆمان نەخەڵەتێنین یان تووشی
بەدتێگەیشتن نەبووبێتین،نە میژوویێکی خەباتکردن بۆ ئەو جۆرە لە
حکومەتکردنمان هەیە(مێژوویێک توانیبێتی کۆمەڵگە لە دەوری ئەو
ئاسۆوئاماجە هەڵخڕێنێت و کۆی کردبێتەوە)نە خواست و هۆشیاریی کۆمەڵگە بە
هەموو چین و توێژەکانێوە لە دەوری ئەو میکانیزمە تەوەرەی
بەستووە.شوورا،حکومەتی نوێنەرایەتیی جەماوەر دەکرێت لە مینبەرو میدیا
کرێکاریی و کۆمۆنیستییەکانەوە پەخش بکرێت و لایەنە جۆراوجۆرەکانی ڕۆشن
بکرێنەوە،بەڵام ناکرێت لە هەموو کات و سەردەمێکدا وەک کلیل و ڕێگەچارەی
هەموو سەردەمێک دەستی بۆ ببرێت.بەبۆچوونم تێزی حکومەتی نوێنەرایەتیی
جەماوەریی دووبارەکردنەوەی هەمان هەڵەی ستراتیجیی شوراکانی ئازاری ساڵی
٩١.شوراکانی ٩١ هێند ئەزمونێکی شکستخواردوو،کەم ئەزموونیی سیاسیی و
هزریی بزوتنەوەی کۆمۆنیستییە،هێند بڕگەیێکی مێژوویی گرنگ نییە بۆ
ئاوڕدانەوە لێی و بۆ دەوڵەمەندکردنی پراکتیکی هەنووکەیی.چوونکە بە جیا
لە ساوایی و کەم ئەزمونیی بزوتنەوەی کۆمۆنیستیی و بێئاگەیی کۆمەڵایەتیی
لەو میکانیزمە،دۆخی سیاسیی تایبەت و بێدەولەتیی کوردستان کە دوو
فاکتەری زۆر واقیعی و کاربڕبوون،یەک ئەجەندای سیاسیی،ئابوریی،سەربازیی
ئیمپریالیستیی ئەمریکیی کۆی ڕەهەندە سیاسیی و ئابورییەکانی ئاراستە
دەکردو بە هیچ شێوەیێک ڕێگەی بەو سەڵاتدارێتییە نەدەدا. ئێستاش و دوای
بیست ساڵ بەبۆچوونم ئەو واقیعەتە وەک خۆی ماوەتەوە.واتە نە بزوتنەوەی
کرێکاریی و کۆمۆنیستیی وەک پێویست کۆمەڵایەتیی بۆتەوەو لە هێز
بەهرەمەندەو نە میکانیزمی شوراو حکومەتی نوێنەرایەتیی جەماوەریی بووەتە
خودهۆشیاریی کۆمەڵگەو نە کوردستانیش دەوڵەتێکی سەربەخۆیە تا هێزو
بزوتنەوە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان بتوانن بە پێی هاوسەنگی هێز
ئەجەنداکانیان جێبخەن.
لەم روانگەیەوە،بەبۆچوونم پێویستە لەم قۆناغەدا بزوتنەوەی کۆمۆنیستیی
دەستبەرداری وەهمی دەسەڵاتی نوێنەرایەتیی جەماوەریی بێت و تواناکانی
خۆی لە کارێکدا بە خەرج نەدات کە هەر لە سەرەتاوە دیارە نالۆژیکییە.ئەم
قۆناغە بۆ کۆمۆنیزم قۆناغی خەون دیتن بە دەسەڵاتدارێتیی جێمەبەستی
کۆمۆنیستیی نییە،بەڵکو قۆناغی ئومێدو گەڕانەوەی ئومێدە بۆ
کۆمۆنیزم،قۆناغی لێک نزیک بوونەوەو لێک تێگەیشتن و پتەوکردنی بەرەیێکی
چەپ و کۆمۆنیستییە.لایەنێکی زۆر گرنگ و ژیانییتر دەورانی کارکردنی
هۆشیارانەیە بۆ پێگەیشتن و دروستبوونی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان کە
زەمینەیێکی کەم وێنەو مێژوویی بۆ دروستبوونیان ڕەخساوە.هەروەها کۆی ئەو
کارانە بە یەکەوە،واتە بەهێزکردنی بەرەی کۆمۆنیستیی و دروستکردنی
ڕێکخراوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکانی وەک:کرێکاران،فەرمانبەران
خوێندکاران و ...تا،دەتوانێت مۆری سیستەمێکی سیاسیی و ئابوریی و
فەرهەنگێکی لانی کەمی مرۆیی لە دەسەلاتی داهاتووی کوردستان بدات.
10\4\2011
ماڵپهڕی کازم قادر
|