په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٥\٢٠١٣

    سیگارکێشان لەبەردەم ئاوێنەدا.

هێمن عوسمان عەبدوڵا

سێگاریک پێدەکەم و، لەناو دووکەڵیدا تەنێ‌ مرۆڤ دەبینم
جەنجاڵ، ساختە و ماسکدار
فەوزای ساختەیان ئافراندووە
هاوڕَیکەم دەبینم، بەر لە نووستن قژی شانە دەکا
کۆرپەیەک دەبینم، بەبێزارییەوە لەتاو تەنیایی
لەسکی دایکییەوە بە پێ‌ هاتووەتە دەرێ‌ و
پاڵی بە قاچەکانی داوە و سیگار دەکێشَی
لەناو دووکەڵەکەیدا من دەبینێ‌

باوکم دەبینم پیاوێکی گوندی جوتیارە
بەراوەکەیان لێگرتووەتەوە و جوێن بە نیشتیمان دەدا
سەودا دەکا،
نیشتیمان بە دڵۆپێک ئاو، بۆ کشتوکاڵییەکەی دەگۆڕێتەوە

پیاوێ‌ دەبینم هەنگووینی کڕیوە و
ڕۆژی دادێ‌ بۆ دوکاندارەکەی بردووەتەوە
پێی دەڵێ‌:
هەنگووینەکەت تاڵە، کەس پێی ناخورێ‌!

خوشکەکەم دەبینم لەبەردەم کوتاڵفرۆشییەکدایە
سەرنجم لێی داوە، بە هێماکانی تێدەگەم
دەڵێ‌:
گەر ئەم قوماشەم ، بە ڕەنگێکی دی بۆ نەگۆڕییەوە
هەر لێرەدا قژ بەسەرمەوە ناهێڵم و
گەردوون دەهێنمە سەرت

بازاڕ دەبینم کەللە سەری تیا هەڕاج کراوە
کەللە سەری مرۆڤی سەدەکانی کۆن
سوک و بێ‌ گرفت لە جێی سەرت دایبنێی و
بەئاسانی بەجەستەوە بوەستێ‌
نرخی تەنیا پەنجا دۆلاری ئەمریکییە

مرۆڤ گەلێکی بێ‌ شومار لەناو دووکەڵی سیگارەکەمدایە
هەیە بەردەوام بە پێکەنینەوە خەریکە
بێ‌ ئەوەی دڵخۆش بێ‌

زەوی دەبینم
بە باشتیرن سەماکەر بۆ ژیان هەڵبژێردراوە و
ژمارەی پێوانەیی لە سوڕانەوە شکاندووە

کاتژمێری ژوورەکەم دەبینم
شاهێدیم لەسەر دەدا،
بۆ ئەوەی پاترییەکەیم دەرکێشاوە و
بۆ چەند سەدەیەک لە کارم خستووە

سیاسییەک دەبینم
سکاڵای لەسەر تۆمار کردووم بۆ ئەوەی
تێمهەڵداوەتە زبڵدانی مێژووە و،
پەیڤەکانیم پشتگوێ خستووە .

تەنێ‌ دووکەڵ لە سییەکانمەوە دەردەکێشم و
یەکێ‌ بەرەو لای ئاوێنەکە دێت
بە دەنگی پێی، هزردەکەم باوکم بێ‌
خۆم بە تەوالێتەکەدا دەکەم و
گوو و جگەرەیەکی دیکە دەکێشم
دێمەوە شوێنی خۆم
ئاوێنەکە لە شوێنی خۆی نەماوە و
باوکم لە گیرفانی ناوە!

دەچمە بەر شووشەیەک لە جێی ئاوێنە خۆم نابینم
قەڵەمێک بەدەممەوە دەگرم و
لە جێی سیگار دەمەوێ‌ گڕی دەم
دەکەوێتەوە یادم هەمووی ساختەیە
سیگار، ئاوێنە، من و باوکم و
خۆمم فەوزای ساختەم ئافراندووە.


٢٠١٢
ماڵپەڕی هێمن عوسمان عەبدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک