په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٩\٢٠١٠

سکاڵایەک دژ بە رۆژنامەنووس و نووسەرە تیرۆریستەکان.

سەلام عەبدوڵا  

 

لیژنەی لێکۆڵینەوە لە کوشتنی"قوتابی زانکۆ"سەردەشت عوسمان پاش چەندین مانگ بە"بەڵگەوە"سەلماندی کە سەردەشت دەستی لەگەل تیرۆریستان تێکەڵ کردووەو کوشتنیشی پەیوەندی بەوە هەبوو کە ئەرکێکیان پێ سپاردووەو ئەنجامی نەداوە.


ئەگەر من حکومەت بم، ئەوا دەست بەجێ سەرجەم رۆژنامەنووس و ئەندامانی رێکخراو و کەمپین و کەسوکاری سەردەشت دەستگیردەکەم، چونکە بە ئاشکرایی لە رۆژنامەو گۆڤارو سایتەکان پشتیوانیان لە کابرایەکی تیرۆریست کردووە. ئەمە مافی یاسایی حکومەتەو کەس بۆی نییە گلەیی و گازندەی لێ بکات: گەل سەرچاوەی حکومەتەو بە دەنگدانی نهێنی هەڵیبژاردووە!


پاش راگەیاندنی لیژنەیەکی"بێلایەن و دەستپاک"ی راسپارد بۆ لێکۆڵینەوەو پێداچوون لە دوسییەی نابراو، بەڵام سەیر ئەوەیە رۆژنامەنووسە تیرۆریستەکان دیسان هانی خەڵک دەدەن دژ بە ئەنجام و ماندووبوون و شەونەخونی ئەو لیژنە"سەرڕاست"و"بێلایەنە".


ئێستا لەم کاتە سەختە کە ئەزموونە ساواکەمان تێدا تێدەپەڕێ، قوڕەکە ئەوەندەی تر خستتر بووەوەو سەرۆکی حکومەتیش لە ماڵەوە نییە!.


"بەداخەوە"رۆژنامەنووسە"بێویژدانەکان" لەبری دەستخۆشی و سوپاسگوزاری لە ئەندامە بەڕیزەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوەکە، ئەوەندەی تر ئەرکیان زیاترکردووە، چونکە دەبێ لە سایت و رۆژنامە و گۆڤارەکان بۆ ناوی سەرجەم ئەو کەسە گومانلێکراوانە بگەڕێن کە پشتیوانی لە تیرۆریستەکانی ئەنساروئیسلامیان کردووە و سکاڵایان لەسەر بەرزبکەن، چونکە دەرکەوت کە:


1- رۆژنامەنووسان چاویان بە"سەرکەوتنی ئەزموونە پیرۆزەکەمان" هەڵنایەت و پشتیوانی لە ئەنسارولئیسلام دەکەن و تاوانەکەیان بۆ دەپۆشن!
2- گومان دەکەن لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی لیژنەکەیان!
3- خراپ بە کارهێنانی کەشوهەوای ئازادی!
4- هەوڵی لەکەدارکردنی دەزگا پایەدارەکانی هەرێم دەدەن کە بە قازانجی دوژمنانمان دەکەوێتەوە!


تاقە مەترسی ئەم هەنگاوە ئەوەیە، رۆژنامەنووسە پیلانگێڕو فرەبێژەکان زماندرێژی دەکەن و تۆمەتی رەشبگیری دەخەنە ئەستۆی دەزگا پایەدارەکان.


"بەڕاستی"ئەقڵ و حیکمەت لە وەڵات باڵادەستە، ئاخر ئەوە چاکەی حکومەتە بە هێمنی ماوەتەوە و رۆژنامەنووسەکان دەستگیر.


من نیازم نەبوو لەم بارەیەوە بنووسم، جا نووسین سوودی چییە؟!


هەندێ پەندی پێشینان هەیە دەڵێن(بێدەنگی وەڵامی ئەحمەقەکانە) یان(...بێدەنگی ئاڵتونە)، بەڵام ناکرێ لە نێوان تیرۆریستی دەوڵەتی و"تیرۆرستی رۆژنامەنووسەکان، بەبێدەنگی بمێنمەوەو بەخۆم"ئەعتراف"دەکەم کە بە ئاشکرا دژ بە ئیسلامییەکانم و"ژێربەژێر"یەکێکم لەوانەی پشتوانیم لە تیرۆریستێک وەک سەردەشت کردووەو دەکەم، ئەمەش مەسەلەیەکی ئاساییە و ئەمجارەیان پەتای شیزۆفرین منیشی گرتەوە، لە وەڵاتەکەم هەمیشە بە دوو روویی رەفتار دەکرێ:


ئەوەی لەسەر شەقام سەڵاوی لێدەکەی، کەسێکیتری لەناوخۆی شاردۆتەوەو مەحاڵە بیناسی: بەناوی ئازادییەوە، ئازادی لە سێدارە دەدەن، بەناوی عەداڵەتەوە، عەداڵەت دەستڕێژدەکەن، بەناوی حەقخوازییەوە، حەقی ملیونان کەس لەژێرپێ دەنێن، بەناوی رەوشت بەرزییەوە، گەندڵترین و خوارترین رەوشت باڵادەستەو بەهەمان شێوە بە ناوی قانونەوە، بە ئارەزووی خۆیان عودو کەمانی لێدەدەن و تۆش دەبێ هەڵپڕکێ بکەی و بڵێی ئامین.


مەسەلەکە زۆر ئاسانە، بۆ نموونە حکومەتی ئەڵمانی چەندین ئەندامی لەشکری سووری لە زیندانی(شتامهایم)، تیرۆرکرد، کەچی وتیان ئەوانە خۆکوژی بە کۆمەڵیان ئەنجام داوە و بەهەمان شێوە کۆماندۆی تایبەتی پۆلیسی ئەو وەڵاتە بەبەرچاوی خەڵک (ئەندریاس)یان لە وێستگای شەمەندنەفەری (باد کلاینن)کوشت، کەچی لە میدیاکان رایانگەیاند کە خۆیی کوشتووە!


لە نموونەی کاکە سەردەشت، دەستە نهێنییەکان پێمان دەڵێن: ئاگاتان لە قەڵەمەکانتان ببێت، بە پێچەوانەوە مەمنون ببن بە کوشتن، چونکە پاش کوشتنتان ئابروشتان دەبەین...وەک ئیسلامییەکی تیرۆریست دەتناسێنین و نەفرەتی دنیاتان بۆ دەهێنین و کەسیش ناتوانێ هیچمان پێ بکات!


لێرەدا "ئامۆژگاری" تیرۆریستە قەڵەم بەدەستەکان دەکەم کە:


1- بێدەنگ ببن و واز لە کەمپین و مەمپین بهێنن.
2- بە بۆنەی دووبارە تیرۆرکردنی سەردەشت، دووبارە پرسەی بۆ دابنین و سەرەخۆشی لە کەسوکارەکەی بکەن.
3- داوای لێبوردنی گشتی لە حکومەت بکەن و سوپاسیشی بکەن و هیوابخوازن داواکەتان جێبەجێ بکات.
4- سوپاسی خودا بکەن کە لە رۆژی لەدایکبوونی سەردەشت، ئەمەی لە نێوچەوانی نووسیوە. ناسزایی جۆرێکە لە"کوفر"و دەبێ شکوربن!
5- رۆژنامەنووسان و نووسەران لە ئێستاوە سیڤی خۆیان بە وێنەوە لە هەموو شوێنێک بڵاوبکەنەوە تا بیسەلمێنن کە پیشەکەیان راپۆرت و هەواڵ و وتارنووسینە.

ئەوەی ئەم کارە نەکا، خۆی بەرپرسە ئەگەر وەک پیاوکوژ، جەردە، تیرۆریست، بێ رەوشت و زەوتکەر بە خەڵک ناسرا. دیسان ئەمەش زۆر ئاساییە، ئاخر لە وەڵاتەکەم شتی سەیر و عەنتیکە روودەدا، ئەوە نییە من بە خۆم شایەتی کۆچی دوایی(رەشید باجەڵان)م کە هەژارترین مرۆڤی شارەکەم بوو، لەبەر ئەوەی ناوبراو ناسنامەی کەسێتی پێ نەبوو، بەهۆی مرۆڤدۆستانەوە، بەناوی خۆی نەنێژار. سوپاس بۆ ئەو کەسە کە لەسەر کێڵەکەی نووسی(خاڵۆ رەشید)!


من هەقم بە کەسەوە نییەو لە ماڵی خۆم دانیشتوم و"یا خوا"بۆ خاتری ئەم جەژن و پاش"جەژنە"ملشکاوە کە بووە هۆی گرانی و رەنگ زەری دایک و باوکانێکی زۆر، هیچ کەس بەهۆی بیروبۆچوون "با ناپەسەندیش" بێت، دووجار لەسەر یەک تیرۆر نەکرێت و، کەس نەکوژرێ و هیچ کەس بە درۆ شت بۆ هیچ کەس هەڵنەواسێ!


خوێنی هاوڕێ سەردەشت بۆ چارەکە سەدەیەک وون دەبێ، بەڵام پاشان بکوژانی ئاشکرا دەبن..."خودایە" رەحمێک لەم گەلە بکەیت و رێگای شەڕی قەڵەم بە قەڵەم پیشان بدەی!


ماڵپه‌ڕی سه‌‌لام عه‌بدوڵا